گەلۆ هوشیاربن! كەركوك دەكرێتە پایتەختى رۆشنبیریى عێراق!!
Thursday, 07/01/2010, 12:00
خەمەكانى كەركوك هێندە زۆرن، ئەگەر دەیان گۆشەى رۆژانەیشیان لە رۆژنامەكاندا بۆ تەرخان بكرێت، هێشتا هەر خەمەكان وەكو خۆیانن. بەپێى ئەو دەنگۆیانەى لەنێو رۆشنبیرانى كەركوك بڵاوبۆتەوەو هەوڵى زۆریش لە ئارادایەو كۆبوونەوەش بۆ ئەو مەبەستە كراوە كە وەزارەتى رۆشنبیریی عێراق بۆ ساڵى 2010 لە بەرنامەیدایە كەركوك بكاتە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق!!
گومان لەوەدا نییە كە كردنى كەركوك بە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق بۆ ئەمسالأ (2010) كە ساڵى هەڵبژاردنو هەوڵى یەكلایی كردنەوەى پرسى كەركوكە لەگەلأ بەغدا، خۆى لەخۆیدا، پیلانێكى دیكەى داگیركەرانە بۆ جارێكى دیكە بە عەرەبكردنەوەى كەركوك. گومانیشم لەوەدا نییە كە تا ئێستا دەمانتوانى وەكو كورد زۆر هەنگاویترمان بۆ داكۆكیكردن لە كوردستانییەتى كەركوك بنابوایە، بەڵام كورتبینیمانو نەخوێندنەوەى واقیعەكە بەشێوەیەكى لۆژیكیانەو داننانمانو دەنگدانمان بە دەستوورى هەمیشەیی عێراق، بەوەى كە كەركوك بەشێكە لە (ناوچە كێشە لەسەرەكان)، نەك (ناوچە دابڕاوەكان لە هەرێمى كوردستان)و شەڕى ساردى حزبایەتی لە شارەكە، دۆخەكەى ترشاندو بەمڕۆژە رەشەى گەیاند كە جارێكى دیكە بە مەمنوونى لەگەلأ كۆنە بەعسییەكانى شاردا ئاشتبینەوە، وەك ئەوەى نە با بووبێتو نە باران. ئاخر ئەوانەى گۆشكراوى بەعسن، مەحاڵە لەبیرى شۆفێنییەتى خۆیاندا پاك ببنەوەو بە دڵێكى پاكژو بێگەردەوە مامەڵە لەگەلأ كوردو دۆزى كورددا بكەن!!
ئەوەى زۆر مایەى نیگەرانییە ئەوەیە كە ئێمە وەكو رۆشنبیرانى كورد خۆمان هاوكاریی ئەوانەبین بۆ جێبەجێكردنى ئەو پیلانەى كە لەپالأ بە پایتەختكردنى رۆشنبیریی كەركوكەوە دەیانەوێ جارێكى دیكە بە دونیاى عەرەبىو وڵاتانى دەوروبەر بڵێن: ئەوە ئەو كەركوكى عەرەبو عێراقەیە كە كورد بە خاكو زێدى خۆى دەزانێت، كەچى راستییەكەى ئەوەیە، نەك هەر عێراقییە، بەڵكو پایتەختى رۆشنبیریی عێراقیشە.
سەیر لەوەدایە ئێمە زۆرجار بە سیاسەتمەدارانمان دەڵێین: نازانن لەگەلأ دژو دوژمنەكانى كوردستاندا مامەڵە بكەنو هەرجارەو لە شەڕێكى دیبلۆماسیو یاساییدا دەدۆڕێین، كەچى وا ئێمەى رۆشنبیرانى شاریش خۆمان بەدەستى خۆمان بەشدارى ئەو دۆڕانە دەكەینو لەوانەیشە بە كارێكى باشى بزانین!.
تیامان هەیە دەڵێت: مادام سیاسییەكانمان وایان لێكردین دەنگ بۆ دەستوور بدەینو دۆخى شاریان والێكرد، دەبا ئێمەش چیدیكە خۆمان بە هەرێمى كوردستانەوە هەڵنەواسینو بۆ خۆمان پردێك لەگەلأ عێراقى عەرەبیدا دروست بكەین!!.
ئەرێ گەلۆ! ئەمە چ لۆژیكێكە، كەى هەڵە بە هەڵە چارەسەر كراوە؟، تا ئەمڕۆكە ئێمەى رۆشنبیرانى شار، تۆڵەى تەمومژاوى كردنى دۆزى كەركوك، بە كردنى شار بە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق لە سیاسییەكانى خۆمان بكەینەوە؟
ئەوان، رۆشنبیرانو سیاسییەكانیانو گەورە بەرپرسەكانیشیان لە بەغدا ئامادەنین وشەى (فیدرالی)ش بە عێراقەكەیانەوە بلكێنن كە بەپێى ئەو دەستوورەى خۆیان دەنگیان پێداوە، لێ ئێمە بێینو خۆمان ببینە هاوكارو هاوئاهەنگیان، بۆچیش؟ بۆ جارێكى دیكە تەعریبكردنەوەى كەركوك.
وا گریمان هاوئاهەنگیان بووینو لە چالاكیو فیستیڤاڵەكانیشیان بەشداریمان كرد، ئەرێ كوا تیپێكى مۆسیقاى كارامەو لێهاتوو و یەكگرتووى كەركوییەكان كە گۆرانىو میوزیكى كەركوكو گەرمیانیان پێبناسێنێت؟.. ئەى كوا تیپە شانۆییە كارامەكانى شار، بە نمایشكردنى خەمە گەورەو كۆستە لە بن نەهاتووەكانى خەڵكى شار، پێیان بڵێت: ئێوە بە تەعریبكردنى شار ئاوا ئازارتانداینو ئەنفالتان كردینو كۆستتان خستین، بۆیە واچاكترە وازمان لێبێنن، زامەكانى خۆمان ساڕێژ بكەینەوە!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست