گۆڕان... موفاجەئەى سیاسى!!..
Tuesday, 12/06/2012, 12:00
ناچمەوە بۆ سەرەتاو هەردوو پرۆسەى هەڵبژاردنى كوردستان و عێراق... تەنها دوو موفاجەئەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان، یەكێكیان ناوخۆییە، دووەمیان لەسەر ئاستى دروستكردنى سەنتەرى بڕیارە سەبارەت بە كۆى سیاسەتى عێراق و كوردستان گریمانە و پێشهاتەكانە: ـ
یەكەم: پرۆسەى هەڵبژاردنى ناوخۆى بزوتنەوەى گۆڕان: بەگشت پێوەرێك ئەزمونێكى نوێى لەشێوازى نەریتى چۆنیەتى هەڵبژاردنى ڕێكخراوەیەیى خستە نێو كایەو فەزاى سیاسى هەرێمى كوردستان و تەواوى ژیانى ڕێكخراوەیى و حیزبى كوردییەوە.
عونسرى موفاجەئە، بەتایبەتى لە قەڵەباڵغترین پێگەى جەماوەرى بزوتنەوەى گۆڕان كە دەڤەرى سلێمانیە، تیایدا هیچ كایەو ئامادەباشییەك بۆ دەستەگەرایى و تیم تیمێن و گروپ گروپێنە ، بنەبڕو هیچ یەك لە كاندیدەكان نەك هەر بەفریاى ئەوە نەكەوتن بگرە، توندوتۆڵى پرۆسەكە دەرفەتى دەستەگەراى نەبو بەهێندى ئەوەى خزمەت و بەرنامە كارى ڕێكخراوەییە لە پێناو هاوڵاتیدا.
عونسرى دووەمى پرۆسەكە بڕیارى ئەنجامدانى پرۆسەكە لەپاش حەفتاودووكاتژمێر لە پەیامەكەى (نەوشیروان مستەفا) ئیدى كات و سات و پرۆسێسى هەڵبژاردن سەعاتى سفرى بۆ ئامادەكرا.
عونسرى یەكلاكەرەوەى بزوتنەوەكە تەنها سەنتەرى كۆكردنەوەو تانەو ئامادەباشى بون ، ژورە پەیوەندارەكان دەستتێوەردان چ ڕاستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ، لە پرۆسەكەدا ئەوان تەنها سەنتەرى وەرگرو پەخشكردنى دەرئەنجامەكان بوون.
عونسرى وەرچەرخان و موفاجەئە ، سپاردنى پرۆسەكە بە كادرى یاسایى و پیشەیى،وێڕاى ئەندامێكى كۆمەڵى مەدەنى و ڕێكخراوێكى تایبەتمەند لە هەڵبژاردن، كادرێكى بزوتنەوەى گۆڕان، یاسا سەرۆكى لیژنەى چاودێرى و ئەنجامدانى پرۆسەكە و ڕاستى و فەرزكردنى دەنگەكان، بەچاودێرى ڕێكخراو كارەكتەرى كۆمەڵایەتى هەڵقوڵاوى خەڵك و تایبەتمەند لەبوارى هەڵبژاردن، بەئەندامێتى كەسى سێهەمى بوتنەوەكە، متمانە و كێرڤى بزوتنەوەكە بەرەو تروپكى جەماوەرى بون هەنگاو دەنێت.
گەر بەراورد بە ڕێكارى هەڵبژاردنى تەواوى حیزبە عیلمانى و ئیسلامیەكانى كوردستان كە زۆرترینیان لەسەرو بەندى پارساڵ تا بەئەمڕۆ پرۆسەى كۆنفراس و كۆنگرەیان ئەنجامداوە ، ئەم ڕێكارو ئاقارەى نەبوە كەبزوتنەوەى گۆڕان تەكانێكى ترى بە داهێنان و ئەزمون و ژیان و هاوبەشى لە سیاسەت و كایەى سیاسەتى خۆیدا كردووە.
عونسرى موفاجەئەى تر ئیعلانكردنى دەنگ و ناوى سیانى كاندیدى براوە بۆ پۆستەسیاسیەكان داهێنانێكى ترى بزوتنەوەى گۆڕان و ڕاگەیاندن و میدیاكەیەتى، تائێستا هیچ حیزبێكى كوردى نەلەسەرەوە بۆ خوارەوە بەپێچەوانەوە ئیعلانى كادرە هەڵبژێراوەكانى خۆى نەكردوە لە كاتى كۆنفراس و كۆنگرەیدا ، تەنها بەمانشێتێك جێگەو ڕێگەى پرۆسەكەى ئیعلان كردوە كۆتایى پێ هێناوە.
واتە گۆڕان لە قۆزاخەى نهێنى و ئەمنیەتى و عەسكەرى خۆى دەربازكردووەو هەنگاوى جیدى و یەكلاكەرەوە بۆ مەدەنى بون و كۆمەڵگەیەكى تەندروست پەلى هاویشتووە و دەهاوێت.
دووەم: لەسەر ئاستى سیاسەتى گشتى عێراق و كوردستان، دەشێ بزوتنەوەى گۆڕان توندو تۆڵتر هەنگاو بنێ، كار لەسەر پرسەنیشتمانیەكانى گەلى كورد بكات ، وەك كردویەتى.
بۆ حەسمكردنى دۆزى نەتەوەیى و نیشتمانى هەردەم ئەسپى خۆیان تاو بدەن، سروشتى بەحیزبی بونى كەیسەكان لە سیاسەتى گۆڕاندا وەك ئەوەى ئێستا حیزبە كوردیەكان و سەركردەو بنكردەیان لە كوردستان و لەعێراق دەیكەین و لەسەرى دەڕۆن دوبارە نەكەنەوە.
كایەیەكى گرنگى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان ، خۆ تەسلیم نەكردنە بە قەدەرى سیاسى و حەز و ئارەزوى كۆمەڵەكەسێك كە خۆیان بە ڕیش سپى و خاوەنى پرسە چارەنوسازەكانى نەتەوەیەك دەزانن وەلێ لە ڕوانگەى حیزبەوە نەك لە ڕوانگە و سۆنگەى سازان و پێكهاتەو دەستە جەمعى و كاركردنى نیشتمانى كارو كردەوەیان یەكبگرێتەوە.
سیاسەت بەقین و تۆڵە سەندنەوە گریمانەیەكى خراپ و قێزەونە، هەردەم هاوڵاتى كورد بێ هیوا دەبێت، نیشتمان لە باڵە فڕەى پۆلى نێو دەوڵەتیدا بەجێ دەمێنێت و نەتەوەكان لە شەقەى باڵ دەدەن و هاوڵاتى كورد شاپەڕى بە مەقەست خوێنى لێ دەتكێت... سیستمى سیاسى و دەوڵەتداریمان نادروست و بەرچاو ڕون نابێت...
كەسایەتى مەعنەوى بزوتنەوەى گۆڕان لە موعارەزەبونى هەم لە كوردستان و هەم لەعێراق ، شادەمارى هێنانەكایەى دادپەروەرى و یەكسانى و دادى كۆمەڵایەتى و پاراستنى ماڵ و موڵكى گشتیە.
هەرچەندە كاركردنى گۆڕان هەمیشە تەبەنى و خوازیارم زیاتر كار بۆ كوردستان و نەتەوەكەى بكا وەك لەوەى بۆ عێراقێكى مەهزوز و بێ ئایندە !!...
موفجەئەى كۆتایى لەسەر ئاستى سیاسەت و بڕیارى یەكلاكەرەوە لە پرسە نیشتمانیەكان ئەمجارە بزوتنەوەكە ، خەریكى ڕێكخستنەوەى وەرەقەى فشارى ماڵى كوردییە ، لە دیدێكى گشت گیرو ستراتیژێكى درێژخایەنەوە.
تەمەنا دەكەم ، بزوتنەوەى گۆڕان:
كار لەسەر پاراستنى بڵندى دەستورو خروقاتى دەستور تەحریم بكات...
ماف و ئازادییەكانى هاوڵاتى كورد مسۆگەر بكات...
تاكڕەویى یەكلایەنى بڕیارى سیاسى لە هیچ كەس و لایەنێك قەبوڵ نەكات.... مەكیافیلى دەربارەى زیرەكى دەڵێت:(سێ جۆر زیرەكى لەكەسەكاندا بەرجەستە دەكرێت: جۆرێكیان تێگەیشتنى بۆ شتەكان خۆبەخۆ و ڕاستەوخۆیە، جۆرێكى تر تێگەیشتنى بۆ شتەكان لەڕێگەى تێگەیشتنى كەسانى ترەوە دەبێت، دواجۆرى زیرەكى كەسەكان تێگەیشتنى نە خۆبەخۆیە ، نە لەڕێگەى تێگەیشتى كەسەكانى ترەوە دەبێت. یەكەمیان لەترۆپكدایە، دووەمیان باشە، سێهەمیان بێ سودە)....
هیواخوازم پەى بردن و زیرەكى لە داڕشتنى ستراتیژدا هەردەم بزوتنەوەى گۆڕان لە لەیەكەم و پێشەنگ و ترۆپكەكانى زیرەكى بن، چ وەك كەسایەتى و خودى كەسەكان، چ وەك كەسى مەعنەوى بزوتنەوەكە...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست