کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی کار به‌ بڕیاره‌کانی كۆسرەت رەسول ناکرێت!؟

Wednesday, 02/01/2013, 12:00






زۆرجار كەباس لەلاوازى پێگەى یەكێتى دەكرێت لەناو دامودەزگا حكومیەكاندا ، بەئاستێك كەدەگاتە رادەى شكست و هەرەس ، ئەوكات زۆرێك لە كادرو بەرپرسە حیزبیە باڵاكانى یەكێتى ئەمە رەتدەكەنەوە و خۆیان بەشەریكى پەنجا بەپەنجاى حكومەت و دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان دەزانن ، بەڵام ئەوەى زۆر ساویلكە و بێژویژدانیش بێت بەدڵنیاییەوە دەزانێت كە چەواشەكارى و درۆى شاخدارە ئەگەر بوترێت یەكێتى و پارتى هەمان هێز و پێگەیان هەیە لەناو حكومەتدا .
كۆسرەت رەسوڵ عەلى كە گوایا بەفەرمى جێگرى سەرۆكى هەرێمە و لەهەمانكاتدا جێگرى یەكەمى سكرتێرى گشتى یەكێتیە ، ئەبوو بەم سیفاتانەوە لایەنى كەم لەلایەن دەسەڵاتدارانى پارتیەوە حورمەت لەبڕیارەكانى بگیرێت و قورساى هەبیچت لایان ، بەتایبەتى كە یەكێتى و پارتى خۆیان بەشەریكى دەسەڵاتى رەهاى كوردستان دەزانن و بە پێى (رێككەوتنامەى ستراتیژى) نێوان خاوەن یەك پێگە و یەك چارەنوسن لە حوكمڕانى هەرێمى كوردستاندا .
رووداوى گەڕاندنەوەكەى كۆسرەت رەسوڵ و ئاپۆڕەى ئوتومبیل و یاوەر و پاسەوانەكانى ساڵى پار لە زاڵگەى دێگەڵە لەلایەن دوو سێ ئاسایشى دەمڕووتى پارتیەوە كە بەكەڵەگایى نەیانهێشت كۆسرەت رەسوڵ بچێتە ئەودیو زاڵگەكە نەك شارى هەولێر كەئەو بەشارى خۆى و قەڵاى لایەنگرانى خۆى دەزانێت ، ئەگەر بێت و ئەم رووداوەش وەك گوێزان قووتبدەین ولەبیرى خۆمانى بكەین كە هەموو لایەنگر و هەوادار و كادیرانى یەكێتى پێى زویر و دڵشكاو و نێگەران بوو ، ئەوەتا ئەمڕۆ مانشێتى سەرەكى رۆژنامەى هاوڵاتى بۆ جارێكى تر پێگەى راستەقینە و دەسەڵاتى یەكێتى و خودى كۆسرەت رەسوڵ عەلى خستە ژێر مەزنترین پرسیارەوە .




ئەوەى بەتووندى سەرنجى راكێشام ئەوەبوو كە : رۆژنامەى هاوڵاتى لەژمارە(961) ى 2/1/2013 دا بەمانشێتێكى سەرەكى نوسیوێتى (كـــار بە بڕیارەكانى كۆسرەت رەسوڵ) ناكرێت ، لەوردەكارى هەواڵەكەشدا هاتووە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلى دووجار و لەدوو بۆنەى جیاوازدا دوو بڕیارى دەركردووە بۆ وەزارەتى ناوخۆ ، بەڵام كەریم سنجارى هەر بەئارەزوو و هەوەس ئەو بڕیارانەى جێبەجێ نەكردووە .
دیارە كورد راستى فەرمووە كە وتویەتى : (شێتە بۆ شێتى ؟ ، ئەویش دەڵێ : بۆم دەلوێ بۆیە شێتم !!) ، كەواتە با ئێمە تاوانەكە نەخەینە ئەستۆى كەریم سنجارى كە كێشى پوشێك بۆ بڕیارەكانى كۆسرەت رەسوڵ دانانێت ، دیارە كەریم سنجارى پێشتر هەڵوێستى كۆسرەت رەسوڵى بەپراكتیكى تاقیكردۆتەوە كە نەهیچى كردووە و نەهیچیشى پێدەكرێ ، ئەو وەك جێگرى سەرۆكى هەرێم تەماشاى كۆسرەت ناكات ، چونكە سنجارى زۆر باش ئەزانێ كە كۆسرەت رەسوڵ خاوەن پۆستێكى كارتۆنیە هەر بۆیە ئیمزا و بڕیارەكانیشى لاى ئەو كارتۆنیە ، (دەنـــــــــا) دەبا ئەو دووبڕیارەى كۆسرەت رەسوڵ نێچیرڤان بــــارزانى خاوەن شكۆ دەریبكردایە ، ئەوكات بزانە چۆن كەریم سنجارى ئەكەوتە سەر چۆك و بەكڕنوشبردنەوە لەپێنج خولەكدا جێبەجێى دەكرد ! ، ئەمە لەگەڵ ئەوەى ئەگەر بێت و بەڕیزبەندى پلەى وەزیفیش بێت پۆستەكەى كۆسرەت لە پۆستەكەى نێچیرڤان گەورەترە ، بەڵام دیارە ریزبەندى و پلەى وەزیفى لاى بەرپرسە پارتیەكات تەنها ئەوانەى حیزبەكەى خۆیان دەگرێتەوە ، بۆیە كاتێ پەیوەندى بە بەرپرسێكى بەرەچەڵەك یەكێتیەوە هەبێت (ژمارەكە لەدەرەوەى بازنەدایە) .

هەزار و یەك حەیف بۆ ئەو یەكێتیەیى كەرۆژانێك شیرى بێبەرامبەرى گۆڕەپانەكە بوو لەهەموو روویەكەوە ، یەكێتیەك كە بەهەزاران لاوى خوێن گەرم لەپێناویدا شەهید بوون و بەدەم سروودوتنەوە چوونە ژێر پەتى سێدارە ، نەك ئەم یەكێتیەیى ئەمڕۆ كە بەهەموو لێكدانەوەكان لەسەرەمەرگى كۆتادایە و لەسەر لاكەى تەكەتولاوى ئەو پارتى رۆژ بەرۆژ پێگەى خۆى بەهێزتر دەكات ، كارەساتە مەزنەكە و هەڵدێرە راستەقینەكەش لە قۆناغى پاش تاڵەبانیدایە ، پرسیارە گرنگەگە بێوەڵامەكەش ئەوەیە : ئایا  كۆسرەت رەسوڵ ئەم سووكایەتیە بۆ خۆى و حیزبەكەى لەپاى چى قبوڵ دەكات و قبوڵى كردووە ؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە