پەڕلەمانی میدیاکاران ئەوەی سەلماند کە پەڕلەمان لە زیهنییەتی هەمو پارتەکاندا تەنها ستەیجی چەلەحانێیەکی سیاسییە!
Thursday, 03/04/2014, 12:00
1829 بینراوە
پەتای کاندید کردنی میدیا کاران هەمو پارتە کوردییەکانی گرتۆتەوە ! ئەمەش دەرئەنجامی دو شتە:
١/ سادەیی دەنگدەری کورد.
٢/ بێ باوەڕی هەمو پارتەکان بە دەسڵاتی پەڕلەمانی.
* تاکی کوردی تاکێکی سەتحی و سادەیە ئەو کەسە بە شیاو دەزانێت کە دەنگی پێبدات کە یان ناسیاوی و برادەرایەتی لە گەڵدا هەیە یان زۆرترین دەرکەوتنی لە سەر شاشە هەیە ، هەر لە بەر ئەمەشە هەمو پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لە پێناوی چنینەوەی زۆرترین دەنگی جەماوەردا دەگەڕێن بە دوای ئەو سەرو چاوانەدا کە زۆرترین دەرکەوتنیان هەبووە لە سەرشاشە، کە زۆرێك لەوانەش پێشکەشکاران و بێژەرانی تیڤیەکانن ، هەر بۆیە لە ناو لیستی هەمو قەوارەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لەم بێژەرانە دەبینیت کە خزێنراونەتە ناو لیستی بەربژارەکانەوەو زۆرینەشیان بە هۆی سادەیی دەنگدەری کوردو سایکۆلۆجیای دەنگدەری کوردەوە دەردەچن و دەبنە هۆی دەرنەچون و سەرکەوتنی ئەو کاندیدانەی کە بونیان لە ناوەندێکی وەك پەڕلەماندا زۆر پێویستە ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانە بە هۆی ئەم میدیا کارانەوە کە زۆرترین دەرکەوتنیان هەیە دەرناچن و پەڕلەمان بێبەش دەبێت لێیان ، کە بێگومان پەڕلەمانێك کە لە ژمارەیەکی زۆر لە بێژەرو میدیا کاری نا پڕۆفیشناڵ پێکهاتبێت نا بێت چاوەڕوانی بڕیاری دروست و زانستی و یاسای سەردەمی و گرنگی لێبکرێت ، بەڵکۆ دەبێت بە شانۆیەکی باڵا بۆ چەلەحانێی سیاسی و پرێس کەنفرانس و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای دانیشتنە بێ جەدواکانیان لە ئایندەدا .
بۆیە ئەگەر کار بەمجۆرە بەڕێوە بچێت دەبێت خۆزگە بە هەڵبژاردنی لیستی داخراو بخوازینەوە کە وێڕای مەحسوبیەت و مەنسوبیەتێکی بێئەندازە تێیدا ، بەڵام خەڵکانێکی سەنگین و ئەکادیمیش دەبون بە ئەندام لە پەڕلەماندا کە توانای تێگەشتنیان لە پێشهاتەکان و توانای دۆزینەوەی ئاکارە قانونی و دەستورییەکانیان هەبو ، وە هەندێکی باشیان دنیا دیدەو زمان زان بون و لە دەستورو یاسای نێودەوڵەتیدا شارەزاو بە ئاگا بون ، بەڵام ئێستا پەڕلەمانیش هەروەکو سەرجەم کایەکانی تر بەهۆی ئەو هۆکارەی پێشتر باسم کرد هێند میللی بۆتەوە کە خەریکە هەیبەت و قورسایی ئەم دەزگا نیشتیمانییە باڵایە نەمێنێ.
بێگومان ئەم دۆخەش خزمەتی پرۆسسی سیاسی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی شارستان و پەرەسەندو ناکات ، وە ئەمە هەڵەیەکی سیاسی کوشندەیە بە تایبەت بۆ ئەو هێزو لایەنانەی کە کار بۆ دامەزراندنی دەسڵاتێکی دیمۆکراسی پەڕلەمانی دەکەن ، چونکە دامەزراندنی دەسڵاتی پەڕلەمانی بە پەڕلەمانێکی بە تواناو کارا دێتە دی ، نەك بە پەڕلەمانێکی پڕ لە میدیاکار و میللی کە زۆرینەی ئەندامەکانی لە خۆ بادانی بەردەم شاشە بەولاوە هیچیکە نازانن ، ناتوانن ڕستەیەکی عەرەبی یاخود ئینگلیزی لێکبدەنەوە ، یاخود ناتوانن ڕاڤەی دەقێکی قانونی بکەن یاخود هیچ شارەزاییەکیان لە هیچ ڕامیارییەکی ئابوریدا نییە ، یان نازانن چێکی ژمێرەی کۆتایی چۆن دەکرێت .
بۆیە جێگەی نیگەرانییە کە ستۆدیۆی هەواڵ و مینبەری مزگەوت و بەردەم شاشە ببێت بە هۆی سادە بونەوەو میللی بونەوەی کاری پەڕلەمانی و پەڕلەمان خول دوای خول کارامەیی و تواناکانی کەمترو کەمتر ببێتەوە.
بۆیە تکا لە دەنگدەرانی سەرجەم قەوارەکان دەکەم لە پێناو ڕێگریکردن لە میللی بونەوەی پەڕلەمان و دامەزراندنی پەڕلەمانێکی چالاکدا خۆتان ببوێرن لە دەنگدان بە مەلاو میدیاکارو پاڵەوانەکانی بەردەم شاشە کە جگە لە کۆمەڵێك ڕستەی ئینشائی ستۆك و بیستراو هیچی کە لە کاری پەڕلەمانتاری نازانن.