ئافه‌رینێک بۆ کاک خالد عه‌زیزی به‌شی پێنجه‌م
Saturday, 16/01/2010, 12:00
له هه‌موو جیهاندا شتی وه‌ها ڕووی نه‌داوه که سه‌رجه‌می دانیشتوانی دوو نه‌ته‌وه دژ به یه‌کبن ، هه‌روه‌ها له هیچ دیرۆکێکیشدا نایه‌ته پێش چاوان که سه‌رجه‌می دانیشتوانی کۆمه‌ڵگایه‌ک چه‌ک به‌ده‌ستی لایه‌نێکی دیاریکراو بن دژ به لایه‌نێکی دیکه ، که‌چی کاک خالد وه‌های ده‌هێنێته پێش چاوان که هه‌موو حه‌شیمه‌تی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ کاک خالدن و ته‌واوی حه‌شیمه‌تی ئێرانیش دژ به حه‌شیمه‌تی کوردانن و ئه‌م حهشیمهتهش له ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه جیاوازییان گه‌لێک زۆره ، وه‌کو له‌م گوته‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که ده‌ڵێت :- [گرفتێكی سه‌ره‌كی كوردی ئێران ئه‌وه‌یه كه به حهشیمهتیكی 10 میلیۆن كه‌سی له‌به‌رامبه‌ر حه‌شیمه‌تێكی 75 میلیۆنی ده‌رفه‌ت و ئیمكانمانیاتیكی بهرتهسكمان هه‌یه] .
له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ کاک خالد عه‌زیزی ، به‌ڵام ئه‌م گوته‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک له گوته‌ی که‌سێکی سیاسی ناچێت ، خۆ ئه‌گه‌ر بێت‌و تهیموریهکانیش که ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌یان که‌متر له یه‌ک ملیۆن حه‌شیمه‌ت بوو به شێوه‌ی کاک خالد بیریان بکردایه‌ته‌وه ئه‌وا ده‌بوو بێده‌نگبوونیان هه‌ڵببژاردایه به‌رامبه‌ر به ئهندهنوسیایهکی نزیک به 300 ملیۆن حه‌شیمه‌تی ، به‌ڵام تهیموریهکان نه‌ک هه‌ر بێده‌نگ نه‌بوون به‌ڵکو سه‌ربه‌خۆیشیان ڕاگه‌یاند . ئه‌گه‌ر بیانووی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی کاک خالد عه‌زیزی بۆ نێو کۆماری ئیسلامی که‌می حه‌شیمه‌تی کوردانه ، خۆ له ڕابردووش‌دا ئه‌م جیاوازی حهشیمهتییه هه‌ر هه‌بووه ، ئه‌ی بۆچی له ڕابردوودا ئه‌م گوتهیهتان نه‌درکاند ؟ خۆ له ڕابردوودا (به گوته‌ی خۆتان) کۆماری ئیسلامی ئێرانیشتان له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه ده‌رده‌هێنا !!!!!
کاک خالد عه‌زیزی درێژه به‌م گوتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت :- [ئێمه ده‌بێ وه‌ك كورد واقعبین بین، خۆمان له‌كێشه‌ی فكری، ئایدۆلۆژیك و نۆستاڵۆژیا و شتی كۆن بێنینه ده‌رێ و بزانین كێ له‌تاران یاریكه‌ری سیاسییه، ده‌بێ ئه‌و یاریكه‌رانه بدۆزینه‌وه و بزانین كامیان له‌ئیمه و به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه نزیكتره، له‌گه‌ڵیان دۆستایه‌تی بكه‌ین] .
یه‌کێک له گرفته هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ڕابردوودا بریتی بووه له نه‌بوونی ئایدۆلۆژیا ، که له ڕێگه‌ی ئایدۆلۆژیاوه ده‌توانیت بچیته قوڵایی ڕووداوه‌کانه‌وه و کۆتایی به لاوازی نه‌ته‌وایه‌تی بهێنیت و ستراتیژیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی به بنچینه وه‌ربگریت .
به باوه‌ڕی من سه‌ختترین چه‌ک چه‌کی ئایدۆلۆژیایه و سه‌رکه‌وتووترین شۆڕشیش شۆڕشی ئایدۆلۆژییه ، هێزێکی بێ ئایدۆلۆژیا وه‌کو مرۆڤێکی ناکامڵه که هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی له‌شی نه‌مابێت . ئه‌نجامی نه‌بوونی ئایدۆلۆژیایه که حیزبه‌که‌ی کاک خالد له ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌های ده‌وڵه‌مه‌ندی خاوه‌ن نزیک به سه‌د هه‌زار پێشمه‌رگه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ژیانی موچه‌خۆری نێو ئۆردوگای کۆیه و له کۆیهشهوه هێنده بێچاره بمێننه‌وه که ئاماده‌بن به بڕگه دهستوورییهک ڕازی ببن که به‌بێ پرسکردن به کورد له ده‌ستووری کۆماری ئیسلامی‌دا جێگیرکراوه .
به باوه‌ڕی کاک خالد هه‌م فکر و هه‌م ئایدۆلۆژیا بریتین له شتی کۆن و ده‌بێت خۆیان له‌م شته کۆنانه ده‌رباز بکه‌ن به مه‌رجێک نه له کۆن و نه له ئێستاشدا ئه‌م دوو دیارده‌یه بوونی نه‌بووه له‌لای حیزبی دیموکرات .
پرسیار/ ئایا ده‌بێت حیزبی دیموکرات له قۆناغی متبووندا(سڕبووندا) ژیان به‌سه‌ر ببات و فکر له هیچ شتێک نه‌کاته‌وه ؟
کاک خالد عه‌زیزی له دوی دۆست ده‌گه‌ڕێت له شاری تاران‌دا که ئه‌و دۆستانه‌ش بریتین له "ئه‌کبه‌ر هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی میر حوسێن موسه‌وی مه‌هدی که‌ڕوبی" که ئه‌م سێ که‌سه له هه‌ره ده‌ست سووره‌کانن به خوێنی ئازادیخوازان به گشتی و ئازادیخوازانی کورد به تایبه‌تی .
سه‌لمێنه‌ری ئه‌م گوتهیهشم پرسیاره‌که‌ی ڕوودا و وه‌ڵامه‌که‌ی کاک خالد عه‌زیزییه به‌م شێوه‌یه :- [رووداو: ئایا ئیوه ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ كه‌رووبی،موسه‌وی و ره‌فسه‌نجانی كه ئێستا وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ناسراون، دابنیشن؟
خالید عه‌زیزی: دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه به ئاسایی و زۆرباش ده‌زانین .] .
هه‌رچی ڕهفسهنجانییه بۆ ماوه‌ی دوو ده‌وره سه‌رۆککۆماری ئێرانی ئیسلامی بووه و زۆرترین کوشتوبڕی کوردانیش له‌م سه‌رده‌مه‌دا بووه ، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ته‌واوه‌تی میلیتاریزه کرا و باندی مافیایی و سیخوڕی له سه‌رتاسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتدا بڵاوکرایه‌وه و ده‌ستیان ئاوه‌ڵا کرا بۆ سه‌رکوتکردنی زه‌حمه‌تکێشانی کورد .
میر حوسێن موسه‌ویش که بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ سه‌رۆکوه‌زیران بووه و یه‌کێک بووه له دۆسته هه‌ره نزیکه‌کانی خومه‌ینی ، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا زیندانه‌کان به ته‌واوه‌تی خاڵی ده‌کرێن له زیندانیان ، ئه‌ویش نه‌ک به ئازادکردنی زیندانیان به‌ڵکو به کوشتن و له سێداره‌دانی ته‌واوی زیندانیه‌کان و هه‌زاره‌ها تاوانی دیکه .
ئاغای مه‌هدی که‌ڕوبیش که به زمانحاڵی لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان به ناوبانگه ، په‌یوه‌ستبوو به سه‌رپه‌رشتیکردنی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان و سوپای قودس و شه‌ڕی نێوخۆیی له باشووری کوردستان .
ئیتر ده‌بێت له چ ڕوویه‌که‌وه ئه‌م سێ که‌سایه‌تییه له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوردانه‌وه نزیکبن تاوه‌کو کاک خالد و حیزبه‌که‌ی دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵدا ساز بکه‌ن ؟
له دیمانه‌یه‌کدا کاک مسته‌فای هیجری گوتی "شانازی به ئێرانی بوونی خۆمه‌وه ده‌که‌م" که‌چی له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی کاک خالده‌وه زۆر بێڕێزی پێکرا و وه‌کو که‌سێکی سه‌ر به کۆماری ئیسلامی ئێران پێناسه‌یان کرد ، که‌چی هه‌ر هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ی که بێ‌ڕێزییان به کاک مسته‌فای هیجری ده‌کرد ئیمڕۆکه به شانوباڵی کاک خالددا هه‌ڵده‌ڵێن و ده‌یکه‌نه قاسملووی دووه‌م ، که ئه‌مه‌ش له فه‌رهه‌نگی کورده‌واریدا پێی ده‌گوترێت "بانێک و دوو هه‌وا" .
کاک خالد عه‌زیزی ئاماده‌یه هانا بۆ ئه‌م کوردکوژانه ببات به‌ڵام ئاماده نییه له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی کوردی‌دا دانیشتن بکات و هه‌ندێک له زامه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ساڕ‌ێژ ببێت ، چونکه هه‌ر ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا بوو که کاک خالد ده‌یگوت ئێمه نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ پژاک دابنیشین له‌به‌رئه‌وه‌ی به فه‌رمی پژاک ناناسین ، هه‌روه‌ها له ساڵی ڕابردوودا هه‌یئه‌تێکی حیزبی دیموکرات به سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێز مه‌لا عه‌بدوڵڵای حهیاکیش (که که‌سی یه‌که‌می حیزبه‌که‌ی کاک خالده) سه‌ردانی بنکه‌کانی پژاک ده‌که‌ن له قه‌ندیل و له‌م سه‌ردانه‌دا داوای هاوکاری له پژاک ده‌که‌ن ، به‌رپرسانی پژاکیش به‌ڵێنی هه‌موو هاوکارییه‌ک ده‌ده‌نه حیزبه‌که‌ی کاک خالد ، که‌چی له به‌رامبه‌ردا مه‌لا عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت (ده که‌وای لێهات ئێمه‌ش ده‌چین پرس به به‌رپرسانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌که‌ین) .
کاتێک هه‌یئه‌ته‌که‌ی حیزبی دیموکرات ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حیزبی دیموکراته‌وه پرسیاری ئه‌م دانیشتنه‌ی هه‌یئه‌تی حیزبی دیموکرات و پژاک ده‌که‌ن ، ئه‌وا مه‌لا عه‌بدوڵڵاش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت :- "ئێمه فێڵمان له پژاک کرد" .
خوێنه‌ری به‌ڕێز سه‌رنجێک له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی کاک خالد و سه‌رانی حیزبه‌که‌ی بده‌ن و پاشان خۆتان بڕیار بده‌ن ده‌رباره‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی حیزبی دیموکرات له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی چۆنه و له‌گه‌ڵ پژاکیش به چ جۆرێکه !!!
کاک خالد عه‌زیزی هه‌ر به هه‌ڵکردنی ئاڵای سپی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و جوانکردنی ڕوخساره دزێو و ناشیرینه‌کانی تورکه فاشستهکانیشهوه ناوه‌ستێت به‌ڵکو ده‌خوازێت خۆی به هه‌موو داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه گرێ بدات و ده‌ڵێت :- [ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی پره‌نسیپی پێمانوایه زۆر سروشتییه كه حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق په‌یوه‌ندی هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه نێوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یه. ئێمه سه‌رده‌مانێك له كوردستانی عێراق بووین و له‌گه‌ڵ به‌عس په‌یوه‌ندیمان هه‌بووه، به‌ڵام له‌كارنامه‌ی په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عس شوێنیك نادۆزییه‌وه كه ئێمه به جۆرێك سیاسه‌تمان كردبێ كه به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی كوردی كوردستانی عێراق بووبێ. ئێمه وه‌ك كورد له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه نابێ له‌و په‌یوه‌ندییانه بترسێین] .
هیچ کاتێک داگیرکه‌رانی کوردستان ئاماده نابن په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی کوردی‌دا ساز بکه‌ن ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی کوردان بشکێته‌وه ، به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به‌ستنی داگیرکه‌ران بۆ کوشتنی ڕۆحیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆنترۆڵکردنی هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌کی کوردان بووه . له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندی لایه‌نه کوردیه‌کان له‌گه‌ڵ بنکه‌ی هه‌واڵگری داگیرکه‌ران بووه که ئه‌م ده‌زگایه‌ش ته‌نها بۆ زانیاری کۆکردنه‌وه و دووبه‌ره‌کی سازکردن بووه له‌نێو کوردان‌دا، وه‌کو له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت :-
http://www.4rojhelat.org/index.php?id=6030
په‌یوه‌ندی کردنی حیزبی دیموکراتیش له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عسدا گه‌لێک ئاکامی خراپی به دواوه بوو که من ته‌نها ئاماژه به دوو خاڵیان ده‌که‌م :-
1- ژماره‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکرات ده‌بنه چه‌کداری به‌عس له شارۆچکه‌کانی {عه‌ربه‌ت و زه‌ڕایه‌ن و هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه} ، حیزبی به‌عسیش زۆر به زانایانه ده‌توانێت سوود له‌م چه‌کدارانه وه‌ربگرێت و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له که‌سانی سڤیل و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌که‌مانیان پێ تیرۆر بکات . که یه‌کێک له‌م چه‌کدارانه‌ش ناوی "به‌کری فاته" بوو که ده‌ستی به خوێنی سه‌دان ڕۆشنبیری نێو شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری سوور ببوو ، پاساوهێنانهوهشی بۆ ئه‌م تیرۆرانه ئه‌وه بوو که ده‌یگوت "خۆ یه‌کێتی و پارتیش که‌سانی سڤیل تیرۆر ده‌که‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان" .
2- به گوته‌ی یه‌کێک له به‌رپرسه‌کانی حیزبی شیوعی به نێوی قادر ڕه‌شید ، حیزبی دیموکرات هه‌م کوشتوبڕی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه شیوعیه‌کان کردووه و هه‌م ڕۆڵی تهتهریشیان گێڕاوه له‌نێوان به‌عس و یه‌کێتیدا . بۆ بینینی گوته‌کانی قادر ڕه‌شید کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه :-
http://www.nwche.net/dreja/17.12.2009-10/
بۆ بینینی ته‌واوی گوته‌کانی کاک خالد عه‌زیزی کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه :-
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730
دواین بۆچوونی نووسه‌ر :-
خوێنه‌ری به‌ڕێز ، ئه‌گه‌رچی وته‌کانی به‌ڕێز کاک خالد عه‌زیزی شایانی ئه‌وه بوو که زۆر زیاتری له‌سه‌ر بنوسرێت ، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که کاتی خوێنه‌ر زیاتر نه‌گرم لێره‌دا کۆتایی به‌م بابه‌ته ده‌هێنم .
هه‌رچه‌نده حیزبی دیموکرات خاوه‌نی 64 ساڵ خه‌بات و تێکۆشانه و وه‌کو کۆنترین حیزبی کوردش دێته ئه‌ژماردن که تاوه‌کو ڕۆژگاری ئیمڕۆ له ژیاندا ماوه و ته‌نها حیزبێکیش بووه که له ڕابردوودا که‌مێک داکۆکی له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان کردبێت له ڕۆژهه‌ڵاتدا ، به حوکمی ئه‌و ته‌مه‌نه زۆره‌شی ده‌بوو زۆرترین ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر خۆی قبوڵ بکردایه و هیچ کاتێکیش بێده‌نگ نه‌بوویایه له ساتوسه‌ودای هه‌ندێک لایه‌نی کوردی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا ، لێ مخابن نه‌ک هه‌ر هیچ هه‌ڵوێستێکیان نه‌نواندووه به‌رامبه‌ر به ده‌ست تێکهڵاویهکانی لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان و داگیرکه‌ران به‌ڵکو هه‌میشه‌ش ڕه‌وایه‌تیان داوه به‌و ده‌ست تێکه‌ڵاویانه و گوتویانه "مافی خۆیانه په‌یوه‌ندیان هه‌بێت" ، له هه‌مان کاتدا هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌لای ئه‌م حیزبه جێگه‌ی قبوڵ نه‌بووه ، به‌ڵکو هه‌میشه تۆمه‌تی خراپیشیان خستۆته سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕه‌خنه‌یان له‌م حیزبه گرتووه ، وه‌ک تۆمه‌تی به جاش له قه‌ڵه‌مدانی مامۆستا هێمنی شاعیر له ڕابردودا و به سیخوڕ ناساندنی مافناسێکی به‌ڕێزی وه‌کو حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده له ڕۆژگاری ئیمڕۆماندا ،تاوانی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ش ته‌نها ئه‌وه بووه که ڕه‌خنه‌یان گرتووه .
بۆ نموونه به‌ڕێز ئه‌یوبزاده که ناسراوه به مامۆستا گۆران ، باس له ڕوداوی میکۆنۆس ده‌کات که چه‌ندین که‌سی تێدا شه‌هید بوون و یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ش شه‌هید شهرهفکهمدی سکرتێری حیزبه‌که بووه ، به‌ڕێز ئه‌یوبزاده به به‌ڵگه‌وه باس له‌و ڕووداوه ده‌کات که له نێو ئه‌ندامانی کۆبوونه‌وه‌که‌دا سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌بووه و هه‌موو کارئاسانییه‌کیان کردووه بۆ تیرۆرکردنی دکتۆر سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانی ، ته‌نانه‌ت خودی ڕووداوه‌که‌ش گه‌واهی ئه‌وه ده‌دات که زانیاری درابێته ده‌ستی بکوژه‌کانی کۆماری ئیسلامی چونکه ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه په‌یوه‌ست بووه به هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌نێو خۆیاندا ، که‌چی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی به خوێنی ئاماده‌بوانی کۆبوونه‌وه‌که سوور ده‌بێت ، به‌ڵام ئیمڕۆ که حیزبی دیموکرات خراوه‌ته ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامییه‌وه له ڕێگه‌ی یه‌کێتی و پارتییه‌وه و هه‌ڵوێستی سکرتێرهکهشیان له‌م دیمانه‌یه‌دا به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت که‌چی نه‌ک هه‌ر خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێک نین به‌ڵکو بۆ خۆشیان بوون به به‌شێک له گه‌نده‌ڵیه‌کانی یه‌کێتی و پارتی ، بۆ زانینی تێڕوانینی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستانیش له‌سه‌ر حیزبی دیموکرات به ته‌یبه‌تی و ته‌واوی دژبه‌رانی کۆماری ئیسلامی به گشتی سه‌رنج بده‌ره ئه‌م به‌ڵگه نامانه‌ی خواره‌وه :-
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=2bf4f8e4
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست