بەراوردێکی ئێستای کوردستان لەگەڵ عێراقی ساڵی ١٨٢٠دا!

Saturday, 06/10/2012, 12:00


لەسەرەتادا دەمەوێت بپرسم، بۆچی ئەم بەراوردە لای من گرنگی خۆی هەیە؟مێژوی ڕابردوی هەر کۆمەڵگایەک بەشی خۆی گێڕانەوەیەک دەدات بە نەوەی دوای خۆی تا ئەوەی لانیکەم بتوانرێت ئەزمون وەربگیرێت لەو کەموکوڕیانەی کە لەو ساتەوەختەدا بەهەرچ هۆکارێک بوە نەتوانراوە چارەسەری دروستیان بۆ دابنرێت. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو هەمیشە جێگای تایبەتی خۆی هەبوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستە لە قبوڵ کردن بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە و چاوبڕینە ئایندەیەکی باشتر و کامڵ تر بۆ ژیانی گشتی کۆمەڵگا، ئەو هەنگاو هەڵهێنانە لە پێش هەر کارێکەوە، بەشی پەروەردە و تەندروستی لە پێشدان، تا دەگات بە سەرجەم بوارەکانی دیکەی پەیوەست بەژیان و پاراستنی سروشتەوە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا هەردەم هەنگاوەکان بۆ پاشەوە گەڕاونەتەوە تا ئەوەی بۆ پێشەوە بڕۆن، ئەم کارەش بە ئەندازەیەکی زۆر هەروا لە خۆوە نەبوە کە کۆمەڵگا ڕقی لەوە بوبێت کە ئامادەیی تێدا نەبێت، تا نەوەی ئێستای خۆی لە نەوەی پێش خۆی جیاوازتر نەبێت، بەپێچەوانەوە، خواستی کۆمەڵگای عێراقیش تا دەگات بە کوردستان، هەموو کات ئەو هێزەی تێدایە وەک هەر کۆمەڵگایەکی دی هەنگاو بنێت بۆ پێشەوە و بشتوانێت ئەزمونی باش وەرگرێت لەو ڕابردوە تاڵەی کە نەوەی پێش خۆی چەشتویەتی. ئەوەی کە ڕێگر بوە لەبەردەم ئاڵوگۆڕی مەدەنیانە و هەنگاونان بۆ داهاتویەکی باشتر، بەڕای من هۆکارە سەرەکیەکەی خودی دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکان بوون لەو وڵاتەدا. عێراق لە مێژوی ڕابردویەوە تا ئێستا بەکۆمەڵێک قۆناغی بێئارامیدا گوزەری کردوە، ئەو قۆناغانەش کە ئەو وڵاتە پێیدا تێپەڕ بوە، هەردەم زەرمەندی سەرەکی زۆربەی زۆری خەڵکە سیڤیلەکە بوە. دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا بۆ ساتێکیش هەنگاویان نەناوە بە قازانجی ئەو خەڵکە، بەڵکو هەردەم بەشێک بوون لە پرۆژەی شکستپێخواردنی کۆمەڵگا لە دەردێکی کۆمەڵایەتیەوە بۆ دەردێکی دیکە.

عێراق لە ساڵی ١٨٢٠ بۆیەکەم جار پەتای کولێرا ڕوی تێدەکات(وەک ئەوەی لە پەرتوکی چەردەیەکی کۆمەڵایەتیانە لە مێژووی نوێی عێراقدا، لە نوسینی د. عەلی وەردی، ئاماژەی پێدەکات) خودی خەڵکی عێراق، پێشتر سەروکارێکیان هەبوە لەگەڵ پەتای تاعوندا کە لە ساڵی ١٨٠٢ یەخەی بە خەڵکەکەی گرتوە و زۆرێک لەو خەڵکە هەژارە بەو پەتایە گیانیان لەدەست داوە. بەڵام لەگەڵ پەتای کۆلێرادا هیچ شارەزاییەکیان نەبوە، خودی ئەو پەتایە لە وڵاتی هندستانەوە گوازراوەتەوە بۆ شارەکانی باشوری ئێران و هەر لەو ڕێگایەشەوە گەشتۆتە بەسرە و لەوێشەووە بۆ شارەکانی تر تا دەگات بە سلێمانیش.(دیارە ئەو گواستنەوەیە یەکەم جار لە ڕێگای هاتوچۆی دەریاوە هاتوە دواتر لە ڕێگای وشێکانیەوە گەشتۆتە زۆرێک لە شارەکانی عێراق). کوشندەی ئەو پەتایە هێجگار ترسناک بوە، خودی کاربەدەستانی ئەو سەردەمە کە سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون لە عێراقدا، هەوڵێکیان داوە تا ڕێگری بکەن لە تەشەنە سەندنی پەتاکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاستی شارەزایی دکتۆرەکان کەم بوە لەو نەخۆشیە و نەیان زانیوە بە چ هۆکارێک دروست دەبێت، لە ڕێگای داود پاشاوە پەنا دەبەنە بەر کونسڵگەری بەریتانیا تا هاوکاری پێویست بکات بۆ چارەسەری ئەو پەتایە، بەپێی ئاماژەی کتێبەکە، یارمەتیکراون بۆ لانیکەمی چارەسەرکردن.

دەتوانم بڵێم خەڵکی سیڤیلی عێراق لە هەر نەتەوە و وڵاتێکی دیکەی ئەم جیهانە بەدبەخترن، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان خاوەن ئەو ئابوریە ژێرزەمینە زەبەلاحە نین کە عێراق هەیەتی، ئەویش نەوتی شەڕهێنەرە! لە وڵاتێکی وا دەوڵەمەندا کە چی تا ئێستاش بەپێی ئامارەکانی خودی دەسەڵاتی عێراقی، زیاد لە هەشت ملیۆن عێراقی لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن! ئەمە بۆچی؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتداران لەو پەڕی سنوری ناعەدالەتیدا نەبن! کۆمەڵگا ئاوای لێبەسەر دێت؟ ئاخۆ تاوان نیە ئێستای کوردستان وەک دوو سەدە لەمەو پێشی ڕابردوی عێراق بچێت؟ ئاخۆ تا ئێستا کامە پرۆژەی بنەڕەتی و پێشوەختی ئەم دوئیدارەیەی کوردستان هەبوە کە لە خزمەتی خەڵکی سیڤیلی کوەردستاندا بووبێت؟ ئایا ئەم دوو ئیدارە سیاسیە بۆخۆیان بەرهەمهێنەری کۆی دەردو پەتاکان نین بۆ سەر ژیانی خەڵکی خێر لەخۆ نەدیوی کوردستان؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتی کوردی لە خزمەتی خەڵکیدا بوایە، دەبوا ئێستا خەڵکی لە ترسی پەتای کۆلێرا دەردومەینەتیەکانی تریان لە بیر بکەن؟ بۆچی دەبێت کوردستان هەروەک دووسەدە لەمەوپێشی بێت کە ئاستی وشیاری ئەواکات زۆر لە دوا بوە؟ خۆ ئێستا بەرهەمی خوڵقێنراوی تەکنەلۆژیای نوێ دەتوانێت بە ئاسانترین شێواز زۆرێک لە دەردو مەینەتیەکان چارەسەور بکات و زانستی نوێ بە کۆمەڵگا ببەخشێت، چونکە ئاستی زانستی مرۆڤایەتی هەنگاوی زۆر مەزنی ناوە. خۆ ئێستا کوردستان و عێراق لە ساڵی ١٨٣١دا ناژین کاتێک پەتای تاعون ڕوی تێکردون(ئەویش هەر لە ڕێگای کاروانچیەکانی ئێرانەوە گەیەنراوەتە عێراق) تا پیاوانی کەلەڕەقی ئاینی لە دەسەڵات بێنە جواب و بڵێن زانست دژی خواستی ئاین و خودایە و دەبێت کۆمەڵگا ئەم تاعون و دەردە قبوڵ بکات، چونکە لەو دونیا پاداشتەکەیان دەدرێتەوە؟

بڵاو بونەوەی پەتای ژن کوشتن و پەتای ژێرپەنجە و پەتای کولێراو پەتای جەڵدەی دڵ و شەکرە و چی و چیتر.. تا دێت ڕوو لە زیاد بونە، حکومەت و پەرلەمانیش، وەک ئەوەی هیچ ڕوی نەدابێت و هیچ نەخۆشیەکی کوشندە بونی هەبێت، تا ئێستا بەڕەسمی خۆیان تێنەگەیاندوە، گەر ناچاری نەبوایە، ئێستاش ئەو نوزەیەشیان نەدەبوو لەوەی دان بە پەتاکەدا بنێن!،، (خۆ گەر کەناڵی کەی ئێن ئێن ش نەبوایە) ئەوا وەک نەعامەکەیان لێدەهات و سەری خۆیان لە بن گڵ دەنا تا لەخۆیان وایە کەس نایان بینێت.(تۆ بڵێی ئەو کەناڵەش بەئەنقەستی وا بکات کە خۆی بۆ ئایندە بتوانێت قازانجێک لە دەنگی خەڵکی وەدەست بهێنێت، خۆ گەر ئەوانیش مەبەستێکیان هەبێت لە پشتی ئەو پەتاوە، بەڵام لە ئەرزی واقعدا پەتاکە یەخەی بە کۆمەڵگا گرتوە!) بەڕاستی شەرمە بۆ ئەو دەسەڵاتە کوردیە کە ماوەی دوو دەیە یە خەریکی مژیینی خوێنی خەڵکەکەی خۆیەتی و هەر تێر نابێت. کارەساتە بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکومەت و سەرۆکی پەرلەمان، تا ئێستا هیچ کارێکیان ئەنجام نەداوە بۆ ڕێگری کردن لەو پەتایانەی یەخەی بە کۆمەڵگاکە گرتوە. ئاخۆ تۆ بڵێیت ئەم دەسەڵاتە هیچ منەتی بە خەڵکەکەی هەبێت، لەوەی گەر هەموشی تیا بچێت ئەوان خەمێکیان نەبێت لەوەی کێ دەیان پارێزێت لە دوژمنەکانیان؟ ئایا تەنها دڵیان بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا خۆشە لەوەی گەر خەڵکی کوردستانیش نەمان ئەوان لە بەر خاتری بیرە نەوتیەکان دەیان پارێزن؟ کامەیە ڕاستگۆی ئەو دەسەڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا؟ ئاخۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیا، کە لە مێژە بەشێک بوون لە نائارامیەکان بۆ سەر خەڵکی عێراق و کوردستان ، ئێستا هەر لای ئەوانەوە نیە کە خۆراکە بەسەر چوەکان دەنێرن بۆ ئەو وڵاتە؟ ئاخۆ گەر نیوەی عێراق بدرێت بە ئێران و نیوەکەی تریشی بدرێت بە تورکیا، باشتر نیە لەم حاڵەی ئێستا بۆ خەڵکی عێراق؟ خۆ ئێستا لەو دوو وڵاتە پەتای کولێرا و پەتای تاعون و تەنانەت پەتای ژێر پەنجەش بەشی خۆی چارەسەرییان بۆ کراوە؟

دەمەوێت بپرسم، هۆکار چیە ئەم دەسەڵاتە کوردیە نایەت ئاوڕێک لە ئاوی دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان بداتەوە تا بەکەڵکی بەکارهێنان بێن؟ ئاوی سیروان تا ئێستاش وەک ئەوەی دەیبیستم دەڵێن بۆنێکی زۆر قورسی هەیە. ئاخۆ دەسەڵاتداران ئامادەن بێن لەو ئاوە بخۆنەوە، یان ئەوان لە ڕێگای دەستە براکانیان لە تورکیا و ئێرانەوە ئاوی نەمرییان بۆ دێت؟ کوردستانێک بە پێنج ملیۆن مرۆڤیەوە، کوردستانێک بە دەوڵەمەندیەکی ئێجگار زۆرەوە، هێشتا چینێک تێیدا دەسەڵاتدارە، هیچ باکی نیە بە ئایندەی زۆرینەی کۆمەڵگاکەی، ئەو چینەی کە سەر بە بۆرژواکان و دەرەبەگەکانە، ئەوە چینێکە هەردەم دەڵێت با هەموو خۆشی ژیان هەر بۆ من بێت، تۆ گۆێی مەدەرێ خودا هەر ئەوەندەی بەتۆ داوە. ئەوان ئاوان!؟ نەک ئازادیخواز و دیموکراسیخواز بن. دیموکراسی و ئازادی تەنها تا ئەو سنورەیە بۆ ئەوان کە ئەوەی هەیانە لێیان نەسێنیتەوە (ئەوەی کە بەری ڕەنجی گشتی کۆمەڵگایە وئێستا لە ژێر دەستی ئەواندایە)، گەر ئەو کارە کرا ئەوا لای ئەوان نیشانەی خیانەتی نەتەوەیی مەزن دەگەیەنێت! ئیتر دەبێت ئەم کۆمەڵگایەش تێبگات، لەوەی دەرد و پەتاکان لە هێزێکی سەرو سورشتەوە نایەن، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ دەسەڵات دەگەڕێتەوە کە تا چەند ئامادەیی تێدایە خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی پاراستنی سەلامەتی کۆی گشتی کۆمەڵگاوە. بەڵام ئاخۆ ئەو دەسەڵاتە کوردیە هیچ ئامادەییەکی وای تێدا هەیە؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتداران لە خزمەت پەروەردە و تەندروستی کۆمەڵگا بوایەن، دەکرا بە تەمەنی دوو دەیە لە دەسەڵاتیان خاوەن چێشتخانەکان وەک زەروو بەر ببنە گیانی کڕیارەکانیان؟ ئاخۆ شەرم نیە ئێستا مرۆڤ بکەوێتە گومانەوە لە کاتێکدا برسێتی تەنگی بۆ هێنابێت و نەوێریت ڕوو لە چێشتخانەیەک بکات بۆ نان خواردن؟ ڕەنگە بڵێن ئەمە چ پەیوەندیەکی بەدەسەڵاتەوە هەیە، بەڵام من دەڵێم گەر دەسەڵات لە قازانجی کۆمەڵگادا کاری کرد ئەو کات هەرچ پێگەیەکی ژیان هەیە دەبێت دەسەڵات چاوێکی لەسەری بێت، بۆ ئەوەی زۆرینە تێیدا زەرەر مەند نەبن! ئێستا ماوەتەوە بڵێم بژی بۆ دەسەڵاتی کوردی کە هێشتا هەر لە دوو سەدەی ڕابردووی وڵات دەچێت! بژی تۆ ئەی دەسەڵات کە پەتای ژێرپەنجە و پەتای کۆلێرا و پەتای تاعونت بۆ کۆمەڵگا بە دیاری هێناوە و پەتای گیرفان پڕکردنیشت بۆخۆت بە دیاری داناوە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە