كوردستان لە لێوارى تەقینەوەدایە
Friday, 22/04/2011, 12:00
كۆمەلێك پرسیار هەیە،كە ئەمڕۆ پێویست بەوەڵامێكى ئەقڵانى دەكات،یاریكردن لەسەر دروشمەكان خەریكە كۆمەڵگاى كوردى دووچارى شەڕێكى ترى ناوخۆیى دەبات، ئایا ئەگەر شەڕ رووبدات كێ زەرەرمەندى یەكەم دەبێت؟دەسەڵاتێك كە مانەوەى خۆى لەشەڕو هێزێكى كرێگرتەیى دۆزیبێتەوە،دەتوانێت بەرگەى خەباتێكى مەدەنى بگرێت ؟ئایا وەكو دەلێن كوردستان ئارامە ،یاخود لەسەر لێوارى تەقینەوەیەكى ترسناكدایە!؟خەڵكى كوردستان چى دەوێت ، ئایا دەسەڵات دەتوانێت وەڵامى ئەو داخوازیانە بداتەوە؟!ئایا كوردستان لە میسرو تونس دەچێت ؟!ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان لە ئاستى سەردەمەكەى خۆیدایە،مامەڵەكردنى ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات تاچەندتەندروستە،واتە پراكتیزەكردنى تیورە سیاسیەكان دەتوانرێت لەسەر واقعى كوردستان پیادە بكرێت؟ ئایا خەڵكى كوردستان لەكوێى ئەو هاوكێشەیەدایە؟ئایا ململانێەكانى نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دابەشكردنێكى ترى هەرێمى كوردستان ناخاتە روو كە لە 31 ئابى 1996 هێڵى بۆ كێشرا؟ئێستا بارودۆخى كوردستان بەرەو كوێ دەڕوات؟
-هەوڵدەدەین لە دوو توێى ئەم وتارەدا،وەڵامى ئەم پرسیارانە بدەینەوە،دەربارەى بارى نائارامى لە كوردستان ، دیارە هەموو ناوچەكانى كوردستانى گرتۆتەوە،راست نیە بڵێین نیوەى هەرێمى كوردستان ئارامە و نیوەكەى ترى نا ئارام، لەراستیدا هەموو كوردستان نائارامە، بەڵام لە بەشێكدا نا ئارامیەكە دەردەبڕدرێت لە بەشەكەى تردا نا ئارامیەكە دەرنابردرێت و ریگەى دەربرینى لێگیراوە،دیارە ئێستالە ناوچەى سەوز بارەكە تەقیوەتەوەو خەڵك هاتۆتە سەر شەقام و راى گشتى ئاشكرا هەیە،بەلام لە ناوچەى زەرد راى گشتى ئاشكرا رێگەى دەربڕینى لێگیراوەو راى گشتى شاراوە هەیە،بە گوێرەى ئەو گرفتانەى كە لە كوردستاندا هەیە، لە ناوچەى زەرد و لە ناوچەى سەوزدا هەمان گرفتن،مەسەلەكان كە هەوڵ دەدرێت وا نیشان بدرێت كە كێشەى خزمەتگوزاریە یاخود دەستى دەرەكى ،یا ئەجنداى سیاسی لە پشتە ، واى نابینم , ئەمە خوێندنەوەیەكى تەندروست نییە، بەڵام ئەگەر بلێى ئەجێنداى سیاسی لە پشتە، راستە، چونكە بێگومان هەر كاتێك كێشە لەناو هەر كۆمەلگایەك دروست بێت سیاسەت خۆى تێهەڵدەقورتێنێ ! بۆ ئەوەى ئەو كێشانە بۆ بەرژەوەندی خۆى بقۆزێتەوە،تۆ ئەگەر نەتوانیت ئیدارەى هەرێمێك وچەند شارێكى بچووك بكەیت و چاوەڕێى ى ئەوە نەبیت كە ئۆپۆزسیۆن بیقۆزێتەوە، ئەمە خۆى ساویلكەییە لە سیاسەتدا!!! سەربارى ئەمە لە جیاتى هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە وەزعەكە ،كار لەسەر ئەوە بكەیت كە خەڵك تاوانبار بكەیت بەوەى دەستی دەرەكی لە پشتەوەیە، ، چونكە خەڵكیش مافى خۆیەتى ئەوان چ هێزێكى دەرەكیان لە پشتە كە بەو بێمنەتیە روو بەرووى خەڵك دەبنەوە ؟! لە راستیدا ئەو گریمانە دروست كردنە هی پێش سەردەمی جیهانگەرایى و شۆڕشى گەیاندنە،گریمانەیەكى سەردەمی شەرى ساردە،ئیستا مەسەلەكان لە یەكتر نزیكبوونەتەوە، زۆر مەسەلە هەیە لە چوارچێوەیەكى جیهانى سەیر دەكرێت و وەكو مەسەلەیەكى دەرەكى حیسابى بۆ ناكرێت!!!،ئەو بارە ئابووریەى لە كوردستان هەیە ، ئەو كێشانەى لە سوریا ، لە یەمەن ، لە میسر ،لە تونس هەیە ، هەمووى یەك كرۆكى هەیە , كەوا بوو ئیستا لە ریگەى نەمانى سنوورى ئاسمانى ، هاولاتیەكان خەریكە دەبنە هاوڵاتیەكى جیهانى و كێشەكانیش بوونەتە كێشەى جیهانى !!! بۆنمونە ناتوانى لەناو وولاتەكەى خۆت چۆنت گەرەك بێت ، وا مامەڵە لەگەل مافەكانى مرۆڤ بكەیت و بڵێیت ئەوە مەسەلەكى ناوخۆییە!!!كە هێزێك لەدەرەوە خۆى تێهەڵقورتێنێ! بڵێى ئەمە دەستێكى دەرەكییە ،ئیستا مەسەلەى مافی مرۆڤ مەسەلەی عەدالەتى كۆمەڵایەتى , مەسەلەى زیاتربوونى ئازادیەكان ، مەسەلەیەكى جیهانییە،ئەمڕۆ جیهانگەرایی پانتایى ئازادیەكانى زۆر تركردوە ، میدیاكان ئازادیان زۆرتر كردوە، ناتوانیت لەرووى ئاسمانیەوە ئەو هەموو ئازادیەت هەبێت لە كاتێكدا لەسەر زەوى هەموو ئازادیەكانت سەركوتكرابێت!!! بۆیە بەراى من ئیستا ئەو كێشانەى كە لە ناوچەى سەوزدا هەیە هەمان كێشە لە ناوچەى زەردیشدا هەیە، هەوڵدان بۆ خۆ دزینەوەو تێنەگەیشتن لە كێشەكان ، یان ساویلكەیی دەسەڵات نیشان دەدات یان خۆى لە چارەسەركردن و رووبەرووبوونەوەى دوور دەخاتەوە ، كە لەبنەڕەتدا ئەمەش ئەوە دەسەلمێنى كە ئەو دەسەڵاتە لە ئاستى رووداوەكاندا نیە و هێندەى كار لەسەر فریودانى راى گشتى دەكات هێندە بە تەنگ چارەسەرى كێشەكانەوە ناچێت !
-دەربارەى داواكانى خەڵكى كوردستان،دیارە خەڵك لەهەموو شوێنێكى دنیا بەردەوام هەموو شتێكى نوێى دەوێت، بەراى من پرسە بنەڕەتیەكانى ئێستا لەوە نییە كە خەلك چیدەوێت،بەڵكو لەوەدایە كە چۆن داخوازیەكان ریكدەخرێت ، دیارە ژیان بەردەوام پێشدەكەوێت ، داواكاریەكانیش لەگەڵ ئەودا دەگۆڕێن و پێشدەكەون ،هیچ دەسەڵاتێكى سیاسى نیە لە دنیادا بتوانێ وەڵامى هەموو داواكاریەكانى خەڵك بداتەوە !!! پێداویستیەكانى خەڵك بەردەوام لە گۆڕاندان ، كەرەستەكانى بەردەست دەسەلاتیشسنووردارە،بۆیە كێشەكە لە رێكخستنى پێداویستیەكاندا نەك شتى تر!ئەمەش لە رێگاى یاساو سیاسەتەوە دەكرێت !جێبەجێكردنى یاسا لەو هەرێمەدا نیە، بە تایبەتیش كاتێك رووبەرووى بەرژەوەندى دەسەڵات دەبێتەوە ، ئەوانەى كە ئێستا هۆكارى كێشەكانن لە كوردستان یا لەگەڵ دەسەڵاتن یا دەسەڵاتیان لە پشتەوەیە. دەربارەى ئیرادەى سیاسیش ، شتێك نەماوە بە ناوى ئیرادەى سیاسى كوردى ، بۆیەئێستا گەندەڵى وەك چەكێك قەوارەى دژى ئەو ئەزموونە خراوەتە گەڕ ! گەندەلى ئابوورى هەیە ، گەندەلى ئیدارى هەیە ، ئەمە ناعەدالەتیەكى هێناوەتە كایە،كاریگەریەكى ترسناكى هەیە، یەكێك لە نووسەرەكان دەڵێت چوومە چین "هەژارێكم نەدیت" , لە كاتێكدا چین هەمووى هەژارن ،هەژار بۆیە هەژارە چونكە دەولەمەند هەیە، ئەگەر هەموو هەژار بن كەس هەست بە هەژارى خۆى ناكات، بەلام ئەگەر هاتوو لەگەرەكێك هەمووى دەولەمەند بوون، بەڵام یەكێكیان لەوان دەوڵەمەندتربوو , بە تایبەتى ئەگەر دەولەمەند بوونەكەشى لەسەر بنەمایەكى تەندروست نەبوو،نا عەدالەتى دروست دەبێت و خەڵك بەردەوام داواى زیاترو چاككردن دەكات . بۆیە كێشەكە لە رێكخستنى پێداویستیەكاندایە خەلك چۆن ریكدەخرێت و جێبەجێ دەكرێت،گەورەترین كێشەى ئێمە لەوەدایە كە تا ئێستا نەمانتوانیوە بە ساكارترین شێوە یاسا بە شێوەیەكى یەكسان جێبەجێ بكەین،دەسەلاتى ئێمە تا ئێستا نەیتوانیوە وەكو دەسەلاتێكى سیاسی لە كوردستان مامەڵە بكات،سەیر بكە ئەوەى ئیستا دەكوژرێت چ هاولاتی بێت چ پۆلیس بێت چ سەر بە هەر دام و دەزگایەكى ترى حكوومەت بێت ، رۆڵەى ئەم گەلەن و دەسەڵات لێى بەرپرسیارە ، دەسەلات نابێت لەسەر گوتارى ئۆپۆزسیۆن سیاسەتى خۆى دابریژێت، دەسەلاتى كوردی ئیستاش دەسەلاتێكى حزبییە ، ئیمە تا ئێستا دەسەلاتى نەتەوەیى دامەزراوەییمان دروست نەكردوە! دەسەڵات لەم هەرێمە هێندەى كار لەسەر وەلامدانەوەى گوتارى ئۆپۆزسیۆن دەكات هێندە كار لەسەر ئ ئەجێنداى خۆى ناكات !!!بەداخەوە دەسەلات تووشی نەخۆشی ئۆپۆزسیۆن بووە،هەموو شتێك بە چاوى ئۆپۆزسیۆنەوە دەبینێت،ئەوە دوالیزمێكى دروست كردوە، كەلەگەڵ لۆژیكى دیموكراسی ناگونجێت،ئەمە وا دەكات یا رەش دەبینن یا سپی ، لەنێوانى رەش و سپیدا هیچ بوارێك بۆ رەنگەكانی تر نامێنێتەوە!!!
بۆیە بۆ نمونە لە هەولێرهێندەى دەسەلات كار لەسەر بە دیكتاتۆرى بوون دەكات،نیو هێندە بەرەو دیموكراسیەت هەنگاو نانێ !!! ئەو دەسەلاتەى ئیستا لە هەولیر دەبینرێت ئەو دەسەلاتەیە كە پێشتر لەسەردەمی بەعس دەبینرا،ئازادی تەنیا بۆ ئەو كەسانە هەیە كە پارتین , تەنیا ئەوان بۆیان هەیە خۆپیشاندان بكەن وئالاى سەوز و زەرد بەرزبكەنەوە ، هەموو تواناكانى حكومەت بۆ ئەوانە و بۆ پاسەوانیكردنى ئەوانە، خەڵكى تر ئەو مافەی لێسەندراوەتەوە! ئەگەر مافی خۆپیشاندان بەو شێوەیە مۆنۆپۆل بكرێت و تەنیا بۆ لایەك بێت ، دەتوانین بڵین كوردستان بەرەو سیستەمێكى نوێى كۆیلایەتى بەڕێوەیە .ئەمە رێك ئەو دابەشكردنەیە كە ئیفلاتون باسی كردووە، دەبیت سیستەم بۆ هەموو هاولاتیەك وەكو یەك بێت،دەبێت لە تەك زەرد وسەوزەكەش ریگە بدرێت ئالاى سوورو شین و رەنگەكانى تر بەرزبكرێتەوە،دیموكراسى پێویستى بە ئارامى دەروونى هەیە ، لەگەڵ ترس و تۆقاندندا یەكناگرێتەوە .ئەمڕۆ لەشارى هەولێر خەڵك هەست بە ترس دەكات، خەلك هەست بە چاودێریەك دەكات،وەهمێك دروستكراوە خەلكى پێدەترسێنرێت، ترس وئازادی دووشتی زۆر دژى یەكترین،لەكاتێكدا پێویست بەو ترس و تۆقاندنە ناكات،چونكە كۆمەڵگاى كوردی تا ئیستا بەشێوەیەكى زۆر مەدەنیانە مامەڵە لەگەل دەسەلات دەكات،بەلام تۆ بتەوێت دەسەلاتت بەدەست بگری تەنیا بۆ ئەوەى خزمەتى خۆتى پێبكەى ، مەترسیەكە لێرەدایە.
-هەرچى دەربارەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە،بەر لەهەموو شتێك دەسەلاتێكى سیاسی دامەزراوەیمان نیە ، ئێمە دەسەلاتى دوو حزبمان هەیە و ئەو حزبانەش لە رووخسارداجیاوازیان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆكەوە زۆر لەیەك نزیكن، هەردوو لا تا ئێستا لە واقعەكە نەگەیشتوون و بە دروستى نەیانخوێندۆتەوە! ئۆپۆزسیۆنێكیشمان هەیە كە ئەویش زۆر بوێر نییە , وەكو دروشم بوێرە , وەكو بەرنامە بوێرە ، بەلام لە واقع ئەو بوێریەى لە هەموو ناوچەكانى كوردستان وەكو یەك لێنابینرێت!!! ئیستا كوردستان لە تەقینەوەدایە ، ئۆپۆزسیۆن خەریكى پڕۆژە پێشكەشكردنە،لە كاتێكدا لەو قۆناغەدا دەبێت دەسەڵات وابكات !!!ناكرێت پڕەنسیپى دیالۆگ رەتبكرێتەوە ،بەڵام ناكرێت دیاڵۆك بكرێت لە كاتێكدا شەقام لە هەڵچوونەو دەسەڵاتیش ئامادە نیە تەنانەت بە شێوەیەكى یاسایى مامەڵە لەگەڵ بكوژانى خۆپیشاندەران بكات !لە دواجار كێشە ئەوە نییە دروشمەكان چۆنن, كێشە ئەوەیە كە واقعی كوردستان چۆن دەگۆڕدرێت، تا ئێستا هێندەى بە شێوەی دروشم مامەڵە لەگەل واقعەكە دەكرێ ،هێندە بە شێوەیەكى وا مامەڵەى لەگەڵ ناكرێ كە چارەسەرى كێشەكان بكرێن.بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ناتوانرێت تەنیا لەروانگەى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە سەیرى كێشەكە بكرێت،چونكەكێشەى كورد لەو قۆناغەدا بە تەنیا ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات نییە، واتە ئەگەر ئەوان لە دوو گۆشە نیگاوە خۆیان ببینن ، ناتوانن بەشێكى زۆر لە كێشەكانى كۆمەلگاى كوردی ببینن،چونكە دەسەلات نوێنەرى بەشێكەو ئۆپۆزسیۆن نوێنەرى بەشێكى تر،خەڵكێكى زۆر لەو نێوەندەدا هەیە ، كە نە سەر بە دەسەڵاتن و نەئۆپۆزسیۆنیشن ، ئەوانە كێشەى سەرەكین ، ئەو كەسانەى كە توانیویانە بچنە ناو حزبەكان , توانیویانە بەشێكیش لە بەرژەوەندیەكانى خۆیان بپارێزن , ئەوەى بەرژەوەندی نەپارێزراوە لەو هەرێمە ئەوانەن كە لە دەرەوەى حزبەكانن ، ئەوانە دەنگیان هەیەو رەنگیان نیە !!! ئەوانە دەنگی راستەقینەى شەقامن و دەبێت گفتوگۆ لەگەل ئەوانە بكرێت،دەبێت گفتوگۆ لەگەل رۆشنبیرى كورد بكرێت ، دەبێت نوێنەرى سەراى ئازادى بخرێنە ناو گفتوگۆكان و ببنە بەشێك لە دانوستاندن، من پێشنیارم كرد كە پێویستە ئەنجوومەنێك دابمەزرێت , ئەنجوومەنەكە لە نوێنەرانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بەردەركى سەراو نوێنەرى شەقامى هەولێرو شارەكانى دیكەى تێدا بەشدار بێت ,ناكرێت حیزبەكان خۆیان بە خاوەنى هەموو شتێك بزانن ، دەبێ بزانن سەردەمى ئەو بیركردنەوەیە بەسەرچوو ە!!! ناكرێت كێكەكە تەنیا لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دابەشكرێت !!! ئەمە هەرگیز چارەسەرى كێشەكە ناكات !!! مەبەستم چارەسەریەكى قوڵى كێشەكە!!!پێویستە خەڵك و رۆشنبیرانیش بخرێنە ناو هاوكێشە سیاسیەكانەوە ،نەك بەتەنیا وەكو زەمینەیەك بۆ كارراییە سیاسیەكان،بەڵكو وەك لایەنێكى گرنگ لە پڕۆسەكە،بۆ ئەم مەبەستە دەبێت خودى چەمكەكان و لایەنەكانیش وەك ئەوەى كە هەن،نەك وەك ئەوەى خۆیان نیشاندەدەن شرۆڤە بكرێن !بۆ وێنە ئێمە كاتێك باس لەحزبە سیاسیەكانى كوردستان دەكەین ، جگە لە حیزبە كۆكۆنیستەكان، لە كوردستان حزب بە چەمكە زانستیەكى بوونى نییە , ئێمە كۆمەڵێك گروپ و خێلى سیاسیمان هەیە ، لە بنەڕەتیشدا دەسەڵات لە دوو خێلى سەرەكى پێكهاتوە ، ئێستا ئۆپۆزسیۆن خەریكە خۆى لە بە حزبی بوون نزیك بكاتەوە،لە راستیدا ئەو خێڵە سیاسیانە بۆ ململانێى یەكتر و نیشاندانى روویەكى فرە حزبی لە كوردستان،كۆمەڵێك گروپى بچوكیان دروستكردووەو ناویان ناوە حیزب، واى لێهاتووە حزبایەتى بۆتە شێوازێك لە شێوازەكردنى بازرگانیكردن و نان پەیداكردن !!!، واتە هەر كەسێك دەست و پێ سپى بێت و هیچ كارێكى پێنەكرێت دەتوانێت ، چەند كەسێك لە خۆى كۆبكاتەوەو پارە لە دەسەلات وەرگرێت ،ئەمە راستیەكە كە هەموو خەڵك دەیزانێت!!! بۆیە دیاردەى ستۆك بوونى حزبایەتى لە كوردستان بەزەقی هەستى پێدەكرێ ! حزبایەتى لە هەموو دونیا تووشی كێشە بووە بە تایبەت لە كوردستان، كە پارتى و یەكێتى ناشرینترین نموونەی حیزبایەتیان پێشكەش كرد لە بیست سالى رابردوودا.خەڵكێكى زۆر هەیە حەز بە حیزبایەتى ناكات و لەدەرەوەى حیزبەكانە ، بەڵام ئەمانە لەمەسەلە نەتەوەیى و چارەنووس ئامێزەكان بێلایەن نین،ئەوانەن ئێستا بنەڕەتى كێشەكەو هاوكێشەكان یەكلایى دەكەنەوە ئەوانەن مافى هاوڵاتیان لێسەندراوەتەوە،ئەوانە دەنگی راستەقینەن , ئەوانەن دەبێت كێشەیان چارەسەر بكرێت . دەبێت ریز بۆ ئەو خەڵكە بگەرَێتەوە, ئەو خەڵكەى كە لە سەراى ئازادی راوەستاوە و دەڵێت حەوت مانگە بێ ئیشم و خاوەنى چەند سەرخێزانم،ئەوانە دەنگی راستەقینەى ئەو هەڵچوونەن ،دەبێت گوێ لەو خەڵكە رابگرێت،كێشەى راستەقینە هى ئەوانە.
- دەربارەى لەیەكچوونى كوردستان بە میسرو تونس ، دەبێت لە دوو روەوە شرۆڤەى بكەین ،لە لایەنى رووخسار ، ناوەڕۆكەوە ، میسر لە رووخساردا دەولەتێكى و گەورەیەو زلهێزى دەولەتانى عەرەبییە دامەزراوەكانى میسر پێشكەوتوون و تاكى میسرى هۆشیارترە و سوپاى میسرى نیشتمانى ترە, لە كوردستان ئێمە ئەو شتانەمان نى یە ، نەك نى یە بەڵكو بیست سالە پارتى و یەكێتى كۆسپن لە ریگاى دروست كردنى دام و دەزگاو بە نیشتمانى كردن،چونكە دام و دەزگا بوون لەگەڵ بەرژەوەندیە خێڵەكى و كەسیەكانى ئەوان یەكناگرێتەوە !!!ئێمە سوپایەكمان نییە لە كاتى تەنگانەدا وەكو میسر بێت ئیدارەى وەزعەكە بكات،سوپاى میسر ،كە بە مەنزوومەیەكى بەرگرى هێزەكانى ناوچەو دونیادا بەستراوەتەوە، زۆر شارستانیانە رۆڵى خۆى گێڕاو پشتى داخوازیەكانى خەڵكى گرت ،توانى دەسەلاتەكەش بە شێوەیەكى هێمنانە بگۆڕێت، ریگاى نەدا هیزەكانى ناوەخۆش دەستێوەردان بكەن،راپەرینێكى هەشتا ملیۆنى ژمارەیەكى زۆر كەم كوژرا, بەلام لە كوردستاندا چەند سەد كەسێك هاتە سەرشەقام ، چەندین كەس كوژراو نزیكەى چواریەكى ژمارەكەش بریندار بوون !!! دەبێت بزانین ئەو هێزەى ئێستا لە كوردستانە زۆر مەترسیدارە ، هێزێكە گۆشكراوە بۆ پاراستنى بنەماڵەیەك ،بەرژەوەندى چەند كەسانێك، نەك نیشتمان ،لە دواى راپەڕینەوە تا ئێستا چەند جار ئەو هێزە دژى دوژمنانى كورد جەنگاوە؟! بەڵام لە دەیان داستانى كورد كوژیدا بەشدارى كردوە ! ئەمە ئەو راستیە دەگەیەنێت كە ئێمە لە رووى رووخسارەوە لەوان ناچین ! بەڵام لە رووى ناوەڕۆكەوە زۆر لەوان نزیكین،وەكو دەسەڵاتى ئەوان دەسەلاتەكەى ئێمەش گەندەڵ بووە،نا عەدالەتى سیاسی و ئابوورى وكۆمەڵایەتى زۆر توند هەیە, پەیامى نەتەوەیی شكستى هێناوە،تا ئیستا ئەوانە نەیانتوانیوە لە مەسەلە چارەنووسازەكانى كورد تۆزقاڵێك بەرەو پێشەوە بڕۆن ، بە پێچەوانەوە بەگوێرەى گەورەیى ئەم هەلەى رەخساوە هەنگاوى زۆر گەورە بۆ دواوە نراوە !!! تا ئیستا ئەوان بانگەشەى ئەوەیان دەكرد كە ئێمە كەركوك دەگەرێنینەوە،ئێمە وادەكەین و وادەكەین، كەچی ئەو ووتارەش كۆتایی پێهات و هیچیان بە دەست نەهێنا،نەك هەر كەركوكیان نەگەڕاندەوە بەلكو ناوچەكانى تریشیان كرد بە كۆلۆنیایەكى توركى و ئێرانى !!!ئەو خەڵكە كە لە ماوەى بیست سالى رابردوودا،لەبەر مەسەلە نەتەوەییەكان بەرگەى زۆر شتی گرت ، پارتى و یەكێتى متمانەیان ئەوەیان لە دەست دا كەراستگۆبن لەگەڵ ستراتیژیەتە نەتەوەییەكان و ئەو پەیامانەى بەرزیان كردبوەوە!!! ئەمە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانى ئەو تەنگژەیەى ئێستاى كوردستان .نابێت هەرگیز فەرامۆش بكرێت . ئێمە لە خاڵە ناوەڕۆكیەكان لەوان نزیكین ، وكو گەندەڵى و ناعەدالەتى و بە میراتى كردنى دەسەڵات و حیزبایەتى ... نابێت چاوەڕێى ئەوە بكەین كە ئێمە دەقاودەق وەكوئەوان بین ...چونكە دوو كۆمەڵگاى جیاوازین هەریەكەى تایبەتمەندى خۆى هەی !!!! نابێت ئەوەش لە یاد بكەن كە ئەمڕۆ هەموومان هەر لە یەك سەردەم و یەك قۆناغ دەژین, ئەو باو هۆزەى هەلى كردووە هەموومان دەگرێتەوە ،هەموومان تەمەشاى یەك سەتەلایت دەكەین،لەگەڵ یەك ئینتەرنێت مامەڵە دەكەین،جا هەر یەكەو بە ئاست و شێوازى خۆى ،ئەمە جیایە !!! بەڵام خاڵە هاوبەشەكان لەیەكتر زۆر نزیكن . لەگەڵ هەموو ئەوانە وەكو ئاماژەم پێكرد، هۆى سەرەكى راپەڕینى دووەمى هەرێمى كوردستان ، نەمانى متمانەو شكستهێنانى پارتى و یەكێتیە لە پەیامە نەتەوەییەكان ، بیست ساڵ دەرفەتیان درایێ بەو ناشرینیە ئەو هەرێمەیە تێك بدەن،خەڵك ناتوانێت تا سەرچاوەڕوانى ئەوان بكا كە هەموو پیرۆزیەكى ئەو وڵاتە تێكبشكێنن و هەموو سامانى ئەو وڵاتەش لەبەرژەوەندیە كەسیەكانى خۆیان بەكاربێنن !!! تەمەنیان دەگاتە زیاتر لەپەنجا ساڵ ، كاتێك كە حزبێك دەگاتە ئەو تەمەنەو توانایان نامێنێ ، نیشانەى ئەوەیە رۆڵى مێژوویی تەواو بووە, بۆیە بەراى من ئەو ژانەى كۆمەڵگاى كوردی گرتویەتى، چاوەروانى لە دایك بوونى هێزوو بزووتنەوى نوێ دەكات ، كە رەنگدانەوەى ئەو نەوە نوێیەو ئەو قۆناغە دەبێت!!!
- كاركردن لەسەر دەسكەوت كۆنەكان ، ناتوانێت درێژە بەشەرعیەتى دەسەڵات بدات ، سەرەتا با باس لە شەرعیەت و رەوایی و دیموكراسیەت بكەین , ئیستا دیموكارسی وەكو سیستەمێكى سیاسی خۆى لە تەنگژەیە ، قەیرانى هەیە،ئەو ئامرازانەى كە كاریگەریان لەسەرتێكدانى شێوازەكانى كاركردنى ئەو سیستەمە هەیە ،زۆر پێشكەوتووەو بەهێز بووە,بۆ نموونە ئیستا هەوڵدان بۆ ساختە كردن لە دەنگەكان زۆر ئاسانتر بووە،ئەو كەسەی دەسەلاتى لە دەستە دەتوانى دەستكارى ئەنجامەكان بكات،لە هەموو ئەو وڵاتانە وایە , لە میسر حوسنى موبارەك ولە تونس زەید بن عەلى بە هەلبژاردن دەسەلاتیان گرتە دەست , لە یەمەنیش هەر وا, كێشەكە لە خودی هەلبژاردن دایە كە ئیستا متمانەى نەماوە، لەلایەكى تر، راستە دامەزراندنى پەرلەمان دەستكەوتێكى نەتەوەییە ، بەلام دەبێت بزانین پەرلەمان بۆ ئەوە نییە لە جامخانە دابنرێت و بەبەژن وباڵاى هەڵبدەین، پەرلەمان لە دواجاردا دامەزراوەیەكە كە خەڵك پێكیدەهێنێت بۆ ئەوەى خزمەتی خۆى پێبكات،ئەوە بیست ساڵە هەر لەسەر ئەو قسەیە دەژین كەپەرلەمان دەسكەوتێكى نیشتمانییە , بەلام پەرلەمان وەكو گوتم بۆ ناو جامخانە نییە,دەزگایەكە دەبێت رۆلى خۆى ببینێت،پەرلەمانى ئێمە رۆلى خۆى نەدیوە،پێكهاتەى پەرلەمان لە كوردستان وایكردووە كە زیاتر لە دیوەخانێك بچێت،دیوەخانێك جار نا جارێك گیزە گیزى مێشێكى لێ دێت،واتە دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەیە بەڵام لاى دەرگایەكەیەو كەس گوێى لێناگرێت !!! پەرلەمان نابێت تەنیا بە ئارەزووى پارتى و یەكێتى بێت ، هەروەك چۆن نابێت بە ئارەزووى ئۆپۆزسیۆنیش بێت، دەبێت بە ئارەزوو لەبەرژەوەندى هەموو خەڵكى كوردستان كاربكات. لە كوردستان پەرلەمان لە جیاتى ئامرازێك بێت بۆ خزمەت كردن بۆتە كۆسپ!!! واتە خودی پەرلەمان ئیستا لە قەیراندایە،پەرلەمانێك سەرۆكەكەى دەرگا لەسەر ئەندامەكانى دابخات، واتاى ئەوەیە ئەوپەرلەمانە كەڵكى نەماوەو ستۆك بووە، لە پاڵ ئەمەشداحكومەتێكمان هەیە دەسەلاتى لە دەست نییە !!! سەرۆكى حكومەت دێتە ناو پەرلەمان وەكو رۆشنبیرێك گفتوگۆ دەكات, وەك خاوەن بریارێك قسە ناكات،پاشان ئەو ئەو بەلینیانەى كە دەسەڵاتى جێبەجێكردن دەیدا لە كوردستان ، بە سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەتەوە ، لە تواناكانى ئەوان گەورەترە !!! واقعی كوردستان بۆ ئەنجامدانى گۆرانكارى ،پێویستى بە هێزێكى گەورەترهەیە لە پارتى و یەكێتى، ئەوان ناتوانن بە تەنیا ئیدارەى ئەو گۆڕانكاریە گەورانە بكەن !!! پێداگریشیان وایكردوە متمانەیان زۆر كەم بێتەوە ، كە لەدواجاردا دەبێت لەرێگاى هێزەوە بەرژەوەندیەكانى خۆیان بپارێزن ، كە ئەمەش لە لایەك بەرەو دیكتاتۆرى و لە لایەكى تر رووبەرووى گەلیان دەكاتەوە. سەیركە ،سەرۆكى هەرێم كۆمەڵێك بەڵێنى دا وادەكەین و وادەكەین،بەڵام بەپێى واقعی كوردستان خەلك بە ئاسانى بۆى دەردەكەوێت كە تواناى جێبەجێكردنى ئەو بەڵێنیانەى نییە , نەك سەرۆكى هەرێم هەر كەسێكى دیكە ئەمانەى بۆ جێبەجێ نابێت، هەر كەسێكی دیكە ئەو بەلینیانە بدات دەبێ چاوەڕوانى هەمان دەرئەنجام بێت !!! بۆیە ئیستا دەبنین بە شێوەیەكى دیكە قسە دەكات و دەڵێت مل بۆ داواكاریەكانى ئۆپۆزسیۆن كەچ ناكەین! واتە ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات گەمە لەسەر داواكاریەكانى خەڵك دەكەن، بۆیەپێم وایە لە دواجاردا خەلك ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات رادەماڵێت، مەترسیەكەش لەوەدایە كوردستان بەرگەى ناسەقامگیرى گەورە ناگرێت،بە واتایەكى تر ئەو كەمتەرخەمیەى دەسەلات ریگە بۆ ئاژاوەیەك خۆشدەكات ! بۆیە هیوادارم كە بتوانن ووردتر لە بایەخى گۆڕانكاریەكان تێبگەن.
- دەبێت دەرك بەوە بكەین كە كۆمەلگاى كوردی ئەمڕۆ لە ژانێكدایە ، ئەو ژانە ئەگەر بێت و بەشێوەیەكى ئەقڵمەندانە مامەلەى لەگەل بكرێت ئەقل بەرهەم دێت, ئەگەر بە پێچەوانە بێت گورگێك بەرهەم دێت،دەسەلات خەریكە بەهاكانى خۆى لە دەستدەدات، ئیستا هیچ رەوتێكى دیموكراسی نابینین،لە هەولیر ئەو ترس و تۆقاندنەى لە ئارادایە ، زیانێكى گەورى بە دیموكراسی گەیاندووە ، لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت بیر لە چارەسەرى بكرێتەوە !!!باشترین چارەسەریش ئەوەیە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن خۆیان ببینن وەك ئەوەى كە هەن نەك وەك ئەوەى كە خۆیان دەیانەوێت بیبینن،دەسەڵات وەكو ئەوەى كە هەیە خۆى نابێنێت,سەیركە ماوەیەك لە مەو بەر هەلبژاردن كرا ، ئەگەرئێستا هەڵبژاردن بكرێتەوەو ساختەى تێدا نەكرێت ،یەك لەسەر چوارى دەنگەكانى پێشوو ناهێنێتەوە،ئەمە واتاى ئەوەیە كە دەسەڵات لە پیادەكردنى سیاسەتى خۆى شكستی هێناوەو خۆشیان دان بەوە دادەنێن،ئەو شكستە واتاى ئەوەیەخەڵك متمانەى پێیان نەماوە ، ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت ،هەمان سیناریۆى پێشوو دووبارە دەبێتەوەو دیموكراسی دەبێتە ئامرازێك بۆبە دیكتاتۆرى كردن، لە میسریش ئەم شتەمان دیت،دیموكراسی بوو بە ئامرازێك بۆ دروست كردنى دیكتاتۆریەت , لێرەش خەریكە واى لێدێت،ئەمە بۆبەرەو پێشچوونى كۆمەلگاى كوردی مەترسیدارە،هەروەك ئاماژەم پێ كرد، چارەسەر ئەوەیە كە خەلك ئەوان وەك خۆیان ببینن،یانى ئەو مەغروریەى كە لە دەسەلاتی كوردی هەیە نە لەگەڵ سەنگى راستەقینەى دەسەڵات و نەلەگەل واقعی كۆمەلگاكە دەگونجێت.
-گەورەترین مەترسى بۆ سەر ئەزموونى كوردستان لەم قۆناغەدا دەسەڵاتى كوردیە!!! دیارە كە ئەزموونە دەسەلاتى كوردی دروستى نەكردووە، گۆرانكاریەكى نێو دەولەتى ئەم دۆخەى لەگەڵ خۆیدا هێنا !!! لە پاراستن و نەمانى ئەو ئەزموونە دەسەلاتى كوردی هێندە كاریگەرى لەسەر نەبووە, بەلكو ململانێ هەرێمى و نێو دەولەتیەكان كاریگەریان لەسەر هەبووە, بۆیە هەوڵدان بۆ بەستنەوەو مانەوەى ئەو ئەزموونە بە دەسەڵاتی كوردیەوە یەكێك لەو وەهمانەیە كە خودی دەسەلات دروستى كردووە،ئەوەندەى دەسەلاتى كوردی هەوڵیداوە ئەو ئەزموونە تێكبدات و مەترسى لەسەر هەبوە ، لایەنەكانى دیكە نەیانبوە!!! دیارە مەترسیەكانى سەر كورد دەوڵەتە هەرێمیەكانن ، بە پلەى یەكەم ئەوانەى كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە ، وەكو توركیا و عیراق و ئیران و سوریا, دەسەلاتى كوردی خۆى ئەزموونى ئەوەى هەیە كە دەستی ئەوانەى گرتووەو هێناویەتە ناو پایتەختی خۆی, سوپاى توركیاو و عیراقیان هێنا, پاسدار و هێزى ئیرانیان هێنا!!! ئەو مەترسیانەى كە خەڵكى پێدەترسێنن خۆیان بوونە هاوپەیمانیان و رایانكێشانە ناو كوردستان !!! ئایا ئەزموونەكە تێك چوو؟ نەخێر تێك نەچوو. چونكە ئەزموونەكە خۆى دەرهاویشتەى واقعێكى نوێیە كە لەدەسەڵات خۆى و تەنانەنەت لەهێزە هەرێمیەكانیش گەورەترە! بەڵام دەتوانین ئێستا بارەكە بەو شێوەیە ببینین ، ئیستا ململانێ یەك هەیە ، دوو ئیمپراتۆریەتى نوێ و بە جلێكى نوێ لەسەر بنەماو ئایدیۆلۆژیەكى كۆندا لە ناوچەكە سەریان هەڵداوەتەوە،ئیمپراتۆریەتى عوسمانى سونى كە توركیا دەیەوێت زیندووى بكاتەوە و ئیمپراتۆریەتێكى شیعی سەفەوى ئیرانى ،كە كۆمارى ئیسلامى دەیەوێت بیژیەنێتەوە,ئیستا هەریمی كوردستان بە شێوەیەكى فەرمی دابەش بووە،لە سی و یەكی ئابى 1996 كاتێك هێڵەكان بۆ شەڕى ناوخۆ لە نێوان یەكێتى و پارتى كێشرا ، لەسەر بنەماى نفوزى ئەو دوو ئیمپۆاتۆریایە بوو!!!ئەوە واتاى ئەوەیە ناوچەى یەكێتى بەر نفوزى ئیران كەوت و ناوچەى پارتى و ناوچە دابڕاوەكانیش ، بە تایبەتى هێڵى كەركوك بەر نفوزى توركیا كەوت .ئەو گۆرانكاریانەى پاش بیست و پێنجى شوبات 2011 روویاندا ئەو دابەشكردنەى روونتر كردەوە !ئەو بازگانەى پارتى كە رێگا نادەن خەڵكى ناوچەى سەوز بێتە ناوچەى زەرد ، تەنیا داواكردنى پاسەپۆرتى ماوە ، خەمساردى و بایەخ پێنەدانى پارتى بە رووداوەكانى سلێمانى.ئەو دابەش بوونە نوێیەى كوردستان دەسەلمێنن. بۆ نموونە بەشێكى زۆری پرۆژەكانى توركیا لە ناوچەى زەرد جێبەجێ دەكرێن و هەوڵەكانى بۆناوچەى سەوز سنووردارە !!! توركیا بەم دواییە گەورەترین بنكەى خۆى بە ناوى فڕۆ كەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر كردەوە ،ئەگەر بەوردى سەیرى ناوچەى زەرد بكەین دەبینین ئێستا كۆلۆنیایەكى ئابورى توركیایە،هێندەى دەسەلاتى كوردى لە خزمەتی پرۆژەكانى دروست كردنى ئەو ئیمپراتۆریەدایە ،لە خزمەت بەرژەوەندیەكانى نەتەوەیی كورد دا نییە ، ئەمەیە مەترسی راستەقینە،ئەو سیاسەتەى دەسەلاتى كوردی پیادەى دەكات مەترسی راستەقینەیە لەسەر ئەزموونى كوردستان، هاتنى خەلك بۆ سەر شەقام و داواكردنى مافی خۆیان و چاكسازى كردن ، مەترسی نى یە، بە پێچەوانەوە بەروپێشوەچوون و مەدەنى بوونى كۆمەڵگایە،ریگا بدەن با خەلك خۆنیشاندان بكات و راى خۆى دەربرێت ، با پرسیارەكانى خۆیان بكەن،دەسەلاتێك ئامادە نەبێت لەلایەن خەلكى خۆیەوە فشارى بخرێتە سەر واتاى ئەوەیە ئەو دەسەلاتە دەسەلاتى خەلك نییە!!! دەسەڵاتێك مل بۆ هەموو فشارێكى دەرەكى كەچ بكات ، بۆچى شوورەیى دەبێت ئەگەر مل بۆ داوا رەواكانى خەڵكى وڵاتەكەى خۆى كەچ بكات ! خەلكى ئێمە چیان دەوێت ؟! دەیانەوێت وولاتەكە ببێتە وولاتێكى دامەزراوەیی , بۆ نموونە یەكگرتنەوەى پێشمەرگە تەنیا لە بەرژەوەندی كوردە و یەكنەگرتنەوەى لە بەرژەوەندی غەیری كوردە, دەسەلاتى كوردیش ئامادە نییە یەكی بخاتەوە،كردەوەكانى پێچەوانەى گوفتەكانیەتى ،ئەمە واتاى چییە ؟!لایەنى دارایی بۆ یەكناگرێتەوە؟ ئەمانە بە كردەوە دانیان بەوە ناوە كە كوردستان بەش كراوە،با بەراستگۆیی بلین ئیمە كوردستانمان دابەش كردوە بۆ دوو ناوچە ،ناوچەى سەوز نفوزى ئیران و ناوچەى زەردیش نفوزى توركیا،ناتوانین هێزى پێشمەرگە یەكخەینەوە و داراییەكە بكەینە یەك!!! با چیتر خەڵك بەوە فریو نەدەن كە دەیانەوێت یەكبگرنەوە, خەلك نایەوێت هەرێمى كوردستان دابەش بێت ومەترسی شەڕى ناوەخۆ دروست بێتەوە، بەرامبەر ئەمەش لە سەدەی بیست و یەكەمدا چەند عەشیرەتێك بە ناوى حزبەوە هەموو هێز و دەسەلاتێكیان بە ناوى خۆیان كۆكردۆتەوەو بوونەتە داردەستى هێزە هەرێمیەكان و ئەوان دەیانپارێزن و هەرگیز بیر لە مەسەلە نەتەوەییەكان ناكەنەوە !!! بۆ كپكردنەوەى داواكانى خەڵكیش ، هەر كاتێك ویستیان یا هەڕەشەى سەرهەڵدانى شەڕێكى ناوخۆ ، یا شەرێكى ناوەخۆدەست پێدەكەنەوە!!!
ئەو هێزەى كە هەیە دەبێت بە دامەزراوەیى بكرێت و ببێتە مولكى خەلكى كوردستان ، نەك هى ئەم حیزب و ئەو حیزب , بەدامەزراوەیى بوونى هەرێمى كوردستان لە بەرژەوەندی گشتى كوردە , بەلام لەبەرژەوەندی توركیاو ئیران نییە،بۆیە دەبینین داواكاریەكانى خەلكى كوردستان لەگەل بەرژەوەندی هەرێمى ناگونجێ و دوژمنى لە دەرەوە زیاترەو دەسەلاتی كوردیش هێندەى پشت بە هۆكارى دەرەكى دەبەستێت،هێندە گوێ ناداتە راى گشتى ناوەخۆ،وە ئەمەش ئەگەر بۆ پێش نەوەدەكان باش بووایە بۆ ئیستا لەبار نییە،چونكە ئیستا سەردەمی بە ئاگا هاتنەوەى شەقامە،بۆ نەوەدەكان و پێش نەوەدەكان ،سیستەمێكى وەكو سیستەمی سەدامی كە ئەوكات سیاسەتى هەرێمى و ئەمریكاى جێبەجێ دەكرد باش بوو ، بەڵام بۆ سەردەمى باهۆزى بە ئاگاهاتنەوەى خەڵك لەبار نییە, ئیستاش دەسەلاتى كوردی هێندە رەچاوى سیاسەتى هەرێمى دەكات و خەلكى خۆی دەكاتە قوربانى, ئەگەر لە نەوەدەكان و هەشتاكان ئەو خەڵكە دەنگى نەبوو نەیدەتوانى بێتە سەر شەقام ، ئیستا دێتە سەر شەقام و گۆڕانكارى گەورەش دەكات،خەلك ئیستا دەیەوێت كۆمەلگاكەى دامەزراوەیی بێت , چاوەرێ دەكات بەڵام لەدواجار كە خەڵك كۆبۆوە ئەقلی تاكى دەبێتە ئەقلی كۆیى و توندوتیژی لێدەكەوێتەوە،بۆیە بۆ ئەوەى كە نەگاتە ئەو رادەیە دەبێت زۆر بەجدی ووشیارانە مامەڵەى لەگەلدا بكرێت،هەرچۆنێك بێت بۆ هەموو لایەك وا باشترە كە لەبەرژەوەندى خەڵك كار بكەن ، ئەگینا دواتر دەكەونە بەر شەپۆڵى تووڕەیى خەڵك و هیچ كەسێك فریایان ناكەوێت !!!
دەبێت ئەوە بزانین كە گرنگتریین و تەنانەت تاكە چارەسەریش بە دەنگەوە هاتنى داواكانى خەڵكە، دەبێت رێگا بدرێت خەڵك خۆپیشاندان بكات ،با رێگا لەوە نەگرن خەڵك تووڕەیى و مافەكانى خۆى بە شێوەیەكى مەدەنیانە دەربڕێت ، ئەمە هەم لە بەرژەوەندی دەسەڵات و هەم لە بەرژەوەندی خەلكى كوردستانە، چونكە دواجار خەلك لەو مافانە بێدەنگ نابێت ، ئەگەر بە شێوەیەكى یاسایى رێگەى پێنەدرێت ، ئەوا تووڕەییەكە دەرئەنجامى ترى دەبێت ، پارتى دەبێت چاك بزانێت هێزى بەرەنگاربوونەوە خەڵكى هەولێرو ناوچەكانى ترى نییە !!! ئیستا با رێگا بدرێت خەڵك ئازادانە راى خۆی دەربڕێت،ئەو خەڵكانەى بەردەركى سەراى ئازادی دەبێت گوێیان لێبگیرێت و داواكانیان رێزى لێبگیرێت و جێبەجێ بكرێت .ئەمە تەنازول نییە، ئەمە گەورەیى و ئەقڵانى بوونى دەسەلات دەگەیەنێت، ئەگەر لە رووانگەیەكی دامەزراوەیی بۆ مەسەلەكان بچین زۆر گەورەییە كاتێك كە سەرۆكى هەرێم بچێت لەگەل خەلك دانیشیت و گوێیان لى بگرێت , بەڵام لە روانگە خێڵەكیەكەوە عەیبەیەكى گەورەیە و بە تەنازول هەژمار دەكرێت !!! ئەمە وا لێكدەدەنەوەكە تەنازولە بۆ ئۆپۆزسیۆن ، لە كاتێكدا هەر خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن سوارى شەپۆڵى خەڵك بوە! كاتیك هەموو داواكاریەكانى خەلكى كوردستان لە چاو ئۆپۆزسیۆندا دەبینرێت، ئەوەدەگەیەنێت لە كوردستان دەسەڵات تووشى نەخۆشى ئۆپۆزسیۆن بوە وەك ئاماژەمان پێكرد، دەرئەنجامى ئەمەش وەزعێكى خراپ دێتە دى ،چونكە هەموو خەلكى كوردستان ئۆپۆزسیۆن نین، هەموو تاكێكیش نایەوێ سیاسەت بكات، لە كوردستانیش خەریكە ئەو دیاردە پەیدا دەبیت كە كاتى هەلبژاردنەكان خەڵك دەنگ بدات و دواتر خەریكى كارو بژێوى خۆى بێت،ئەگەر دەسەڵات ووڵات بە باشى بەڕێوە ببا ، دەنگەكان بۆ خۆى مسۆگەر دەكا ، بە پێچەوانەوەش خەڵك جارێكى تر دەنگى ناداتێ !!! خەلك لە حزبایەتى بێزار بووەو كەوتۆتە ژیانى خۆى ، بۆیە بەرایى من چارەسەرى هەنووكەیی بۆ ئەو وەزعە ، مامەڵكردنە لەگەل داخوازیەكانى خەڵك بە شێوەیەكى جدی, ئەگەر لە هۆزەكانى ئامازۆن یەكێك تەقە لە خەڵك بكات دەدرێتە دادگا ،كەچى لێرە دەسەڵات پشتیوانیان لێدەكات و دەیانپارێزێت ، ئەمە سەنگەرگرتنە لە خەڵك و چارەسەرى كێشەكان ناكات !!!
لەهەموو حاڵەتەكاندا بەكارهێنانى هێز دژى خەڵكى كوردستان، بەو شێوەیەى بینیمان ، نەك هەرچارەسەرى كێشەكان ناكات ، بەڵكو قووڵترى دەكاتەوە، كپ كردنى دەنگى خەڵك لەرێگاى هێزەوە ، كۆتایى نیە ، بەڵكو سەرەتاى دەستپێكردنى قەیرانێكى سیاسى گەورەیە، ئەو كێشانەى لە كۆمەڵگاى كوردییدا هەیە ، ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەسەڵات تەسلیمى ئیرادەى خەڵك نەبێت ، ئەوا ئەگەرى توندو تیژیەكى چاوەڕواننەكراو لەئارادایە ، ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر كوردستان لە لێوارى تەقینەوەیەكى زۆر ترسناكدایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست