دادگایەك بۆ تاوانبارانى شەڕى ناوخۆ ژمارەى تاوانبارەكان هێندەى ژمارەى گەندەڵكارەكانە
Friday, 09/10/2009, 12:00
قوربانییەكانى شەڕى ناوخۆیى نێوان هێزە كوردیەكانى باشورى كوردستان, مرۆڤ گەڵێك بون كەلەنێوان بڕوابون بەشەڕەكان و تەسلیم بونیان بەواقعێكى تاڵى نەدارى , بەشداركەرێكى بەهێزى گەرمتركردنى ئاگرى شەڕەناوخۆیەكان بون و لەپێناوى هیچدا بونە قوربانى ؟ (لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆ قوربانیەكان و خێزانى ئەوقوربانیانەى شەڕى ناوخۆ) هیچ بەماناى ئەوەى شەڕى ناوخۆ هیچ دەسكەوتێكى نەتەوەى و كۆمەڵایەتى بەدواى خۆیدا نەهێنا و تەنها ژمارەكى زۆرى خەڵكى هەرێمەكەمان گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكیش كەم ئەندام بون و ژمارەیەكى زۆرى گەنجانى كوردستانیش دەربەدەرى وڵاتانى ڕۆژئاواوبون .
لەپشتى هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆى حیزبەكوردیەكانەوە لەدواى ڕاپەرێن , چەندین تاوانبارهەیە كەدەبێت بەتاوانبارى جەنگ و شتگیركردن لە كوشتنى خەڵكى كوردستان بدرێنەدادگا و مافى تاوانەكانى خۆیان وەك وەربگرن ؟! بەڵام كام دادگا و كێن ئەوانەى كەتاوانبارى شەڕى ناوخۆن ؟ ئایا دادگاكانى كوردستان سەربەخۆن و دەتوانن ئەو كەسانە دادگاى بكەن و دۆسێ یەكیان بۆبكەنەوە و وەك تاوانبارى جەنگ دادگایان بكەن ؟ بیگومان ئەوەیان ئەگەرێكى دورە چونكە تائێستاش دادگاكانى كوردستان سەربەخۆنین و لەلایەن هەردو حیزبى دەسەڵاتدارەوە بەرێوەدەبرین و ئەو كەسانە دەكەنە خاوەن بڕیار كە ئەندامێكى دڵسۆزى لق و مەڵبەندەكانیان بێت .
ئاخۆ تاوانبارانى شەڕى ناوخۆى كوردستان كێن و چۆن بدۆزرێنەوە ؟ لەكاتێكدا سەركدەى حیزبەكان خۆیان لەتێوەگلان لەشەڕەكاندا بەدوور دەگرن و دەڵێن ئەگەر ئیچمە تاوانبارین با میللەت دادگایمانبكات , ئاخۆ بێباكى ئەو سەركردانە لەپاى چیدێت , لەكاتێكدا حیزبەكانى ئەوان بەشەڕهاتبون ئەوانیش سەرۆكى حیزبەكانن و بەفەرمانەكانى ئەوان گوللەیەكى زیاتر دەنرا بەیەكترەوە ؟ ئێمە دواكارى لەكام دادگابكەین تا دۆسێیەك بۆ تاوانبارانى شەڕى ناوخۆ دروست بكات ؟ چەند كەس دەست نیشان بكەین و بەتاوانبارى شەڕ بیان ناسێنین ؟ ئایا داواكارى گشتى لەكوردستاندا چى كارێكى هەیە ئەگەر لەسەر مافى گشتى نەیەتەدەنگ ؟ كێن ئەوانەى ناویان لەخۆیان ناوە داواكارى گشتى و تائێستا چیان كردوەو لەسەر كام لەپرسە گشتیەكان وەك داواكاریەك دۆسێ یەكى دروستكردو و تاچەند شەڕى یاسایى لەسەر ركدوە بۆبردنەوەى ؟ بیگومان هیچ و هیچ و هیچ .
تاوانبارانى شەڕى ناوخۆ هێندى گەندەڵكاران ژمارەیان زۆرە و تائێستاش لەبرى ئەوەى شەرم بكەن كە بەفەرمانى ئەوان كەسێك كوژراەو برینداربوەو دەربەدەر كراوە , تەواوى ئەو تاوانانە بە ئازایەتى دەزانێت و بەئاشكرا لەسەر شاشەى تەلەفزیونە كوردیەكان (حیزبییەكان) باسى قارەمانێتى خۆى دەكات و كورد كوشتن بەبیانوى كاركردن و قوربانى دان بۆ بیروباوەڕ (مەبد ْ) دەهێنێـەوە .
بەرلەهەڵبژاردنەكانى ڕۆژى 25/7/2009 هەمومان بە هیواى ئەوەوەبوین كە (پەرلەمانێكى سپى) دروست بكرێت و ئەو كەسانە نەبنە ئەندام پەرلەمان كە دەستیان هەبوە لە هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆ و كوشتن و ژن كوژى دا , كەچى بەداخەوە پەرلەمانەكەمان پڕوبە لە مۆرڤ گەڵێك كە دەستیان هەبوە لە ئاوارەكردنى ڕۆڵەى ئەم میللەتە لەسە رخاكەكەى خۆیى و بە هەمو هێزێكییەوە بەشدارى لەشەڕەكانداكردوەو یاركەتى دەرى ژن كوژەكانیش بوە .
بۆئەوەى تاوانبارانى شەڕى ناوخۆى كوردستان دادگاى بكرێن و ئیدى خەڵكانێكى تاوانكار نەبنە بەرپرس و چارەنوسى خەڵكى بەش مەینەتى كوردستان نیان نەكەوێتە دەست ئێستا كاتى ئەوە هاتوە كە داواى دامەزراندنى دادگایەكى سەربەخۆ بكرێت بۆ دادگاى كردنى تاوانبارانى شەڕى ناوخۆى كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست