بەرزانى: شكور فائیلدارمان نییە!!!!!
Saturday, 11/12/2010, 12:00
ڕۆژنامەى هاوڵاتى لە ڕاپۆرتێكى دوا ژمارەى خۆیدا لە سەر كۆبوونەوەیەكى مەسعود بەرزانى لەگەلأ سەركردایەتى حیزبەكەى نوسیویەتى مەسعود بەرزانى دەڵێ: شوكر سەركردایەتى پارتى هیچ فائیلدارێكى تێدانییە وەكو حیزبەكانیتر!
بەڕاستى سەیرە سەرۆك ئەوەندە بە سەركردایەتى حیزبەكەى خۆى دەنازێ و ئیدیعا دەكات كە سەركردایەتى حیزبەكەى فائیلدارى تێدانییە، لە هەمان كاتدا ئەم قسەیەى بەرزانى لە قسەى مناڵان دەچێ كاتێك دەیانەوێ دەوروبەریان هەڵخەڵەتێنن، كەچى پێش هەر كەسێك خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن، چونكە نازانن چۆن بەهانە بێننەوە و چۆنیش شێوەى قسە كردنەكەیان ڕێكبخەن، بەرزانیش بە هەمان شێوە لە دوا كۆبوونەوەى سەركردایەتى حیزبەكەى پێش كۆنگرەى ژمارە(13)كە بە بۆچوونى بەرزانى ژمارەیەكى شوومە، بەهانە دێنێتەوە و پاكانەش بۆ ئەو خۆفرشانە دەكات كە بە هەموو تەمەنیان لە ناو پارتیدا بوون و كادیرى پێشكەوتووش بون و نەك تەنیا جاسوسى ڕژێمى سەدام حسێن بون بەڵكو جاسوسى ئێران و توركیا وسوریاش بوون، بەڵام لە هەمان كاتدا بەرزانى ڕاستیش دەكات چونكە هیچ جاسوس و فائیلدارێك لە ناو پارتیدا نەبووە كە فائیلى جاسوسیەكەى لە فائیلى خودى بەرزانى گەورەتر بێت بۆ هەر چوار وڵاتە داگیركراوەكەى كوردستان، جەنابى بەرزانى خۆى لەگەڵ ئێران و توریكا و سوریا و كاكە سەدامیش جاسوس و فائیلدار بووە، بەداخەوە هەر چەندە تەنیا فائیلى موخابەراتى ڕژێمى سەدام ئاشكرابوون و كەوتوونەتە بەردەست بەڵام مێژووى پارتى و بنەماڵەكەى لە كوشتنى كوردى ڕۆژهەڵات و باكورى كوردستان دیارە و ئینكارى ناكرێ، خۆ بەرزانى ناتوانێ بڵێ ئێمە كوردى ڕۆژهەڵاتمان بۆ ڕژێمى ئاخوندەكانى ئێران نەكوشتووە! ئەى هێنان و دەعوەتكردنى سوپا و دەبابەكانى توركیای داگیركەرى گەورەترین بەشى كوردستان! ئا با (31)ى ئابى بۆ بەرزانى پیرۆزیش لە بیر نەكەین!!
پێویستە بەرزانى ئەو ڕاستیە بزانێت هەر كاتێك باسى فائیلدارى بكات، وا لێكدەدرێتەوە كە هەوڵدەدات لە ڕابردووى خودى خۆى ڕابكات و خۆى بەو شێوەیە پیشان بدات كە ئێستا ئاواتى پێدەخوازێت، نەك بەو شێوەیەى كە لەڕابردوودا چیكردووە و چى بووە.
بەداخەوە شەرمكردن لە ڕابردوو خەسڵەتێكى دانەبڕاوە لە سەركردەكانى پارتى و یەكێتى و پێموایە ئەگەر ئێستا بە باشیش باسى ڕابردووى بەرزانى و تاڵەبانى و دارودەستەیان بكرێ، ئەوان پێیان شەرمە چونكە دەزانن هیچ كارێكى چاكەیان بۆ ڕزگاركردنى كوردستان ئەنجام نەداوە كە شایستەى باسكردن و پێیاهەڵدان بێت و ئەوەى دەشكرێ جگەلە چەواشەكارى و ماستاوكردنى دەست و پێوەندەكانیان شتێكى تر نییە، نەك ڕاستییەكى مێژووى سەلمێنراو، بۆیە بەرزانى و تاڵەبانیش تەمەنا دەكەن ڕابردوویان بە چاك و خراپەوە لە كۆڵ بكرێتەوە.
بەڵام یەك ڕاستى مێژووى سەلمێنراو هەیە،ئەویش ئەوەیە هیچ ئەندامێكى پارتى نییە كە فائیلى جاسوسییەكەى بە قەد فائیلەكەى بەرزانى بێت. بۆیە بەرزانى بە ئەركى خۆى دەزانێت بەرگرى لە هەموو فائلدارەكان بكات و بڵێت: شكور سەركردایەتى پارتى فائیلدارى تێدا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست