کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بروسكەیەكى زۆر بەپەلـــە.... بۆ هێرۆخانى شاژن و مافیاكانى م.س : بە كوردستانى ستەمدیدە قەسەم كۆتایتان لەئان و ساتدایە

Wednesday, 25/08/2010, 12:00


كاتێ 32 ساڵ بەر لەئیستا پەیوەندیم كرد بە ریزەكانى ى.ن.ك وە خاوەنى بڕوانامەى بكالریوس بووم .. ئیستا هەست ئەكەم جاهیلێكى نەخوێندەوارم .. كاتى خۆى زۆرجار لەدڵەوە ئومیدخوازبووم شەهیدبم و بگەمەكاروانى سەروەرى ئازادى نیشتیمانەكەم بەڵام ئیستا لەناخەوە حەزئەكەم رۆژێ یان سەعاتێ زیاتر بژیم تاكو كۆتایى و گۆڕبەگۆڕبوونى سەركردە خۆفرۆشەكانى بەناو یەكێتى ئیستا ببینم ، ئیستا نەك بەتەنها پێشمەرگە و كادرە كۆنەكان بەڵكە جەماوەرى تەواوى كوردستانیش تەواو بۆى ئاشكرا بووە ئەوەى ئیستا لەناو دەسەڵاتى یەكێتیدا ماوەتەوە بەتەنها پۆست و هەل و پارە پەرست و دەست و داوێنپیسەكان كە قبوڵى ئەو هەموو سوكایەتیكردن و ستەمە ئەكەن چ لە میللەتە داماوەكەیان و چ لە رابردووى خۆیان ، ئەم باندە مافیایەیى ئیستا حوكمڕانى بەناو یەكێتى و بەشێكى جەماوەرى كوردستان ئەكات بەهەموو پێوەرەكان هەزار جار بۆڕیان بەرەفتارە ناشیاوەكانى بەعس داوەتەوە ، تەنانەت تاوانە بە یەكێتیەكەى ئیستا بڵێیت كۆپیەكى ملوەنى بەعسن .. نـــــــــــا زۆر بەداخەوە ئەم دز و جەردانە هەر زۆر لە بەعس تاوانبارترن ، ئەوكات یەك عۆجە هەبوو لەنزیك تكریت .. ئیستا گردەكەى كۆسرەت رەسوڵ و كوڕەكانى و گردەكەى دەباشان و جنۆكەكانى .. بگرە هەموو كۆڵانێك كە شەش موەلیدە و هەشت قوللەى پاسەوانى بەرپرسە چڵێسە چاوبزەكانى تیایە عۆجەیەكە بۆخۆى ، ئاخر ئەگەر ئەو نەزان پەرستانەى بۆ نان و شەهوەتى حەرام تائیستاش وەكو توولە رەدوى ئاغا چاوبرسیەكانى یەكێتى كەوتوون ئایا هـــەر بڕێك شەرم ناكەن لەوەى بۆ یارمەتى و موچە و ئوتومبیلێك زەلیلانە .. سەرشۆڕانە .. لە پرسگەكانى هیرۆى بلەى ئەحە رەش و شاڵاو كۆسرەتى لەدایكبووى 1986 و بڵێسە جەبار فەرمانى لەدایكبووى 1988 دا چاوەڕێ ئەكەن و سەروباریش بێحورمەتیان پێوەئەكرێ !! ، ئەو بەناو پێشمەرگە دێرینانە شەرم نایانتۆپێنێ كە بەعەریزە و فایل و نامەى مەحسوبیەت و شەفاعەتەوە لەبەرقاپى ئەم هەرزەكارە تێر و پۆشتە و پەرداخانەدا ملهووڕانە بەتەریقیەوە بەمانگ عەوداڵى ئیمزایەكى رەزامەندیانن ، ئەمە لەكاتێكدا بەتەنها ئەوان و كەس و كارى ئەوان بەروبومى قوربانى ئەمان و میللەتەكەیان بەسەوزى و كاڵى و كوڵاى خوارد و دەخۆن ، ئەوسا گونیە پارە سویسریەكانى داهاتى گومرگى مەرزەكان .. ئیستاش لۆریە دینار و دۆلارى بودجەى گشتى و بەتاڵانبردنى نەوتى ئەم هەرێمە .. ئەى تۆزێ شوورەیى و لەنگى ئەوە ناتانگرێ كە كاتێك ئێوە پێشمەرگە بوون ئەوان نەلەسكى دایك و نەلەپشتى باوكیشیانا نەبوون ؟؟!! .

هێرۆى بلەى ئەحە رەش تێرى نەخوارد بەوەى شاژنى یەكەمى عیراق و دەباشان بوو و دلێرى سەى مەجیدى كۆیلەى بنەماڵە و هەڵگرى كلیلى قاسەكەى ئیدارەى گشتى رۆژى هەزار جار كرنۆشى بۆدەبرد و سەمع و تاعەى پێشكەش ئەكرد و بە چەقەنەیەكى هیرۆ بە دەیان ملیۆن دۆلار بەراست وبەچەپدا تەخاشان و پەخشان دەكرا ..... تێرى نەخوارد بەوەى كوڕەكانى لە لەندەن و واشنتۆن لە [ئەمیر بەندەر سوڵتان بن عبدالعزیزى سعودى و كوڕەكانى زاید ئالنهیانى ئیماراتى] باشتر و خۆشتر لەسەر خوێن و بودجەى ئەم میللەتە رادەبوێرن .... تێرى نەخوارد بەوەى كە شانازى خوشكى نوێنەرى یەكێتى و بنەماڵە و بەرژەوەندییەكانى بوو لەدەرەوە و مێردەكەى وەزیرى پایتەخت و ئاسۆسى كوڕیشیان گەورە فەرمانبەرى سەفارەتى عیراق لە سویسرا هەڵۆى براى خاوەنى مەزنترین سوپەرماركێت و پرۆژەى بازرگانى بوو لە سوید و ئەوروپا ... تیرى نەخوارد لەوەى شێخ جەنگى و شێخ لاهوور و شێخ ئاراس و كوڕى و كوڕیان سێ لەسەر چوارى زەویە بازرگانیەكانیان كردە پرۆژەى بازرگانى رەش و داهاتەكانیشیان كردە ژمارە و ناردیانە دەرەوە تا ببێتە ژمارەیەكى نهێنى لە بانكەكانى ئەورپادا ... هیرۆى ئەحەى بلە رەش بەهیچ لەمانە تێرى نەخوارد بەڵكە لیكى تەماعى داواى زۆرتر و زۆرترى دەكرد .. ئەوەبوو لە مەهزەلەكەى بەناو كۆنگرەى سێدا بووە ئەندامى مەكتەبى سیاسى و پێشتریش بووە بەرپرسى مەڵبەندى یەكى رێخستن ، لەبەرئەوەى پێى وابوو سامان و دەسەڵاتى سیاسى پێگەى خۆى و كوڕەكانى بەهێزتردەكات ، خەڵكى سەدام حسێنیان ئەدایە بەرنەفرەتى خۆیان و بە دیكتاتۆر ناوزەندیان دەكرد لەبەرئەوەى ئەیانووت كوڕێكى كردووە بە بەرپرسى جیهازى ئەمنى خاس و كورەكەى تریشى ئەندامى قیادەى سەورە ، ئەى مام جەلالى دیكتاتۆر بە گۆچانە دارشەقێك و سەمامەیەكى پلاستیكى دڵەوە تۆش كورەكەت نەكردە بەرپرسى دەزگاى تایبەتى و نهێنى دژە تیرۆر و ژنەكەشت نەكردە ئەندامى قیادەى سیاسى حیزب ، دەى توخوا فەرقتان چیە و باشەكەتان كێیە ، ئەوەنەبێ لەكاتى سەدامدا كە سەربازێك ئەكوژرا سەدام ئەوپەڕى حورمەتى لە خانەوادە و منداڵەكانى ئەگرت و موچە و پاداشتى بەزیادەوە بۆ دابین ئەكردن بەڵام ئێوەى جەردە و خوێنڕێژ لەشەڕى دەسەڵاتى ناوخۆدا ئەو هەموو كوڕە جوانەتان بێ تاوان بەكوشت داو پاشتریش دوو بەرپرسى داوێنپیسى وەك شێخ جەعفەر و حاكم قادر بەناوى ئازووقەدان و یارمەتیەوە ئەچوون لاقەى شەرەفى ژنەكانیان ئەكردن ، ئەوە پەرتووكى لێزان كە بەسوپاسەوە كوردستانپۆست بڵاوى كردۆتەوە بڕۆن بیخوێننەوە بزانن چۆن جەبار فەرمان لەنوسراوێكدا بۆ جەلال تاڵەبانى ئەڵێ عەفومانكە مامە پیاوێكمان لەكۆیە بێ پرسى ئێوە كووشت ئەزانینن كووشتن بەتەنها دەسەڵاتى ئێوەیە بەڵام بۆئەم فاوڵە عەفومان كە ، یان بەكرى حاجى سەفەر ببینن چۆن لە نوسراوێكیدا بۆ سالار عزیز ئەڵێ ئەو پێشمەرگەیەیى ویستمان لەناوى بەرین بەناوى چالاكیەوە كاتێ لەسەنگەرەكەى تەقەى ئەكرد بە پێشمەرگەكانم وت لە پشتەوە بیكوژن و كوشتیان ... دەیان و دەیان نموونەى تر .... ئەى ئافەرین بەرپرسە شۆڕگێرەكانى یەكێتى ئەمە ئێوە ئاوا كوردایەتیتان كردووە بۆیە ئەمە كۆتاییە جوانەكەتانە كە هەموو گەورە و بچوكێكى ئەم میلللەتە نەفرەتتان لێ دەكات و چاوەڕێى مەرگى یەكە بەیەكەتانە .

لە دوو هەڵبژاردنەكەى ترى پەرلەمانى كوردستان و عێراقى پێشوودا بزمارە سەرەكیەكانى رۆچوون داكوترا بە نەعشى بۆگەنى یەكێتى ئیستادا و لە هەڵبژاردنى ئایندەى ئەنجوومەنى پارێزگاكاندا نۆرەى بزمارە گەورەكانە ئەوانەى ئەگەنە ئێسك و پرۆسك و ئەم جەردانەى ئیستاى ناو یەكێتى لە ئیستاوە لێى تۆقاون .. ئەوەش گیانەڵاى دووا هەناسەیانە بەدڵنیاییەوە ، ئیتر نەدۆلارەكانى ئیدارەى گشتى بەتاڵانبرا و نە درۆ و چەواشەكارییەكانیان دادیان ئەیا ، ئیستا یەكێتى لەرووى كلینكۆمی و پزیشكیەوە دەمێكە لێبۆتەوە و مردووە ئەگەر ئۆكسجین و ئامێرەكانى فریاگوزارى سەرەتایى كاتى نەبێ كە بەجەستەى بۆگەنیەوە بەستراوە ، ئەوەش كات بردنە سەرە و هەناسەیەكى نوێ ناداتەوە بە رۆحیانەتى مردارەوەبووى باندەكانى ئەم مافیا ستەمكارە . 
 پێشمەرگەیەكى 32 ساڵە ى.ن.ك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە