ئه‌مەریکا بۆ خۆی مامۆستایه‌کی ئه‌مەریکی لە کوردستاندا کوشت: له وه‌ڵامی کاک مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره و کاک که‌مال چۆمانیدا
Friday, 02/03/2012, 12:00
خوێنه‌رێکی کوردستانپۆست
به‌ر له هه‌رچی ئه‌بێ بڵێین دژه‌تیرۆر نه‌ده‌بوو به‌و ملیارات دۆلاره که ئه‌مریکای به‌خشنده به یه‌کێتی و پارتی به‌خشیوه. ئه‌و دهمانچهیهیشی مامۆستایه‌کی ئه‌مریکی پێ کوژراوه دووباره ئه‌مریکیه یان به پاره‌ی ئه‌مریکا کڕدراوه، و ڕاهێنه‌ره‌کانی دژه تێرۆریش له کوردستان هه‌ر ئه‌مریکین. ئه‌و ڕووداوه‌ی ڕۆژی 1/3/2012 یش له سلێمانی له قوتابخانه‌ی میدیای نموونه‌یی، نموونه‌یه‌که له هه‌زاران نموونه، که له خوێندنگاکانی خودی ئه‌مریکا خۆیدا ڕوو ده‌ده‌ن. ئیتر بۆچی ئه‌مریکامان وه‌ک به‌هه‌شتێک نیشان ده‌ده‌ن؟
زۆر به کورتی ئه‌مه‌وێ بڵێم: ڕه‌خنه‌کانتان له ده‌سه‌ڵات به‌م جۆره، هه‌مان ڕه‌خنه لاوازه‌کانی گۆران و ئیسلامییه‌کانه له ده‌سه‌ڵات. ده‌نا تاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕووتی کوردستان زۆر له‌وه زیاتری لێده‌ست ئه‌که‌وێت که به ناچاری په‌نا به‌رین بۆ ئه‌وه‌ی گوایه دهژهتێرۆرێک مامۆستایه‌کی ئه‌مریکی کوشتووه.
با له باسه‌که نزیکتر ببینه‌وه: ئیسلامیه‌کان که ته‌واو بێ هێز بووبوون، گۆران به زیندوو کردنه‌وه‌یان و بهکێشکردنیان بۆ پێشه‌وایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی و ته‌سلیمکردنی سه‌را به‌و حیزبانه، هێزوگوڕی خسته‌وه به‌ر ئه‌و حیزبانه. ئیستا ده‌یانجار زیاتر له پار سهرپۆشبهسهری ناو خوێندنگاکان زیادیان کردووە، مه‌یخانه داخستن زۆر بووه دوای سووتاندنی مه‌یخانه‌کانی دهۆک، مژده‌یش بێت لێتان هه‌رچی باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی ناو زانکۆکانیشه بووه به به‌شێک له که‌مپینی ئیسلامه‌تی. سه‌دای ئه‌و ده‌نگه ئیسلامیه ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه که گه‌نجێکی وه‌ک قوتابخانه‌ی میدیای نموونه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له حیزبه ئیسلامیه‌کان نییه، ده‌مێکه به نوێژکردنی مه‌سیحیانه‌ی مامۆستاکه‌ی له پۆلدا دڵگرانه و چه‌ند جارێکیش دمهدهمی ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا. دواجار هه‌ڕه‌شه‌شی لێده‌کات، دواییش کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی سه‌رشێتانه له‌به‌رده‌م خوێندکاره ته‌مه‌ن 15 و 16 ساڵه‌کاندا، قه‌سابخانه‌یه‌ک دروست بکات.
بۆیه به پێچه‌وانه‌ی کاک مسته‌فا و کاک که‌مال چۆمانییەوه، ئه‌مه ئاگاداریه‌که بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی که پلانی تێشکانی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به ده‌مانچه‌کانی دژهتێرۆرو تێڵاکانی ئاسایش ناکرێت، به‌ڵکو به نانه‌وه‌ی شه‌ڕێک ده‌کرێت له‌ناو خه‌ڵکیدا. له پشت ئه‌مه‌یشه‌وه گۆران هه‌یه، گۆران به هێنانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی بۆ گۆڕەپانەکە، خه‌ریکی ئاماده‌کاریه بۆ سازاندنی شه‌ڕێکی ئاینی گه‌وره، که هه‌موو خواسته‌کانی خه‌ڵکی داماوی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تیا ببێت به‌ژێرەوە و شه‌ڕێکی براکوژی نوێیە و ئه‌وسه‌ری دیار نامێنێت، دواییش ده‌سه‌ڵات ده‌بێته ناوبژیکه‌ر. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له بری په‌لاماری ده‌سه‌ڵات و له‌ناوبردنی، خه‌ڵکی بخه‌نه شه‌ڕێکی لابه‌لاوه وه‌ک ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له‌شاخ ده‌یان کرد و دواییش گواستیانه‌وه بۆ شا رو ئیماراتی هه‌ولێرو سلێمانیشیان پێ دروستکرد.
برایانی ئازیز کاک مسته‌فا و کاک که‌مال:
ئه‌م ناکۆکیانه بچووک مه‌که‌نه‌وه بۆ ئاستی ناکۆکی مامۆستایه‌ک و قوتابیه‌که‌ی. ئه‌مه له ژێر زه‌بری هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تییدا ڕوو ده‌دات. هه‌ریه‌که له حیزبه‌کان ده‌یانه‌وێت ئه‌و هێزه بۆ مه‌به‌ستی خۆیان به‌کار بهێنن. خه‌ڵکی ده‌بێت ووریا بیت له ڕۆڵی سه‌رۆکه‌کانی گۆران به‌تایبه‌تی، ئه‌وانه هه‌مان حیلهبازهکانی به‌ر له 40 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌رن. به لایانه‌وه گرنگ نییه خه‌ڵکی چی به‌سه‌ر دێت، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌تا شانۆگه‌ریی داهاتوو ماوه‌یه‌کیش چه‌پڵه‌ڕێزان بۆ ئه‌وان بکرێت. زۆر دڵنیابن ئه‌مه هه‌مووی یارییه‌کی سیاسییه و دواجار که‌س زه‌ره‌ر ناکات لێی خه‌ڵکی داماو و نه‌دار و ڕه‌ش و ڕووتی کوردستان نه‌بێت. زیندووکردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی بێ مه‌رام نییه. ئه‌مه هه‌وڵێکه بۆ تێشکاندنی بزووتنه‌وه‌ی نەتەوەییخوازانەی خه‌ڵک. خه‌ڵکی به‌ر له نه‌مانی سه‌دام ئه‌یانووت هه‌ر سه‌دام بڕوات هیچی ترمان ناوێت. ئه‌وه‌تا به‌و جۆره ده‌رنه‌چوو. ئیستا داوای له‌ناوچوونی ده‌سه‌ڵاتی بارزانی و تالبانییش ده‌که‌ن. به‌ڵام کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌ر له پێشه‌وه ته‌جروبه‌ی له بزووتنه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی هه‌یه، باوه‌ر مه‌که‌ن ئه‌مجاره خه‌ڵکی بڵێن هه‌ر ئه‌مان بڕۆن ئیتر گرنگ نییه، کێ دێت ئه‌گه‌ر ئیسلامه‌کانیش بن. نه‌وشیروانیش ئه‌مه چاک ده‌زانێت. جا ئه‌گه‌ر زیندووکردنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له نهشیروانهوه به مه‌رامێکی تایبه‌تی نییه ئه‌ی چییه؟ ئه‌و نهێنیه ئاسمانییه‌ی ئێمه تێی ناگه‌ین و کاک نه‌وشیروان تێی ده‌گات؟
ئه‌وه‌ی له کوردستان وتونس ومیسر ڕوو ده‌ده‌ن یه‌ک پلانه بۆ سه‌رکه‌وتن به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکیدا و ته‌سلیمکردنی به‌و ئیسلامیانه‌ی له ئێران و ئه‌فغانستان خراپتر ده‌که‌ن به خه‌ڵکی، هه‌رکات گورزهکهیان که‌وته ده‌ست. ئێوه‌یش ناکۆکی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات بچووک مه‌که‌نه‌وه بۆ ناکۆکی مامۆستایه‌ک و قوتابییه‌ک. بووڕکانێک له ته‌قینه‌وه‌دایه، تاڵه‌بانی و بارزانی چاک ده‌زانن خه‌ڵکی هه‌رگیز لێیان نابوورێت. ئه‌وان ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵکی سوور بووە، بۆیه ئه‌وه‌نده گه‌مژه‌نین چاوه‌ڕێی ئه‌وه بن خه‌ڵکی لێیان ببوورێت. له باشترین حاڵیش‌دا ئه‌مانه هه‌موو له ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌و پلانه ستراتیژیه‌که‌ی گۆران و ئیسلامیه‌کانیش هه‌مان پلانی ستراتیژی یه‌کێتی و پارتییه. ئه‌وانه ئه‌بێت هه‌موویان پێکه‌وه ڕابماڵرێن له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا. ده‌نا هیچ ڕوو نادات. ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره ئه‌وه‌یه که چۆنه وا ئیسلامی سیاسی به نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌ناسێنرێت؟ بۆچی ئێوه ئه‌م مه‌ترسیه بچووک ده‌که‌نه‌وه به‌ناوی گوایه ڕه‌خنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه؟ نه هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک جێگیره و نه هه‌موو سیاسه‌تێکیش له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکدایە، نه ئه‌مریکا شێتی چاوی کاڵی کوردستانه و نه ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتییش به‌بێ ئه‌مریکا بوونی هه‌یه، ئیتر بۆچی ئه‌م ڕاستییه له خه‌ڵکی بشاردرێته‌وه؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست