ئەو دەمەی پەڕلەمان پڕ دەبێت لە بێژەرو میدیاکار ، جگە لە ستەیجێك بۆ دیما گۆگییەت هیچی دیکە نییە
Friday, 07/03/2014, 12:00
1947 بینراوە
پەڕلەمانی کوردستان وەك پاسیڤترین پەڕلەمانی دنیا وێڕای لاوازی و بێ ئەرزشی ئەو قانونانەی کە خولەکانی پێشوو دەریکردوون و کەمترینیان لێ ڕۆشتووەتە واری جێبەجێکردنەوەو ڕوناکییان دیوە ، وێڕای نەبونی فرەییەکی ڕاستەقینە لەناویداو وێڕای سەربەخۆ نەبونی ڕەهای ئەندامەکانی لە ڕووی بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن و هەڵوەستەکردنەوە لە مەڕ پرسە چارەنوسسازەکان ، بەڵام بەبەراورد لە گەڵ ئەم خولی سێیەمەیدا خەڵکانی مەسلەکی و پسپۆڕی جیاجیاو کادری باڵا تری پارتەکانی تێدا بووە، ئەم پەڕلەمانەی ئێستا کە تا ئێستا کەس نازانێ کەی کۆ دەبنەوە و کەی سەرۆکەکەیان هەڵدەبژێرن ، زۆرینەیان میدیا کارو بێژەرو وتار بێژەکانی مەیدانەکانی خۆ نیشاندانەکانی سەروبەندی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواترن ، هەندێکیان بانگخوازو هەندێکیشیان مەلان، پەڕلەمانێك کە زۆرینەی مەلاو بانگخوازو بێژەرو وتاربێژو بێ بڕوانامەو بێ پێشینەی کاری سیاسی و کادری بێ کاریگەرو ئاستەکانی خوارەوەی پارتەکان بێت ، لە وڵاتێکی وەکو کوردستاندا کە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ لە ناو زهنێتی زۆرینەی بەرپرسانی دەسڵاتی جێبەجێکاردا لمەسوو خڵتەی بەعسیزم نیشتووە ، چۆن دەتوانێت بە ئەرکە سەرەکییەکانی پەڕلەمان هەستێت ، پێم ناڵێێ کاکی بێژەرو پێشکەشکاری بەرنامەی بەیانیباش ، برای مەلاو بانگ خواز ، هاوڕێیانی وتارخوێن و بێژەر ، ئێوە بە نیازن لە کامە کۆمیتەی پەڕلەماندا ببن بە ئەندام ، ئایا بێژەرو مەلا چی لە کەین و بەینی قانون و چی لە وردەکاری بۆدجەو پێکهاتەکانی دەزانێ، چی دەزانێ لەبارەی چێککردنی ژمێرەی کۆتایی بۆدجەی ساڵانی ڕابردووەوە ، بە بۆچونی من پەڕلەمانی ئەمجارەمان دەبێت بە ستەیجێك بۆ خۆ نمایش کردن و هاتوهۆریای بێژەرەکان و وەعزو ئاماژگاری ئەو مەلایانەی کە مینبەری پێغەمبەریان گۆڕیوەتەوە بە دانیشتنی کورسییە دەوارەکانی پەڕلەمان ، پەڕلەمانێكی دیماگۆگی بێ کردارو بێ حیکمەت دێتە بەرهەم کە ئەدا و لێوەشاوەیی زۆر لە دوو خولی پێشوو خراپتر و لاوازتر دەبێت و ناچارمان دەکات بڵێین سەد ڕەحمەت لە کفن دز.
نازانم بۆ ئەم سەرکردە ئۆپۆزسیۆنانەی لەمەڕ ئێمە ڕازی بوون ؟ یان بۆ ڕێگەی ئەوەیان دا ، کە میدیاکاران و وتار بێژان و پێشکەشکاران خۆیان بپاڵێون، خۆ ئەوان باش لە سایکۆلۆجی و باکگراوندی کلتوری و ڕۆشنبیری گشتی کۆمەڵگای خۆمان ئاگادار بوون!
تاکی کوردی دەنگ نادات بە گەورەترین پسپۆڕی (قانون ئابوری ژمێریاری) کە زۆر پێویستن بۆ کۆمیتەکانی پە ڕلەمان ، هەتا ئەو بێژەرو پێشکەشکارە دەنگ گڕانە وەستا بێت ، کە ڕۆژانەو هەفتانە لە شاشەوە دەر دەکەون و شاشەیان کردۆتە فەزایەك بۆ خۆ نمایش کردن .
هێشتا تاکی دەنگدەرو زۆرینەی کۆمەڵگە لەئەوە نە گەشتوون ، لە پەڕلەماندا چی دەگوزەرێ و ئەرکی پەڕلەمان چی یەو بە چی پسپۆڕییەك دەتوانرێ پەڕلەمان چالاك و چوستو کارا بکرێت،
خۆ پەڕلەمان جێگەیەك نییە بۆ خوێندنەوەی وتارو ئامۆژگاری ئاینیی و خوێندنەوەی پەخشان و هەڵبەست و ستران ، ئیدی پێم ناڵێن بۆچی ڕێگەتان دا پەڕلەمان تەژی ببێت لەمانە.
ئاواش ئیدیعای چەسپاندنی حوکمی پەڕلەمانی و کاراکردنی دەسڵاتی یاسادانان دەکەن؟ بەڕاستی ئەو فلتەرانەی داتاننان بۆ خۆ پاڵاوتن و مەرجەکانی بوون بە پاڵێوراوتان لاوازو نا زانستی و نا سەردەمی بوون ، ڕۆشتنی ئەو پرۆسسە دەبوو بە جۆرێکی ناوەندی بوایە واتا دەکرا بە هیچ کلۆجێك مەکۆو بارەگای حزبی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەو سەرەکی نەبوایە بۆ فلتەریزەکردنی پاڵێوراوەکان ، بەڵکو دەکرا هەموو کەس کە ئارەزووی خۆ پاڵاوتنی هەیە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە ئاگادار بکرایەتەوەو ، دواجار چەند مەرجێکی زانستی لە سەر بنچینەی پسپۆڕی پێویست بۆکاری پەڕلەمانی دیاری بکرایەو، دواجار مەرجی دڵسۆزی و لێوەشاوەیی و بوێری و دەسپاکی و کۆمەڵایەتی بوون و پلەو پێگەی کۆمەڵایەتی و شتی تر دابنرایەو ، دواتر ئارەزوو مەندان بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ پەڕلەمان سیڤییەکانی خۆیان پێشکەش بە ژووری هەڵبژاردن بکردایە ، ئەوانیش لەسەر بنچینەی(جوگرافیا - پسپۆڕی پێویست جێندەر- بوێری) چەند کەسێکیان دیاری بکردایە ، نەك بەو شێوازەی ئێستا کە لێوان لێوە لە کاڵی و کرچی .
بە دڵنیاییەوە پەڕلەمانی ئەمجارە بە سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناوییەوە ، لاواز تر دەبن لە خولەکانی پێشوو ، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو هێزانەدایە کە دەیانەوێت پەڕلەمان تەنها ڕوکەشی و سمبوڵی بێت و هیچ ئەکتیڤیتی و ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبێت کە ژیانیان تەنگەتاو بکات ، هەڵبەتە ئەمەش پێچەوانەی خەونە ڕاگەیەندراوەکانی گۆڕان و ئاواتە دیمۆکراسییەکانی تاکە دڵسۆزەکانی گەلەکەمانە .