کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ئەمریكا ناتوانێت رێ لەم هەموو خوێن رشتنەی كورد بگرێت ؟

Sunday, 01/02/2015, 12:00




ئێمەی كورد لە مێژووماندا هەمیشە قوربانی دەستی ململانێی ئەوانی تر بووین ونەك هەر هیچ قازانجێكمان لەو زەرەر و زیانەمان نەكردوە كە بە هۆی ناكۆكی ئەوانیترەوە بەسەر ئێمەدا سەپێنراوە بەڵكو پەندیشمان لێ وەرنەگرتوە، بۆچی ببینە قوربانی ململانێ زلهێزە گەورەكانی جیهان و ناوچەكە، خەتای خۆمانە، یان لاوازی خۆمان وای كردووە بۆ مەرامی گەورە بەكار بهێنرێین، بۆ مەینەتیەكانی ئێمە بەردەوام بێت ، كەی سنورێك بۆ نالەباری ژیانی گەلێكی 40 ملیۆنی دادەنرێت و بەكارمان ناهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، كەی دەگەینە رزگاری یەكجارەكی ؟
لە لایەكی ترەوە، داعش كێیە و كێی لە پشتە، دەستی هەواڵگریە جیهانی و ناوچەییەكانی لە پشتەیان نا، بۆ وا رەفتار دەكەن كە لە قازانجی لایەنە زلهێزە گەروەكانی جیهاندا بێت، پەیوەندی ئەمریكا چیە بەم تیرۆریستانەوە، بۆ سیاسەتیان لەگەڵدا دەكات، ناتوانێت لەماوەیەكی كورتدا لەناویان ببات، گەر زاڵە بەسەر سەركردەكانیاندا بۆچی دەهێلێت شەر بە كوردستانی هاوپەیمانی خۆی بفرۆشن و لە ماوەیەكی كورتدا رۆڵە قارەمانەكانی شەهید بكەن و ماڵوێرانی بڵاوبكەنەوە ؟
پرسیارە هەرە گرنگ و چارەنوسسازەكەی ئێمە ئەوەیە، ئایا ئێمەی هاوپەیمانی ئەمریكا و دڵسۆزی سیاسەتەكانی و جێبەجێكەری فەرمانەكانی ، بۆچی ئەم زلهێزەی جیهان بە شێوەیەكی گونجاو بەرگریمان لێ ناكات، خەتای ئێمەیە، یان سیاسەتی سەركردەكانمان و لە پەیرەو كردنی رێبازێك خۆیان ئاڵاندووە كە لەگەڵ بیروبۆچون و ئامانجەسیاسیەكانی ئەمریكادا لەم ناوچانە ناگونجێت ؟ یان بێهێزی و نەگونجان و ململانێی نێوخۆییەكان وای لێكردوین كە قسەمان نەروات و بە لاوەكی سەیر بكرێین، ئایا دابەشبونمان بەسەر هەردو تەوەری سونە شیعە لەناوچەكەدا ،لە دەرئەنجامی ململانێی حزبیدا، چەند زەرەری لێداوین ؟
ئاشكرایە كە مامەڵەو هەڵوێستی ئێمەی كورد لەمەر بونی ئەمریكا لە عیراق و چۆنێتی بەستنی پەیوەندیەكانمان، جیاوازیەكی زۆری هەیە لەگەل ناوەندی عێراقدا، لەم روانگەشەوە، زۆر پێویست و فەرزە كە سیاسەتی ئەمریكاش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا جیاواز بێت . دەكرێت بەكارهێنانی داعش لە بەرامبەر ناوەندی عیراق بەهەمان رێگە و شێوە لەبەرامبەر كورد بەكار بهێنرێت، بۆچی ئەو پەیوەندیە ستراتیجیەی كورد لەگەل ئەمریكا هیچ هەنگاوێكی ستراتیجی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، ئەگەر لەپاراستنی شارە گەروەكانی كوردستان وەك هەولێر ئەمریكا رۆڵی گەورەی خۆی گێرابێت بەڵام بۆ پاراستنی یەكجارەكی و سنوردانانی یەكجارەكی بۆ پێشرەوی نەكردنی داعش لە سنوری كوردستان هیچ هەنگاوێك نەنراوە . ئەمەش پرسیارگەلێكی تر دێنێتە ئاراوە، كە گەلی كوردستان حەقی خۆیانە لە سەركردایەتی خۆیان بپرسن و خەمخۆری خۆیان دەربرن لە ئاست خوێنی ئاڵی بەناحەق رژاوی رۆڵە پاڵەوانەكانی كورد لەم شەرانەدا و، بۆ برژێت، كە زۆر ریگە هەیە نەهێلێت بەم شێوەیە بارودۆخی كوردستان بەرێوە بچێت .ٍ
ئێستا رووی پرسیاری سەرجەم گەلی كوردستان لە سەركردایەتیەكەیەتی كە وەڵامی راست و دروست و راشكاوانەی خەڵك بدەنەوە، ئایا چ روڵیكیان بینیوە لە دانانی سنورێك بۆ پاراستنی سنوری كوردستان و چ پلانێكتان هەیە بۆ پاراستنی خەڵك و خوێنی گەنجان، ئەگەر ئەم شەرە چەندین ساڵی تر بخایەنێت ؟
بەڵام تا وردبیتەوە لەو ململانێیەی نیوان حزبەكان و جۆری بەریوەبردنی شەرەكان و نەبونی هێزی پیشمرگەی یەكگرتو ، زۆر بە روونی نەبونی ستراتیجی كاروباری سیاسیمانمان بۆ دەردەخات و، بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە سەركردایەتی تەنها خەریكی بەرژەوەندیە حزبیەكانە تەنانەت لەم قۆناغە گەرمەی شەری داعشیشدا،بەڵكو لەوە تێناگەن و كاری بۆ ناكەن كە داعش لە شەهیدكردنی پێشمەرگە ناپرسێت لە چ حزبێكدان . بەم شێوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە تا وەزعی كورد و سیاسەت و ململانێكان و قورسایی لەم ئاستەدا بێت بە شێوەیەكی لاوەكی و تەكتیانە مامەڵە لەگەل كوردا دەكات و بۆ مەرامی رۆژانە بەكاری دەهێنێت و، ترسی گەروەشمان لەوێدایە وەك هەمیشە لە دەرئەنجامی كۆتاییدا خوێنی شەهیدان بە فیرۆ بروات . بە كورتی دەڵێم، تاوەكو هەموو كورد لە كۆنگرەیەكی نەتەوەییدا بە هاوبەشی ستراتیجی خۆی دانەرێژێت و بەجوانی جێبجێی نەكات مامەڵە كردنی وڵاتان و بەتایبەتی زلهێزەكان لەم ئاستە باشتر نابێت . هەمیشە وەزعی تایبەتی نێوخۆی خودی گەلانە لە پەیوەندی و كردەوەی وڵاتان لەئاستیاندا، خۆی فەرز دەكات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە