باڵەكایەتى و پارتى .... هۆكارەكانى سەرهەڵنەدان
Wednesday, 21/05/2014, 12:00
1631 بینراوە
دەڤەرى باڵەكایەتى , ناوچەیەكى گرنگ و ستراتیژیە و دەكەوێتە سەر سنورى ووڵاتى ئێران و ناوچەیەكى شاخاوى سەختە, لە مێژووى شۆرشەكانى كوردستان دەورێكى باڵاى هەبوەلە هەڵگیرسان و پەنادان و بەردەوام بوونى شۆرش وە بەهۆى هەڵكەوتەى جوگرافى ناوچەكە هەمیشە پێشمەرگە توانیویەتى پارێزگارى لە خۆی بكات و بەردەوامى بە شۆرش بدات , هەربۆیەش بە لانكى شۆرش ناودەبرێت .
باڵەكایەتى لانكى شۆرشى ئەیلول بوو بەجۆرێك تەواوى سەركردایەتى پارتى و بنەماڵەى بارزانى لەم دەڤەرە نیشتەجێ بون تا كۆتایى شۆرش , وەكاتێك دوبارە شۆرش هەڵگیرسایەوە هەر لەم دەڤەرە دەستى پێكردەوە , وە تاكو راپەرینى بەهارى 1991 زۆرێك لە شاخەكانى ئەم دەڤەرە بى َپێشمەرگە نەبوو.
پارتى بە درێژایى شۆرشى ئەیلول چ وەك سەركردایەتى و چ وەك بنەماڵەى بارزانى بونیان هەبوە لەم دەڤەرە, وە لە شۆرشى گوڵان دووبارە ئامەدەبونێكى تەواوى هەبوە لەم ناوچەیە و چالاكى سەربازى و رێكخستنى هەبوە و ناوچەى باڵەك نمونەیەكى زیندوى بەرچاو بوە لەم دەمەدا , وە لەدواى راپەرینى 1991 یەكەم پارت بوو كەوا بارەگاى لیژنەى ناوچەى باڵەكى لە سەنتەرى قەزاى چۆمان دیاریكردو دەستى بە چالاكى حزبى كرد , وە هەروەها لە ماوەى شەرى ناوەخۆش دا ئەم ناوچەیە هەر لەژێر دەسەڵاتى حوكمرانى پارتى دابوو وە تاوەكو ئێستاش بەشێكە لە زۆنى زەرد , بە گشتى لە شەستەكانى سەدەى رابردوە تاكو ئەم چركەساتە ئەم دەڤەرە بەشێك بوە لە سنورى ژێردەسەڵاتى پارتى كەچى پارتى نەیتوانیوە دڵى خەڵكەكەى بۆلاى خۆى كێش بكات و بتوانێت پێشەنگ بێت لەم دەڤەرە هەرچەندە لێرە و لەوێ , لە كاتێكەوە بۆ كاتێكى تر باڵانسى پارتى بەرزبۆتەوە بەڵام لە ئەنجامدا دووبارە هاتۆتە خوارەوە .
من لێرەوە وەك كەسێكى پارتى لەم دەڤەرە شیكاریەك بۆ ئەم شكستانەى پارتى دەكەم و هۆكارەكان پیشان دەدەم كە بەشێكە لە باوەرى خۆم و زۆرێك لە جەماوەرى پارتى لەم دەڤەرە :
پارتى لە مێژوى بونى لەم دەڤەرە زۆرجاران كردارى چاكى ئەنجام داوە و خەڵكێكى چاك و كوردپەروەر و بنەماڵەى بەرێز پەیوەندیان بە پارتى كردوە كە كاریگەریان لەسەر خەڵكەكەى هەبوە بۆ بەپیرەوە هاتنى پارتى لەم دەڤەرە بەڵام هەرجارە و كەسێك یان بلێین بەرپرسێكى پارتى و بە ناوى بارزانیەتى بەهۆى كردارە نابەجێ و نەشیاوەكانى بۆتە هۆى لەدەست دانى پشتگیرى بەشێكى خەڵكەكەو واى كردوە كەوا خەڵك بەچاوى گومانەوە بروانێتە پارتى (كێشەكەش لەوەوە بوە كە هەمویان بارزانى بونە و بە ناوى بارزانیەتى زوڵمیان كردوە) كە بە برواى ئێمە ئەوانە دوژمنى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بونە وە ئەوانە بونەتە هۆى هەمیشە لاوازبونى پارتى لەم دەڤەرە بە كورتى هەرجارە و پارتى هێلكەیەكى كردبێت ئەمانە جیگنەكیان لەسەر كردوە.
لە سەردەمى شۆرشى ئەیلول سەرەراى گرنگى دانى سەركردایەتى شۆرش بەم دەڤەرە لەبەرامبەردا خەڵكەكەى پشتیوانێكى تەواوى شۆرش بون و هەموو نەهامەتیەكانى شەریان هەڵگرتبو بە پیا و ژنەوە , بە منداڵ و پیرەوە خزمەتیان بەم شۆرش و پارتیە دەكرد بەنان و ماڵى خۆیان ,كەچى هەندێك بەرپرسى نابەرپرس وەرببونە گیانى خەڵكەكەى و بە پێچەوانەى ئاراستەى شۆرش خەڵكیان لە پارتى دەكرد وەك بۆ نمونە (ع. ى) كەوا بەناوى بارزانیەتى زولمێكى زۆرى لە خەڵكى ئەم دەڤەرە دەكرد , بۆیە پارتى نەیتوانى بناغەیەكى باش لەم دەڤەرە دابمەزرێنێت .
وە لەسەردەمى شەرى ناوەخۆ لە نەوەدەكان بەهەمان شت بەرپرسێكى ئاسایش بەناوى (ع.ش) بەربوبوە گیانى هاووڵاتیانى چۆمان و سنورى باڵەكایەتى و سوكایەتى پێدەكردن بە بیانوى ئەوەى لە حزبى بەرامبەرن و هەم دیسان ئەویش بارزانى بوو لەجیاتى ئەوەى خەلكە نەیارەكەى خۆى هێور بكاتەوە و بیانگێرێتەوە ناو پارتى كەچى لایەنگر و دۆستانى پارتیشى ئەتۆراند.
وە لە ماوەى بەرێوەبردنى ئیدارەیى لەم ناوچەیە و لەم چەند ساڵەى رابردوودا دیسانەوە كەسێكى نابەرپرس بەناوى بەرپرسى ئاسایش لە كۆمەڵگاى گومرگى حاجى ئۆمەران بەناوى (عەزیز بارزانى) بەربوەتە گیانى هاوڵاتیانى ئەم دەڤەرە و بە ناوى بارزانیەتى زولم و زۆرێكى زۆر لەم خەڵكە هەژارە داماوە دەكات و نایەڵێت كەس بە خۆشى خێر لە سنورى حاجى ئۆمەران ببینێت , بەجۆرێك ئەگەر كەسێكى باڵەكایەتى بیەوێت كارى بازرگانى یان شوفێرى یان كرێكارى لەناو كۆمەڵگاى حاجى ئۆمەران بكات دەبێت هەزار ئیملاو ئەولاى پێبكات و لە دواجاریش بۆى دەكات یان نا , جارێك بە بیانوى ئەوەى كابرا پارتى نیە نابێت لەم سنورە كاربكات و سودمەندبێت, جارێكیان بە بیانوى ئەوەى كابرا نابێتە داردەستى ئاسایش و جاسوسى بەسەر خەڵكى ترەوە بكات و , جارێك بە بیانوى حەزى لە چارەى ئەمیان نیە, تەنانەت ئەوانەى لەم سنورەش كار دەكەن بە رووى خۆیان و دواى ماندوبونێكى زۆر و ئەزیەت دانێكى زۆر كاریان وەچنگ كەوتوە ,تارادەیەك چەندین كەسى دەرچوى كۆلێژ هەن خەڵكى ئەم سنورەن سەرەراى ئەوەى دانامەزرێن كەجى داواى كارى بازرگانى لەم سنورە دەكەن بەڵام رێگایان پێنادرێت لەلایەن ئەم پیاوە مەزنەوە, جا خۆشیەكەشى لەمەدایە ئەم برادەرە هەموو خەڵكى باڵەكایەتى بە (جەلالى) ناو دەبات وەك ئەوەى ئەم سنورە هى بابێ بێت و بەكەیفى خۆى رێگابەو بدات و رێگا لەو بگرێت بۆ كاركردن و نازانێت خەڵكى ئەم ناوچەیە باجى ماڵ وێرانى و شەر و ناوخۆشیەكانیان داوە و كەچى ناوبراو هاتۆتە سەرحازرى و بەكەیفى خۆى میراتى باوكى دابەش دەكات .
ئەو برادەرە نەك خەڵكى نەكردۆتە پارتى بەڵكە خەڵكی پارتیشى لە سنورى باڵەكایەتى لە پارتى تۆراندوە بە هۆى كردارە نا بەجێكانى هەربۆیەش لەم دوو هەڵبژاردنەى ئەو دواییە (2013 و 2014) دەنگى پارتى لەم سنورە لە كەمى داوە و نزیكەى (1700) دەنگ كەمى كردوە و بەشێكى هەرە زۆرى بەهۆى كاریگەرى كردارە بەدەكانى بەرێوەبەرى بنكەى ئاسایشى كۆمەڵگاى حاجى ئۆمەرانە كە دەرهەق بە خەڵكى ئەم دەڤەرە پیادەى دەكات و كەسیش نە لەحكومەت نە لە حزب لێپێچینەوەى لەبەرامبەر ناكات وەك ئەوەى لە گوێى گادا نوستبن نازانم دەترسن بەهۆى بارزانى بونى ئەم كەسە یان نوستون؟ من وەك پارتیەكى دانیشتوى چۆمان ,سەركردایەتى پارتى ئاگادار دەكەمەوە كەوا خەڵكێكى زۆر بەهۆى ئەم بەرپرسەوە دەنگیان بە پارتى نەدا چونكە نە حزب ,نە حكومەت و نە كاندیدەكانیش لە سنورى باڵەكایەتى تواناى بەرنگاربونەوەى ئەو برادەرەیان نیە وە بەرپرسەكانى پارتیش لەم سنورە ئاگادارى كردارەبەدەكانى ئەم كەسەن بەڵام لەبەر ئەوەى كابرا بارزانیە كەس تواناى گۆرینى نیە بۆیەش خەڵك تۆلەى لە كاندیدەكانى پارتى لەم سنورە كردوە دواتریش سزاى پارتیان دا (وەك سلێمانى) .
ئەوانەى پێشتر لە شۆرشى ئەیلول و شەرى ناوخۆ جیاوازبوو لەمەیان , بەوەى كاتى ئەوان شۆرش و شەر و نەبونى سیستەمێكى حوكمرانى و هۆشیارى لاى هاوڵاتیان و بارى نالەبارى كوردستان بەم جۆرە بوو ,بەڵام ئەمەى ئەم جارەیان لەسەردەمى حوكمەتى مەدەنى و خزمەت گوزارى و بونى هێزى ئۆپۆزسیۆن و هۆشیارى لاى خەڵك و كرانەوەى خەڵك بەروى دونیادا واى كردوە تاوانەكەى گەورەتربێت .
زیانى ئەم برادەرە هەر بۆ خەڵكەكە و حزبى نیە , بەڵًكە بۆ حكومەتیشە چونكە بەهۆى ئەوەوە بازرگانێكى زۆر ئەو سنورەیان بەجێ هێشتوە و رویان لە سنورەكانى دیكە كردوە كە ئەمەش بوەتە هۆى دابەزینى داهات لەم سنورە كە كاریگەرى لەسەر داهاتى تاكى ئەم دەڤەرەش هەبوە سەرەراى داهاتى حكومەت چەندقات لەكەمى داوە.
ئێمە وەك خەڵكى باڵەكایەتى و بە تایبەتى خەڵكى پارتى , پێمان باشە بۆ قەرەبۆكردنەوەى خەڵكى ئەم دەڤەرە و بۆ ئەوەى پارتى بیەوێت بەڵانسى خۆى راست بكاتەوە و برینەكان سارێژبكات با ئەم بەرپرسە نابەرپرسە سزابدات و لانى كەم لەم ناوچەیە دورخاتەوە و رێگانەدات جارێكى تر كەس ئەم كارانە دوبارە بكاتەوە, وە بۆ ئەوەى خەڵكەكە گومانى نەبێت بەوەى پارتى و ماڵى بارزان پشتیوانى لەم برادەرە دەكەن و بزانن بەوەى ئەم برادەرە پەیرەوى كردوە هەڵوێستى خۆیەتى و سزاكەى وەرگرت , وەهەروەها بەرێوەبەرى كۆمەڵگاى حاجى ئۆمەرانیش بدرێت بە كەسێكى دلسۆزى باڵەكایەتى و بتوانێت كەمێك لە خەمەكانیان كەم بكاتەوە, چونكە بۆچى كەسێك لە زاخۆوە بێت و ببێت بەبەرسى ئەم دەڤەرە ئاخۆ ئەم ناوچەیە كەسى شیاوى نەبوو بۆ ئەم پۆستە؟؟ تەنها لەناو پارتیەكانیشدا؟ كەسى دەرچوى كۆلێژى نەبوو وەك ئەم چونكە هەر قسەیەك دەكات دەڵێ من پارتیمە و خریجى كولیەم , وەك ئەوەى كەسى پارتى لەم دەڤەرە دەرچوى كۆلێژ نەبێت و گشتى نەخوێندەواربێت!
هیوادارم سەركردایەتى پارتى و خودى ماڵى بارزان ئاورێك لەم نابەپرسانە دا بخشێننەوە و سزایان بدەن پێش ئەوەى خەڵك سزاى پارتى بدات , ئەمەیان نمونەیەكە لە دەیانى تر , وە ئەمەیان هەرقسەیەك دەكات دەڵێ من بارزانیم , وەك ئەوەى كەسى بارزانى لە ئاسمانەوە هاتبن و كەس بۆى نیە پێیان بڵێت لەل, وە گۆرینى بەشێكى ترى بەرپرسەكانى ئەم سنورەش هەم دیسان بەشێكە لە چاكسازى چونكە بەرێوەبەرى واهەیە زیاتر لە دەساڵە لەسەر كورسیەكەیەتى و بۆگەن بوە, وە پێویستە هەرچى زوە بەوپەرى جدیەوە گوێ لەم داواكاریە بگیرێت و بە دواداچونى بۆ بكرێت تا كار لەكار نەترازاوە!
بە پێچەوانەوە گوێ نەدان بە داواكارى خەڵك و بەهەند وەرنەگرتنى پێشنیارەكان گومان لەسەر خودى بنەماڵەى بارزان دروست دەكات بەوەى كار و كردارەكانى ئەم بەرپرسە جێگاى رەزامەندى سەركردایەتى پارتى و خودى بنەماڵەیە و ئەمەیە سیاسەتى پارتى لەم دەڤەرە , ئەگەر بە تەنگ داواكاریەكانمان نەیەن ئەوا بازنەى نارەزاییەكان فراوانتر دەبێت , وە داواكاریشم لە خەڵكى باڵەكایەتى هەركەسەو لەلاى خۆیەوە ئەم چەند دێرە نوسینانە شێر بكات و بڵاوى بكاتەوە بۆئەوەى رزگارمان بێت لەم دێوەزمەیە .
هاووڵاتیەكى پارتى دانیشتوى باڵەكایەتى
چۆمان