چیرۆکی سمۆرەیەکی تووڕە
Sunday, 22/06/2014, 12:00
2674 بینراوە
هەموو بەیانیان و پێش دەرکەوتنی گزنگی تیشکی خۆر بەجووتە لەوسەری سنەوبەرە هەمیشە سەوزەکە و گەلێ بەخێرایی وەك ئەوەی لە پێشبڕکێدابن دێنە خوارێ و پێچاو پێچی هەڵاتنیان بەسەر دارەکەوە وەك ڕۆیشتنی ئاوی ڕووبارێك وایە کەوا پێش ئەوەی بڕژێتە ڕووبارێکی لەخۆی گەورەتر چەندین لەو کورتە ڕییانە ئەبنە ڕێگای هەزار بەهەزارو کۆتاییان نایە. بەم شێوەیە وەك دەستپێکێك هەموو بەیانیان بەم شێوەیە ڕۆژێکی نوێ دەست پێ ئەکەن و پاشان ئەکەونە گەڕان بەدوای ژەمی بەیانیان و هەندێ جاریش خڕکردنەەویان و بردنیان بۆ لانەکەیان لەسەر وەیان لەقەد پاڵی دارە بەرزەکان کە هەندێکیان زیاتر لەسەرو ٥٠ مەترێکەوە و بەئەستوورایی ٢ مەتر گیریان لەزەوی گرتوەو هێز نیە ڕایان وەشێنێ. ئەم دارانە بوونەتە لانەی دەیانی وەك ئەو جووت سمۆرە کلك پانانە کەهەندێ جار دەنگێك دەرئەکەن کە تێكەڵ ئەبێ لەگەڵ گشت گیانەوەرو باڵندەکانی نزیك خۆیان.
خۆشبەختانە نیشتمانی ئەم سمۆرانە کەوتۆتە نێو پارکێکی گەورە کەڕۆژانە چەندین خەڵك ڕووی تێ ئەکەن و کاتەکانیان لەوێ بەسەر ئەبەن لەگەڵ خۆشەویست و مناڵەکانیان. لەبەر زۆری ژمارەی هاتوان بۆ ئەم پارکە، ژمارەیەکی زۆریش لە تەنەکەی خۆڵ و خاشاك و ڕیسایکڵ دامەزرێنراوون بۆ ئەوەی پارکەکە بە جوانی و پاکی بمێنێتەوە. وە لەسەر هەریەکەیان لێی نووسراوەو کەس نیە نەزانێ ئەوەی بۆ فڕیدانە ئەخرێتە کامیانەوە. وە ئەم تەنەکە وەیان بەرمیلە پلاستیکیانە سەرێکی هەیە کە بەئاسانی ئەتوانرێ کەلو پەلی گەورەی لێوە فڕێ بدرێتە ناوەوەیی و وە بەئاسانیش سەری هەڵئەدرێتەوە، بۆ ئەوەی مناڵانیش هەر لەو تەمەنەوە هەستن بەو جۆرە کارانە تا گەورە بوون لایان نامۆ نەبێ و هەرچی پیسی و خاشاك و خواردەمەنی زیادەیە لەم ولا فڕێ نەدرێ.
سمۆرەکانی ئەم پارکە هیچ کات نا ئومێد نابن لە دابینکردنی ژەمە خۆراکەکانین، لەبەرئەوەی هەرزوو بەیانیان بەپەلەو بەوپەڕی چەپوکی و گوورج و گۆڵیەوە هەڵئەکەوتنە سەر ئەو بەرمیلانەی کەتەرخان کرا بوون بۆ مەبەستی کۆکردنەوەیان، وە لەڕێگای ئەو کونە گەورەیەی سەر بەرمیلەکە خۆیان فڕێ ئەدەنە ناویەوەو هەرچی بەرچنگیان بکەوێ ڕاپێچی ئەکەن و ئەیهێننە دەرێ و هەر بەزوویی و بەهەڵپە ئەیگەیننەوە شوێنی خۆیان لەسەرەوەی درەختەکە. ئەمان لەپاشماوەی ئەو خەڵکە ئەخۆن و هیچ بە فیڕۆ نادەن، ئەوەی لێی زیادەیە هەندێکی هەڵئەگرن و لەگەنجینەکەیان حەشاری ئەدەن.
ڕۆژێکی ساردی زستان کە باران بارین بەتەواوی درێژەی کێشا، دوو سمۆرەکە دێنە خوارێ و لەپڕ یەکێکیان بەرەو بەرمیلی ژێر دارەکەی خۆیان و ئەوی تریان بەرەو دارێکی تر لەو بەرەوە ڕائەکا و خۆی ئەکا بە ناو بەرمیلەکەدا، لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا چونکێ باران بارینەکە یەکجار زۆرە و باز بازێنی ئەو سمۆرەیەش بۆ ئەوەی نەکەوێتە چاڵە پڕ ئاوەکانی نزیك دارەکە، بەشێوەیەك کە لەبێئاگایی خۆی ئەخاتە ژێر تایەی ئەو ئامێرەی کەوا یەکێ لەکرێکارەکانی ئەو پارکە بەکاری دێنێ بۆ مەبەستی پاك کردنەوە و کۆکردنەوەی نایلۆنی نێو بەرمیلەکان و گۆڕینیان بەهی تر،ئەبێتە هۆی مردنی سمۆرەکە، سمۆرەکەی تر بەهەڵە داوان ئەچێتەوە سەر دارەکەو جار جار ئەوەستێ و نیگایەکی هاوڕێ سمۆرەکەی ئەدا و جارێکی تر بەرەو لانەکەی خۆی ئەکشێ. هەر زوو قەلە ڕەشەکان دێنە سەر جەستەی سمۆرە مردوەکەو هەنجر هەنجری ئەکەن و لەماوەیەکی کەمدا بوونی نامێنێ. ئێدی سمۆرە بەم جۆرە بەتەنیا مایەو ژیان بەم شێوەیە بەسەر ئەبا.
چەند هەفتەیەك دوای ئەو ڕووداوە، کابرایەکی بێ لانە و بێکار شەوانە لەو پارکە تا درەنگانێ ئەمێنیتەوەو بەهۆی ئەو گیتارەی کە خەریکی لێدان و ژەنینێتی هەوڵئەدا کە خەڵکی هەندێ پارەی بدەنێ و بەزەییان پێ بێتەوە. سمۆرەکە لەسەرەتاوە هەر لەدوورەو لەسەر دارەکەی خۆی گەلێ لێی ئەڕوانێ و هەندێ جار لێی نزیك ئەبێتەوەو هەندێ جاری تر، لێێ ئەترەکێتەوە، وەك ئەوەی ترسێکی لێێ هەبێ. دواجار سمۆرەکە کە ئەبینێ ئەمیش هەر خەریکی لێدانی گیتارەکەیەتی و هەندێ جار گۆرانیشی لەتەکدا ئەڵێ؛ لەدڵی خۆیدا ئەمیش وەك خۆی ئەبینێ و پێی وایە کەسێکی خۆشەویستی لەدەست داوەو خەریکی لاوانەوەو گۆرانی ووتنە بۆی. سمۆرەکە وای لێدێ پێش ئەوەی خۆی ڕووبکاتە بەرمیلی خۆراکە و پاشماوەکان، چاوەڕوان ئەبێ هەموو بەیانیەك تا کەسە بێلانەکە وەك ئەم سەری ئەو بەرمیلانە بکاتەوەو ژەمێکی ئاسایی دەست بکەوێ و بیخوا. بۆ سمۆرەکە وای لێهات کەوا ئەم کەسێکی بێ لانەیەو وەك میوانی سمۆرەکەی لێهاتوەو ئەمیش بەزەیی پێدا دێتەوەو لەگەڵیدا کردویەتی بەدوو پارچەوە. دوای ئەوەی کەسە بێ لانەکە تێر ئەخوا پاشان سمۆرەکە دوای ئەو جارێکی تر سەردانی بەرمیلەکە ئەکاو ئەوەی بەچنگی کەوێ ئەیبات و ئەیخوا. سمۆرەکە زۆر دڵی خۆشە بەو هاوڕێ نوێیەو لەخوای ئەوێ هەر زوو ڕۆژ بێتەوەو ئەرکی خاوەن ماڵ بەجێ بێنێ و ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ میوانەکەشی هەر وا. سمۆرەکە هەندێ جار پرسیار لای دروست ئەبێ کەئایا هۆکاری ئەو کەسە چیە کەوا بێ لانەو بێ نیشتمانە. ئەو پێی وایە هەموو کەس و هەموو بوونەوەریك پێوستە نیشتمانێکیان هەبێ، ئاخۆ ئەم کەسە کەتەنها خاوەنی گیتارێكە کە تاڵی پێنجەمیشی پچڕاوە و پیس و پۆخڵیش دیارەو هیچی گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەداوە ، ئەبێ هۆکاری ئەم کەسە بەبێ هاوڕێ و بەبێ جێگا چی بێ؟ سمۆرەکە لەبیری خۆیدا ئاوا بیری کردەەو..
بەم شێوەیە ژیان لەپارکەکە ئاوا ئەڕۆیشت بەڕێوە تا ماوەیەك، دوای چەند هەفتەیەك و دوای ئەوەی هەندێ تەشقی سەرماکە شکا ، سمۆرەکە کاتێ ئەچوە سەر بەرمیلی خۆراکە بەجێماوەکان ، ئەبینێ هیچی تیا نەماوەو لەم لاو لای بەرمیلەکە کەوتوون و ئەو ناواوەیان تەواو پیس کردوە. بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر لەبەرزایی درەختەکەوە ئەڕوانێتە خۆارێ و ئەبینێ هاوڕێ بێ لانەکەی وەك جاران نیەو هەرچی پاشماوەی خۆردنەکانە ئەیان هێنێتە دەرێ و دەستە بژێریان ئەکاو ئەوەی تەنها بەدڵی خۆی بێ سەرو قەپاڵێکیان لێ ئەداو ئەوەی ئەمێنێتەوە بەم لاو بەو لا فڕێیان ئەدا وەك ئەوەی نەزانێ کەوا ئەم خواردنانە پاشماوەن!! بۆیە سمۆرەکە تووڕە ئەبێ و بڕیار ئەدا لەڕۆژی دواتر کەهەرچی سەری بەرمیلەکانە بەکراوەیی بەجێیان دێڵێ و هەموو بەیانیان پێش ئەوەی کەسە بێ لانەکە لەخەو هەڵسابێ هەرچی سمۆرەی ئەو ناوەیە لەگەڵ قەلە ڕەشەکان و باڵندەکانی تر بەکۆمەڵ ڕوو ئەکەنە سەر بەرمیلە سەر کراوەکان و هەرچی تیا هەیە ئەیخۆن و ئەیبەن. بەم شێوەیە هیچ جۆرە خۆاردنێك نامێنێتەوە بۆ کەسە بێ لانەکە.
ساڵانی هەشتاکان چەندین نمونەی ئەو کەسانەمان لایە کەوا ئەبوون بە پێشمەرگە تەنها لەبەرئەوەی نەیان ئەتوانی کار بکەن وەیان خوێندن تەواو بکەن وەیان حەزیان لەکچێ بوو نەیان ئەیانێ و وەیان لەبەر ئەوەی شەڕی ئەبوو لەگەڵ یەکێکداو لەترسا هەڵئەهات و ئەچوە دەرەوە. کەچی ئەوانەی بە خەبات و کوردایەتی بە گەلەکەمان فرۆشتەوەو ئێستا زۆربەیان کەکاتی خۆی ڕەنگە بەس بۆ وێنە بە تفەنگێك و تاقمە مەخزەنێك خۆیمان لێبکا بە تێکۆشەرو قارەمانی ڕۆژانی سەخت. کەچی لەبەرانبەر ئەوەشدا لادێکان و لادێیەکان بەوپەڕی سنگ و دڵفراوانیەوە پێشوازیان لەو قارەمانە کارتۆنیانە کردو ئەو نانەی هەیان بوو کردیان بەدوو کەرتەوە . کەچی ئێستا ئەمان نەك هەر ئەو چاکەیە نادەنەوە، بەڵکە بێ شەرمانە خەریکی دزینی سامانی نیشتمان و هەراجکردنی دواڕۆژی میلەتەکەمانن و هەرچی کوڕ و کچی ئەوانە وەك کۆیلە بەمووچەیەك دەمیان گرتوون و کەی بیانەوێ سووك و ڕیسوایان ئەکەن. ئەو جۆرە کەسانە سپلەو نمەك سوێرو پاشەڵ پیس و دەست خەرۆن. ئەو جۆرە کەسانە نەئەتوانن نیشتمان بپارێزن و نەئەتوانن سنووری نیشتمانیش دیاری بکەن. مرۆڤی لەو جۆرە لەکوردستانی باشوور نمونەیان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەزیادبووندایەو پەلو پۆیان بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا گرتوە. هەر بۆیە داهاتووی گەلەکەمان لەژێر مەترسی ئەم جۆرە کەسانەدایەو پێوستە نەهێڵدرێ یاری بەچارەنووسی گەلێکەوە بکەن.