بیست ساڵ درۆكردن
Sunday, 06/03/2011, 12:00
بیست ساڵە ئێوە پێمان دەڵێن : دۆخى كوردستان هەستیارە , هەمیشە ئەزموونەكەمان هەڕەشەى لەسەرە بیست ساڵەو ئەزموونەكەمان ساوایە و پیلانى دەرەكى لەسەرە ,دراوسَ و نەیارانمان چاوى پیسیان بڕیوەتە ئەم ئەزموونەى ئێمە و بۆ دەرفەتێك دەگەڕێن ,بمان توێننەوە.
بیست ساڵە ئێمە لە كەشتیەكى لە تەپەدۆر دروستكراوداین و تەنها (یەك كون)ى بچكۆلە لەو كەشتیەدا هەموومان نوقم دەكات و نەهەنگە برسى یەكان قووتمان دەدەن...!
ئێمە هەر ئاراممان گرت و وتەكانى نووسەرى مەزن (ئیسماعیل بێشكچى)مان كردە دروشممان كە دەڵێ:دەسەڵاتێكى خۆماڵى خراپ لە دەسەڵاتێكى بێگانە باشترە.
دەبوو ئێمە لەسەرەتاى ئەو بیست ساڵەدا بمانزانیبا كە ئێوە نامۆن بەم میللەتە ... ئەو دەمەى ئێوە تەواوى كەرەستەوئامێرو شۆڤڵ و عەمود و وایەرى كارەباى ئەم وڵاتەتان بە تاڵان بردو بە دەر و دراوسێتان دەفرۆشت...بەڵێ ئەو دراوسێ یانەى ,ئێوە وەك گورگ ئێمەى پێ دەترسێنن و ژێر بە ژێریش لە هەموو بۆنەكاندا زیارەتى مەزارى پیاوە سیاسیەكانیان دەكەن و خۆتان بۆ دەسەڵاتدارانیان دەچەمێننەوە.
بیست ساڵە ئێمە بە عەرەبى شۆڤێنى وبەعسیەكان دەترسێنن...! ئەى بیرتان چوو بەلەناوبردنى بەعس و ئازادكردنى كەركوك, عەرەب لەو شارە نەما ؟! ئەى ئەم عەرەبە هاوردە و بەعسیانە كەى و چۆن هاتنەوە ئەم شارە...؟؟!! گەر نازانن چۆن هاتنەوە ,من پێتان دەڵێم :ئێوە ئەو ناوچانەتان تەعریب كردەوە,ئەوكاتەى هەریەك لەو دوو زل حیزبەتان پارێزگارێك و تاقمێك چەكدارى بەجیا بۆ ئەوشارە دانا وكەوتنە ململانێ ى حیزبى و بەتاڵان بردنى ئەوشارە.
هەمووكەس ئەتوانێ باس لە دوژمن و داگیركەر و كۆنەبەعسى بكات,تەنها ئێوە نەبێت!! كام سوپا و جەندرمە و پاسدار ماوە پەلكێشى كوردستانى بكەن؟؟ئەى بۆ پێمان ناڵێن (خەزرەجى وتاریقى فڕۆكەوان و شێخ جەعفەرى كۆنە پارێزگارى شارە حەیاتەكە و...هتد) كێ دەربازى كردن...؟؟؟!!!كامەتان هەبوو ژێر بەژێر لەگەڵ بەعس پەیوەندى نەبێت؟! ئاخر بەنەمانى یەك دەسەڵات ئەو هەموو فایلدارە ئازیزانە ئاشكرا بوون ,ئەى سبەى دەوڵەتێكى ترى دراوسێ ڕووخا و فایلدارى دى دەركەوتن,ئەو دەمە چی دەڵێن؟؟!! بیست ساڵە ئێوە درۆى دیموكراسى و ئازادى و مافى مرۆڤ بە ئێمە دەفرۆشن ,بەڵام شووشەى پەنجەرەى دیوەخانێكتان ئەشكێنن ,لە بەرامبەردا شارێك خەڵتانى خوێن دەكەن!!
بیست ساڵە قێزەوەنترین تاوان لەمیللەت وگەورەترین دزى لەوڵات وناشرینترین خیانەت لە خاك سەرچاوەكەى ئێوەن!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست