مەسعود منەتی چیمان بەسەردا دەكات؟
Sunday, 30/05/2010, 12:00
هیچ كاتێك بەقەد ئەمجارە پارتی و مەسعود تێكنەشكاوە، لەدوای تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەدەستی پارتی و بنەماڵەی مەسعود، خەڵك نە بەسەرۆكی هەرێمی خۆیانی دەزانن، نە ئیتر هەڕەشەو گوڕەشەكانی خەڵك دەترسێنێ، مەسعود بەسێ قۆناغ كەوتە قسەكردن، تاكە ئامانجیش لەهەر سێ قۆناغەكە ئەوەیە داوا لەمیدیای ئەهلی دەكات مەسەلەی سەردەشت كۆتایی پێبێنن.
لەیەكەم كاردانەوەی مەسعود/دا بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی دەركرد جگە لەهەڕەشەكردن لەمیدیای ئەهلی و هەڕەشە لەكاك نەوشیروان هیچی تری تێدا بەدینەكرا، مەكتەبی سیاسی پارتی ویستی بەم بەیاننامە هەڕەشە ئامێزە چۆك بەو ناڕەزاییەی میدیای ئەهلی و قەڵەمە ئازادەكانی ئەم هەرێمە دابدات بەڵام نەك هەر چۆكی پێدانەدان بەڵكو ئاگرەكەی خۆشتر كردو بەتەواوی سەلماندی كە بكوژی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە پارتی و پاراستنن.
دواتر بەناوی خۆیەوە بەیاننامەیەكی دەركرد كە ئەویش بەهەمان نەفەسی شەڕی براكوژی و كوێخایەتی و خاوەن هەموانەوە نووسیبووی، هەر كەس گوێی لەم بەیاننامەی مەسعود دەبوو هێندەی تر توڕە دەبوو بەرامبەر بەمەسعود مەلا مستەفا، بەیاننامەكەی مەسعود جگە لەهەڵچوون هیچی تر نەبوو، بەهەمان شێوەی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی، ئازاری مەسعود لەو بەیاننامەدا دەبینرا كە نەك ناڕەزایی ناوخۆ بەڵكو ناڕەزایی دەرەكی سەری كردۆتە سەر مەسعود داوای لێدەكەن پارتی و بنەماڵەكەی بۆ گەنجێكی رۆژنامەنووسیان كوشت.
قۆناغی سێیەمی ئەو هەڕەشەیە رۆژی 29/5 لەناو پەرلەمانی كوردستان و لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا بوو، بەئاشكرا بەمیدیای ئەهلی و بەئۆپۆزیسیۆنی وت كە ئێوە هاتوون وەزعێكتان قۆستۆتەوە بۆ مەرامی سیاسی.
لێرەوە دەست بەتەتەڵەكردنی ئەو وتارە بێسەروو بەرەیەی مەسعود دەكەم:
یەكەم: مەسعود لەوتارەكەیدا وتی: ئێستا وەزعێك هاتۆتە ئاراوە كە هێزو توانامان لەمەساری خۆی لاببات و ئامانجەكانمان لەبەرچاو ونبكات، منیش دەڵێم: ئەو وەزعە مەسعود و پارتی دروستی كردووە و لەوكاتەوە لەمەساری خۆی لایداوە كە ئێوە دەستان بەسەر گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا گرت و لەئێستاشدا بەدەیان تەنكەر نەوت ئاودیو دەكەن و سامانی ئەم وڵاتەتان بەتاڵان بردووە بۆ خۆتان.
دووەم: مەسعود وتی: خەبات و تێكۆشانی ئێمە بۆ سەربەستی و ئازادی بوو بۆ ئەوە بووە كە ئێمە خاوەن ئیرادەی خۆمان بین و كەرامەتی مرۆڤی كورد پارێزراو بێت، كەواتە چ سوودی هەیە تەسویرێكی ناشرین لەهرێم و كەسایەتی مرۆڤی كورد پیشانی خەڵكی دنیا بدەین، منیش دەڵێم: ئێوە خەباتتان نەكردووە، كوڕی ئەم میللەتە خەباتی كردووە بۆ سەربەستی و ئازادی بەڵام كوڕی ئەم میللەتە لەو سەربەستی و ئازادییەی نەخوارد، ئێوە ئەو كاتە كەرامەتی مرۆڤی كوردتتان شێواند كە دەبابەی سەدام لە31ی ئاب بۆ هەولێرو دەبابەی توركیاتان هێنایە خاكی كوردستانەوە، بۆیە لەناوخۆی ئەم هەرێمە گوێتان لێنەگرتین، كاتی ئەوە هاتووە پەنا بەرینە بەر دنیای دەرەوە وەك سەردەمی هەشتاكان كە لەدژی بەعس پەیڕەومان دەكرد.
سێیەم: مەسعود وتی: ئەوەی ئێستا بەناوی ئازادییەوە دەكرێت ئازادی نییە، ئەمە فەوزایە خەریكە رەوشی كوردایەتی و مرۆڤایەتی تێكدەچێت. منیش دەڵێم: لای جەنابی مەسعود ئازادی ئەو پیاهەڵدانەیە كە جاش قەڵەمەكانی لەناو رۆژنامە رووزەردەكانی هەولێرو خەبات،دا، بە هەیكەل و شان و شەوكەتیا هەڵدەدەن، تا مەسعود نەكەوتە بەر قەڵەمە بوێرەكانی رۆژنامەنووسان نقەی لێوە نەهات بەڵام ئێستا كە خۆی بووەتە مەبەست لای رۆژنامەنووسان و هەموو فەسادییەك لەچاوی ئەودا دەبینن ئیتر بووە بەفەوزا، ئەرێ مەسعود پێمان ناڵێیت بۆ رەوشی كوردایەتی و مرۆڤایەتی تێكدەچێت ئەگەر داوای ئاشكراكردنی بكوژی سەردەشت بكەین، ئەی بۆ رەوشی كوردایەتی تێكەنەچوو هەزاران كەستان لەزیندانی ئاكرێدا پارچە پارچە كرد.
چوارەم: مەسعود وتی: ئەمە ئازادی نییە، ئەمە خراپ بەكارهێنانی ئەو كەشە ئازادیەیە كە بەتێكۆشانی هەموو لایەك هاتۆتە ئاراوە، نابێت چیتر ئەمە قبوڵ بكرێت، منیش دەڵێم: بەرلە هەموو شتێك هەر كەسێك لەوانەی دەنگی ناڕەزاییان بەرزكردۆتەوە دژی شەهیدكردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانن، بەقەد بنەماڵەكەی مەسعود تێكۆشاون لەكوردستان و بەشی زۆریان یان باوك یان برایەكیان شەهید كراوە، لەكاتێكدا مەسعود نە باوكی شەهید بووەو نە براكەشی تا منەتمان بەسەردا بكات، ئیتر مەسعود بەچ هێزێكی مەعنەوییەوە ئەمە قبوڵ ناكات، ئەو هێزە عەسكەرییەشی كە هەڕەشەی پێدەكات بۆ پێش ساڵی 2003 دەگونجا بەڵام ئێستا عێراق زۆر گۆڕاوە و بەدڵی ئەوان میلەكەی ناسوڕێت.
پێنجەم: مەسعود دەڵێت: هەندێجار زێدەڕۆیی دەگاتە ئەو حەددەی كەسوكایەتی بەئاینی ئیسلام بكرێت، منیش دەڵێم: لێرەدا مەسعود دەیەوێت هەموو رووداوەكان تێكەڵ بەیەك بكات، دەیەوێت میدیای ئەهلی بەوە تۆمەتبار بكات كە سوكایەتی بەئاینی ئسلام دەكات، ئەگەر مەسعود مەبەستی ئەو هەڵایەیە كە لەسەر شیعرێك بڵاوبۆوە لەگۆڤاری وێران، ئەوە نە میدیای ئەهلییە و نە پەیوەندی بەمیدیای ئەهلییەوە هەیە، بەڵكو ئەوە یەكێكە لەپیاوەكانی خۆت و بودجەی ئەو گۆڤارەش لە گیرفانی بنەماڵەت دەردەچێت بۆیە واز لەو چەواشەكارییە بێنە باشترە.
شەشەم: مەسعود لەبڕگەی كۆتایی وتارەكەیدا وتی: بۆ من جێگەی شانازییە كە توانیومە متمانەی 70%ی گەلی كورد بەدەستبهێنم، منیش دەڵێم: هەموو كەس بە جاش قەڵەمەكانی پارتیشەوە چاك دەزانن كە چۆن بەتەزویر ئەو رێژەیەت بەدەست هێناوە، بۆیە تۆ كەسێكی شەرعی نیت و بۆشت نییە بەناوی تەواوی خەڵكەوە قسە بكەیت.
حەوتەم: مەسعود وتی: من پشتبەستن بەو شەرعیەتەی میلەتەكەم ماف و ئازادی هاووڵاتیان دەپارێزم و رێگە بەكەس نادەم یاری بەئاسایشی هەرێم بكات، منیش دەڵێم: باواز لەوە بێنین كە مەسعود شەرعی نیە، وامان دانا شەرعییە و رێگە نادات یاری بەئاسایشی هەرێم بكرێت، كەواتە لەمڕۆوە، یەك فرۆكەی توركیا خاكی هەرێم نابەزێنێت، كەواتە لەم رۆوە یەك تۆپی ئێران لادێكانی كوردستان وێران ناكات، كەواتە لەمڕۆوە یەك پاسدار شوانی كورد بەرشەق نادات، كەواتە لەمڕۆوە لەجەلەولاو خانەقین و كەركوك سوپای عێراق ئیهانەی كورد ناكات، دەی چاوەڕوانین سەرۆك پایەدار بی رێگە مەدە یاری بەئاسایشی هەرێم بكرێت.
ئەوەی كەمایەوە سەرو دڵی مەسعودی پێبگرم ئەوەیە، پێش ئەوەی مەسعود بچێتە پەرلەمان وابڵاوكرایەوە كە باسی سەفەرەكەی توركیا بۆ پەرلەمانتاران دەكات كە راسپاردەو پێشنیازیان چییە و بۆ سەفەر دەكات، بەڵام سێ بەشی وتارەكەی بۆ گیانی میدیای ئەهلی و ئۆپۆزیسیۆن بوو، بەر لەوەی بچێتە پەرلەمان لەدڵی خۆمدا وتم دیارە زەمەن گۆڕاوە لەكەیەوە مەسعود فێری ئەوە بووە بەر لەسەفەر بۆ دەرەوە باسی سەفەرەكانی بكات، چونكە ئەو دەیان دەوڵەت گەڕا، نەك وەفدی حكومی نەبوو، بەڵكو وەفدی بنەماڵەیی بووە، بۆیە مەبەستەكەی مەسعود روونكردەوە بوو كە بڵێت میدیای ئەهلی قسەكردن بەسە لەسەر سەردەشت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست