کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی تەنها قوربانیدەر بوو، نەک نەدۆڕاو

Sunday, 06/10/2013, 12:00







گەر بڕوامان بەو ووتەیەی ستالین هەبێ، کەوا ئەوەی براوەی هەڵبژاردن دەست نیشان ئەکات، ئەوانە نین، کەوا دەنگیان داوە، یان دەنگیان بەلایەنێک داوە. بەڵکو ئەوانەی دەنگەکان ئەژێمێرن و جیایان ئەکەنەوە. حەتمەن ئەبێ باوەڕ بەوەش بهێنین کەوا براوەی هەڵبژاردن، یەکەم و دووەم و سێیەم نییە، بەڵکو ئەو هاوپەیمانێتییەیە کە بۆ پێك هێنانی کابینەی حکومەت پێك دێت.

زۆربەی خەڵکی پێیان وایە، کەوا یەکێتی تووشی شکست و دۆڕاندن هاتوە، لێ لەڕاستیدا براوەی ئەم هەڵبژاردنەی کوردستانی باشوور، ئەو لایەنانەن کەوا بەشداری پرۆسەکەیان کرد، واتە هەریەك لەپارتی، گۆڕان، یەکێتی و ئیسلامیەکان براوەی یەکەمن، تەنها دۆڕاو و شکشتخواردوو ، گەل و جەماوەری دەنگدەر بوو.

لەو ڕۆژەوەی یەکێتی پابەند بوونی خۆی بە هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا ڕاگەیاند، کار و ئەجندای تەنها وەك ڕۆڵی (قوربانی)دەر بووە. بۆ ئەم مەبەستەش بەتەواویی کەوتە ژێر سێبەری پارتی و پاشکۆبوونی خۆی ڕاگەیاند.. کێ هەیە نەزانێ بۆچی یەکێتی ئەو هەموو سازشە یەك بەدوا یەکانەی کرد بۆ پارتی؟ یەکێتی بەرانبەر هەر سازشێك بڕێك لە پارە، پۆست، شیرنی وەرگرتووە، بەواتایەکی دی یەکێتی بۆ پارە ئامادە بوو هەرچی پارتی داوای لێ بکات بیکات.

لە ڕاستیدا گرنگ نییە یەکێتی چەند کورسی هێناوە، یان چەند کورسی کەم کردووە. بەڵکو گرنگ لەوەدایە یەکێتی چەند پشکی لە کابینەی نوێ بەرئەکەوێ، یان چۆن جارێکی تر دێنەوە سەر حوکم و هەروەك جاران باڵا دەستی خۆیان بەسەر زۆنی سەوزدا ئەکێشن. ئەوەی لەکوردستانی باشوور ئەگوزەرێ تەنها تەواوکەری هەمان سیناریۆکەی جارانە و گۆڕانکاری هیچ ڕوونادات.

یەکێتی کاتێ خۆی بە دۆڕاندن دا و وا خۆی نیشان دا، کەوا کێرڤی جەماوەری کەم بۆتەوە و ژمارەی دەنگدەرانی لە جاران کەمی کردووە بەرانبەر بە لایەنەکانی تر و بەتایبەتی گۆڕان. ئەمە تەنها ئەو یاریکردنەیە بە جەماوەر و تەفرەدانیان، دەنا یەکێتی گەر بیوستایە ئەیتوانی بەئارەزووی خۆی تەزوویری بکردایە، وەك پارتی کەسیش نەبوو بڵێ بەری چاوت برۆیە. هەموان ئەزانین یەکێتی وەك پارتی خاوەنی سەروەت و سامانی دزراو لەشکرێ لەمشەخۆری بن دیوار و هێزێکی میلیشیایی تۆکمە و دژە تیرۆر و ئەو هەموو دەزگا زەبەلاحەی ڕاگەیاندن و پارەی نەوت و هەزار شتی تریشە، کەواتە ئەبێ چ نهێنیەك وای کردبێ کەوا یەکێتی وای لێهات؟!

ڕەنگە یەکیك هەبێت بڵێت، ئەی ئەوە یەکێتی نەبوو لە ئەلبیسەکە وویستیان تەزوویر بکەن و دواتریش هەر کردیان، وەڵامی ئەمە گەلێ ئاسانە و بەڵێ ئەو یارییە تەنها بۆ گەوجاندنی شەقام و سەرلێشواندنیان بوو.

پارتە کوردیەکان وەك ئاشکرایە هیچیان نە لە ئێستا و نەلە ڕابردوو بەتەنگ جەماوەر و دەنگەکەیەوە نەبوون تا ئێستا بەلایەنەوە گرنگ بوبێت دەنگیان پێ ئەدەن، بەڵکو ئەوەی ئەوان بەلایانەوە گرنگ بووە و لە داهاتووشدا بەهەمان شێوە، ئەوەیە کەوا وا لەجەماوەر بکەن تەنها بێنە سەرەی دەنگدان و قەرەباڵغی دروست بکەن و بڕی ٦٠بۆ٧٠% بۆ هەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکەن و ڕەوایەتی وەدەست بهێنن، ئەوە وویست و حەز و ئارەزوو و ئەجندای پرۆسەی هەڵبژاردنە لە کوردستانی باشوور، بۆ ئەمەش چەندین دوکانی سیاسیان دروست کردوە و ناویان لێناون ئۆپۆزیسیۆن، کە لەڕاستیدا هەمان ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی زەمەنی سەدامیان هەیە و کە پارتیە کارتۆنیەکە ناسراوبوو، ئەگینا ئەگەر ئەو جۆرە شێر و ڕێویە دروست نەکەن هەرگیز خەڵکی ناچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و دواتریش ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ ڕەوایەتی بۆ خۆی دابنین  بکات، ئەگەر وانییە چۆن چۆنی ئامێرێك هەروا بەو خێرایی و بەبێ هیچ تاقیکردنەوەیەك لایەنەکان رازیبوون بە بەکارهێنانی؟

بۆیە با هەموان ئەو ڕاستیە تاڵە بزانین کەوا یەکێتی وەك یاریکەرێکی باش ڕۆڵی قوربانی بینی و توانی وەك دۆڕاوی هەڵبژاردن بێتە دەرێ، لێ وەك براوەی حکومڕانی برا بەشەکەی پارتیە و هیچ لەسەنگ و قورسایی و ئەرزشی خۆی کەم ناکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە