جاشی میللی یان شاعیری میللی؟؟
Tuesday, 06/05/2014, 12:00
بە بێگومان ئەگەر کەسایەتی سیاسی وکەسایەتی تاکەکەسی (شەخسی) نەمر شەهید ،، قازی موحەممەد ،، لە گەڵ دانە دانەی ئەو کەسانەی کە دوای کۆمار لە مهاباد بەڕێوەبەری وپارازتنی حیزبی دێمۆکڕاتیان وەئەستۆوە گرت وخۆیان بە میراتگری کۆمار ورێبازی شەهیدانی ئەو حیزبە داناوە، بخرێنە ناو دووتای تەرازوویەک قورسایی کەسایەتی نەمر پێشەوا بە تەنیا دەکەوێتە لایەک وهی ئەوانی دیش بە خڕوپتوونی لایەکی دیکە.(چون لە وەسیەتنامەی پێشەوادا هاتوە: یەکێتی خۆتان بپارێزن ولەیەک تەبابن وچاو چنۆک مەبن) لەلایەکی دی سەردەمی ٦٨ساڵدا دونیاو کوردوستان بارودۆخێکی دی بوو وئەوڕۆ دونیایەکی دیکەیە لەوەش بترازێ میرات بەرانی کۆمار هەتا ئێرە ١٥ کۆنگرەیان گرتووە! پەستا پەستا دەڵێن : بنە ماڵەی گەورەی دێمۆكڕات!!!
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کۆنگرەی ٤ ئەو حیزبە لەمهاباد لە ساڵۆنی ،، سینەما ئۆمێد،، بە بەشداری ٣٠٠ کەس زێدەتر گیرا.پاشماوەیەکی کورت بە فیتی حیزبی توودەی ئێران ٧کەس لەو حیزبە جودا بونەوە.لە ناو ئەو کەسانەدا ، هێمنی خۆش وێژو خۆش قسەو ئاکار کوردیشی تێدا بوو.ئەو هێمنەی کە قەت لە ژیانیدا هەناسەیەکی گەرمی هەڵنەمژی و بۆ تاوێک ئۆقرەی نەگرت بەسەر بڵیندی لەدایک بوو وبەسەر بڵیندی تەمەنی پڕ لە وشەی جوان وپڕ لە ئاسەواری ئەدەبی بۆ جێ هێشتین.
کەسانێک کە دەخوازن هێمن بناسن با بڕۆن ،،، ناڵەی جوداییم،،، بۆ لێک دەنەوە، شی کەنەوە، بیکەنە وشە ، بیکەنە رستەی ژیان، بیکەنە هەتوان بیکەنە باران بۆ پڕکردنەوەی کوردوستانی لێواولێو لە زەندۆڵستان. نەتەوەی کورد دوو جار دووچاری نەهامەتی هاتووە. جارێک نەیارو جارێکیش یارگەیاندوویەتی بەو رۆژەی کە لە دەست پێکی هەزارەی سێدا پاپۆڕی ژیانی لە گڵدا گیرساوەو بە هیچ شارەزایەک لەو هەلە رزگاری نابێ.
جنێو داران لەناو ئەوحیزبەدا (هەتا ئەوڕۆش هەر ماون وئەو ئاکارە دزێوەیەان هەر بەر دەوامە) هەرچی بەسەرزاریان داهات رستیان. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ،، هێمن،، کرا بە جاش!! کرا بە خۆفرۆش!! کرا بە پیاوی دەسەڵات!! تاقمی حەوت کەسی لەو ماوە کورتەدا بوو بە سەردێڕی حیزبی دێمۆکڕات وسەردێڕی لەبیر بردنەوەی چارەسەری کێشەی خودموختاری!؟ کۆنە فەقێ وکۆنە نەخوێندەوارەکانی ئەو کات (ئێشتێش زۆریان لە هەدەرانن و دەژین) کۆنە مەلاکانی قوڕعان نەزان لەسەر ناوی کورد هەرچی قسەی ناڕەوا بوو وەپاڵ هێمنیان دەدا.
هێمنی نەمر لە ورمێ لەژێر چاوەدێری ورددا خەریکی دەرکردنی گۆڤاری،،سروە،، بووو هاواری دەکرد،،{ سروە هات غونچە گوڵی باغی ئەدەب پشکون ،،،،، باغەوانی گەرەکە تازە جەوان من چبکەم ؟} کە چی هاوکات لە کەتی خۆیدا لە گوندی لاچین کۆبونەوەی لاوانی دێمۆکڕات بووکە ڕەحمەتی دوکتورقاسملو لەوەێ قسەی بۆ گەنجەکان دەکرد. (ئەو گوندە لە رۆژهەڵاتی شاری مهابادەو شوێنی لە دایک بونی هێمنە) کوڕێکی گەنج لیی پرسی : ڕای ئێوە چییە لە حاند مامۆستا هێمندا؟ یەکڕاست دوکتوقاسملو لە جوابدا گوتی: هێمن جاشی میللییە ولە ورمێ دانیشتووە!! (لە بیرمان نەچێ لەسەردەمی کۆماردا ناز ناوی شاعیری میللی لە لایان پێشەواوە درابوو بە هەر یەک لە مامۆستا هێمن ومامۆستا هەژاری ڕەحمەتی) .
چەند ساڵێک دەبێ گەیشتومە ئەو باوەڕە کە نازانم نوسەر ورووناکبیرو شاعیرو ئەدیب و،،،،، بۆ تاوانەکانی بەسەر هاتوومان دەخەنە سەر نەیار ؟! بۆ گازەندەمان لە بەرابەر دوژمندا گوێچکەی فەلەکی کەڕ کردووە؟ ئەوە نییە هەرچی بەسەرمان دێ خاکو خۆڵی چەنگی خۆمانە.تاڵاوی دەستی ئەو بارودۆخەی کە کورد تێیدا دەژی لە هی دوژمن کەمتر نییە.سەرکردەی کورد دەناسم کە کۆڵان بە کۆڵانی شاری هەولێردا دەگەڕێ تا لە گەڵ پاسدارێکدا وتوووێژ لەسەر خاڵی ١٥ یاسای بنە رەتی بکا تاکو ئیزنی پێ بدەن لە کەمپەکاندا تەکانێک لەخۆ بدا. کە چی لێی بپرسی دەڵێ هێمن جاش بووە! (من لە بەکار هێنانی ئەو وشەیە شەرم دەکەم).دەنا پێی دەڵێن سەرقافڵەی جاشان یان جاشە پیرە!
نەتەوەیەک کە لە بەرانبەر بەو ئاکارە ناشارستانیانەدا بێدەنگ بێ هەر ئەوەی بەسەر دێ کە لە هۆلێیە.هێمن وهێمنەکان ئەگەر هی نەتەوەیەکی دیکە بوایەن حورمەتیان لە جێگایەکی دی دەبوو. بەدەیان مێدیاو رۆژنامەو حیزب و سەرکردەمان هەیە هیچ ساڵێک بە پێی پێویست لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئەو مرۆوە کوردپەروەرەدا یادی ناکرێتەوە.! ئەوساڵیش تێپەڕی وهێمن لەبیر چۆوە! بەڵام هەتا دونیای ئەدەبو هەڵبەست روحی تێدا مابێ ،، ناڵە جودایی،، هێمن قەت وەلا ناچێ. هەزاران جار یادی بەخێر بێ ورەوانی شادبێ.
سرنج: لەرۆژی ١٨/١١/٢٠١٤ دالەسەر ناوی ،، رۆژی رەش وهێمن،،بابەتێکم لە کوردوستان پۆستدا بڵاو بۆوە.لەو بابەتەدا هاتووە کە چۆن لە ناوەڕاستی شاری مهاباد (چوارڕیانی ئازادی) تاقمێک لۆمپەن هێڕشیان کردینێ وگوتیان ئەوە جاشی میللیە ونابێ لە گۆڕستانی شاردا بنێژرێ و هەروەها بە پێویستی دەزانم بڵێم: هێمنی نەمر لە ساڵی ١٩٢١ ز لە گوندی لاچین هاتۆتە دونیاو لە ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥هەتاوی لەسەر وەسیەتی خۆی لە بوداق سوڵتانی شاری مهاباد ناژراوە)
جەعفەر کەریمی
٥/٥/٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست