کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود بارزانی وه‌ک به‌رپرسی یه‌که‌ممان قه‌بوڵه‌!.

Wednesday, 22/06/2011, 12:00


دیکتاتۆره‌کان لێره‌ و له‌وێ ده‌که‌ونه‌ ژێر پێی خه‌ڵکی راپه‌ڕیو و بوێر ، سه‌رده‌می شۆڕشی گه‌لان به‌ توندی له‌ ناوچه‌که‌ بڕه‌وی هه‌یه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ریشدا تا  ده‌که‌ونه‌ به‌ر شه‌قی خه‌ڵکی ، دیکتاتۆره‌کان جۆره‌ها سیناریۆ نمایش ده‌که‌ن.
سیناریۆکانی دیکتاتۆره‌کان له‌ به‌رده‌م راستییه‌کان هه‌ر زوو ده‌پوکێنه‌وه‌ و بڕ ناکه‌ن. ئه‌وه‌تا حوسنی موباره‌ک خۆی به‌ سه‌رۆکی پێویست به‌ گه‌لی میسر داده‌نا ، کاتێ هه‌موو شۆرشڤانان هاواریان ده‌کرد " الشعب یرید اسقاگ النڤام" ، ئه‌و ده‌یووت: خزمه‌تی زۆری خه‌ڵکیم کردووه‌ و شه‌رعییه‌تی سۆڕشگێریم هه‌یه‌ ،   خه‌ڵکیش ده‌یانووت"ارحل" ..ناچار  له‌دواجاردا  به‌ڵته‌جی به‌گژ خه‌ڵکی وه‌نا! ، مه‌رگی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی تێدا بینی.
سیناریۆکانی معمه‌ر قه‌زافی و عه‌لی ساڵح زۆر له‌یه‌که‌وه‌ نزیکن به‌جۆرێک مۆدێلیکی تازه‌ و تێکه‌ڵ له‌ نیوان به‌کارهێنانی توندوتیژی و ته‌رحی به‌دیموکراسییکردن و چاکسازی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌کارده‌به‌ن ، که‌ دیاره‌ ئه‌م شێوازه‌ ره‌وشه‌که‌ی گه‌یاندۆته‌ یه‌کلابوونه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤانه‌ که‌ خه‌ڵکی تێیدا سه‌رده‌که‌ون.
بۆ سوریا وه‌ک سیسته‌مێکی به‌عسی فاشی هیچ چاره‌سه‌رییه‌کی دیموکراسییانه‌ ئه‌گه‌ر زۆر بچووکیش بێت قه‌بوڵ ناکات. رژێمی سوریا له‌ مه‌یدانه‌کان و شار و شارۆچکه‌کان مردن ‌ به‌سه‌ر خه‌لکی راپه‌ڕیو ده‌به‌شێته‌وه و له‌ راگه‌یاندنه‌کانیشی دیاره‌ جگه‌ له‌ بوونی هێزی چه‌کدار له‌ نێو خۆپیشانده‌ران هیچ بیانوویه‌ک ناهێنیته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو کوشتوبڕه‌. بیانووه‌کان ئه‌وه‌نده‌ بی بناخه‌ن ، خۆشیان باوه‌رییان پێی نییه‌!.
مۆدیلی سوریا که‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مۆدێڵه‌کانی دیکه‌ ،تونس میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن ، به‌ڵام کتومت ده‌توانرێت بشوبهێنرێت به‌ مۆدێلی مه‌سعود -جه‌لال ده‌رهه‌ق به‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک که‌ شه‌قام ده‌یه‌وێت بیهێنێته‌دی ، دیاره‌ له‌گه‌ڵ بوونی جیاوزی له‌ هه‌لومه‌رجه‌کان .
مه‌سعود- جه‌لال ، ده‌کرێت وه‌ک سیسته‌می به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ره‌فتار و له‌ زهنیه‌ت و تێگه‌یشتن له‌ ده‌سه‌لات ببینرێت.
ره‌نگه‌ بۆ سیسته‌می مه‌سعود - جه‌لال به‌ته‌نها ناوهێنانی مه‌سعود کیفایه‌ت بێت ، چونکه‌ جه‌لال تاله‌بانی به‌ پراکتیک نایشارێته‌وه‌ که‌ سه‌ربازیکی ژێر فه‌رمانده‌یی مه‌سعوده‌ ، بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان مه‌سعود وه‌ک به‌رپرسیاری یه‌که‌م ببینن.
ئێمه‌ خه‌ڵکی کوردستان و ئۆپزسیۆنیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ ، چه‌نده‌ به‌شار ئه‌سه‌د به‌ده‌م داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی سوریا و ئۆپزسیۆن دێت ، مه‌سعود بارزانیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌.
ئێستا ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی شه‌ش پاکێجی ئۆپزسیۆن له‌ ئارادایه‌ و مه‌سعود بارزانی ریگه‌ی به‌ زه‌لامه‌کانی خۆیداوه‌ تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن ، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ مه‌هارکردنی فشاره‌کانی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا ، ئه‌گینا که‌سێ نادۆزیته‌وه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ بهێنێت ، مه‌سعود بارزانی به‌ پرۆژه‌ چاکسازییه‌کانی ئۆپزسیۆن ته‌زویر نه‌کات ، له‌سه‌رێ ره‌ش بێته‌خواره‌وه‌ و ، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پاره‌ دزراوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بێت.
به‌ کورتی و کرمانجی که‌سێ نابێت چاوه‌ڕیی "گۆڕین" له‌ سیسته‌می دیکتاتۆریانه‌ی به‌شارئه‌سه‌دئاسا له‌ مه‌سعود بارزانی بکات ، ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان به‌ ئۆپزسیۆنه‌وه‌ خۆ ئاماده‌ بکه‌ن بۆ خۆپیشاندانی مه‌زن، ئه‌مجاره‌ ده‌بێ به‌ ته‌حدیدی دژی بنه‌ماڵه‌ی خیانه‌تکاری مه‌سعود بێت و  ، هه‌ر ده‌بێ مه‌سعود بارزانیش به‌ به‌رپرس بزانن ، با هه‌وڵه‌کان په‌رت نه‌بێت به‌سه‌ر چه‌ند لایه‌ن و که‌سێکه‌وه‌ ، باس له‌ حکومه‌ت نه‌کرێت چونکه‌ نییه‌ ، باس له‌ یه‌کێتی نه‌کرێت چونکه‌ نییه‌ ، ته‌نانه‌ت باس له‌ پارتیش نه‌کرێت چونکه‌ بوونی  نییه‌، ئه‌وه‌ی ئیستا هه‌یه‌  ته‌نها تاکه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌که‌ ژیانی چوار ملیۆن که‌سی گه‌مارۆداوه‌ و ، بۆته‌ مۆته‌که‌ی سه‌ر جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری . خه‌ڵکی کوردستان هیچی که‌متر نییه‌ له‌ خه‌ڵکی راپه‌ڕیوی سوریا ، ده‌بێ دورشمه‌کانی ببێ به‌ نه‌هێشتنی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ خیانه‌تکار و تالانچییه‌ ‌... تا ئه‌و چوار ملیۆنه‌ به‌ که‌رامه‌ت بژییت ،‌ ده‌بێ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌    نه‌مێنێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە