کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"شه‌ڕی کورد و عه‌ڕه‌ب به‌ڕێوه‌یه‌ "... کێ شه‌ڕ بۆ یه‌کێتی و پارتی ده‌کات؟

Wednesday, 25/02/2009, 12:00


نێچیرڤان بارزانی به‌ئاژانسه‌کانی هه‌واڵی راگه‌یاند، که ‌ئه‌گه‌ری شه‌ڕی کورد و عه‌ڕه‌ب، زۆر نزیکه‌. ئه‌و داواشی له ‌ئه‌مریکا کرد، که ‌هه‌رێمی کوردستان بپارێزێ، به‌ڵام ئه‌مریکا وه‌ڵامێکی وای دایه‌وه ‌که ‌کورد له‌خۆی بگات، هه‌رچه‌نده ‌باوه‌ڕ ناکه‌م کورد هه‌رگیز به‌و تێڕوانینه‌ی ئێستای بتوانێ له ‌ئه‌مریکا بگات.
بارزانی، پێئه‌چێ هه‌ستی به‌ مه‌ترسییه‌ک کردبێ. لێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ستکردنه‌ی تازه‌بێ، ئه‌وه ‌تراژیدیایه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌، نێچیرڤان بارزانی هانا بۆ ئه‌مریکا ده‌بات! مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و ئه‌مریکایه ‌نییه ‌تا ئێستا هه‌موو پێشچوونه‌کانی خۆی له‌عێڕاقدا له‌سه‌ر حیسابی کورد کردووه‌؟ ئایا ماده‌ی سه‌د و چل (به‌ره‌حمه‌ت بێ) کێ لێی به‌رپرسیاره‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌یدا که‌ئیداره‌ی کورد زۆر که‌مته‌رخه‌م بوو و ئێستاش هه‌ر که‌مته‌رخه‌مه‌، جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و ماده‌یه‌ناکه‌وێته‌سه‌ر شانی ئیداره‌ی ئه‌مریکا؟
ئه‌ی که ‌جێگری ئۆباما (خاوه‌نی بیرۆکه‌ی دابه‌شکردنی عێڕاق بۆ سێ هه‌رێمی فێدڕالی هاته‌عێڕا)  و سه‌ردانی که‌رکوکی کرد، بۆ له‌چاکه‌ی کورد شتێکی نه‌کرد؟ ئه‌ی بۆ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی نه‌کرد؟ ئایا که‌رکوک له ‌هه‌رێمی کوردستان گرنگتره‌؟ ئه‌ی کوا ئه‌و هه‌موو به‌ئه‌مریکادا هه‌ڵگۆتن و ده‌روێشایه‌تییه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورد بۆ ئه‌مریکا چی لێ به‌رهه‌م هات؟
من چاوه‌ڕێ بووم نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌یدا، بۆ یه‌که‌مجار ه‌انای بۆ گه‌ل هێنابایه‌وه ‌و له‌گه‌ڵ گه‌لی هه‌ژاری کوردی که ‌ئه‌و یه‌کێتیی و پارتییه ‌ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌ژار و قوڕ به‌‌سه‌ریان کردووه‌، ئاشت بووبایه‌وه‌، چونکه ‌له‌کاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی کورد و عه‌ڕه‌بدا، ئه‌و ه‌ئه‌مریکا نییه ‌کوردستان ده‌پارێزێ. ئه‌وانه‌ش نین که ‌هه‌شت ڤێلایان له ‌کوردستان هه‌یه ‌و به‌ملیار دۆلاریشیان هه‌ڵگرتووه‌. به‌ڵکو ئه‌وه‌، سوپایه‌کی یه‌کگرتووی کوردستانییه ‌نه‌ک هێزی پارتیی دیموکڕاتی و یه‌کێتیی نیشتیمانی،گولله‌ی رزیوی چه‌کی جوتیاران و ئیڕاده‌ی گه‌نجی ئه‌و وڵاته‌یه ‌ده‌بێته ‌به‌ربه‌ست بۆ داگیرکاریی دوژمن. کاتی ئه‌وه‌شه‌ بپرسین، ئایا ئه‌و گه‌له‌ی که ‌بۆته‌قوربانی ئه‌و سه‌رکردانه ‌و جیاوازیی نێوان ژیانی سه‌رکرده‌یه‌ک یا به‌رپرسێکی ساده ‌و هاووڵاتییه‌کی ئه‌و وڵاته‌، ئاسمان و رێسمانه‌، چیتر گولله‌ ده‌ته‌قێنێ به‌ڕووی دوژمندا؟ ئایا تا دوێنێ هه‌ژاران بوون کوردستانیان ده‌پاراست ئه‌ی ئه‌مڕۆ که ‌هه‌ژاره‌کانیش له ‌ئێوه ‌تێگه‌یشت کێ ده‌یپارێزێ؟ ئێوه ‌که ‌هه‌موو به‌خته‌وه‌رییتان بۆ خۆتان بردووه‌، به‌ته‌مان جارێکی تر کوردی هه‌ژار ببێته ‌پارێزه‌ری به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌؟
تا کورد هێزی پێشمه‌رگه‌ی مابێ و ئه‌و هێزه‌ش سه‌ر به ‌دوو بنه‌ماڵه‌ و دوو پارتیی سیاسیی بن، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ک نییه ‌بۆ پاراستنی کوردستان، که‌سیش ئاماده ‌نییه‌ ببێته‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی و پارتیی، چونکه ‌هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگانه ‌بوون که ‌شه‌ڕی ناوخۆیان کرد. بۆیه‌، بێ دوودڵی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و دروستکردنی هێزێکی یه‌کگرتووی کوردستانی، جا له‌ژێر هه‌ر ناوێک بێ، چیتر دواخستنی، رێخۆشکردنه ‌بۆ داگیرکه‌ران بۆ داگیرکردنی کوردستان. نابێ ئه‌وه‌ش له‌ بیربکه‌ین که‌ هه‌ردوو ده‌زگای پاراستن و زانیارییش، نایاسایین و پێویسته ‌ئه‌وانیش یه‌کبگرن و خه‌ته‌ری سه‌ر ئه‌منی قه‌ومیمان دیاربێ، نه‌ک ته‌نها  (رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران ئه‌و خه‌ته‌ر بن بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی).
ئه‌مریکا، له‌عێڕاقدا ته‌نها سێ شتی ده‌وێ، به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی. گه‌مژه‌ێتییه‌ ‌وا هه‌ستبکه‌یین ئه‌مریکا به‌دوای دیموکڕاسیی و پاراستنی گه‌له ‌زوڵملێکراوه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌‌. من له‌و کاته‌وه‌ی سه‌دام حوسێن له‌ سێداره‌درا له‌سه‌ر که‌یسی شیعه‌کان و کورد ئیهمال کرا، ئه‌وه‌ی هیوا چییه ‌به ‌ئه‌مریکام نه‌ماوه‌، پێویستیشه‌ کورد له‌و جه‌هله ‌قوڵه‌ی خۆی رزگاربکات، که ‌پێیوایه ‌ئه‌مریکا ده‌سته‌به‌ریی مافه‌کانی له‌ عێڕاقدا ده‌کات و له‌شه‌ڕی ده‌ره‌کی ده‌یپارێزێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە