ئەمەریكا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC
Wednesday, 30/09/2009, 12:00
ئەو وڵاتانەی تا ساڵی2007 واژۆیان كردووە,بە ڕەنگی سەوز دیاریكراوە
خۆپیشاندانی كوردان لەبەردەم دادگای ئای سی سی لە یادی سۆران مامە حەمە2009
ڕۆژی17-7 بە ڕۆژی دادپەروەری لە جیهان دەناسرێت و ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان یاد دەكرێتەوە,لەم ڕۆژە پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی1998 لە دایك بوو,كە بووە سەرەتایەك بۆ پێكهێنانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی,كە بارەگاكەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە.
ساڵی1998 ئەنجومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆژەی بڕیارەكەی پەسەند كرد بە120 وڵات لەگەڵ و21 بێدەنگ و7دژ,دژەكانیش بریتی بوون لە هەریەك لەم وڵاتانە:"ئامەریكا,ئیسرائیل,چین,عراق,قەتەر,لیبیا,یەمەن".
لێرەوە بڕیارەكە بوو بە ناچاری پاش ئەوەی وڵاتی ژمارە60پەیوەست بوو پێوەی,لە11-4-2002 سەرەتا10دەوڵەت بڕیاری پەسەندكردنی بڕیارەكەیان دا,وەلێ ژمارەیان لە هەمان كۆبونەوەگەیشتە66وڵات,كە خۆی تەنها60پێویست بوو بۆ بڕیاردان لەسەری.
لە سەرتای دەست بەكار بوونی دادگاوە, داواكاری گشتی تا ئێستا لەسەر ئەو تاوانانەی لە"ئۆگەندا,كۆنگۆی دیموكراتی و ئەفریقای ناوەڕاست و دارفۆر" لێكۆڵینەوەی كردووەو دۆسەی كردۆتەوە و چەندین تاوانكاری دادگاییكردووەو بڕیاری گرتنی چەندینی دیكەشی داوە.
ئەو وڵاتانەی پەیوەست دەبن بە دادگاوە, دوای مێژووی بڕیاردان لەسەری دادگا دەسەڵاتی خۆی پیادە دەكات و هەڵوێست لە ئاست پێشێلكارییەكان دەرەبڕێت .ئەم دادگایە بە هیچ جۆرێك ناگەڕێنەوە بۆ سەر تاوانەكانی پێش مێژووی1-7-2002. ئەو وڵاتانەی پەیوەست دەبن بە دادگاكەوە لە كاتێك نەتوانن دادگایی تاوانبارانی خۆیان بكەن,دادگا بەو ئەركە هەڵدەستێت,بۆ ئەوەی تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت.
چین و هیند و ڕوسیا و ئامەریكا كە واژۆی پەممانەكەیان تاكو ئێستا نەكردووەو پەیوەست نەبوونە پێوەی ,بەردەوام ڕەخنەی لێدەگرن. دادگا لە بواری ستافی فەرمانبەران و دیاریكردنی بودجە تەواو سەربەخۆیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان ,بەڵام ڕێككەوتن لە نێوان هەردوولا هەیە.
تاكو تشرینی دووەمی2007ژمارەی پەیوەست بووان بە دادگاوە گەیشتە 105وڵات,41وڵاتی دیكەش واژۆی یاسای ڕۆمایان كردووە بەڵام تەسدیقیان نەكردووە.لە21یۆلی 2009 ژمارەی وڵاتە پەیوەستەكان بە دادگا گەیشتە110 وڵات ,ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەیمانامەكەیان واژۆ كردووە گەیشتە139وڵات.
لە وڵاتانی ئارەبی تەنها جیبۆتی و ئوردن ئەندامن لە دادگا.داواكاری گشتی دادگا لویس مۆرینۆ ئۆكامبۆی ئەرجەنتینییە و بە كۆی دەنگ هەڵبژێردرا.
لە31ئازاری 2005 دا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان دۆسیەی دارفۆری نارد بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی,هاوكات بڕیاری تایبەت دەرچوو لە ئەنجومەنەوە كە سودان و تەواوی ئەو لایەنانەی پەیوەست بە قەیرانەكەوە پابەند بن بە بڕیارەكانی دادگای تاوانی نێو نەتەوەییەوە,دادگا بڕیاری گرتنی عومەر حەسەن بەشیر و ئەحمەد هارون وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری مرۆڤایەتی و عەلی كۆشیب سەرۆكی جەنجوید دەركرد,وەلێ سودان ئامادە نەبوو كەس تەسلیم بە دادگا بكات.
فەرمانی دەستبەسەركردنی عومەر بەشیر بێوێنە بوو لە مێژووی دادگا,ئەو تاوانەی لە 2003 دەستی پێكرد بە كوشتنی نزیك300000كەس لە دارفۆرییەكان گەیشت,لە پاڵ سوتاندنی ماڵ و گوندی دارفۆرییەكان و پەلاماری ژنان و كۆیلەكردنی منداڵان "ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی ژمارەی كوژراوانی بە70000دیاریكرد,تاقیگەی بەلجیكی CRED ژمارەی قوربانیانی بە 118142 قوربانی دیاریكرد".لە 4 ی ئازاری 2009,دادگا یاداشتنامەی گرتنی عومەر بەشیری دەركرد.هاوكات لە نۆڤەمبەری2008 بڕیاری گرتنی 3لە سەرانی د,لە ناویاندا بەحر ئەبو قردە هەبوو ,كە خۆی چوو بۆ دادگا, لە شوباتی2009 شایەدی خۆیلە دادگا داو ئازاد كرا .
داواكاری گشتی سەبارەت بەو 3دارفۆرییە وتی :هەموو ئامادەن بێن بۆ دادگا,بۆیە پێویست ناكات بڕیاری گرتنیان بۆ دەربكەین,ناوی دوانەكەی دی ئاشكرا نەكراوە تاكو ئێستا.
دادگا تەنها لەو تاوانە گەورەكانی وەك"جینۆساید,تاوانی شەڕ,تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" دەكۆڵێتەوە, كە لە دوای بەرواری 1-7-2002ئەنجام درابێتن.
دادگا هەوڵدەدات بۆ كۆتایی هێنان بە ڕزگار بوونی تاوانكاران لە سزا و دادپەروەری.
زۆر وڵات لەگەڵ ئەوە بوون دادگا دەسەڵاتی جیهانی هەبێت,بەڵام بەهۆی ناڕەزایی ئامەریكا ئەم بۆچوونە هەرەسی هێنا.ئێستا سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی سنووردارە لە:
-ئەگەر تاوانكار هاووڵاتی یەكێك لە وڵاتانی ئەندام بێت"یان ئەگەر وڵاتی تاوانبار ڕازی بێت بە دادگایی كردنی".
- ئەگەر تاوانەكە لەسەر زەوی وڵاتێكی ئەندام لە دادگا ئەنجامدرا"یان ئەو وڵاتەی تاوانەكەی لەسەر ئەنجام دراوە ڕازی بێت لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكە بكرێت و تاوانكار دادگایی بكرێت".
یەكێك لەو لایەنانەی كە خاڵی لاوازی دادگای نێونەتەوەیی تاوانباران ناسراو بە ئای سی سی ئەوەیە, ئامەریكا دانی پێدا نەناوە تاكو ئێستا, ئەم دادگایە وەك ناسراوە بە دادگای دادپەروەری لە جیهاندا,ئەمڕۆ ڕۆڵی زۆر گەورە دەگێڕێت بۆ پێشگرتن بە ئەنجامدانی پێشێلكارییە گەورەكان لە جیهاندا,بە تایبەت تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ و تاوانی ژینۆساید,دان نەنانی ئەمەریكا بە دادگاكە لەگەڵ چەند گەورە زلهێزێكی وەك چین و هیند و ڕوسیا لە هەیبەتی دادگاكەی كەمكردۆتەوەو لاواز نیشانی دەدات,وەلێ وەك پڕۆژەیەكی دادپەروەری لە جیهاندا دان نەنانی ئەو وڵاتانە پێی نەیتوانیوە لە هەیبەت و قورسایی و ڕەوایی كەمبكاتەوە, مرۆڤایەتی هەمیشە بۆ ڕێگرتن لە دوبارە بوونەوەی تاوانە گەورەكان و بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤایەتی لە ژیانی مرۆڤەكان بە تایبەت نەتەوە بندەستەكان ڕەوایی دەدات بەو دادگاییە.
ئامەریكا و دادگا و پێشینەی مێژووی لە گەڵیدا ئەمەریكا هەموو كات لە هەوڵوێستەكانی دوو لایەنە بووە, بەرژەوەندی لە كوێ بووبێت ئامادە بووە,ئیتر گوێی بە دادپەروەری و ڕەوایی نەداوە , پشتیوانی لە دەست بەكار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە یۆغسلاڤیا و ڕواندای كردووە لە ساڵەكانی"1993,1994"دا,هەروەها دادگای نیمچە نێو دەوڵەتی بۆ سیرالیۆن"2000" و كەمبۆدیا"2003" و لبنان"2006",بەڵام بەهەموو شێوەیەك بەرەو ڕووی ئای سی سی وەستاوەتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی كلنتۆن بەشداربوون لەو دانوساندنانەی كە بە ڕێككەوتن گەیشت لەسەر قانوونی بنچینەیی پەیماننامەی ڕۆما,ئەو پەیمانامە نێو دەوڵەتیەی لەسەر بنچینەی پەسەندكردنی لە ساڵی 1998دا ,دواتر دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی دامەزرا.
ئامەریكا دەیەویست بە هەمواركردنی پەیمانامەكەوە پەیوەست بێت بە دادگاكەوە,بەڵام نەیانتوانی قەناعەت بە وڵاتانی دیكە بهێنێت بۆ هەمواركردنی بەرنامەی دادگا تاكو ببێتە ئەندام تیایدا,بەهۆی ترسی دەزگای سەربازی ئامەریكا"پنتاگۆن" لە دادگایی بارگاوی بە سیاسەت,بەرۆك بە هاوڵاتیانی بگرێت .
ئامەریكا لە ڕۆژی كۆتایی وادەی واژۆكردندا لە 31-12-2000دا ,واژۆی لەسەر یاسای ڕۆما كرد,هاوكات نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند كە پەیمانامەكە زۆر خاڵی زیاندار بۆ ئەو و كەلەبەری گەورەی تێدایە,سەرۆك كلنتۆن وتی:خۆم ,هەروەها ئەو سەرۆكانەی لە دوای من دێن ڕێنوێنیان ناكەم ئەم رَێككەوتنامەیە پێشكەش بە ئەنجومەنی پیران بكات بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە,تاكو ئەو خاڵانەی جێگای گومانی ئێمەن لانەبردرێن.
كلنتۆن پێش3هەفتە لە دەرچوونی لە كۆشكی سپی ,لە دوا ڕۆژی دیاریكراو بۆ واژۆكردنی پەیماننامەكە لە بەرواری31-12-2000 پەیماننامەكەی واژۆ كرد و وتی :ئامانج لە واژۆكردن قەت بەمانای ئەوە نییە پابەند بین بە پەیممانامەكەوە یان پەیوەست بین پێوەی, لە درێژەی قسەكانیدا وتی :ئامۆژگاریم بۆ جێگیرەوەم ئەوەیە پەیممانامەكە نە نێرێت بۆ ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەری و پەسەندكردنی.
لە بەرواری 6-5-2002 ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە فەرمی ڕایگەیاند, ئامەریكا بە فەرمی ڕایگەیاندووە نایەوێت بەشێك بێت لە دادگاكە,هەروەها هیچ ئیلتزامێكی یاسای بە واژۆكردنی لە 31-12-2000ناكات,بەمەش بڕیاری پاشگەزبوونەوەی دا لە واژۆكردنی پەیمانامەكە.
ئامەریكا لە گەڵ ئەوەدایە دادگا لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا بێت,بۆ ئەوەی هەر كاتێك ویستی ڤیتۆ لە دژی بڕیار و كارەكانی بەكار بهێنێت و بكەوێتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە ,لە بەرواری6-5-2002 ەوە ئامەریكا هەوڵوێستی نەیارانەی لەسەر دادگاكە وەرگرت, پاش ئەوەی بە فەرمی واژۆكردنەوەكەی ڕەتكردەوە.ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوكاتی ئامەریكا دوای پاشەكشەكردنی ئامەریكا لە دادگا وتی: دادگا شەرعییەتی نییە.تەنانەت هەڕەشەی تەداخولی سەربازی كرد دژ بە هەر وڵاتێك هاووڵاتیانی تەسلیم بە دادگا بكەن.هەروەها پەیماننامەی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان بەست بۆ پێشگرتن لە تەسلیمكردنی هاووڵاتیانی بە دادگا,تەنانەت لە ساڵی2004 یاسایەكی دەركرد بە ناوی نزركت قەدەغەی كرد هاوكاری ناسراو بەیوسید پێشكەش بەو وڵاتانە بكات كە پەیممانامەی دوو قۆڵی لەگەڵ واژۆ ناكەن سەبارەت بە تەسلیم نەكردنی هاووڵاتیانی بە دادگا.
لە ساڵی 2002,كۆنگرێسی ئەمەریكی بڕیاری لەسەر یاسایەك دا بەناوی پەلاماری لاهای, بە پێی ئەو یاسایە سەربازانی ئەمەریكی دەپارێزێت لە بەرامبەر لێپرسینەوەی ئەم دادگاییە.هەروەها بە پێی هەمان یاسا یاساغیكرد فەرمانبەرانی دەوڵەتی هاوكاری دادگای نیونەتەوەیی تاوان بكەن كە بە "یاسای پەلاماری لاهای ناسراوە".بە پێی ئەو یاسایە هەموو مافێك دەدرێتە سەرۆك هەر ڕێگایەك بگرێتە بەر بۆ ئازادكردنی هەر هاووڵاتییەكی ئەمەریكی یان هەر كەسێك لە هاوكارانی ئامەریكا گلبدرێتەوە یان زیندانی بكرێت لە لایەن دادگای ناوبراوەوە یان بە فەرمانی ئەو دەست بەسەر یان زیندانی بێت.
بۆش یاسای پاراستنی تاكەكانی سەربازی ئەمەریكی واژۆ كرد,كە ڕەخنە بوو لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی,هەروەها هەڕەشەی بڕینی هاوكاری هەموو ئەوانەی كرد كە هاوكاری دادگا دەكەن دژ بە هاووڵاتیانی.
هەڵوێستی ئێستای ئامەریكا سەبارەت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ئیدارەی بۆش كەوتە بەر ڕەخنەی توند سەبارەت بە هەڵوێستی دژایەتیانەی بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە سەروبەندی چوار ساڵی یەكەمی دەسەڵاتیدا,هەرچەندە تەحەفوزاتی وڵاتە یەكگرتووەكان لەسەر دادگای ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بۆش و بە دیاریكراوی لە سەردەمی كیلنتۆنەوە دەستی پێكرد,چاوەڕان دەكرێت لەسەردەمی سەرۆك باراك ئۆباما و دوای ئەم چوار ساڵەش بەردەوام بێت. وەلێ گۆڕانكارییەكە لەوەدایە پێشبینی دەكرێت ئیدارەی ئۆباما لە هەڵوێست و مامەڵەكردنیدا نەرمتر بێت لەبەرامبەر دادگاییەكە و نیشانەی پشتیوانی بێ واژۆكردن بدات بە دەستەوە ,وەلێ بۆ پەیوەست بوون پێوەی پێشبینی ئەوە ناكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوو بێتە دی و ئامەریكا ببێتەبەشێك لە دادگاییەكە. زۆر هۆی ناوخۆیی لە ئارادایە بۆ ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان پەیوەست نەبێت بە دادگاكەوە گرنگترینیان بریتییە لە دژایەتیكردنی كۆنگرێس بۆ ئەو دادگاییە,ئیدارەی ئۆباما لە بارودۆخی پڕ لە قەیران و تەنگژەی سیاسی ,ئابووری,كۆمەڵایەتی ئێستادا ناتوانێت دەست بۆ ئەو شەڕە ببات بە تایبەت لە گەڵ پنتاگۆن و كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و هەواڵگری و..... هاوكات دەزگا سەربازییەكان وەكو پێشوو نەیارن بۆ دان نان بەو دادگاییە لە لایەن وڵاتە یەكگرتووەكانەوە, بە تایبەت ئێستا وڵاتە یەكگرتووەكان هێزی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەكان هەیە بە تایبەت لە هەردوو وڵاتی "ئێراق و ئەفغانستان"ئەگەری زۆرە بكەوێتە بەر تۆمەتباركردن بە ئەنجامدانی پێشێلكاری و لێپرسینەوەو دادگاییكردن,كاتێك خۆی و ئەو وڵاتانە واژۆی پەیمانامەكە بكەن!.
كاتی خۆی لە لایەن ئەندامانی پارتی كۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران,تەنانەت لە لایەن زۆر لە ئەندامانی لیستی دیموكرات لە ئەنجومەنی پیران,لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی پیران خاتوو هیلاری كیلنتۆن دژایەتی واژۆكردنی ئەم پەیمانامەیە كرا.وەلێ با بزانین ئێستا خاتوو هیلاری كلنتۆن سەبارەت بە پەیوەست نەبوونی ئامەریكا بە دادگاكەوە چی دەڵێت, هیلاری كلنتۆن لە كینیا وتی:هەست بە داخ و كەسەرێكی قول دەكەین بە هۆی ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان ئەندام نییە لە دادگای تاوانبارانی نێو نەتەوەیی كە دا مەزرا بۆ دادگایی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژییەكان و تاوانەكانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی".پابەند نەبوون بە دادگای نێو دەوڵەتی تاوانباران لە لایەن ئامەریكاوە لە ڕاستیدا كەسەرێكی گەورەیە بۆ ئامەریكا كە پابەند نەبێت بە دادپەروەری نێو نەتەوەییەوە,كە خۆی بە پارێزەری دادپەروەری لەجیهاندا دەزانێت.هاوكات هەڵوێستی نەگەتیفی ئامەریكا دەردەخات بەرامبەر بە دەزگا نێو دەوڵەتییەكان.
ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگەی هیلاری كلنتۆنەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 6-8- 2009 لە شاری نایرۆبی پایتەختی كینیاوە,لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا, لێدوانێكی دا بە قازانجی دادگای نابراو ,لە لێدوانەكەیدا وەك بینیمان خاتوو هیلاری كلنتۆن نیگەرانی خۆی دەربڕی كە ئامەریكا تاكو ئێستا بەشێك نییە لەو دادگاییە. ئەمە لە كاتێكدا بوو حكوومەتی نایروبی ڕایگەیاند ویستیان هەیە تاوانبارانی خۆپیشاندانەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی كینیا كە زۆر پێشێلكاری گەورەی لێبوەوە لە دادگای ئای سی سی دادگایی بكرێن.
لێدوانەكەی هیلاری كلنتۆن سەبارەت بە دادگا نەرمتر لە پێشووتر خۆی دەنوێنێت و نیشانەی پۆزەتیفی تێدایە بۆ دواڕۆژی دادگاكە,ئیدارەی بۆش نەیاری خۆی بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان نا شاردەوە,وەلێ هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئۆباما زۆر جیاوازە لەو هەڵوێستە توندڕەوانەی ئیدارەی بۆش. لێ مەرج نییە ئەم ئیدارەیەش پشتیوانی لە كار و چالاكی زۆر لەو ڕێكخراوانە بكات,بەڵام بە قازانجی سومعەی ئامەریكا تەواو دەبێت و هەڵوێستەكانی بەرامبەر بە كار و چالاكی بەشێكیان دەگۆڕێت و پێگەیان بەهێز دەكات بە تایبەت ئای سی سی , كە ڕاستەوخۆ ئێستا لایەنە لەكێشە مەتریسادارە نێو نەتەوەییەكان.
لەمەش زیاتر ئیدارەی ئۆباما بڕیاری داوە ساڵی داهاتوو لە كۆنگرەی ئای سی سی بەشداری بكات,ئەمەش بۆخۆی هەنگاوێكی باشە و پێگەی ئەم دادگاییە بەهێزتر دەكات ,سەرۆكانی پێشووتر ڕەتی ئەوەیان دەكردەوە نەك بەشداری كۆنگرەی ساڵانەكانی بكەن بگرە پشتیوانیشی بكەن و نایانەویست ڕەوایەتی پێ ببەخشن,ئەمەش هێما و نیشانەی باشە و ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت هەنگاونان بێت بۆ پەیوەست بوون بە دادگاكەوە لە ماوەی درێژخایەنی ئایندە.
بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە ,ئیدارەی ئۆباما پێویستی بەوە هەیە قەناعەت بە دەزگای سەربازی بهێنێت بۆ پەیوەست بون بە دادگاكەوە,ئەویش پاش ئەوەی ئەو پێشنیارانەی ئیدارەی بۆش و كلنتۆن پێشكەشیان كرد بۆ هەموار كردنی دادگا,پێش ئەنجامدانی ئەو هەموار كردنە 67 سەناتۆر بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی ناكەن لەو هەوڵە,ئەمەش بۆ خۆی دەربڕی ئەوەیە پەیوەست بوون بە دادگا لە توانای ئیدارەی ئۆباما نییە بە تەنها,بە زۆر تەلبەند دەورە دراوە.
ئیدارەی ئۆباما دەتوانێت بێ پەیوەست بوون بە دادگاكەوە ,هاوكار بێت وەك بەشداریكردن لە دەزگای بەڕێوەبردن,هاوكاری سیخوڕی و دیبلۆماسی و پشتیوانی سیاسی و لۆجیستیكی و دارایی پێشكەشی بكات.هەرچەندە دادگا زۆر پێویستی بە پەیوەست بوونی ئامەریكا و پشتیوانی ئەو هەیە بەڵام زۆر لە ئەندامەكانی بەرگری دەكەن لە ئەنجامدانی ئەو چاكسازیانەی ئامەریكا دەیەوێت,بۆ ئەوی وا نیشان بدەن ناكەونە ژێر پاڵەپەستۆی ئامەریكاوە.
لە سەردەمی سەرۆك بۆشدا,كاتێك دۆسیەی دارفۆر بووە ڕۆژەڤی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلكاریانەی حكوومەتی عومەر بەشیر ئەنجامی دا لەو هەرێمە,ئامەریكا هەڵوێستێكی دیكەی وەرگرت و بڕیاری پشتیوانی و كۆمەكی داواكاری گشتی دۆسیەكەی دا.تەنانەت كار گەیشتە سەر ئەوەی كۆندەلیزا ڕایس هەڕەشەی بەكار هێنانی ڤیتۆی كرد دژ بە هەوڵی وڵاتانی چین و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش, كە دەیانەویست ڕێگربن لەبەردەم دەرچوونی بڕیار سەبارەت بە عومەر بەشیر.كەواتە هەموو كات ئامەریكا دوو فاقیانە هەوڵوێستی وەرگرتووە,تەنانەت لەو سەردەمەی بە تەواوی دادگای ڕەتكردۆتەوە,وەلێ كە بڕیارێك جووت بووبێت لە گەڵ بەرژەوەندییەكانی چاوی لە ئاست هەڵوێستەكانی پێشتری نووقاندووە.
ئێراق و واژۆ كردنی پەیمانامەكە واژۆكردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ئەهمیەتێكی زۆری بۆ سەر دواڕۆژی كورد لەم وڵاتە هەیە,گرنتی زامنی دوبارە نەبوونەوەی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگە لە هەمبەری,لە كاتێكدا كورد بە زۆر پۆستی گەورە بەشدارە لە دەسەڵاتدارییەتی دەبوایە لەم ئاستەیا هەنگاوی هەڵبهێنایە,"هەرچەندە ئێراق لە بەرواری15-2-2005 پەیوەست بووە بە پەیماننامەكەوە,پاشان بێ هێچ ڕونكردنەوەیەك پەشیمان بۆتەوە",من گرنگترین هۆكار بۆ واژۆ نەكردنی ئەم پەیماننامەیە بۆ 3 خاڵ دەگەڕێنمەوە:
1-بوونی ئامەریكا لە ئێراق,ئەمە بەهێزترین خاڵە,ئەگەر ئێراق ئەم پەیمانامەیە واژۆ بكات ڕاستەوخۆ لە كاتی پێشێلكاریدا دادگا دەبێتە تەرەف بەرامبەر بە پێشێلكاری وڵاتی داگیر كەر و ئەندامانی هێزی ئامەریكا ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن دادگایی دەكات,دیارە ئەمەریكا لە دادگایی ئەندامەكانی و سزا دانیانییەوە باكی نییە,بەڵكە لە بڕیارەكانی دادگا دەترسێت بە سزا دانی هاووڵاتیانی بە تاوانە گەورەكان.
2-نەزانینی گرنگی دادگاكە و نزمی ئاستی هوشیاری و هەست نەكردن بە ڕۆڵی ئەم دادگاییە لە لایەن بەرپرسانەوە.
3-مانی ڕوحی شەڕخوازی لە ناو دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست .
لە كۆتاییدا هیوادارم پاڵەپەستۆیەكی وا پێك بهێنرێت لە لایەن كەسوكاری قوربانیان و پارت و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەسەڵاتدارانی كورد وئێراقی ناچار بكەن ئەم پەیماننامەیە واژۆ بكەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست