زیاترپێویستمان بە ستراتیژیەتی گرنگی دان وپێگەیاندنی توانا مرۆییەكانی كەسانی پسپۆری خۆمان هەیە نەوەك بێگانە لە نێو سێكتەری گەشتیاری دا
Thursday, 27/02/2014, 12:00
1618 بینراوە
توانا مرۆییەكان بە گرنگترین دەستكەوت ئەژمار دەكرێن كە پلانی پەرەپێدان پشتی پێ دەبەستێت لە نێو هەموو سێكتەرەكانی جیهاندا.وە سێكتەری پیشەسازی گەشتیاری یەكێكە لەو سێكتەرە ئابوریانەی كە پێویستی بە ئامادەو مەشق پێكردنی هەموو ئەوانە هەیە كە كاری لەناودا دەكەن بۆ مسۆگەر كردن و سەركەوتوویی پلانی گەشتیاری.ئێستا دەبینین بازاڕەكانی گەشتیاری لە جیهاندا بە هێلێكی خێرادا دەڕۆن بەرەو تەواوكاری و ڕێكخستن و كێبڕكێ دا. وە لە زۆربەی لێكۆڵینەوەو توژینەوەكانی گەشتیاریدا دەركەوتووە كە برەودان بە توانا مرۆییەكانی لێهاتوو بە كۆڵەگەو كاریگەری تەواو ئەژمار دەكرێن بۆ سەركەوتنی سەرەكی دەزگاكانی پیشەسازی گەشتیاری و میوانداری ئەویش لە ڕێگای پڕۆگرامەكانی خوێندن و مەشق كردن بۆ گەیشتن بە ئاستەكانی كێبڕكێی نمونەی ووڵاتە گەشتیاری یە پێشكەوتووەكاندا دەبێت.
لە هەرێمی كوردستانیش بە هەوڵی بێ ووچان و ڕاهێنان و بەهێزكردنی تواناكانی پسپۆرانەوە لە ڕێگای پەرەپێدان و ئامادەكردن و مەشق پێكردنی لێهاتووەكانەوە دەبێت، لەبەر ئەوەی سێكتەری گەشتیاری بە نمرە یەك و بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بەست و ئەستوورە بە چالاكی وخزمەتگوزاری تواناكانی پسپۆریەتی گەشتیاریەوە،وە هەوڵ دەدات بە ڕاكێشان و هەبوونی كەسانی خاوەن توانا و مەشق پێكراو و لێهاتوو بۆ هەڵسان و جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان و پێشكەشكردنی خزمەت بە ئاستێكی بەرز و ئەتەكێت بە پێی ستاندارت وپێوەری نێودەوڵەتی.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە درك پێكردن بە لێپرسراویەتی و هەماهەنگی هەموو لایەنە پەیوەنددارەكانەوە دەبێت بگرە لە وەزارەتەكانی پەیوەنددارو ڕێكخراوەكانی ناخۆو بیانی و ....هتد.
ئەوەی ئێستا لە بەرچاوە لە هەرێمی كوردستان پسپۆرانی گەشتیاری خۆمان لە دەرچووانی گشت قۆناغەكانی خوێندندا پشت گوێ خراون و گرنگیان پێنەدراوەو كۆنەكراونەتەوە و هیچ جۆرە ئیمتیازاتێكیان پێ نەدراوە كە بتوانن برەو بە پسپۆریەكەی خۆیان بدەن و تا كار گەیشتە ئەوەی پسپۆری خۆیان بگۆڕن و حەزو ئارەزووەكانیان لە چاڵ بنێن وە لە بری ئەوانە خەڵكی بێگانەی ناپسپۆر هاوردە كراون بۆكار كردن لەم كەرتەدا كە زۆربەیان نە لە نزیك و نە لە دوور پەیوەندیان بە پسپۆری گەشتیاریەوە نیە و لەگەڵ ئەمەشدا وەك هاووڵاتی خۆمان جەرگ سۆزی ووڵاتی بێگانە نابن.
باشتر وایە گرنگی تەواو بە پسپۆرانی خۆمان بدرێت و كارێكی وا بكرێت مەرج لەسەر گشت هۆتێل و مۆتێل و رێستورانتەكان و شوێنەكانی دیكەی گەشتیاری دابنرێت بە مەبەستی كارپێكردن بە پسپۆران لە ڕۆلەكانی ئەم ووڵاتە لە بەرامبەر موچەیەكی باش، وە بە پێ ی بڕوانامەكانیان شوێن و موچەیان بۆ دەستنیشان بكرێت. وە لە هەمان كاتدا پێویستە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا گرنگی تەواو بدەن بە كاراكردنی پڕۆگرام وسیستەمی نوێی خوێندنی گەشتیاری و هاوتای سیستەمی جیهانی خوێندنی ووڵاتانی پێشكەوتووی بواری گەشتیاری و سوود وەرگرتن لە ئەزموونیان ، ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت لە سیستە م و پڕۆگرامی خوێندن لەم بوارە دەكرێت بڵێین دەرچوانی ئەم بەشە لە داهاتوودا ناتوانن بە تەواوی خزمەت بەم سێكتەرە بگەیەنن. پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەكان بۆ دابین كردنی چەند پسپۆریەكی ووردی بواری گەشت و گوزار لە بەرنامەی توانا سازیدا و كرنەوەی بەشی مەشقی گەشتیاری و پەرەپێدانی تواناكانی پسپۆریەتی گەشتیاری بە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ كارمەندانی كەرتی تایبەت بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی كاری خزمەتگوزاری لە بنكە گەشتیاریەكاندا.
*مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین -دكتۆرا لە بواری ژمێریاری دارایی دەزگاكانی گەشت و گوزار