ماڵاوا کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی کورد

Thursday, 24/05/2012, 12:00


دوای ته‌واو بوونی رێوره‌سمی یادی 66 ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌ شاری هه‌ولیر له‌ توێی وتارێک دا باسم له‌ زه‌مینه‌کانی پێکهێنانی کۆنفراسی نه‌ته‌وه‌یی کرد.
به‌شداریی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌رچاوه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له‌و یاده‌دا په‌یامێکی دڵخۆشکه‌ری به‌ گوێ دا چپاندین و من پێم وابوو که‌ پارتی دێموکراتی کوردستان که‌ ئاڵا هه‌ڵگری بیرۆکه‌ی "کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی" یه‌، ئه‌م یاده‌ی کردۆته‌ "پیش درامد" ێک بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی.
ئێستا که‌ به‌ نموونه‌ چووکه‌کانی ئه‌م جۆره‌ له‌ کاری گشتیی_ نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و ئه‌و قۆناغه‌(کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی) هه‌نگاو هه‌ڵدێنینه‌وه‌، تووشی شک و گومانی تێکه‌ڵ به‌ دڵه‌ راوکێ ده‌بین.
هه‌ر له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ یه‌ک مانگی رابردوودا دوو کۆنفرانسی لاوان و ژنانی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌ چوون که‌ من هه‌ر به‌ "رێ خۆشکه‌ر" و "سه‌ره‌تا"یه‌ک بۆ کۆنفڕاسه‌ گه‌وره‌که‌ (کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی) یان ده‌بینم. ئه‌م دوو کۆنفڕانسه‌ (لاوان و ژنان) و ئاکامه‌کانیان، به‌ پێچه‌وانه‌ی یادی 66 ساڵه‌ی کۆماری کوردستان، منیان تووشی شک و گومان کرد.
کۆنفڕانسی ژنان که‌ به‌ به‌شداری نه‌کردنی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد، به‌ بایکۆتی ژنانی باکوورو رۆژئاوای کوردستان کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا.
ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌م سه‌ره‌تاو رێ خۆشکه‌رانه‌، یادداشت هه‌ڵگرتنه‌وه‌ بن بۆ چۆنیه‌تی به‌رێوه‌چوونی کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی، بێ گومان بێ خوێندنه‌وه‌ی که‌م و کوڕییه‌کان و پشت گوێ خستنی خواستی لایه‌نه‌کانی به‌شدار بوو ناکرێ ئولگوویه‌کی به‌رزتر درووست بکرێ.
به‌ گشتی من پێم وایه ‌ساز کردنی زه‌مینه‌و به‌ستێنی عه‌مه‌لی بۆ کۆنفڕانسێکی وڵامده‌ری نه‌ته‌ویی پێویستی به‌ کاتێکی زیاتر هه‌یه‌ که‌ بتوانرێ له‌و زه‌مه‌نه دا دانووستانی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کاندا بێته‌ ئاراوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ گرتنی کۆنفڕانسێکی نه‌ته‌ویی کوردی که ‌لایه‌نێک پێی وابێ به‌ ته‌نیا داهێنانه‌که‌ی ده‌گرێته‌ ده‌ست و ئیمتیازی پێ وه‌رده‌گرێ و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌شداربوویش ته‌نیا بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کورسییه‌کان ده‌خوێندرێنه‌وه‌، محاڵه‌ و پێویسته‌ ماڵاوایی له‌و بیرۆکه‌ بکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە