قەلەباچكەكەی وەزارەتی پەروەردە، چما وادەكا؟
Thursday, 08/10/2009, 12:00
دكتۆرە موزەوەرەكەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی كوردستان بەر لەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات فەرمانێكی وەزاری واژۆ كرد كە تیایدا بە بڕیارێكی كتوپڕ و فاشیستانە، قوتابخانە نموونەییەكانی هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەو قوتابییانە هەیە كە شەونخونی دەكەن و خۆیان ماندوو دەكەن تاكو هەر هیچ نەبێت چارەنووسیان لە چارەنووسی منداڵە بەرپرسەكان كەمتر نەبێت كە بڕوانامە و پۆستی جیاجیا بە قودرەتی قادری دێتە بەردەستیان. بێگومان ئەگەرچی مەسەلەی قوتابخانەی نموونەیی بە سیستەمێكی شیاو نازانم بە حكومی ئەوەی جیاكاری لەنێوان قوتابیان و خوێندكاران دروست دەكات..واتە رەنگە بۆ قوتابییەكی خاوەن واسیتە ئاسانتر بێت بگاتە ئەو قوتابخانە نموونەییانە، بەڵام بۆ قوتابییەكی هەژاری زیرەك ئەستەمە تاكو لەو قوتابخانە نمونەییانە بخوێنن. بەهەرحاڵ سیستەمی نوێی خوێندن كە سەری لە قوتابیان شێواندووە و ئەوە چەندین ساڵە وەزارەتی پەروەردە كاری لەسەر دەكات و دەهۆڵ و زوڕنای بۆ سەركەوتنی دەكوتێتەوە و بە هەزاران و ملیۆنەها دۆلاری ژێر بەژێری سەرفكردووە..وەك ئەوەی بڵێ وڵات بێ حاكم بێت لەپڕ وەزیری پەروەردە جەنابی دڵشاد عەبدوڵڕەحمان كە لە هەمان كاتدا خێزانەكەی كردۆتە بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتەكەی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم قوتابخانە نموونەییانەی دەركردووە بەبێ ئەوەی راوێژ بەو هەموو راوێژكارە فاشیلانەی وەزارەتەكەی بكات، چونكە گەر قاشیل نەبوونایە دەبووایە رێگە بە جەنابی وەزیر نیشان بدەن كە ئەم بڕیارە هەڵەیە و دژی بەرژەوەندییەكانی قوتابیانە و ناكرێ و ناگونجێ وا بەشێوەیەكی كتوپڕ و بە كون فەیەكونێك هەڵبوەشێتەوە. دواتر ئەگەر ئەم بڕیارە غەرەزێكی سیاسی لە دواوە نەبێت لەبەرچی لە كۆنگرەی پەروەردەیی نەخرایەڕوو تاكو بخرێتە گفتوگۆ و بڕیاری پێویستی لەهەمبەر وەربگیرێت؟ كە هەموو كۆنگرەكە تەركیزی لەسەر بایەخ و گرنگی سیستەم و ئەو قوتابخانە نموونەییانە دەكردەوە كە هەزاران قوتابی و سەدان مامۆستا رەنگە هەر لەبەر ناوی نمونەیی ئەو قوتابخانانە رێگای دوور ببڕن تاكو لەو قوتابخانانە بڕوانامە وەربگرن و وانە بە قوتابیان بڵێنەوە. كەواتە وەكو دەڵێن فیتەی حەرامزادە لە دوورەوە دیارە.. جەنابی وەزیریش بۆخۆی چاك دەزانێ چی دەكات، بێگومان ئەم بڕیارە سەرەڕای ئەوەی ئیفرازاتی خراپی لێدەكەوێتەوە هاوكات رێگەیەكە كە وەزیری پەروەردە مەبەستیەتی ئەو هەموو گەندەڵیانە بشارێتەوە كە بەناوی قوتابخانەی نمونەیی ئەنجامی داوە كە بەملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەكرێت. سەیر لەوەشدایە كە هەفتەیەك بەر لەدەركردنی ئەم بڕیارە دوو قوتابخانەی نموونەیی دیكەش لە هەولێری پایتەخت كراوەتەوە!! خاڵێكی دیكەش كە گومانی زۆر دەكرێ كە لە ئاكامیدا وەزیری پەروەردە بڕیارێكی لەوشێوەیەی دەركردبێ ئەوەیە كە ئەم بڕیارە بەدەستی ئەنقەست مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دڵشادی كردبێت، چونكە دڵشاد وەزارەتەكەی لە كیس دەچێ و دەكەوێتە دەستی پارتییەكانەوە..بڕیارێكی لەم جۆرەش سەرلەبەری كار و بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە دەشێوێنێت.ئیتر ئەو كەسەی كە ئەم پۆستە لە ئەستۆی خۆی دەگرێ كە مەزندە دەكرێ (دكتۆر نازناز مەلا محەمەد)ی خێزانی مەحمودە سووری رانیە بێت و ئەوكات دەستە وەستان بمێنێت و هیچی پێنەكرێت و دواتریش ئەو تۆمەتەی بخرێتە ئەستۆ كە ناتوانێ ئەركەكانی وەكو پێویست راپەڕێنێ یان هەر هیچ نەبێ بەقەدەر دڵشادی پێناكرێ كە ئەو پسپۆر بوو لە شێواندنی رەوشی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا.هاوكات بۆ پشت راستكردنەوەی ئەم بۆچونەش خوێنەری زیرەك چاك دەزانێ كە ئەمساڵ كتێبی مەنهەجی خوێندن لە سولەیمانی زۆرو زەوەندە لە هەولێریش بە گوللە بە دەست ناكەوێت بۆیە پێویستە پەرلەمانە ئەكتیڤە تازە هەڵبژێردراوەكە رووی خۆی سپی بكاتەوە و بەزووترین كات دڵشاد و هاوشێوەكانی بانگهێشت بكات بۆ لێپرسینەوە لەگەڵیدا و ئاشكراكردنی هەموو ئەو گەندەڵییانە كە وەزارەتی پەروەردە بەناوی سیستەمی نوێی خوێندن و قوتابخانە نموونەییەكانەوە هەڵی لووشیوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست