لوغزی سەرکەوتنی لیستی بارزانی، باوک و کوڕ و برازا
Thursday, 26/09/2013, 12:00
2899 بینراوە
لەو نەخۆشیانەی کە بەربڵاو و (ساری) ە جه هل ودواکەوتوویی و ناڕۆشنبیری ئینسانەکانە ، ئاشنا نەبوونیەتی بە ماف و ئازادییەکانی خۆی، لێرەوە دە مەوی بڵێم چوونە سەر سندوقی دەنگدان بەس نییە بۆ دیموکراسیبوونی سیستەم و ئازادی مرۆڤەکان لە هەڵبژاردن و دەنگدان، بەڵکو درککردن و هۆشیاری کەسەکان، تێگەیشتنیان لە مانای هەڵبژاردن و دەرئەنجامی هەڵبژاردن بڕیاری ئاگایی و بێئاگایی ئەم کۆمەڵگایە پیشان دەدات، دیموکراسی ئامرازێکی باشە بۆ حوکمڕانی کردنی تاک ، بەڵام ئامرازێکی باش نیە تاک حوکمڕانی پێ بکات ، قبوڵکردنی دیموکراسی مانای ئەوە نییە ئەوتاکە یاخود ئەو گروپە دیموکراسییە ، مرۆڤی دیموکراسی دەبێ بە کار و کردەوە لە چوارچێوەی پرینسیپەکان و بەهەکانی دیموکراسییدا ڕەفتار بکات، دەبێ هەوڵ بدات ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک پێش بخات و کۆمەڵگایەکی ئارام بهێنێتە کایەوە، نەک بکرێت بە ئامرازێک بۆ مەرامی تایبەتیی و حیزبیی و لە دواجار دژ بە پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت بوەستێتەوە .
لە هەلبژاردنێکدا، کە نیوەی کۆمەڵگاکەی ئیستا لە حەقیقەتی هەڵبژاردن تێنەگەیشتوون، نازانێت مافی چییە و چۆن پاریزگاری لە مافی خۆی دەکاات، یان ئەوانەی کە ئەم دەیکاتە دەمڕاستی خۆی چۆن رێز لە مافەکانی دەگرێت، بەهۆی داب ونەریتی خێڵەکی ومۆلدانی تاکەکانی لە دیوەخانە کانی دەرەبەگەکان و بەیعەتدانیان بۆ سەرۆکی خیڵ لەکاتی هەڵبژاردن، ئەم جۆرە دەنگدانانە، نەک تەنها جێگای گومانە، بەڵکو نیشانەی کۆیلایەتیی و گێلێتییشە، چونکە دەنگ کڕین ویژدان کڕین لەم بازاڕی دیوەخانەکاندا زۆر ئاسان و هەرزان فرۆشە.
لەم پرۆسەی دەنگدانی ئەم جارە هەردوو حزبی دەست ڕۆیشتو کاریان لەسەر ئەم عەقلیەتە کرد بەتایبەتی پارتی و بارزاینیەکان، کە توانیان سۆز وهەستی هۆزایەتی ئەم بەشەی کۆمەڵگا داگیربکەن، ئەنجامی هەلبژاردنەکە بە قازانجی خۆیان وەرچەرخێنن، هەرچەندە یەکێتیش کاری لەسەرکرد، بەڵام بنکەی کۆمەڵایەتی ناوچەکانی یەکێتیی لە باری کۆمەڵایتیی و فکریەوە جیاوازترە زۆربەی ئەم نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەشیوەیەک لە شێوەکان گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە، دیارە یەکێتی نیشتمانی لەم واقیعە نەگیشتبوو، ئەمیش ڕووی دەمی زیاتر لە سەرۆک خێڵ و بنەماڵەکان بوو،نەک لە تۆێژی هەژار و ڕەش و ڕوتەکەی، کە لەسەرەتای خەباتی پێشمەرگانەی یەکێتییەوە سوتەمەنی ئەم خەباتە بوون، هەڵەی گەورەی یەکێتی لەسەرەتای دروست کردنی ئۆرگانەکانی ڕێکخستن و دروست کردنی کۆمیتە و مەڵبەندەکان دەستی پێکرد، کە رەچاوی جەماوەرە ڕاستەقینەکەی خۆی نەکرد، بەڵکو مەڵبەند و کۆمیتەکانیان لەسەر ئەساسی بنەماڵە وهۆزایەتی و وەلای شەخسی پڕکردەوە، هەم ڕێکخستن و هەم دامودەزگا ئیدارییەکان توشی ئیفلیجی بوون ، لەجێی کەسی شارەزا کەسانی ملکەچ و کۆیلەی مۆدێرنی حیزبی جێیان کرایەوە. یەکێتیی ویستی چاو لە پارتی بکات، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوو.
لە بەر ئەم هۆیانەی سەرەوە، کاتێک گۆڕان دروست بوو، هەستی ئۆپۆزیۆسۆنی لەناو خەلکی کوردستان دروست کرد، پارتی هەستی بەم مەترسییە کرد و ئیجرائاتی ئحتیرازی خۆیکرد، شێوازی توند وتۆڵی گرتە بەر بۆ ئەوەی پڕیشکی ناڕەزایی نەپڕژێتە ناوچەکانی ژێردەسەلاتی خۆی، هەرچەندە چەند دەنگیکی کەم دروست بوو، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی کە لە هەل ومەرجی هەلبژاردن معادەلەی سیاسی بگۆڕێت، بە دەلیلی ئەوە ش بە هەموو لایەنەکان نەیان توانی بیگەیەنە سەدا بیست، کە ئەمە کارەساتە لە ململانێی سیاسی مەدەنیدا، ململانێکانی ئۆپزسیۆن و لایەکەی تری دەسەڵات لە ناوچەیەکی دیاریکراو مایەوە، پارتی زۆر زیرەکانە توانی ئەم بزوتنەوە سیاسییە لە گۆشەیەکدا قەتیس بکات هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی سەر قاڵ بکات بە دژایەتی کردنی، ئۆپۆزسیون بۆ خۆی دەست کراوە بیت لەو ناوچانەی کاری تیا دەکات، لەهەمان کاتدا گۆڕان نەی توانی ڕایەڵە و ڕێکخستنەکانی خۆی لە ناوچەکانی یەکێتیی تێپەڕ بکات. ئەو دەنگانەی گۆڕان هێنای ئەمە بەشی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی بوو لەناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، چونکە مێژووی خەباتی ئەم کەسانە بەشێکە لەخەباتی یەکێتیی، بۆیە لەم هەڵبژاردنە پشکی خۆیان برد، ئەگینا گۆڕان هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە لە ناوچەکانی دهۆک و دەوروبەری موسڵ، دیارە بە قازانجی پارتی شکایەوە.
یەکێتیی بەو سیاسەتە چەوتەی پەیوەست بە رێکەوتنی ستڕاتیژی، خۆی بەدۆراندن دا ، گۆڕانیش بەقەتیس کردنی هەوڵەکانی لەناوچەیەکی دیاری کراودا، نەی توانی چالاکیەکانی بگوازێتەوە بۆ بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، پارتی توانی سەرکەوتنێکی ڕەها بەدەست بهێنێت . هەڵە تەکتیکیەکانی یەکێتیی بە درێژایی مێژووی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیدا توشی ئەم شکستە ستراتیژیە گەورەیەی کرد ، ئێستا یەکێتیی لەبەردەم دووڕیانێک دایە، کە سێیەمی بۆ نییە، یان ئەوەتا کۆنگرەیەکی نوێ ببەستێ، ئەگەر ئۆباڵی ئەم شکستە کەوتە ئەستۆی هەرکەسیکیان، دادگایی بکرێت و لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، سەرکردە جاهیل و جەڵتەلێدراو و ئێکسپایەرەکان بهێننە بێنە خوارێ. یان ئەوەتا بەو وەزعە لاوازەوە، بچنە ناو هاوپەیمانی پارتی و بەشداری حکومەتێک بکەن کە دەبنە سفری پاش فاریزە، ئەوکات دەبێ مل کەچی بڕیارەکانی بارزانی باوک و بارزانی کوڕ و بارزانی برازا بن.
ئاراس