سێ کورته بیره‌وه‌ریی پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ شێخ عێزه‌دینی حوسه‌ینی!
Monday, 14/02/2011, 12:00
کاتێک هه‌واڵی مه‌رگی شێح عێزه‌دینی حوسه‌ینم له ناو ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕه‌کاندا به‌رچاوکه‌وت ، به‌چاکم زانی منیش سێ کورته بیره‌وه‌ری بگێڕمه‌وه.
ئێواره‌یه‌ک له‌لای هاوڕێیه‌کم بووم له گونده جوانه‌که‌ی گاپیڵۆن، هاوڕێکه‌م قوتابیه‌کی ڕاکردووی زانکۆ بوو، به‌ڵام سه‌ری له هه‌موو شتێک ده‌رده‌چوو، زۆر ده‌ست ڕه‌نگین بوو، ئێواره‌یه‌کی هاوین بوو هه‌موو شتێک له‌و گونده‌دا بۆنی ژیانی لێده‌هات ، باره‌گا یان چاکتره بڵێم ماڵی مامۆستاش له‌و گونده بوو، رێکه‌وت ئه‌و ئێواره‌یه مۆلیده‌ی کاره‌باکه‌یان کاری نه‌ده‌کرد ، پێشمه‌رگه‌یه‌ک له باره‌گای مامۆستاوه هات بۆ لای هاورێکه‌م و کێشه‌که‌ی بۆ باس کرد، هاوڕێکه‌شم ووتی دێیت له‌گه‌ڵم ده‌چم سه‌یرێکی ئه‌و مهولیدهیه ده‌که‌م له‌باره‌گای مامۆستا؟ من ناوبانگی شێخ عێزه‌دینم بیستبوو ساڵی 1982 له گوندی بێژووێ وێنه‌یه‌کی مامۆستا‌م له‌باره‌گای کۆمه‌ڵه دیبوو، به‌ڵام به خزمه‌تی نه‌گه‌یشتبووم ، که چووین، پیاوێکی نورانی به ویقار به‌ره‌و پیرمان هات ، من وێنه‌یه‌کی قانعی شاعیرم دیبوو بهساقۆیهکی درێژ و ڕیشێکی نورانییه‌وه، ئه‌ویش شێوه‌ی له‌و ده‌چوو ، له‌خۆمه‌وه چووه به‌ر دڵم و به راستی زۆرم خۆش‌ویست، هاوڕێکه‌م له‌چاو تروکانێکدا مهولیدهکهی چاک کرد و ده‌نگی ماتۆره‌که بێده‌نگی ئه‌و ناوه‌ی شکاند و یه‌ک دوو گڵۆپی زه‌رد باو ئه‌و ناوه‌یان ڕوناک کرده‌وه ، مامۆستاش ڕێگه‌ی نه‌دا برۆینه‌وه، هه‌رچه‌ند هاورێکه‌م ووتی بۆ جارێکی تر ، من میوانم هه‌یه ، به‌ڵام رێگه‌ی نه‌دا و ووتی نانێکی پێشمه‌رگانه ده‌خۆین پێکه‌وه، چوینه لای و ئه‌و ئێواره‌یه زۆرمان قسه‌کرد، زۆرمان گوێ له‌و پیاوه به ئه‌زمونه گرت و ده‌نگی هێنده ناسک و نزم بوو نازانم چی بوو، به‌ڵام وام زانی که نه‌خۆشه به‌راستی له قسه‌کانیا دیار‌و ده‌روێشێک بوو خه‌می هه‌موو نیشتمانی له‌کۆل نابوو ، هه‌ستم به ئاسوده‌یی کرد ، ووتم سه‌یره بۆ خه‌می نیشتمان و ئازادیی ئه‌م مامۆستایه به‌م ته‌مه‌نه‌وه له‌م شاخ و کێوانه‌دا ژیان ده‌کات و نایه‌وێت وه‌ک سه‌رکرده‌کانی تر له سڵێمانی به‌غداد دانیشێ به‌ناوی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه.
کاتێک شه‌ڕگه‌ی قه‌یوان ماوه‌ت جۆشی سه‌ندبوو، منیش له‌گه‌ڵ شه‌هید (دلێری شێخ ڕه‌زا)دا، که تۆپێکی(106)مان پێ‌بوو له‌دۆڵی جافایه‌تی و دۆڵهڕووتدا ده‌سوڕاینه‌وه و له‌کوێدا پێویست بوایه به‌تۆپه‌که له دوژمنمان ده‌دا . ڕۆژێک هه‌واڵیان داینێ، که دوژمن خه‌ریکی دروستکردنی پایگایه‌که له ده‌ره‌وه‌ی گوندی(باڵخ)، ئێمه‌ش چووین له گوندی یاخسه‌مه‌ر 10 گوله تۆپمان له باره‌گای سکرتارێت وه‌رگرت، لای تاڵه‌بانی و که‌وتینه ڕێ به‌ره‌و نزیکی گوندی باڵخ ، شه‌هید دلێر وه‌ک هه‌موو جارێک پیکابه‌که‌ی لێده‌خوڕی ئۆتۆمۆبیلێکی تۆیۆتا بوو، هی فه‌رمانبه‌ری کاره‌با که پێشتر له‌لای دوژمنه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو، تۆپه‌که‌مان له‌سه‌ر دانابوو، کاک بورهان و مامۆستا عوسمانی کۆنفۆشمان له‌گه‌ڵ دابوو، ئه‌و پێشتر له ڕۆژهه‌ڵات له‌لای حیزبی دیمکرات ده‌وره‌ی تۆپی بینیبوو، ئه‌وه یه‌که‌مین جارمان بوو به‌کاری بێنین، جوان ئاپوره‌ی سه‌رباز و شۆفڵ و خێمه و خاکه‌ناز و پاچهکانمان ده‌دی، دلێر یه‌که‌مین گولله‌ی ته‌قاند، هه‌ر نه‌مان زانی بۆ کوێ چوو؟! مامۆستا تۆرێ ده‌سکه‌که‌ی بادا و ئیتر چه‌ند گولههمان پێوه‌نان هه‌ر سه‌رباز بوو هه‌ڵده‌هات، ئێمه‌ش له‌ته‌پ و تۆزدا دیار نه‌ماین، کاتێکمان زانی دوو تانک سه‌ر که‌وتنه سه‌ر به‌رزاییه‌که و شه‌هید دلێر سواری ئۆتۆمۆبیله‌که بوو ئێمه‌ش سوار بووین، ئه‌وان ڕێک تۆپێکیان نا به‌و جێگه‌یه‌ی که ئێمه‌ی لێ بووین.
خوێنه‌ری ئازیز ڕه‌نگه لاتان سه‌یر بێت، به‌ڵام هه‌ر به‌ڕێکه‌وت ئه‌و گوللانه‌ی ده‌یان هاویشت به‌رمان نه‌ده‌که‌وت له‌پێشمان له‌پشتمان له ڕاست و چه‌پی ده‌دا، دلێر ئاسا به‌ناو ساچمه و پارچه‌دا ده‌رباز بووین به‌ره‌و گوندی گاپیڵۆن به‌دواماندا تۆپ وه‌ک قه‌ناس ده‌هات. تازه باره‌گای سۆسیالیست دانرابوو له‌وێ له نزیکی داره گه‌وره‌کانی شه‌خسه‌که‌وه هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه سه‌یری ده‌کردین نازانین چۆن به‌ر نه‌که‌وتین، به‌ڵام لامان هێنده پێکه‌نیناوی بوو ئه‌وت شاره زه‌رده‌واڵه‌مان وروژاندبوو، خۆمان کرد به‌لای باره‌گاکه‌ی شێخ عێزه‌دینی حوسه‌ینیدا ئه‌ویش له‌به‌ر ده‌رگابوو هات و ووتی چاکتان لێدابن، باشه ماندوو بوونی لێ‌کردین ئه‌و پیاوه جوامێره له‌به‌ر وره‌ی خه‌ڵکی ئاوایی باره‌گاکه‌ی چۆڵ نه‌ده‌کرد، دوای ئه‌و گۆڵمه‌زه به‌ره‌و مالومه چوین بۆلای کاکه حه‌داد ئه‌وان خۆراکیان دروست کردبوو نیوه‌ڕۆ لایان بووین، کاتێک له‌و جێگه‌یه‌ی پێی ده‌ڵێن سنور، نیشتمانم جێ هێشت ئینجا زانیم له کوردییدا ووشه‌یه‌ک هه‌یه ناوی ترسه.
شه‌ڕ تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، دۆڵی جافایه‌تی بۆن بارووتی گرتبوو، ئامان له‌هیچ جێگه‌یه‌ک نه‌مابوو، ڕۆژێک له‌گونده جوانه‌که‌ی قزله‌ره‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێ منداڵیم شه‌هید محه‌مه‌د بۆ سه‌ردانی برایه‌کم هاتین بۆ لای ئۆردوگای کۆمه‌ڵه ، تا له‌وێ چاومان به‌هه‌ندێ هاوڕێ و ناسیاو بکه‌وێت، من و حه‌مه هه‌میشه یاریمان ده‌کرد، یاری ترسناک که ئیستا بیری لێده‌که‌مه‌وه لام سه‌یره، به‌ڵام ئێمه له‌نیشتمانێکدا بووین شه‌ڕ هه‌موو ڕۆژه‌کان له‌به‌ر چاومان بوو. خۆشمان به‌شێک بووین له‌شه‌ڕ ، شه‌ڕ به‌چرکه ده‌وری چۆڵ نه‌ده‌کردین ، ده‌مه بۆڵێیهکمان بوو ئه‌و پێی هه‌ڵگرت و منیش پاش ماوه‌یه‌ک بۆ خۆشی ڕیزێک گولله‌م به‌سه‌ردا ته‌قاند ، له گوندی چۆخماخ نزیک ببووینه‌وه، هێنده‌م زانی مامۆستا شێخ عێزه‌دین و دوو پێشمه‌رگه و سه‌گێکی گه‌وره‌شیان له‌گه‌ڵدا بوو له کهندڕێکهوه هاتنه ده‌رێ ، ئیتر من داوای لێبوردنم کرد لێیان، زۆر په‌شیمان بووم له‌و کرداره ، ئاخر ئه‌و ناوچانه هه‌مووی بووبوو بهپاسدار، ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وت ئه‌وان شتێکیان لێ بهاتایه، کراسی قورئانم له‌به‌ر کردایه ده‌یان ووت به فیتی کۆماری ئیسلامی ئه‌و کاره‌ی کردوه ، ئیتر له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌مدا شه‌هید محه‌مه‌د بڕیارمان دا یاری به‌چه‌ک نه‌که‌ین، من ماوه‌یه‌ک هه‌ر تاسام ئیستاش جارێکی تر داوای لێبوردن ده‌که‌مه‌وه له ڕۆحی ئه‌و پیاوه جوامێره، که حه‌زی نه‌ده‌کرد بچێته سلێمانی دانیشێ و له‌ناو ئه‌و بار‌و دۆخه ترسناکه‌دا مابۆوه، کاتێکیش بیستم لاشه‌ی ئه‌و پیاوه جوامیره ده‌به‌نه‌وه کوردستان و سلێمانی تا له‌وێ به‌ئارامی پشوو بدات زۆر شادمان بووم ، چونکه که گه‌ڕامه‌وه ، سه‌ر له گڵکۆی ئه‌و پیاوه نورانییه‌ی کورد ده‌ده‌م، که ژیانی به‌خشیه نه‌ته‌وه‌که‌ی و بۆ دوژمنان و داگیرکه‌ران نهچهمایه و گوێی به‌ته‌مه‌نی نه‌دا تا له غه‌ریبی گیانی سپارد ، هه‌زاران سڵاوت لێ بێت مامۆستا گیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست