ڕۆژنامەنووسان هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆن!
Friday, 19/04/2013, 12:00
بەشێک لەپیاوانی بەناو ئایینی بەرلەوەی سوکایەتی و تانەی نابەجێ بگرنە بەشێکی کۆمەڵگا یان چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، نەفامی و ناتێگەیشتووی خۆیان دەردەخەن لەدەربڕینەکانیاندا، تائەو جێگایەی بەشێک لەوقسەو بۆچوونانەی دەری دەبڕن، دەچنە خانەی سوکایەتی بەمرۆڤ و درووست کردنی تۆمەت و تاوانی بێ بنەما. بەشێکی دیکەی قسەکانیان وەک ئەوەی مرۆڤی ئەم چەرخە لەسەدەی تاریکدا بژی، جیگای گاڵتەو پیکەنینە. تا ئەو ڕادەیەی بەشێکیان بەناوی خودا و ئاسمان و وزەوی، هەرچی بەخەیاڵیاندا بێت، تێدا دێنە گۆو هەرچی ئارەزووی بکەن، یان دژی بن، بێ گوێ دانە ئەنجام و کاردانەوەکانی دەری دەبڕن. هەبوونی هەڵەو کەم و کوڕی لەنێو هەموو توێژەکان تا ڕادەیەک ئاساییە، بەڕۆشنبیرو نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکانیشەوە، ڕاستکردنەوەی هەڵەو کەم و کوریەکانیشیان بەزمانی ئاگرین و جنێوو چواندنیان بەئاژەڵ و سەیرکردنیان لەنرخی مرۆڤ کەمتر، دەچێتە خانەی پێشەل کردنی بەها مرۆڤایەتیەکان. مەگەر خودا خۆی ئاماژی پێنەداو مرڤەکانی بەجوانترین شیوە خوڵقاندووە؟ ئەدی ئەو هەموو سوکایەتیی سەرزەنشتە چیە، بەشێک لەو بەناو مەلایانە بەناوی ئاینەوە دەیکەن. ووتارو لێدوان مافێکی سەرەتاییە، بەڵام بەدەنگی بەرزوو پڕبەگەروی ئاگرین هاوارکردن، وەک ئەوەی لە بەرەی جەنگدا بن، جاڕدانی مەرگی بەدواوە دێت.
پەیوەست بوونی کورد بەئایینەوە، بەدرێژای مێژوو بەشێک بووە لەکولتوری ژیانی خەڵک بەگشتی، لەرابردووشدا پیاوانی ئایینی زۆر هەڵکەوتوو خوێندەوارو خاوەن فیکر هەبووەو جێ دەستیان بەناو زۆر لەبوارەکانی ژیاندا دیاربووە، هەرلەئەدەب و نووسینەوە تابەشداری کردنیان لەشۆڕشی جەکداری. تائەمڕۆش بەشێکیان خاوەن هەڵوێستی مرۆڤانەو لەبەرەی خەڵکانی ناڕازی و بەش خوراواندان. ژمارەیەک پیاوی ئایینی یاخود ئەوانەی هەڵپەی پلەو پۆست و ناوو ناوبانگ دەکەن، ئەمڕۆ کەوتوونەتە تەکفیرو هاتوو هاوارکردن پڕ بەگەرویان، بۆ سڕینەوەی جیاوازیەکانی بەرامبەر، لەکاتێکدا لەناوەراستی ساڵانی نەوەتەکاندا بینیمان هاوشێوەی ئەو جۆرە مەلایەنە، وەک مەلا "بەشیر " لەهەولێر خەڵکی لەخوتبەی سەرجادەکان دەهێنایە گریان و فتوای کوشتنی کۆمەنیست وچالاک وانانی ئافرەتان و ڕێکخراوەکانی دەدا، هەر ئەو مەلا "بەشیر"ەی "زاکریا"ی گۆرانی بێژی بەبەکتریا دەچواند، ئێستا ئەندام پارلەمانی پارتییەو سەرۆکی لیژنەی ئەوقافی پارلەمانە. دوای ئەو هەموو خوتبە ئاگرینانەی ئەو کات دەید،ا بۆ پلەو پۆست دەرچوو. کوژرانی چەند کەسێک، پاش رۆژیک لەهێرش کردنە سەر چەند چالاکوانێک لەخوتبەی هەینیدا. بەڵام ئەوەی جیگای داخە ئەمڕۆ بەشێک لەنووسەران و رۆشنیران بەناوی هەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین ماف بەو جۆرە کەس و مالایانە دەدەن، با بەکەیفی خۆیان ووتار و قسەو هێرش بکەن، لەکاتێکدا ئەوایان لەیاد کردووە، کورد بەگشتی میللەتێکی خاوەن سۆزو عاتیفەیە، ڕەنگە هەرلەدوای خوتبەو ووتاری ئەو جۆرە مەلایەنە، دەیان کەس بکەونە ژێر کاریگەری باوەڕی ئایینیەوەو خوێن بڕژێت. ئاساییە بۆ هاووڵاتیەک بیرو باوەری جیاوزو تەنانەت جنێویش بدات بەکارمەندێکی دەوڵەت تائاستی هەرە باڵا، چونکە هیچ پلەو بەرپرسیاریەتیەکی نیە، بەڵام مەلاو پیاوانی ئایینی، وەک هەرکارمەندێکی دیکەی حوکمەت مووچەخۆرن، پێویستە هاوشێوەی هەرفەرمانبەرێکی میری سنوری دیاری کراویان هەبێت. ئەگەر مەسەلەکە ئازادی بیروڕا بێت، نازییەکان لەئەڵمانیە، گروپەکانی دژە ئایین و نەژادپەرست و دژ بەپەنابەران لەچەند ووڵاتێکی ئەورپی، دەبوو مافی ووتارو نوسین و بیرڕای جیاوزیان هەبووەیە، لەتیڤی و رۆژنامەکان، بەڵام زۆر بەدەگمەن و بەکەمی دەتوانن کاربکەن، یان ڕێیان پێبدەن. لەفەرنسا منداڵێک لەناو قوتابخانەدا تەنها لەبەر ئەوەی لەدرێسەکەی نوسرابوو من (بۆمبم) مامۆستاکەی بانگی دایکی دەکات بۆ لێپرسینەوە، مافی ئەوەی پێنادات بەودرێسەوە بێتە قوتابخانە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دوو دڵی لەناو قوتابیەکان. ئەی ئەگەر ئەو مامۆستا بەڕێزەی ئەو ووتارە بدات بەو زمانە هەڕەشە ئامێزەو هەرچی مرۆڤی غەیری ئایینی ئەو هەیە نەک هەربەمرۆڤ نازانێت، بەڵکو لەئاژەڵ کەمتر نرخیان بۆ دادەنێت.
یەکێکی دیکە لەو مەلایانەی هەوای پلەو پۆست و ناوبانگ لەکەللەی داوە، مەلا مەزهەرە، ئەو وەک خۆی گووتەنی هەرپلەو پۆستێێکی پێبدەن وەری دەگرێت، نیازی هەیە لەهەڵبژاردنی داهاتوو خۆی کاندید بکات، وەک لەرۆژنامەی "رووداو"دا ڕایگەیاندووە. ئەمیش هاوشێوەی مەلا "بەشیر" لەکاتی ناڕەزای و خۆپیشندانەکانی سلێمانی، کەهاووڵاتییە ناڕازیەکانی بە (خەواریج) ناو بردبوو، مەلا مەزهەر دێت و هەرچی تاوان و شەڕی کوردکوژی نێوان بارزانی تاڵەبانی هەیە، دەخاتە ئەستۆی نووسەرو رۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی کورد! ئەو کەئەمرۆ هەرچی لەئەدەب و هونەر هەیە نەهی لێ دەکات، دڵنیابن ئەگەر مەحوی و نالی و شێخ ڕەزا یان حەسەن زیرەک، لەژیاندابان، ڕەنگە جاڕی مەرگیانی بدابایە. بۆیە من وەک دیاریەک بەبۆنەی سەدوپازدە ساڵ تێپەڕین بەسەردەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی، ئەو ووشانەی ئەو دەیڵێ، گوێی بۆ رادێرن!
دەشێ مرۆڤ خاوەن بیرو باوەری ئایینی ببێت، وەبەپێچەوانەشەوە سەر بەهێچ جۆرە بیرو باوەڕو ئاینێکی ئاسمانی و دونیای نەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا، ڕێز لەتەواوی ئایینەکان بگرێت. بانگەشەو پێدا هەڵدان بۆ هەرئایین و خودایەک مافێکی ئاساییە، تا ئەوچوارچێوەیەی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکانی دیکە ڕەت نەکرێتەوە، سوک سەرنجی بیرو باوەڕو ئایدیاو سڕینەوەی مرۆڤەکان نەدرێت. ئەگەر بەراوردێکی سەرپێی و ساددە بکرێت، لەمەڕ چۆنیەتی بانگەشەی ئایین و بیرو باوەڕی جیاواز، لەخۆرهەڵات و خۆرئاوای ئێستادا، هەمیشە گوتارو بۆچونە جیاوازەکان شکڵ و شێوازی توندو خوێناوی بەرهەم دێنن، لەخۆرهەڵاتدا. تائەو جێگایەی ڕەنگە بانگەشەو باوەری مەلاو کۆمەڵە کەسێک، بگاتە حەڵاڵ کردنی خوێنی بیرو باوەڕی کەسە جیاوازەکان. دەربڕینی ئەوەی لەناختدایە، وەیان ئەوەی تۆو ئایینەکەت ئارەززوی دەکەن، لەمڕۆدا بەهۆی بوونی کۆمەڵێک یاساو رێسای جیهانی و لۆکاڵی هێندە ئاسان نییە، ئاخر لەهیچ کەنیسەو مزگەوتێکی ئەو ووڵاتانەی مافی مرۆڤ تێدا پارێزراوە، ناتوانرێت منداڵان و گەورەکان، بەووتاری توندو تیژ گۆش بکرێن. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە بەمنداڵێک بڵێت ئەگەر درۆ یاخود دزی بکەیت، بەئاگرو ئەژدیهاو مارو دووپشک، یان دەست بڕین سزا دەدرێت. ترساندن و ڕێگری کردنی کەسەکان بەو شێوازە کۆنە، دەچێتە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن. بەڵکو لەم سەردەمەدا شێوازو پەرەوردەی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنی وەهای بەخۆوە بینیوە، هیچ پێویستبە رێگای چاندنی ترس و تۆقاندن نابێت، بۆڕاهێنانی مرۆڤ لەسەر راستگۆی و مامەڵەی مرۆڤانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست