بێ خەم بن فوئاد مەعسوم كارەكانى تاڵەبانى تەواو دەكات
Thursday, 24/07/2014, 12:00
یەكێتى بەدرۆ و قسەى خۆى و ئامارى رێكخستن ولایەنگرەكان و ژمارەى دەنگەكانى بێت، كۆمەڵێكى زۆر ئەندام و دۆست و لایەنگرى هەیە، بەڵام كاتێك دێتە سەربەخشینەوەى پۆست و دیاریكردنى كەسێك بۆ جێگایەك، لەكۆمەڵێك فڵتەكۆن و نابوت، خانەنشینى سیاسى و کۆمەڵایەتیی، زیاتر كەسى نییە، هەر ئەم دەموچاوە ناشرینەی دەهێننەوە و رقمانی پێ هەڵدەستێنن، لەبەرهەمەوە بۆ فوئاد لەفوئادەوە بۆ عیماد لەعیماد و بۆ عومەر فەتاح، هەروەک یاری كورسى كورسێنەی جەژن، ئەم سەر ئەكەوێت و ئەو دائەبەزێت. بەڕاستى یاریەكەى سەیرە و پڕ قەشمەریاتە، ئەوەتا جارێكى تر بازەكە لەسەر شانى فوئاد مەعسوم نیشتەوە و بەخت یاوەرى بوو، كە كاندید بێت بۆ شوێنەكەى تاڵەبانى. تۆبڵێى یەكێتى نەفام و گەمژە و ساویلكەو هیچ لەبارا نەبووبێت، یان هێندە سوك و قێزەون بێ ئەرزش بووە، كە هیچ كەس حەز بەچارەى ناكات نایەوێت لەژێر سایەى ئەودا پۆست و بەرپرسیاریەتى وەربگرێت، وابۆ جارى دەیەم شانس و ئیقباڵى فوئاد هەستایەوە؟ ئایا یەكێتى لەكاندیدكردنى ئەو كەسەدا چ پێوەرێكى حساب كردوە؟ كار و ناسنامە و پێشینەى ئەو پیاوە ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو زاتە، لەساڵى 1992 وە لەپۆستدایە، چ خێرێكى هەبووە، ئەو چەند ساڵەى لە پەرلەمان سەرۆكى كوتلەى هاوپەیمانى بوو، بایى چەند سودى بۆ كورد و ئەزمونەكەى هەبووە، جگە لە كردنى كچەكەى بە وەزیر و دزین و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان؟
بەڕاستى عەیبە و لەبرى یەكێتى و مەكتەب سیاسیەكەى من هەست بەشەرمەزارى و خەجاڵەتى و تەریقى دەكەم. كە دەبینم فس فس پاڵەوانەكان، پیاوكوژ و دز و جەردەكان، ئەندامانى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى حیزبێکن ، جگەلە كاسە لێسى و ماستاو چێتى بۆ بنەماڵەى تاڵەبانى و کۆیلایەتی، گوێڕایەلى، هیچى دیكە نین، بەوەشەوە ناوەستن ئەمجارە بوونەتە خادیم و سەرشۆڕى پیرێژنێكى پەتەڕى و ساویلكە و بە ئاوازى ئەو سەما دەكەن، ئەوەى ئەو بیڵێت و بیخوازێت رەتكردنەوەى نییە، خۆى لەسەرو مەكتەب سیاسى و پێرەوى ناوخۆ و سیاسەتەوە دەبنێتەوە، هەموو دەرگاكان بەروویدا ئاوەڵان.
من پێم سەیرە یەكێتى و مەكتەب سیاسییەكەى نەتوانن لەنێو چەند ئەندامێكى خەواڵو و لاخەبەر یەك دەنگ بن و ، لەسەر دیاركردنى كەسێك بۆ پۆستێك رێك بكەون ، ئەى چۆن و چۆن و بە چ رویەك داواى یەكریزى و یەك هەڵوێستى لە ئەندامان و خەڵك دەكەن؟ تۆ بڵێى یەكێتى پیاوی تیا نەمابێت (بمبەخشن مەبەستم جیاوازى رەگەزى نییە،من زۆر زۆر پێم خۆشە كە ژنێك یان خانمێك پۆست و پلەى هەبێت، بەمەرجێك كەسێكى ژیر و وریا و عەقڵ كراوە بێت) وا سەرجەم بڕیار و راسپاردەو مەسەلە هەستیارەكان كەوتۆتە دەستى ئەو پیرێژنەوە، ئەویش وە كاپتنێكى نەشارەزاو نابەڵەد بەكەیفى خۆى سەوڵ لێدەدات و خۆشى نازانێت ئاكام و چارەنووسى حزبەكەى بەچى دەگات؟!
تۆ بڵێى یەكێتى لە فوئاد مەعسوى پیر و خڵەفاو، یان بەرهەم بێ هەڵوێست و ترسنۆك، یان عیمادى پیاوی ئیتیلاعات، یان عومەر فەتاحى كەڵتەكۆن بترازێت، كەسى نەبێت بۆ وەرگرتنى پۆست و پلە؟ بۆیە زوو زوو دەمو چاوەكان چەند بارە ئەبنەوە؟! من هێندە دەڵێم لەسەدا حەفتاى هۆكارى نابووت بوون و لێتەكینەوەى خەڵك و ئیفلاسى یەكێتى بەهۆى سیاسەتى هەڵە و نەفامى بێ سەروبەرى ئەو كەسانەوە بوو، ئەوان بوون بەپلەى یەكەم قوڕیان كرد بەسەر میللەتدا ئەو جا حزبەكەیان، ئەوان بوون لەبەر خاترى پلەو ئیمتیازێك نەریتى سوكایەتى و كۆیلەیەتى و وابەسەتبوونیان زیندوو كردەوە. چ بۆ تاڵەبانى و پیرێژنەكەى چ بۆ مەسعود و كوڕەكانى.
هەموومان ئەزانین كە لەم بارودۆخ و كات و سەردەمەى عێراقدا، پۆستى سەرۆك كۆمار بێكەڵكترین پۆستە، تەنها شكڵ و ناوە، زیاتر پۆستێكى تەشریفاتى و داتاشراوە، چەند ساڵەى تاڵەبانى لەو پۆستەدا بەڵگەى حاشا هەڵنەگرە، كە نەیتوانى هیچ هەنگاوێك بۆ بەرەو پێشبردنى دۆزى كورد و كۆمەڵە كێشەكانى بەرێت، ئایندەیەكى گەش و رونى بۆ مەیسەر بكات، نەیتوانى رێگە لەو گەلەكۆمەكێ و دژایەتیەى مالیكى و عەرەبەكان بگرێت، بەجۆرێكى وا گۆشەگیریان كردبوو، كە نەیدەتوانى و دەسەڵاتى نەبوو بە واژو و بڕیارى خۆى تاكە یەك پۆلیس دامەزرێنێت، یان بچوكترین كارمەند جێگۆڕكێ پێبكات.
رەنگبێت ساڵانى پێشوو لەبەرخاترى ئەوەى كە دڵى كورد رازى بكەن، لەبەر خاترى رەزامەندى هاوپەیمانەكانى كورد(ئەمریكا و ئیران) چاوپۆشیان لەهەندێك شت كردبێت، یان لەبەر خاترى ئەوەى كە عەرەب و كورد بە وتە شەریكن لەم وڵاتەدا، بۆخاترى ئەوەى كە ئەزمونەكەیان سادە و سەرەتایە، زۆر شتیان لەكورد قبوڵ كردبێت، بەڵام ئەوڕۆ كە ناكۆكیەكان خەست بونەتەوە، كە كێشەوململانێكان گەیشتونەتە لوتكە، كە ئومەى عەرەبى و حكومەتى بەغداى فیدراڵى لە لێوارى هەڵوشاندایەو،بەئاشكراو بەنهێنى پەنجەى تۆمەت بۆ كورد درێژ دەكرێت،كورد بە خائین و بێ بەڵێن و ساختەچى ناو زەد دەكرێت، لاى عەرەب شتێك نەماوە بەناوى كورد و راستگۆى و وەفا، ئەى ئیتر ماهیەت و گرنگى ئەو پۆستە لەچیدا خۆى دەبینێتەوە،كە پیرێژنەكەى یەكێتى خەریكە قیامەتێكى لەسەر بەرپا دەكات.؟!
داوەشین و ریسوایى بۆ ئەو كەس و لایەنانەى كە بوونە تەرەف و لەو شەڕە دۆراوەدا رۆڵیان هەبوو، شەرمەزاریى بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كە لەو مەهزەلە و گاڵتە جاڕیەدا بەشدار بوون، لەبرى ئەوەى لەدژى كاندیدكردنى بەرهەم و فوئاد و نەجمەدین هەڵوێست وەرگرن و بەرەو رووى یەكێتى بوەستنەوە و، هۆشدارى بكەنەوە كە ئەو پۆستە راستە بەشكڵ و ناو بۆ كوردە، بەڵام بۆدەبێت پاوانى یەكێتى بێت؟ بۆ دەبێت هەر بەنسیبى پیاوە رەزا قورس و ئەتوار سوكەكانى مەكتەب سیاسى بێت، من وەها گریمانەم دەكرد، كە ئەو ئەندام پەرلەمانانە دەنگ بەهیچ كامیان نادەن، لەدژى دەوەستن بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن كە مێژوویەكى تاڵیان هەیە لەگەڵ ئەو كەسانە و هەروەها برایانى ئیسلامیش كە هەق بێژو لایەنگرى عەدالەتن وبەدواى كەسى موناسیبدا دەگەڕێن بۆ ئەو شوێنانە. بەڵام بەداخەوە وانەكەوتەوە.
باشە ئەگەر فوئاد مەعسوم ببێت بە سەرۆكى كۆمار، یان لەماڵەوە دانیشێت، جیاوازى چى یە؟! لەو پۆستەدا چ دەردێك تیمار دەكات، چ لەمەسەلە دەگۆڕێت؟ بارى ناهەموارى عێراق و ناوچەكە بەچ ئاراستەیەك دەبات، لەكاتێكدا ئەو و حزبەكەى نەتوانن لەنێو سێ كەسدا بگەنە رێك كەوتن بۆ كارێكى وا، ئەى چۆن دەتوانێت شیعە و سوننە و توركمان و كلدۆ ئاشورى و مەسیحى وتێكڕاى پێك هاتەكان لەسەر مێزێك كۆبكاتەوە؟ ئەوەى من بۆى دەچم بیرم لێكردۆتەوە ئەوەیە،كە فوئاد ئاغاش وەك سكرتێرەكەى چۆتە تەمەنەوە پێویستى بە عیلاج و چارەسەر هەیە، بۆ ئەوش دكتۆرەكانى خۆمان ناتوانن ونازانن كام دەردەى تیمار بكەن، دەرى مێشك وبیرى یان جەستەى،؟! هەروابێتەوە چارەسەركردنیشى پارەیەكى زۆرى دەوێت ،چ فوئاد چ حزبەكەى لایان قورس و گرانە ئەو بڕە پارەیە لەكیسەى خۆیان خەرج بكەن، بۆیە تێچووى نەخۆشیەكانى ناردنە دەرەوەى بۆ چارەسەر هاوشێوەى تاڵەبانى ئەخەنە ئەستۆى حكومەتى فیدراڵى. من دڵنیاشم تا چوار ساڵى دیكە، عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایزیش خەزانى تەمەن رویان تێدەكات و نەخۆشیەكانیان قورستر و كاریگەرتر دەبن، بۆیە ئێستا یەكێتى لەبیرى ئەوەدایە لەپاش فوئاد، یەكێك لەو دوو پیرە بێخێرە بۆ ئەو شوێنە تەسبیت بكات. خەڵكیش با هەر لەورگى خۆیان بدەن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست