چەند فەرمانبەری باڵای وەزارەتی شەهیدان لەدۆسیەی گەندەڵیەوە گلاون
Sunday, 09/11/2014, 12:00
پرۆژەی دروستکردنی ١٥٠ خانو بۆ کەس وکاری شەهیدانی ناوچەی بالیسان بەگوژمەی (٥٦١٦٨١٠٠٠٠)پێنج ملیار وشەش سەد وشازدە هەزار وهەشت سەد ودە دینار،وە زیاتر لە ٣ساڵە دەستی پێ کردووە وهێشتا رادەستی خاوەنەکانی نەکراوە لەبەر کەمووکورتی زۆر وخراپی دروستکردنیان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دوای چەندجار جەختکردنەوە ناچار لیژنەیەکی لێکۆلینەوە بەفەرمانی ژمارە ٣٩١٩لەبەرواری ٢٩/٤/٢٠١٣ بەواژۆی نێچیرەوان ئەحمەدی سەرۆکی دیوان پێک دەهێنێت ولیژنەکەش دوای ٧٩رۆژ لێکۆلینەوەی مەیدانی لەبەرواری ١٧/٧/٢٠١٣ دواکۆنوسی خۆیان واژۆ دەکەن کەتیایدا ١٩کەمووکورتی هونەری و١٢کەمووکورتی دارایی وکارگێری دیاری کردووە کەبەگشتی لادانن لەرێنمایی وپاپەند نەبوونن بەپلان ونەخشە ئەندازیارییەکان وپرۆژەکە دواکەوتووە بەبێ ئەوەی سزای کۆمپانیاکە بدرێت کەدەبوایە لەبەرواری ١٣/٤/٢٠١٣ تەواو بکرایە وبەردەوام زیدەرەوی کراوە لەخەرجکردنی پێشینە بۆکۆمپانیاکە وچاوپۆشی نەبوونی دەستەبەری بانک(خگاب چمان)ی لێکراوە وبەو هۆکارانەش کوالیتی خانووەکان زۆرخراپن وسەرپێچیە ئەندازیارییەکان زۆرن وبێسەر وبەری دارایی وکارگێری گومانی بۆ لیژنەکە دروستکردووە وبەوهۆیانەوە لیژنەکە لەبەشی راسپاردەکاندا هەشت بریاری دەرکردووە کەجگەلە هەرەشەکردن لەکۆمپانیای (قەندیل)ی جێبەجێ کار بە خستنیە ناو لیستی رەشەوە ئەگەر بۆماوەی دوو مانگ بەتەواوەتی بریار وپێشنیارەکان جێبەجێ نەکات، هەروەها بەپێی یاسای بەزرەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ژمارە ١٤ ی سالی ١٩٩١ سزای یاسایی(٦)شەش فەرمانبەری دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدانی داوە کەتیایدا بەرێوەبەری گشتی کارگێری ودارایی(بەختیار فرج سعید) سزای سەرزەنشت(التوبیخ)و گواستنەوە لەشوێنی خۆی ئاراستە کراوە(هەمان بەرێوەبەری گشتی لەسالی ٢٠١٣ بری ٢٧٠٠٠٠٠٠بیست وحەوت ملیۆن دیناری بەناوی خانوی ئەنفالەوە بۆباوکی خەرج کردووە بەبێ ئەوەی ئەنفال بێت وبگرە لە سالانی شەستەکان کۆچی دوایی کردووە وتائێستاش کەس لێی نەپرسیوەیەوە)، وبەرێوەبەری ژمێریاری وەزارەت(محسن عزیز خچر)سزای دابەزینی پلە(تنزیل الدرجه)وگواستنەوە لەشوێنی خۆی ئاراستەکراوە، وە سزای دابەزینی پلە (تنزیل درجه) ئاراستەی هەریەک لە ئەندازیار(دلێر اسعد عمر)و ژمێریاری پلان(کاروان مسگفی یابە)و ووردبین(مڤهر عمر حاجی)و ووردبین(دیلان عبدلارزاق رشید)کراوە.
جێی سەرنجە دوو مانگی دوامۆلەتی کۆمپانیا زیاتر لە١٤ مانگە تەواو بووە وهێشتا پرۆژەکە بێ چارەنووسە ورادەستی حکومەت نەکراوە ولەوەش سەیر وسەمەرەتر ئەوەیە وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان دوای تێپەربونی زیاتر لە١٥مانگ بەسەر بریارەکانی لیژنەکەدا سزاکانی سەر فەرمانبەرانی جێبەجێ ناکات وگوێ بەجەختکردنەوەکانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش نادات..... خانەوادەی ١٥٠ شەهیدی سەنگەری ناوچەی بالیسانیش بەردەوام چاوەروانن لەناو ئەو خانوانەدا کەبونەتە خەونیان ژیانێکی خۆشتر بەسەربەرن.
جێی خۆیەتی بپرسین لیژنەی چاودێری دارایی گشتی ولیژنەکانی شەهیدان ودارایی وچاودێری لە پەرلەمان بۆ لەو گەندەڵی و بێ سەروبەریە بێدەنگ بوون؟؟
لەهەمووی نامۆ تر هەلوێستی داواکاری گشتی هەرێمە کە بە بەرچاویەوە مال وموڵکی گشتی خەلکی کوردستان زیادەرەوی لەسەرکراوە ومافی کەس وکاری شەهیدان بەهەدەر دەدرێت، کەچی خۆی تێکەڵ ناکات ودۆسیەکەی ناوروژێنێت لەبەردەم دادگادا.
کلیکی ئەو لینکە بکە بۆ بینینی نامە فەرمیی و بەڵگەکان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست