بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


كەى ئۆپۆزسیۆن سیاسەتى نانەتەوەیى دەسەڵاتى باشوور تێدەپەرێنێت؟

Tuesday, 19/10/2010, 12:00


رۆژى 12-10-2010 پەرلەمانى توركیا بۆ جارى سێهەم مۆڵەتى دایە سوپاى توركیا بۆ ماوەى ساڵێكى تر هێرش بكاتە سەر باشوورى كوردستان، حكوومەتى داد و گەشەپێدان داواى ئەو مۆڵەتەى لە پەرلەمان كرد، داواكاریەكەى حكوومەتى توركیا، رەزامەندى هەموو وەزیرەكانى حكوومەتى داد و گەشەپێدانى لە سەر بووە، بێجگە لە ئەندام پەرلەمانەكانى پارتى ئاشتى و دیموكراتى (ب.د. پ) ئەندام پەرلەمانانى هەموو فراكسیۆنەكانى پەرلەمانى توركیا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەستى رەزامەندیان بۆ هێرشەكانى سوپاى توركیا بەرزكردەوە.
نوێكردنەوەى بریارى پەرلەمانى توركیا بۆ ئەوەى سوپاى توركیا بۆ ماوەى ساڵێكى تر دژى بنكە و بارەگاكانى هێزى پاراستنى گەل و دژى خەڵكى باشوورى كوردستان ئۆپراسیۆن بكات، چەندان راستى ئاشكرا دەكات،گرنگە هەموو تاك و پێكهاتەیەك ئەو راستیانەى لەبەر چاوبێت، بۆ ئەوەى دۆست و دوژمنى گەلى كورد و دۆست و دوژمنى ئاشتى و دیموكراتى بناسێت و بە گوێرەى ئەو راستیانە هەوڵى چارەسەرى كێشەى كورد بدات.
راستى یەكەم ئەوەیە كە پێشنیارەكەى حكومەتى توركیا، رەزامەندیەكەى پەرلەمانى توركیا، بۆ ئەوەى سوپاى توركیا بۆ ماوەى ساڵێكى تر هێرش بكاتە سەر سنوورى باشوورى كوردستان،نیشانى دەدات كە هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەكانى توركیا،هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەكان و سوپاى توركیا،هیچ لایەكیان بڕوایان بە چارەسەرى ئاشتیانەى كێشەى كورد نیە،دەنگدانى ئەندام پەرلەمانە كوردەكانى سەر بە فراكسیۆنى پارتى داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانى توركیا بۆ ئەو بریارە،نیشانى دەدات ئەو ئەندام پەرلەمانانە بە تەنها بە ناو كوردن، بە كردار و رەفتار دژى كوردن.
نوێكردنەوەى مۆڵەتى هێرشى ئەم جارەى سوپاى توركیا لە كاتێكدایە،كە كفتووگۆى چارەسەركردنى دۆزى گەلى كورد لە باكورى كوردستان لە نێوان حكوومەتى توركیا و نوێنەرانى (پ.ك.ك) دا دەستى پێكردووە، مۆڵەتى نوێى هێرشى سوپاى توركیا لە كاتێكدایە، كە پێش مانگێگ پارتى داد و گەشەپێدان ریفۆرمى لە دەستوورى توركیادا كرد بۆ ئەوەى كاریگەرى دەسەڵاتى سوپا لە بەرێوەبردنى كاروبارى وڵاتدا كەم بكاتەوە،مۆڵەتى ئەم هێرشە نوێیەلە كاتێكدایە،كە دۆستەكانى پارتى داد و گەشەپێدان لە باشوورى كوردستاندا ئەو پرۆپاگەندەیە بڵاودەكەنەوە،كە سوپاى توركیا ئاستەنگە لە رێگەى چارەسەركردنى ئاشتیانەى كێشەى كوردا.كەچى حكومەت و پەرلەمانى توركیا،دژى ئاگربەسى (پ ك ك) و دژى چارەسەرى دیموكراسى كێشەى كورد،بریارى شەڕ نوێ دەكەنەوە،بەو بریارە سیاسەتى دووفاقى حكومەتى توركیاو پارتى داد و گەشەپێدان ئاشكرا بوو،دەركەوت پارتى داد و گەشەپێدان برواى بە چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزى كورد نیە،ئەو بانگەشانەى بۆ ئاشتى و دیموكراتى و چارەسەرى كێشەى كورد دەیكات،هیچ نیە بێجگە لە هەوڵى كەمكردنەوەى فشارى ناوخۆیى و دەرەكى لە سەر حكوومەتەكەى ئەردۆغان،بەو بریارەى حكوومەت و زۆرینەى پەرلەمانى ئەكەپە،هێندەى تر باسكى سوپاى توركیا لە بریارى سیاسى توركیادا ئەستوور بوو،بەو بریارەى پەرلەمانى توركیا ئەو بۆچوونەى دۆستەكانى باشوورى كوردستانى ئەكەپە، بەتاڵ بوەوە كە دەیانوت تەنها سوپاى توركیا ئاستەنگى بۆ چارەسەرى كێشەى كورد پێكدەهێنێت.
راستى دووەم هەڵوێستى نوێنەرانى گەلى كوردە لە هەرێمى كوردستاندا،لە دوو ساڵى رابوردوودا كاتێك فرۆكە جەنگیەكان و تۆپە دوورهاوێژەكانى سوپاى توركیا بوردومانى سنورەكانى هەرێمى كوردستانیان دەكرد،بە تەنها گەریلاكانى هێزى پاراستنى گەل بەر هێرشى سوپاى توركیا نەدەكەوتن،خەڵكى مەدەنى و خانو و رەز و باخى هاوڵاتیانیش، بەر هێرشى سوپاى توركیا دەكەوت و گەلى باشوورى كوردستان زیانى رووحى و مادى زۆرى دەكرد،ئا لەو كاتەدا تا ئەمرۆش دەسەڵاتى باشوورى كوردستان و ئۆپۆزسیۆنى باشوورى كوردستان بەرامبەر بە شەهیدكردنى گەریلا و بەرامبەر بە شەهیدكردنى خەڵكى مەدەنى، هەڵوێستێكى فەرمى جدیان نیشان نەداوە،ئاخۆ بۆ ئەم بریارە نوێیەى پەرلەمانى توركیا،هیچ گۆرانكاریەك بە سەر دیدو هەڵوێستى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنى هەرێمى باشوورى كوردستاندا هاتووە؟،ئاخۆ ئەو بریارەى پەرلەمانى توركیا بە دژە بریارێكى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان پووچەڵ دەكرێتەوە؟ ئاخۆ فراكسیۆنى ئۆپۆزسیۆن و فراكسیۆنى دەسەڵات لە پەرلەمانى هەرێم،لە سەر دەركردنى بریارێكى وا لێیاندەبێتە مشتوومڕ و ململانێ؟ یان وەك تا ئێستە باوبووە، فراكسیۆنى ئۆپۆزسیۆن و هێزى سیاسى ئۆپۆزسیۆنى باشوورى كوردستان،لە سیاسەتى نەتەوەییدا،سیاسەتى نانەتەوەیى دەسەڵاتى باشوورى كوردستان تێناپەرێنێت.
راستى سێهەم هەڵوێستى نوێنەرانى گەلى كوردە لە عراق،لەم كاتەدا سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عراق كوردە،سەرۆك كۆمارى عراق كوردە،جێگرى سەرۆكى وەزیرانى عراق كوردە،وەزیرى دەرەوەى عراق كوردە،ئاخۆ هەموو پێكەوە دژى بریارەكەى پەرلەمانى توركیا هەڵوێست نیشاندەدەن و ئەو بریارە بە پێشێلكارى سەروەرى خاكى عراق لە قەڵەم دەدەن؟ لە رێگەى پەرلەمانى عراق و چالاكى دبلۆماسى و بریارى حكوومەتى عراقەوە،هەوڵى راگرتن و جێبەجێنەكردنى بریارەكەى پەرلەمانى توركیا دەدەن؟ یاخود لە بنەوە هەر هەموویان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستاندا،لە چوارچێوەى چالاكیە دبلۆماسیەكانى مانگى پێشووى وەزیرى ناوخۆ وسەرۆكى دەزگاى میتى توركیادا، بۆ پێشێلكردنى سەروەرى خاكى عراق و بۆ پێشێلكردنى سەروەرى خاكى هەرێمى كوردستان رەزامەندیان نیشانداوە، یاخود هەر هەموویان بۆ ماوەى ساڵێكى تر رەزامەندیان نیشانداوە،گیان و سامانى خەڵكى مەدەنى بنارى قەندیل و خواكورك و ناوچەكانى ترى باشوورى كوردستان ببێتە ئامانجى ئۆپراسیۆنەكانى سوپاى توركیا،یاخود هەر زوو رەزامەندیان نیشانداوە بۆ ئەوەى سوپاى توركیا چەند بتوانێت لە سنوورى هەرێمى كوردستاندا ئەو گەریلایەنە شەهید بكات كە لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە تا ئەمرۆ،ئاسایشى هەرێمى كوردستان و عراق و ئەمریكا دەپارێزن؟
راستى چوارەەم پێوەندى بە دەسەڵاتدارانى عەرەبى عراقەوە هەیە، عەرەبە سیاسیەكانى عراق،بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە،ئا ئێستە هیچ كاردانەوەیكیان بەرامبەر بە بریارى پەرلەمانى توركیا نیشان نەداوە،سەردانى وەزیرى بەرگرى عراق لە مانگى رابوردوودا بۆ توركیا،گەیاندنى نامەیەكى مالكى بە ئەردوغان،ئەوە دەگەیەنێت كە مالكیش بەو بریارەى پەرلەمانى توریكا رازى بووە.لەم كاتەدا كە عەلاوى و مالكى و عادل عەبدولمەهدى پێشیرَكێى وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزیرانى ئایندەى عراق دەكەن،دیارە پشتگیرى توركیا و دۆستەكانى بۆ مسۆگەركردنى ئەوپۆستە بۆ هەر كەسێكیان،بەلاى كاندیدى لیستەكانەوە لەسەرووى سەروەرى خاكى عراقەوە دەێت،بۆیە كەسیان دەنگى نارەزایى هەڵنابڕن.ئەم پێكهاتە سیاسیانەى عەرەب كە تا رووخانى رژێمى سەدام چەوساوەى دەستى رژێمى سەدام و رژێمە دكتاتۆر و دەسەڵاتخوازەكانى ناوچەكە بوون،ئەمرۆ كە لە دەسەڵات نزیك بوونەتەوە و بۆنى دەسەڵات چووە بە سەریاندا،رابوردووى خۆیان لە بیركردووە و لاسایى رژێمى سەدام و دەسەڵاتدارانى ترى ناوچەكە دەكەنەوە و هاوكارى رژێمى چەوسێنەرى توركیا دەكەن و دژى مافو ئازادیەكانى گەلى كورد هەڵسووكەوت دەكەن.
راستى پێنجەم پێوەندى بە هەڵوێستى نامەبدەئى وڵاتە زلهێزەكانى جیهانەوە هەیە،لە دوو ساڵى رابوردوودا وڵاتە یەكگرتوەكانى ئەمریكاى دەسەڵاتدارى راستەقینەى عراق و هەرێمى كوردستان،پشتگیرى لە بریارەكانى پەرلەمانى توركیا كردوە و رەزامەندى نیشانداوە تا سوپاى توركیا هێرش بكاتە سەر باشوورى كوردستان،لە پایزى 2007دا كاتێك سەرۆك كۆمارى پێشووى ئەمریكا جورج بووش وتى (پ ك ك) دوژمنى توركیا و عراق و ئەرمریكایە،مەبەستى ئەوەبوو بڵێت، با توركیا و ئەمریكا و عراق پێكەوە دژى دەسكەوتەكانى گەلى كورد شەڕ بكەین،دیارە ئەمجارەش ئەمریكا بە نوێكردنەوەى بریارى پەرلەمانى توركیا رازیە،لەبەر ئەوەى كورد وتەنى بێ دەنگى نیشانەى رەزامەندیە.هەڵسوكەوتە نادیموكراتیەكانى هەریەك لەوڵاتانى ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیكا و ئیسپانیا و دانیمارك، بۆ دژایەتى كردنى بزاڤى ئازادیخوازى گەلى كورد و بۆ كپ كردنى دەنگى رۆژ تى ڤى،سیاسەتى بەرژەوەندپەرستى و نادیموكراتى و نائینسانى وڵاتانى ئەوروپا نیشان دەدات بەرامبەر بە دۆزى رەواى گەلى كورد،بە دڵنیاییشەوە ئەو وڵاتانەش بەرامبەر بە بریارى نوێى پەرەلەمانى توركیا لاریان نیە.
لە كاتێكدا تێكۆشانى ئازادخواى گەلى كوردستان لە سەر ئاستى دەسەڵاتدارانى توركیاو باشوورى كوردستان و عراق و جیهان رووبەروى پلانى سەركوتكردن و پاكتاوكردن دەبێتەوە،ئەبێت هەڵوێستى گەلى كورد بەرامبەر بەو سیاسەتە نارەوا و نانەتەوەیى و نا دیموكراتەى دەسەڵاتداران چى بێت؟ كۆتایی بە تێكۆشان بێنێت، لەبەر ئەوەى هەموو جیهان دژایەتی دەكات،یان سوربێت لە سەر ئەو تێكۆشانەى تا ئەمرۆ پێرەوى كردووە،یان باشترین وەڵام بۆ سیاسەتى نارەواى توركیاو هاوپەیمانەكانى ئەوەیە، گەلى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستان و لە ئاوارەەیدا،خەباتى سیاسى و رێكخستنى و جەماوەرى نەتەوەیى پێشبخات،لە چوراچێوەى سیاسەتێكى نەتەوەیى یەكگرتوودا،خۆى بەهێز بكات،بەو هێزەش تەڵە و داوى سیاسەتى سەركوتكردن و پاكتاوكردنى شۆرش و دەسكەوتەكانى گەلى كورد تێك بشكێنێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە