كامیان حزبى بنەماڵەن؟
Wednesday, 21/05/2014, 12:00
2321 بینراوە
هەر لەسەرەتاى دروستبونى یەكێتى تا ئەمرۆ، ئەوەیان بەگوێماندا داوە، كە پارتى، حزبێكى خێڵەكى و بنەماڵەیە و پاوانى دەستى مەسعود بارزانىیە، بەغەیرى ئەوە رێگە نادەن، هیچ كەس و لایەنێك تەنانەت، خەونیش بە سكرتێریی و سەرۆكایەتى حزبەوە ببینێت.
رەنگبێت بۆ پارتێكى عەشایەر وخێڵەكى و پاشڤەرۆ بەچەشنى پارتى،ئەوە شتێكى سروشتى بێت، چونكە هزر وبیرى بنەماڵەیەكى نەخوێنەوار و كۆلكە سیاسى هەر ئەوەى لێ چاوەڕوان دەكرێت،كورد واتەنى لەقوڕە هەر ئەو تۆزە هەڵدەستێت.
بەڵام بەخێرێ یەكێتى نیشتمانى،حزبى مۆدێرن و زاخاودراو بەسۆسیال دیموكرات، بەقسەى خۆیان هەڵگرى ئایدۆلۆجیا و بیرى پێشكەوتون، لەپێناوى ئەوەدا دروست بووە كە سیستەمى عەشایەرى و بنەماڵە وتاك رەوى لە گۆڕ بنێت. بۆئەوەش بەهەزاران رۆڵەى ئەم میللەتەى بەكوشت دا، بەسەدان هەزار خەڵكى توشى تاڵترین چارەنوس كرد، سەدان و هەزاران گوندى كوردستانى بەخاپوركردن دا،خاك و وڵاتى كرد بەدۆزەخ، هەزاران خانەوادە و كەسى توشى ئاوارەیى دەربەدەرى و سەرگەردانى كرد. ئەمانە و زۆرێكى تریش، بەشێك بوون لەو نەهامەتیانەى كە یەكێتى و سەركرایەتیەكەى بەسەر كوردیانا هێنا.ئامانجیش لێى تەنها و تەنها بۆ بەپیرۆز مانەوەى شوێنەكەى تاڵەبانى و بنەماڵەى هێرۆ بووە. گەر دیققەت بدەن، بەدرێژایى مێژووى یەكێتى بنەماڵەى برایم ئەحمەد،رۆڵى كاریگەر و بەرچاویان هەبووە لە سیاسەتى یەكێتى و بیرى تاڵەبانىدا.
كەسێكى وەكو هێرۆ،كە تاساڵانى پێشووش هیچ پلە وپۆست و پێگەیەكى لەناو یەكێتیدا نەبوو، كەچى كول فیكول خۆی بووە،هەرچى پارەو داهات وسەروەتێكى یەكێتى هەبووە، لەبن دەستیدا بوە، بەجۆرێك هەرچى كۆمپانیاى زەبەلاح و پارەدارە، یان موڵكى هێرۆیە یان بەشى زۆرى پشكەكانى موڵكى ئەون .كە ئەمەش وایكردوە زۆرێك لە سەرانى یەكێتى كاسە لێس و پارە پەرستەكانى بەناو مەكتەب سیاسى بەچەشنى عومەر و عیماد ومەلا و رەفعەت و ببن بە پێڕى ئەشما بیلاى هێرۆ ،هەرچى بڕیارێك بدات هەر شەكرێك بشكێنێت، ئەوان سەرى رەزامەندى بۆ بلەقێنن، تەنانەت كاریگەرى هێرۆ بەجۆرێك بووە،كە لەدیاریكردنى سەرانى یەكێتى بۆ پۆست و پلەو وەزیر و چى وچى ،تاڵەبانى یان ناچاركردوە، كە لەبەر ئەو زۆر بڕیار و راسپاردەى چەوت وناراست بدات. بەدەر لەوەش، كەسێكى وەكو شانازى ژنخوشكى تاڵەبانى ،كە نازانێت دوو دێر بڵێت، هەم خۆى و هەم لەتیفى مێردى،كە بەدرێژایى مێژووى یەكێتى بچوكترین رۆڵیان لەشۆڕشدا نەبووە،كەچى ئێستا هەردوكیان قوتبێكىبەهێزى یەكێتین و چى پارە وسامانێكى یەكێتى هەیە لە ئەوروپا بەناوى ئەوانەوەیە، حەمە سابیر وبراو خوشكەكانیشى هەمان شتن و ئەوانیش،هەرچەندێك گێل و نەفامن و فڕیان بە سیاسەتەوە نى یە،بەڵام بۆخاترى ئەوەى زاواى ماڵى برایم ئەحمەدن، بەزۆر دەكرێن بەشت.بیرمان نەچێت پێچەوانەى بنەماڵەى هێرۆ، بنەماڵەكەى تاڵەبانى و شێخە كانى كۆیە،هیچ سەنگ وقورساییان نى یە و بەبڕێك پارەو ئیمتیازات دەمكوت كراون.لەشەراكەتى یەكێتى چوونە دەرەوە.
دواجاریش پاش نەخۆش كەوتن و، ونبونى تاڵەبانى،گۆڕەپانەكە بۆ هێرۆ تەواو تەخت بوو، ئیدى بەسیاسەتى عەبقەرى و نەفامانەى خۆى وبەزەبرى دژە تیرۆر و چەقۆ وەشینەكان، بەزۆرى زۆردارى جڵەوى یەكێتى گرتە دەست، یەكێتى بەرەو چاڵى نەعلەت برد،كردى بەمەخسەرە وگاڵتەجار، لەهەمبەریشدا قژ بۆیاخكراوەكان و كەڵتە كۆنەكانى مەكتەب ئیپتدائیەكەى ،ببورن مەكتەب سیاسى یەكەى،نقەیان لێ بڕاو هەریەكەو بە پۆست وپلەو بڕێك پارەو ئیمتیاز و هێنانە پێشەوەى كوڕو كچەكانیان بۆ ساحەكە،دەمكوتكران، وەك بینیمان بەزۆرى زۆردارى ئەمجارە قوبادى كوڕى هێنایە سەر شانۆ، بەو ئومێدەى ئەوانیش هاوشێوەى بنەماڵەى بارزانى یەكێتى بكەن بە حزبى بنەماڵە و سەرجەم پۆست وپلە سیادییەكان بۆ هەتایە لەبن دەستى خۆیاندا بێت.
پێم سەیرە چۆن بە چ پێوەرێك كەسێكى وەكو قوباد دەكرێتە جێگرى سەرۆكى حكومەت،لەكاتێكدا بەپێى پێرەو و بەرنامەى یەكێتى ئەو پۆستە بەو رەوانى یە. نابێت وشتێكى محالە
ئەوەى كەماوە بیڵێم وئاماژەى پێ بدەم، حەزئەكەم بیرى ئەو كەسانەى بێنمەوە كە خۆیان بەیەكێتى و پێشكەوتو خواز و هەڵگرى بیروباوەڕى چەپ و سۆسیال دیموكرات و مۆدێرن خواز ئەبینن، تا دوێنى قسەو جنێویان بەپارتى ئەوت و، بەحزبى بنەماڵەو پاشكەوتو لەقەڵەم یان ئەدا، بۆ ئەم رۆژگارەى كە یەكێتى بەدەست پیرێژنێكى نەفام و هەرزە بیر و پەتەڕیەوە بووە بە مەخسەرە وگاڵتەجارى، ئەگەر دەستى ئاغاى قاسمى نەبێت ،ناتوانێت یەك هەفتە خۆى رابگرێت، چى دەڵێن؟ ئایا شەرم نایانگرێت وهەست بەروو زەردى و خەجاڵەتى ناكەن ؟!