ئەمساڵ بەهاری شکست بوو بۆ پارتی و بنەماڵە
Thursday, 01/11/2012, 12:00
لەم ساڵدا پارتی و بنەماڵە تووشی چەندین شکستی یەک لەدوای یەک بوونەوە، هەربۆیە لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بەشکستەکانی ئەو حیزبە خێڵەکیە دەکەم.
یەکەم/ پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی لەبەرامبەر لێسەندنەوەی متمانە لە مالیکی شکستێکی گەورەی خوارد و مالیکیان پێ بەهێزتر کرد، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا و تورکیا و چەند وڵاتێکیکە پارتی وەکو کارتێکی فشار بەکار ئەهێنن دژ بە مالیکی، تا ناچاری بکەن بچێتە ژێر باری خواستەکانی ئەوانەوە، هۆکارێکی تری شکستەکەی پارتی ئەوەیە کە پارتی بنەماڵە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی پارە و پۆست و ئیمتیازاتی زۆر و زەوندیتر دەکەن،بە هیچ شێوەیەک مافەکانی خەڵکی کوردستانی بەلاوە گرنگ نیە.
دووەم/ تورکیا ویستی لە رێگای مەسعود بارزانی و پارتیەوە جاشی کوردی دروست بکات لە کوردستانی رۆژ ئاوا، مەبەست لەو کارەش کەمکردنەوەی رۆڵی پەیەدە بوو لە ناوچە کوردیەکان، بەڵام پارتی ئەمەی بۆ نەچووە سەر و لەو کارەیشدا شکستێکی گەورەی خوارد.
سێیەم/ پارتی ویسیتی بە هاوکاری تورکیا لەیلا زانا بکات بە بەدیلی پارتی کریکارانی کوردستان و بەدەپە بۆ مەسەلەی دانستوان لەگەڵ حکومەتی فاشیزمی تورکیا، بەڵام مانگرتن و خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردوو ئەوەی سەلماند کە نە مەسعود بارزانی و نە لەیلا زانا ناتوانن وەکو نوێنەری گەلی کورد لە باکوری کوردستان گفتووگۆ و دانوستاندن بکەن لە گەڵ حوکمەتی فاشیزمی تورکدا، ئەوەش شکستێکی تری پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانیە و لەتورکەکان زیاتر پێیان ناخۆشە گەلی کورد لە باکور هەستاوەتە سەرپێی و داوای مافەکانی خۆی دەکات.
چوارەم/ لە ناوخۆی کوردستاندا پارتی ئەیویست هەتا کۆتای یەکێتی وەکو داردەستێکی خۆی بەکار بهێنێت بۆ هێنانە دی ئامانجەکانی پارتی بنەماڵە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی لە بەرەی ئێران و مالیکیدایە لەو رووەوە شکستێ خواردووە و ماوەی چەند مانگێکیشە ناڕاستەوخۆ شەڕی راگەیاندنیان دەست پێکردووە و چەند رۆژێکیشە راستەوخۆ لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی قسە بەیەکتری ئەڵێن.
پێنجەم/ لەهەمان کاتدا بەرەی ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی هەندێک لە حیزبە بچوکەکانیکەش هاوهەڵوێستن لەسەر گەڕاندنەوەی دەستور و دەستکاری کردنی ئەو یاسا حیزبیانەی کە بەدڵی یەک حیزب و بنەماڵە هاتبووە لەدایک بوون، کە ئەو دەستورە بەوشێوازەی ئێستایەوە کوردستان بەرەو حوکمی تاک رەوی و بنەماڵەی دەبات، ئەوەش شکستێکی کەیە بۆ پارتی و بنەماڵە کە هەمیشە خەون بەوەوە دەبینێت کوردستان بەرەو حوکمی تاک رەوی و بنەماڵەی بەرێت وبتوانێت تێدا خەڵک بەمێگەل بکات، کە ئەو جۆرە لە حوکمڕانیکردنە لە ناوچەکەدا بەرەو شکست و پوکانەوە دەچێت و شۆڕشەکانی دوو ساڵی رابردووی بەهاری عەرەبیش ئەوەی سەلماندووە چیتر خەڵک حوکمی بنەماڵە و تاک رەوی و دیکتاتۆری پێ قەبوڵ ناکرێت.
پارتی و بنەماڵە هێزێکی زۆر خەتەرن لەسەر بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئازادی و دیموکراسی راستەقینە، پێم وایە پارتی رەنگە هەمدیس پەنا بۆ خیانەتێکی کە بەرێت، چونکە لە ئێستادا خۆی بەتەنها ئەبنێتەوە لە ساحەی سیاسی کوردستان و عێڕاقدا، ئەو چاوپێکەوتنەی کەمال کەرکوکی کە لەگەڵ گۆڤاری لڤین ئەنجامیداوە و تێدا باس لەوەدەکات کە لە خیانەتی ٣١ ئاب پەشیماننین، ئەو قسەیە بۆنی ئەوەی لێدێت پارتی زۆر تەنگاوی بکەن هەمدیش بەشێوەەک لە شێوەکان پەنا بۆ خیانەتێکیتر دەبات و ئامادەیە لەگەڵ شەیتاندا دەست تێکەڵ بکات، بەس تەنەزول بۆ داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان تر نەکات، چونکە لەوەتەی هەن سروشتی ئەو حیزبە ناعەقڵانیە بنەماڵەی بەوشێوەیە کاریکردووە و خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژن لەو بوارەدا،هەر بۆیە دەبێت زۆر بەشێوەیەکی عەقڵانی کار لەسەر کاڵکردنەوەی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفابارزانی بکرێت کە وەکو ڤایرۆسێکی کوشندەن لە ناو شادەمارەکانی ئەم نیشتمانەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست