مەلا کرێکار لەچەند تەوەرێکدا
Tuesday, 17/02/2015, 12:00
ئەوەی هاندی دام ئەم چەند دێڕ و ووشەیەکە بنووسم لەسەر مەلا کرێکار،هەستکردنم بە ترسێکە لەو پرۆژەیەی کەبۆیان ئامادە کردوە لە کوردستانی باشوور گەر بگەڕێتەوە. بەپێی قسەکانی خودی مەلا کرێکار ڕەنگە نەگەڕێتەوەو لەیەکێ لە ناوچە دوور بەدەستەکانی نەرویج بمێننێتەوە،بەڵام ئەوەشی ووت کە ڕەنگە ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ کرابێ بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە،بەتایبەتی لەلایەن کاکە حەمەی حاجی مەحمودەوە. بەهەر حاڵ گەر گەڕایەوە (کەمن لەو بڕوایەدام بگەڕێتەوە)ئەوە مەبەستی ناوەڕكی ئەم ووتارەیە.و تا ئەو کاتە وەك ئەگەرێك ئەمێنێتەوەو هیچی تر.
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کەوا دەزگای ڕاگەیاندنەکانی کوردستانی باشوور لەلایەن کەسانی نائەکادیمی و ناپیشەییەوە بە گەڕ خراوون و نازانن چۆن چۆنی کارەکانیان بکەن،ئەمەش بەڵگە نەویستەو لەچەندین جاردا هەستی پێکراوە. بۆ نمونە لەگەڵ هەریەك لە(بەهمەنی قوبادی و فەرهاد پیرباڵ) دەرکەوت کە ئەم جۆرە دەزگا و بەناو ڕۆژنامەنووسانە چەندە نەزان و ناکارا و نا پیشەیین.
پێش ئەوەی بێینە سەر ڕیزبەندی تەوەرەکان،پێوست بوو مەلا کرێکار چاوپێکەوتنی لەگەڵ هیچ دام دەزگایەکی باشووری کوردستاندا نەکردایەو بایکۆتی بکردنایە،ئەویش لەبەرئەوەی ئەوڕۆ هیچ دەزگایەکی بێلایەن شك نابرێ بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا سازبدرێ. بەبۆچوونی من، لێرەوە گومان دروست ئەبێ لە راستی و دروستی ئەو جۆرە چاوپێکەوتنانە و پەیامەکانیشی. هەر بۆیە مەلا کرێکار ئەبوو خۆی وەك سەرکردەیەك نیشان بدایەو بۆ یەکەمین جار ئەو ڕێچکەیەی بشکاندایە کە هێشتا کەس نەیکردوە. بایکۆت کردنی دەزگای ڕاگەیاندنی باشوور بەهەموو شێوازەکانیان،ئەرکێکی نەتەوەیی و کارێکی دروستە.هەروەها هۆشمەندێتی و بەئاگایی ئەو کەسە ئەگەیەنێ کە بایکۆتیان بکا.
تەوەرەی یەکەم(کوردستانی بوون): لەزۆربەی ووتەکانی مەلا کرێکاردا چەمك و زارەوەی کوردستانی بوونی خۆی دووپات کردوە. باپێکەوە گەشتەکەمان لە ژوورەکەی مەلا کرێکارەوە دەست پێبکەین و پرسیارەکان بەڕاشکاوی بوورووژێنین و بزانین بەڕاستی ئەم بەڕێزە وایە وەك ئەوەی خۆی لێوەی ئەدوێ! لەو ژوورەی چاوپێکەوتنەکەی تیا ساز درابوو جگە لەو پەرتووکە ئایین و عەرەبیانە هیچی ترمان نەبینی. بۆ نمونە، (ئاڵای کوردستان ، وێنەی هەریەك لە شێخی نەمر و قازی پێشەوا و ئۆچ ئالان) ئەمانە نمونەی کوردستانی بوونی هەر کوردێکە و پێوستە هەردەم لە سەرو خۆمانەوە بن. مەلا کرێکار کاتێ ئاماژەی بە خاوو خێزانی کرد،نەمان بیست ناوی هاوسەر و مناڵەکانی کوردین وەیان عەرەبین. ئەگەرچی مەلا کرێکار جامانەیەکی کوردی بەستبوو،لێ جلەکانی تری نیوەی کوردی نەبوون. مەلا کرێکار ئەبوو لانی کەم چەند خولەکێك باسی (کۆبانی) و شەڕڤانانە قارەمانەکانی بکردایە کە ئەوڕۆ بوون بە ئەفسانەی سەردەم و جیهان بە خوشك و براکانمان سەرسامن. ئەو وەك ئەو چەند ئەمریکی و ئەوروپیانەشی پێ نەکرا کەهاتوون لەوێ خەبات لەتەك شەڕڤانانەکان ئەکەن دژ بەداعش.
تەوەرەی دووەم(داعش و حەشدی شەعبی) لەپرسیاری ئەوەی ئایا داعش تیرۆریستە وەیان نا،مەلا کرێکار ووتی نازانم و نایان ناسم . پێوستە لەنزیکەوە بیان بینم وەیا وەفدێك بنێرم بۆ لایان تا بزانم کێن و چیان ئەوێ. ئەو نمونەی ئوسامە بن لادن و زەواهیری هێنایەوە کەوا لەنزیکەوە بینیونی ،بۆیە توانیویەتی پێناسەیان بکا . بۆیە مەلا خۆی لەو بابەتە دزیەوە بەهەنجەتی ئەوەی نایان ناسێ. کەچی کاتێ باسی لە حەشدی شەعبی کرد کە دیارە ئەوان شیعە مەزهەبن،بێ یەك و دوو ئەوانی وەك میلیشیای هەمەجی و تاوانباران وەسف کرد،ئەمە لەکاتێکدا ئەوانیشی لە نزیکەوە نەناسیوە وەیان هیج وەفدێکی نەناردوە تا لەنزیکەوە ڕاپۆرتی بۆ بنێرن و پاشان ئەمیش ڕای خۆی نیشان بدا. ئەم جۆرە دووفاقیە هەرگیز لە سەرکردەکانی باشوور نابێتەوە. مەلا کرێکار ئەبوو هەرگیز جیاوازی نێوان داعش و حەشدی شەعبی نەکردایە،ئەوان بۆ کورد یەك شتن و تەنها دوو ناوی جیاوازن.
تەوەرەی سێیەم(خۆقەبەکردن) یەکێ لەسیما و خەسلەتی سەرکردە خۆسەپێن و ناسیاسیەکانی باشوور خۆ گەورە کردن و بەژمارە کردنە. بۆ نمونە مەسعود ووتی (ئێمە هەزار پیاووین) وا ئەمیش هەمان قەوانی ئەوی بەکارهێناو ووتی لێرە ،واتە لەئەوروپا زیاتر لە ٦٠٠ کەس چاوەڕێی من و لەکوردستانی باشووریش زیاتر لە ٦ هەزار کەس چاوەڕێی فەتوای منن. نازانین ئەم داتایەی لەکوێوە هێنا. بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکا بەو جۆرە قسانە تەنها کورد وەك چۆن بە ژن کوژ ناسێنرابوو لە ئەوروپا ،ئەم دێت و بە تیرۆریش ئەیان ناسێنێ. چونکێ مەلا خۆی لەسەر کەیسی تیرۆر گیراوەو ئەوانەی سێبەری ئەمیش بن،ئەوا حەتمەن تیرۆریستن. جا ئەم پەیامەی مەلا بۆ ئەوروپا گەلێ زەرەری بۆ کورد هەیە و تورکیا ڕەنگە لەسەر ئەم جۆرە پەیامانە مەلا کرێکار بخەنە سەر برنج و ڕێز و حورمەتی لێبگرن. ئەم خۆ بەگەورە زانین ولووت بەرزیەی مەلا کرێکار وای لێهات کەبڵێ(من باکم بەکەس نیەو ئەوەندەی ئەوان پێوستیان بەمنە ،من ئەوەندە پێوستیم پێیان نیە). بۆ ئەمەش لێکدانەوەی زیاتر هەڵئەگرێ و نە لەگەڵ ئیسلام یەکئەگرێتەوە(لانی کەم بەووتەی خۆیان)،وە نەلەگەڵ هیچ بیرو بۆچوونی خەڵکی تر(با سەر هەر ئایدیا و بیروو بۆچوونێك بێ)یەکئەگرێتەوە. لەڕاستیدا مرۆڤ هیچ کات ناتوانێ بڵێ من پێوستیم بەکەس نیە. ئەمە جگە لە خۆ بەقەبەکردن،لەهەمان کاتیشدا هەڵەیەکی کوشەندەیە.
تەوەرەی چوارەم(پێناسەی دزی) لەیەکێ لە باسەکانیدا باس لەوە ئەکا کە پێوستە ئەوەی دزی کرد دەستی ببڕنەوە . خۆی ئاسایی ووتەنی گەر باوکی من دزی بکا،ئەوا پێش هەموو کەسێ دەستی ئەقرتێنم. ئەمەش بەپێی قورئان و حەدیس. تەنها دزی گەر هەژارێك بیکا ئەوا سزای نادرێ. واتە بەپێی قسەکانی مەلا ،هەژار بۆ ئەوەی سکی تێرکا،بۆی هەیە دزی بکا و لێبووردنی حەڵاڵە. مەلا کرێکار جارێکی تر کەوتەوە هەڵەوە لەبەرئەوەی دزی نانێك و سەدی بێخمە وەك یەك وان. ئەبوو مەلا کرێکار بەهیچ کلۆجێ گڵۆپی سەوزی بۆ دزی هەڵنەکردایە،بە هەژارانیشەوە. لەبەرئەوەی دزی کارێکی خراپ و ناهەموارە. مەلا کرێکار ئەبوو فێری کرێکاران و چینی هەژارانی بکردایە کەوا گەر نان نەبوو،ئەوا پێوستە ڕاپەڕن و شۆڕش دژ بەو کەسانە بکەن کە برسیان کردوون. جا با ئەو کەسانە بۆرژوا،دەرەبەگ،خاەون کۆمپانیا و حزبەکانیش بن. مەلا کرێکار لەبەرئەوەی سەرکردە نیە و گیانی شۆڕشگێڕی نیە و لەخزمەت دزە گەورەکانە،بۆیە ئامۆژگاری هەژاران ئەکا کە دزی بکەن.
تەوەرەی چوارەم(چەواشەکاری) : ئەتوانم بڵێم زۆربەی ووتەکان و پەیامەکی چواشەکاریانە بوو،ئەمیش وەك ئەوانی تر خەریکی گەوجاندنە . ئەوەتا دێت و پێمان ئەڵێ، گەر بێت و بێمەوە ئەوا بەرنامەکەمان ئەخەمەوە هەڵبژاردنەوەو کێ بەدڵی بێ با دەنگی لەسەر بدا. واتە (هەەڵبژاردن) لای ئەم پێوستە بکرێ. ئەمە لەکاتێکدا لە ئیسلامدا هەڵبژاردن نیە بەڵکو شورا هەیە. جا سەرلێشێوایی مەلا کرێکار لەوەدایە کەوا تا ئێستا خۆی ساغ نەکردۆتەوە کەئایا کۆنە مارکسیەکەی جارانە ونازناوی کرێکاری بۆ ئەو ڕۆژە هێشتۆتەوە وەیان مەلایەو ئیسلامیە.بانگەشە کردنی لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردن تەنها بۆ خۆنزیك کردنەوەیە لە یەکێتی و پارتی. دەنا هەموان ئەزانین هەڵبژاردن لە کوردستانی باشوور چۆنە ودەرئەنجامەکەی چۆن ئەبێ.باشترین نمونەی هەڵبژاردن لە سلێمانی کرا یەکێتی بەئاشکراو لەڕێگای مەلا بەختیارەوە ووتیان (هەڤاڵ ئەبوبەکر) کەزۆرینەی دەنگەکانی هێنابوو،ئەمان نەیانهێشت ببێت بە پارێزگا و دواتر ئەوەی وویستیان بۆیان چوە سەر. کەواتە ، ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەك بێ ، دواتر لەڕێگای سازان و مەکتەب سیاسیەکانەوە بڕیاری کۆتایی لێئەدرێ. ئائەمەیە پرۆسەی هەڵبژاردن لە باشوور و کەس نیە نەیزانێ.
تەوەرەی پێنجەم(دەستووری ئیسلام) مەلا کرێکار بڕوای وایە کۆمەڵگای کوردی پێوستی بە دەستووری ئیسلامە بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێ لە نەهامەتیەکانی. ئەی باشە ئەوە نزیکەی ١٤٠٠ ساڵە کورد بەزۆری شمشێر کرا بە ئیسلام و لەژێر حوکم و دەستووری ئیسلامدا بەڕێوە ئەبرێ ، کوا لەو ماوە درێژەدا دەستووری ئیسلام نەیتوانی کورد وەك نەتەوە و زمان بناسێنرێ و خاوەن قەوارەیەکی خۆی بوایە. بەڕاستی گەر بەو چەند ساڵە ئیسلام نەیتوانی بێ خزمەتی کورد بکا، ئایا پێوست ئەکا چاوەڕێی لەوە زیاتر بکەین؟ ئەوەی کە بینیمان لە ئەزموونی ئیسلام جگە لە ماڵوێرانی و ئەنفال و ئەتکردن چی ماوە بیبینین؟لەڕاستیدا ئیسلام بۆ کورد نەك هەر کلیلی چارەسەر نەبوە. بەڵکە تەواو پێچەوانەکەیەتی.
تەوەرەی شەشەم(خەساندنی مرۆڤەکان): مێژووی کوردستانی باشوور بەتایبەتی دوای هاتنە ناوەی هەریەك لە برایم ئەحمەد و مەلا مستەفا ئێدی قۆناغی بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکانی کورد دەستی پێکرد،دیارە بۆ ئەم پرۆسەی کۆیلە پێکردنەش بنەمای هەژارکردن،هەڕەشەکردن،تیرۆر کردن هاتە کایەوەو ئەوەی گۆێڕایەڵی نەکردایە،ئەوا لانی کەم ئەخەسێنرا. نمومەی (مەلا بەختیار،مەلا کامەران،مەلا چنگیانی و ئەوانی تر باشترینیانن. کەوا چۆن خەسێنراون. کەسێکی وەك مەلا کرێکاریش هەر هەمان پۆڵین ئەیگرێتەوە،دەنا کاتێ بێتەوە کوردستانی باشوور ئەوا پێوستە هیچ چاقاوەسووییەك نەکا و واز لەو سەرکەشی و سنگ دەرپەڕاندنەی پێشوو بهێنێ. دەنا ،نەك هەر بنەماڵەکەی مەسعود و تاڵەبانی،هەروەها هیچ کام لە گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا و گروپە ئیسلامیەکانی تریش لێی قبوڵ ناکەن پێ لە بەڕەو جاجمە ئەفغانیەکەی دەرپەڕێنێ.
سەرەنجام مەلا کرێکار هەروەك چۆن لە دونیا مارکسیەکەی هیچی نەهۆنیەوەو هیچی لێ شین نەکرد،ئاوهاش ناتوانێ لەکوردستانی باشوور هیچ لە بەرنامە ئیسلامیەکەی سەوز بکا. مەلا کرێکار هێشتا قۆناغی خەلفەیی و دواتر وەستایی ماوە بیبڕێ تا بگاتە ئەو خەونەی خۆی.
بەبۆچوونی من ئەو پرۆژەیەی بۆی ئامادە کراوەو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە ڕەزامەندێتی بۆ دراوە ،ئەگەری زۆر هەیە مەلا کرێکار بهێننەوە. ئەم پرۆژەیەش تەواوکەری پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفایە کەکاتی خۆی (گۆڕان)دروست کرد بۆ کۆکردنەوەو پاشان گەوجاندن و کپکردنی دەنگە ناڕەزاکانی شەقامی کوردی. چۆن (گۆڕان)توانی تەمەنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بۆ ٦ ساڵ درێژ بکاتەوە،هەنووکە کاری (گۆڕان)تەواو بوەو دەستەکەیان بۆ هەموان دەرکەوت،بۆیە ئێستا ئەیانەوێ سیناریۆیەکی هاوشێوە دروست بکەن تا هیچ نەبێ ٦ سالێکی تریش تەمەنی دەسەڵات درێژتر بکرێتەوە. کەسەرەنجام وەك دەست کەوتێك ئەبێ بۆ هەریەك لە ئێران و تورکیا کە ئەمڕۆ خاوەنی کوردستانی باشوورن. ئەمە جگە لەوەی قۆناغێکی تری گەوجاندنی خەڵکی باشووریشە کاتێ ئەم مەلایە بگەڕێتەوە و سەردەمێکی نوێ لە ئۆپۆزیسیۆنی فشەڵ و کارتۆنی دروست ئەبێ و بەم شێوەیە درێژە بە تەمەنی دەسەڵات و سەردەستەکانیان ئەدەن. بۆیە هیوادارم میلەتەکەمان هۆشدار بن و نەچنە ژێر هیچ جۆرە هەوڵێکی لەو شێوەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست