کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تازە بەتازە مەسعود بارزانی باسی وەرەقە 19خاڵیەكە دەكا

Wednesday, 17/10/2012, 12:00






ئەوەی كەمێ سەری لەگەڵ سیاسەت تێكەڵ كردبێ دەزانێ كورد و بەغداد یەك كێشەیان هەیە ئەویش نەوتە، ئەگینا نە كەركوك و ماددەی 140 بابەتە، نە مەسەلەی سوپا و پشكی كورد لەسوپای عێراق، ئەگەر بەغداد بیەڵێ ئەو 48 گرێبەستە بەپەلەیەی كە هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت ئیمزایان كردووە بەردەوام بێ، ئەوا پارتی و یەكێتی هیچ گرفتیان نیە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم لەكۆبوونەوەی 17-10-2012 لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان ، دوای سێ ساڵ تازە بەتازە باسی وەرەقە 19 خاڵیەكەی نێوان خۆیان و مالكی دەكا، وەك ئەوەی بەهەموو حزبە كوردیەكان بڵێ من لەگەڵ مالكی هیچم پێناكرێ ئێوە بچن مافی كورد بسێنن، ئەگەر كورد بیزانیانە تۆ ئاوا بێدەسەڵات و بەیدەستە دەبی بەرامبەر سامان و نەوت و بێ سێ و دوو حیساب بۆ ژیان و ژیاری بەشێكی كوردستان ناكەی و گرێبەستێكی كۆنكرێتی لەگەڵ توركیا مۆردەكەی، ئەوا تۆی نەدەكردە سەرۆكی هەرێم، هەرچەندە گومان بۆ بوون بەسەرۆك لەهەڵبژاردنی 2009 رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێ، بەڵام گریمان ئەو رێژەی كە دەنگی دایە بەپێی عەقیدەی حەڵاڵ و حەرام..... حەڵاڵە، بەڵام ئێ خۆ خەڵكی نەیانگوت ئێوە سەرۆكایەتی هەرێم بكەن بەدیوەخان و زوو زوو كۆمەڵێ پیاوماقوڵی تێدا كۆكەنەوە وجاری بەمەرگبوونی كوردی تێدا بدەن.
مەسعود بارزانی كاتێ ئەو پێشنیارە دەخاتە بەردەم حزبە كوردستانیەكان كە كورد لەگەڵ بەغداد بەرژەوەندی ئابووری نەماوە و نەوت كەوتۆتە قوڕگی شێرەوە لەكوردستان كە ئەویش بنەماڵەی بارزانیە، ئەو كێشەی كە ماوە كێشەی خاك و كەركوكە كە سوور دەزانێ دەمێكە گۆڕدراوەتەوە بەنەوت، بۆیە داوادەكا بچن ئەو خاكە وەرگرنەوە، ئەگەر مەسعود بارزانی بیزانیایە ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاری كورد و چەندین وەزیر یەكێتی و پارتی لەبەغداد ئەو داوایە دەكەن و داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پێداگری لەكەركوك دەكەن ئەوا هەرزوو بەمالكی دەوت ئەوانە كوڕی ئێمە نین لەبەغداد دەریانكە.
نازانم چ عەقلێكی سیاسی ئەوە بەكۆمیدیا ناونابا كە نزیكەی 50 پەرلەمانتار و جێگری مالكی كە دەستەراستی پارتیە نەتوانێ وەرقە 19 خاڵیەكە بەمالكی جێبەجێ بكا ئێستا وەفدی كۆمەڵێ حزبۆكەی كوردستان چۆن دەتوانێ ئەو وەرەقەیە جێبەجێ بكا؟!!.
دەبوو مەسعود بارزانی لەبەڵاغی كۆبوونەوەكەشدا وەك چۆن بڕیاریدا وەفدێ دروستكرێ بچێتە بەغداد ئاوا داوای بكردایە وەفدێكیش دروستبكەن لەو 50 گرێبەستە بكۆڵێتەوە كە بۆتە مایەی نەهامەتی بۆ كەركوك و جێبەجێكردنی ماددەی 140.
سەرۆكی هەرێم كاتێ بڕیاری دا متمانە لەمالكی وەرگیرێتەوە بەدەست بەتاڵی گەڕایەوە سەر سفرەی سەرۆكایەتی و كارتەكەی لەبەردەم كوردا بەسوتاوی مایەوە، ئێستا دەیەوێ هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە بەڵام خۆی نەبێ بەكارەكتەرە دۆڕاوەكە ، بەڵكە هەموو حزبە كوردستانیەكان جگە لەگۆڕان ببن بەكارەكتەری ئەو فلیمە تراژیدیایەی كە دوور نیە كورد دەیان هەنگاو بەرێتە دواوە.
لەوە دەچێ مەسعود بارزانی هەوڵی سەرۆكی حكومەت و پەرلەمان و نوێنەری حزبەكانی بیرچوبێتەوە كە كۆبوونەوە لەدوای كۆبوونەوە كرا بۆئەوەی ئەنجومەنی دانوستان پێكبهێنرێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەوانەیە مەسعود بارزانی لەبەرئەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی دانوستاندا دەبێ، پێی باش بێ ئەو هەوڵە لەناوچێت و وەفدەكەی كە رۆژی 17-10-2012 بڕیاری لێدا دروستكرێ، چونكی گۆڕان نایەوێ خۆی سەرقاڵ بكا بەو كۆبوونەوە لاوەكیانەی جۆری رۆژی 17-10ەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە