کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، ئابڕوویه‌کی تکاو. شه‌رمێکی مێژوویی. سه‌ره‌ی مردنیه‌تی

Monday, 02/05/2011, 12:00


یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌ناو باهۆزی ڕاماڵین و ئاشبه‌تاڵ و داخوران و داڕوخانی، هه‌وڵی ئه‌ستاندنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردا، له‌داك بوو. ئه‌و ده‌مه‌، هێشتا نوزه‌ی چه‌کداره‌ به‌جێماوه‌کانی پارتی و په‌شیمانه‌کانی پاش جه‌لالیه‌ت، به‌ئاسته‌م مابوو. کۆمه‌ڵه‌، له‌سه‌ره‌تای هه‌ڕه‌تی فراوانبوونیدابوو. ئیدی، بڕوای لاوه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌کان و خوێنده‌واره‌ بێ ئه‌زمو‌نه‌کان، له‌ژێر کاریگه‌ری باهۆزی چینایه‌تیدا، که‌نه‌یانده‌زانی داخۆ ئه‌نجامه‌که‌ی به‌کوێ ده‌گات و له‌پێناوی چیدایه‌ و به‌ره‌و کوێ هه‌ڵی کردووه‌ و به‌ره‌و کوێیان ده‌بات، له‌وپه‌ڕی لوتکه‌ی باوه‌ڕبوون به‌خۆوه‌، له‌ناو بازنه‌یه‌کی شه‌ته‌کدراودا، کۆکرانه‌وه‌ و یه‌کێتییان پێ خوساند.
کات و سه‌رده‌م گۆڕان و حکومه‌تی عێراق، به‌هه‌ڵگری بارگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌ب و به‌باخه‌ڵی گه‌رمی پڕ له‌دیناره‌وه‌، خۆی توڕدایه‌ نێوان به‌رداشی شه‌ڕێکی نه‌خشه‌بۆکێشراوه‌وه‌. ئالێره‌وه‌، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، هه‌لی فراوانبوون و خۆقایمکردن و هه‌ڵکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناو له‌ هێرشێکی پێچه‌وانه‌ی به‌ره‌ی جوودی ئه‌وکاتیشدا، بووه‌ تاکه‌ ده‌مڕاستی ناوچه‌یه‌کی فراوان.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌به‌رده‌م مه‌رقه‌دی به‌هه‌شتی زه‌هرا و کلیله‌ گوڵینه‌که‌ی ئیمامی سیانزه‌یه‌می شیعه‌کاندا، له‌ساڵی 1986 دا، له‌گه‌ڵ پارتیدا ڕێكکه‌وت و سوپا تۆقیوه،‌ خه‌سیوه‌، دابه‌سته‌که‌ی پارتی هێنایه‌وه‌ بۆناو ئه‌وخاکه‌ی که‌ به‌دوربینیش نه‌یده‌توانی چاوی لێ بکات.
یه‌کێتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئه‌وکاتی، مژده‌ی جوتبوونی شۆڕشگێڕ و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردیان له‌ناو به‌ره‌ی کوردستانیدا، گه‌یانده‌ گوێی هه‌مووان. هه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ی که‌ پاش ساڵی 1991 بووه‌ سه‌رچاوه‌ی تاڵان و کوشتن و فه‌سادی ئیجتیماعی و ئیداری کوردستان و سه‌ره‌تایه‌ك له‌ گه‌نده‌ڵی به‌دیاری بۆ خه‌ڵکی کورد هێنا.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌پاش شه‌ڕی 1993-1994 دا، که‌ده‌ستی پێکرد، بووه‌ حاکم و ده‌مڕاستی زۆربه‌ی خاك و خه‌ڵکی کوردستان، لێ دیسان نه‌هاتی بوو و به‌هۆی تێکه‌ڵی زۆری له‌گه‌ڵ ئێراندا و له‌ڕێگای سه‌رۆکه‌که‌ی ئێستایه‌وه‌، نه‌یتوانی دڵی ئه‌مریکا له‌خۆی ڕازی بکات و به‌هاوکاری ده‌بابه‌کانی سه‌ددام و هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌، به‌داواکاری و ڕێکه‌وتنی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا با‌رزانی، له‌ 31 ی ئابی ساڵی 1996 دا، سنوره‌که‌یان که‌م کرده‌وه‌ و له‌ کوردستان و ده‌سه‌ڵات دووریان خسته‌وه‌.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، پاش هاتنه‌وه‌شی له‌ ناوچه‌یه‌کی بچوکی یه‌ك شاره‌وانیدا، حکومه‌تی پێك هێناو و پاشان له‌ ساڵی 2003 دا به‌یه‌که‌وه‌، له‌گه‌ڵ پارتیدا، ڕێکه‌وتنێکی ستراتیژییان ئیمزاکرد و چوونه‌ به‌غداد.
ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌، سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و لێکترازان و بێمتمانه‌یی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی بوو. چونکه‌، ئه‌ندامه‌ باڵاکانی حیزب، به‌هاوکاری خزم و که‌س و کاره‌که‌یان، ده‌ستیانکرد به‌ ماشینه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان. له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌ی یاوه‌ریدا، ئه‌وه‌ی پێیانکرا کردیان. ئه‌مانه‌، به‌ پاره‌ و پول و نه‌وت و کانی خه‌ڵوز و زه‌وی کشتوکاڵی و کارگه‌ و کارخانه‌ و پاره‌ی گومرگ و کاره‌بایشه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و هاوینه‌هه‌واره‌کانیشیان داگیرکرد. زۆربه‌ی له‌وه‌ڕگا و دارستانه‌کانیان کرده‌ موڵکی خۆیان. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی لادێکان ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌، تێکیاندان و کردیانه‌ موڵکی خۆیان. هیچیان نه‌هێشت. باوه‌ڕ بکه‌ن ته‌نانه‌ت هه‌ر هیچ.
ئیبراهیم زه‌بۆکه‌کانی ناو یه‌کێتی، سیسته‌می بوونه‌ چه‌کدار و به‌موچه‌خۆرکردنی خه‌ڵکیان له‌ناو سوپایه‌ك ده‌ستوپێسپی و خه‌سیوی خه‌ڵکدا، کۆکرده‌وه‌. زۆربه‌یان کرده‌ چه‌کدار. کردیاننه‌ موچه‌خۆری بێ به‌رهه‌م. ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر کاتێکدا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ یان ناڕازیبن، نانیان ببڕن، که‌ بڕییان.
پڕ به‌یه‌ك دنیا و به‌شی هه‌موو ووڵاتی چینیان ئیعلام دانا. هه‌رچی هۆش و هۆشیاری و زانیاری هه‌یه‌، له‌خه‌ڵکیان سه‌نده‌وه‌ و به‌ ڕۆشنبیری حیزب، ڕه‌نگاندیان. ته‌نانه‌ت، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و قاره‌مانێتییه‌کانی مسته‌فا بارزانییان خسته‌ ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌.
چه‌ندێك توانییان، به‌ته‌واوی وه‌سائیله‌کانی ده‌ستیان، گه‌نج و لاوانی کوردیان له‌نیشتیمان وه‌ده‌رنا و ئاواڵه‌ی شاران و وڵاتانیان کردن. ئیدی خۆیان و کوڕ و کوڕه‌زا و خوشك و خوشکه‌زا و زاکانی دیکه‌یان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کاندا مانه‌وه‌.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، به‌ خه‌ونی بوون به‌سه‌رۆکی عێراقه‌وه‌ و له‌ناوئاخنی کورسییه‌کی ته‌شریفاتیدا، لاف و گه‌زافی لێ ئه‌دا و سه‌رچۆپی به‌ سه‌ربڕینی مه‌ڕ ده‌گرت. لێ کاتێکی زانی، ده‌ستی له‌هه‌مانه‌که‌یه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و به‌ره‌و خه‌ره‌ند مل ده‌نێت و چڵه‌پوشێکیش نییه‌ تاکو خۆی پێ بگیرسێنێته‌وه‌.
هه‌نوکه‌، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، ده‌یه‌وێت، ئابڕووی تکاوی خۆی، به‌ سلێمان عه‌بدوڵا یونسه‌کان و شێخ جه‌عفه‌ری ئه‌ڵڵاخۆر و سیاسییه‌ شه‌رمنه‌کانی، چاك بکاته‌وه‌.
ده‌بوو، له‌ 17 ی شوباتدا، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، واز له‌حکومه‌ت بهێنێت و هه‌وڵی ته‌واوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ بدات، که‌خۆی شه‌ریکه‌ به‌شیه‌تی.
ده‌بوو، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌و هه‌ڵه‌نگوتن و خلیسکانه‌ی پێشووی ئه‌زمونی وه‌ربگرتایه‌ و بچوایه‌ته‌ ڕیزی ئۆپۆزسیۆن و ببووایه‌ به‌به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران.
ده‌بوایه‌، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، داوای لێبوردنی له‌خه‌ڵك بکردایه‌ و کۆی به‌رپرس و گه‌نده‌ڵکارانی بدایه‌ته‌ دادگا.
ده‌بووایه‌، ئیدی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، ته‌حه‌مولی سڕینی ئاره‌قی به‌زیوی نه‌کات و پێشبڕکێی ڕاستگۆیانه‌ی بکردایه‌. به‌ڵام، ئایا، ئیدی یه‌کێتی، ئه‌وه‌ ده‌هێنێت؟. بایی ئه‌وه‌ی تێدا ماوه‌؟. ده‌کارێت هه‌ناسه‌ بدات؟. باوه‌ڕ ناکه‌م تازه‌ به‌تازه‌ یه‌کێتی گه‌نجبێته‌وه‌!. ئیدی پیر بوو. وه‌کو مامه‌ سه‌ره‌ی مردنییه‌تی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە