چیرۆکی شێرە بەفرینەیەکی درۆزن
Saturday, 02/08/2014, 12:00
1502 بینراوە
هەریەك لە ئامانج، هەڵۆ، ڕێبوار و سەریاز تووشی شۆك بوون و شڵەژانی تەواو ڕوخساریانی دایگیر کردبوو.بەشێوەیەك، نەیان ئەزانی چۆن چۆنی پاساو ئەو ڕووداوە بهێننەوە و دڵنەوایی یەکتری بکەن و نەختێ لەو دڵە ڕاوکێی و شڵەژانە بڕەوێننەوە.ئاخر چۆن بتوانن بزە بخەنەوە سەر لێوو ڕووخساریان، لەکاتێکدا خواوەندی خەو کە لای ئەوان جێگای متمانە بوو، درۆ دەرچوو.تازە جارێکی تر ناتوانن ئەو دڵخۆشییەی جاران دووبارە بکەنەوە گەر هەلێکی تری هاوشێوە دروست ببێتەوە.بۆ ئەم کۆمەڵە لاوە تازە پێگەیشتووە هەروا ئاسان نییە ئەزموونێکی وا تێپەڕێنن کەوا بۆ یەکەمین جارە تووشی خەمۆکی و دڵشکاوی کردبوون.
مانگی نۆڤێمبەر هات و ئێشتاش بارانێکی وا نەباری تا بەتەواوی پەڵە بدا.ئاسمان و پەڵە هەورەکان تەنها خۆیان بۆر ئەکرد و لێرەو لەوێ هەندێ جار ناڵە ناڵە و گرمە گرم دەستی پێ ئەکرد و دواتر هیچ ئاکامێکی لێ نەئەکەوتەوە.بۆ ئەوان وەك تۆپەکەی مانگی ڕەمەزان وابوو کە تەنها دەنگی هەبوو، بۆیە زستانی ئەو ساڵە نەك هەر دووا کەوت، بەڵکە؛ سەرماو سۆڵەشی لەگەڵ خۆی نەهانێ بوو، هەروەك ئەوەی بڕیاری دابێ دژ بە یاساکانی سروشت بوەستێتەوە و جۆرێك لە یاخی بوونی سروشت نیشانی مرۆڤەکان بدا.هەڵۆ هەر لە کۆتایی هاوینەوە خۆی ئامادە کردبوو کەوا پرۆژەکەی زستانی ئەمساڵی هێندە گەورە ئەبێ و ئەوەندە جوان ئەبێ، ڕەنگە بۆ چەندین ساڵی تر وەك یادگاری باسی لێوە بکەن.بۆیە هەڵۆ جیاواز لە هاوڕێکانی تری گەلێ خەمناك تر دەرئەکەوت بە درێژایی سەرەتاکانی زستان کاتێ ئەبینێ هیچ بەفرێك نەك لەشار، بەڵکە لووتکەی شاخەکانیشی سپی نەکردوە.ئاخۆ، ئەمساڵ چی ڕوویداوە و بەفر بارین کەم بۆتەوەو زستانیش وەك زستانەکانی تر نیە؟ هەڵۆ بەم شێوەیە گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا ئەکاو هیچ وەڵامێکیشی لا نیە.
وا مانگی دیسەمبەریش هات و بەرەو کۆتایی مل ئەنێ، جگە لەوەی هەندێ گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرمایی ڕوویداوەو نەختێ ساردی و سۆڵەش بڵاو بۆتەوە بەڵام ئاماژەکانی بەفر بارین بەتەواوی دیار نیە، بۆیە ناچار هەڵۆ هەر چۆنێ بێ بۆ ئەوەی خۆی بێ ئومێد نەکاو هیوا بەتەواوی لەخۆی دوور نەخاتەوە دێت بۆ لای هاوڕێکانی و مژدەی هەفتەی داهاتوو بەهاوڕێکانی ئەداو پێیان ئەڵێ؛ دڵنیام پێش کۆتایی ئەم مانگە بەفرێك بەڕێوەیەو ئەوەی لام گەڵاڵە بوە هەر ئێستا بۆتانی باس بکەم.هاوڕێکانی هەڵۆ جۆرێك لە تواناو ووزەی مەعنەویاندا پێی و پشتگیری تەواویان بۆ ڕەخساند.بەم شێوەیە خەونەکەیان بۆ هەڵۆ گێڕایەوە.
هەڵۆ هەر لەگەڵ یەکەم ساتی بەفر بارینەکەدا دەستی کرد بە کۆکردنەوەی و دروست کردنی شێرە بەفرینەکە.ئۆ خەی ئەوە منم خەونەکەم هاتە دی و ئێستێ لەتەك هاوڕێکانم و بەهاریکاری ئەوان پرۆژەکە دروست ئەکەین بەشێوەیەك ببێتە مایەی خۆشی و سەرسوڕمانی هەموو ئەو خەڵکەی لێرە تێپەڕ ئەبن و تێر تێر لەو دیمەنە جوانەی شێرە بەفرینەکە ئەڕوانن و دەست خۆشیمان لێ ئەکەن.هەڵۆ و هاوڕێکانی ئەم پرۆژەیەیان وا لای خەڵکی باس کردبوو کە ماوەیەکی زۆری ئەوێ تا بەتەواوی بتوێتەوەو ئاسەواری نەمێنێ.ئەو هەموو متمانەیشیان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە هەر چواریان هەمان خەونیان بەو شێرە بەفرینەیەوە بینی بوو کەوا مژدەی نەمری دابوو بەگوێیاندا.شێرە بەفرینەکە لە خەونەکەی هەڵۆ مژدەی نەتواننەوەو مانەوەی پێ دابوو.لای ڕێبوار مژدەی ساڵێکی پڕ بەفرو ساردو سۆڵەی پێدابوو.لای سەریاز مژدەی زیاتر بەشەختەبوون و بەهێزی کە کەس لەتوانایا نابێ بتوانێ بیان شکێنێ.لای ئامانجیش مژدەی ئەوەی پێدابوو کە لێرە ئەمێنێتەوەو ئەبێ بەسیمبول و کەس ناتوانێ بیدزێ و جوگرافیاکەی بگوڕێ.بۆیە کاتێ ئەم چوار هاوڕێ گەنجە ئەو مژدانە لە خواوەندی خەو وەئەگرن بەتەواوی هێزو توانایان بەتین تر ئەبێ و زیاتر متمانە بەخۆ پەیدا ئەکەن.
دروست کردنی شێرە بەفرینەکەو تەواو کردنی ئەم پرۆژەیە نزیکەی ٨ بۆ ١٢ کاتژمێرێك ئەخایەنێ کە کۆی ئەو چوار هاوڕێیە بەشداری تیا ئەکەن و هەر لەدوای تەواو بوونیشی کاتێ شەو دادێ و هەریەك بەرەو ماڵەوە ئەڕۆنەوە و لەماڵەوەش هەر باس باسی ئەو پەیکەرەیە کە چەند لایان گرنگ و خۆشەویست بوو.
بۆ ڕۆژی دوایی و کە هاتنە دەر، نە پەیکەر ماوەو نە ئاسەواریشی.دیار بوو هەر زوو توابۆوە بەهۆی کەمی بەفرەکەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.هەر بۆیە ئەو ٤ لاوە کاتێ دیمەنی ئەو شوێنە ئەبینن کە تا دوێنێ پەیکەرەکەیان مژدەی نەمری پێدابوون، وا تەنها دوای یەك شەو بوونی لەسەر زەوی نەما.
مەسعود بارزانی کاتێ نەورۆز دێ مژەی دەوڵەوتی کوردیمان پێ ئەدا.
- کاتێ جەژن دێ مژدەی چەکی قورسمان پێ ئەدا.
- کاتێ جەژنی قوربان دێ مژدەی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانمان لەنەتەوە یەکگرتوەکان پێئەدا.
- کاتێ یادی لەدایك بوونی باوکیمان نزیك ئەبێتەوە مژدەی یەکگرتوویی هەر چوار پارچەکەی کوردستانی گەورەمان پێئەدا.
- کاتێ یادی مردنی باوکی نزیك ئەبێتەوە مژدەی چیتر خوێنی کورد بەدەستی یەکتر نابێ ڕووبدا ئەیدا بەگوێماندا.
- کاتێ دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بەرز ئەبێتەوە، مژدەی واز هێنانمان پێ ئەدا گەر ٥٠ هەزار واژوو کۆبکرێتەوە.
- کاتێ ٣١ ئاب دێ مژدەی شاری هەولێر دێت کە بۆتە پایتەختی ووڵاتە عەرەبیەکان.
- کاتێ ١٧ شوبات نزیك ئەبێتەوە، مژدەی سەروەری یاساو چی تر ڕۆژنامەنووسان تیرۆر ناکرێن ئەدا بەگوێماندا.