مه‌رگی شێرکۆ بێکه‌س و پرسیاره وه‌ڵامنه‌دراوه‌کان
Monday, 12/08/2013, 12:00
2365 بینراوە
شێرکۆ بێکه‌س مرد، به‌ڵام واتای ئه‌و وه‌ک هۆزانڤان، پێگه‌ی ئه‌و له مێژووی هۆزانی نوێی کوردی‌دا له شه‌سته‌کانه‌وه تا ئه‌مڕۆ، ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنن پرسیار له ئه‌و و ئیشه‌کانی، له خودی هۆزانی کوردی له ئێراق بکه‌ین. ته‌نانه‌ت ژیانی لێنهتوێژراوهی شێرکۆ بێکه‌س، قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتنی ئه‌و، پرسیار ده‌خه‌نه‌وه. چه‌ند نه‌وه‌یه‌ک له‌ته‌ک ئه‌م ناوه‌دا پێگه‌یشتوون، یان پیر بوون. ره‌نگه ته‌نیا سه‌دای ناوه‌که‌ی به‌س بێت بۆ ئه‌وه که ئێمه به شێوه‌یه‌کی ره‌خنه‌یی له ئه‌و بهزرێین. که‌واته نه‌ک به شێوه‌یه‌کی رۆمانسیانه، به ستایش و پیاهه‌ڵدان، به‌ڵکو به نرخاندن. ئاخر ئه‌و مرۆڤ بوو، هه‌روه‌ها کو‌لتوور و گه‌ل و زمانێکی تایبه‌تی شه‌قڵیان دا به که‌سێتی ئه‌ویش. به‌ڵام ئه‌و رێگه‌ی خۆی گرته به‌ر، به هێز و لاوازیهکانیهوه، به هۆنراوه‌ی جوان و کیچن و پیاهه‌ڵدان و "هتد" (به‌ڵێ "هتد!"، ئاخر ئه‌میش گرنگه، لێ ئێره جێی باسکردنی نییه). ئێمه ده‌بێت ئه‌م رێگه‌یه‌ی لێ قبوڵ بکه‌ین، چونکه مارکس واته‌نی "هۆزانڤانان بیچمی سه‌یرن و پێویسته رێ‌یان پێبدرێت رێگه‌ی خۆیان بگرنه به‌ر". هیچ گومانی تێدا نییه پرسیاره‌که ئاڕاسته‌ی بوێری و توانستی مه‌ئریفه‌ی ئێمه ده‌بێته‌وه که "چۆن" له ئه‌و، به‌گشتی له نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، بتوێژینه‌وه.
شێرکۆ بێکه‌س له هه‌ڤپه‌یڤینێکدا خه‌ونی خۆی (که ناوی ده‌نێت "وه‌سێته تایبه‌تیه‌که‌ی") بۆ کاته‌کانی پاش مردنی ئاشکرا ده‌کات، به‌ڵام به زمانێکی وێنه‌یی.
"من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێ‌بدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادی‌دا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە و ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستان‌م تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم". (وه‌رگیراوه له کوردستانپۆست)
ئه‌م ده‌ربڕینه وێنه‌ییه پڕه له دژبێژی. ئه‌و حه‌ز ناکات له گرد و گردۆڵکه‌کاندا بنێژرێت. بۆچی؟ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕبوونه‌ته‌وه (که‌واته گه‌ر گردی پڕنه‌بۆوه له سلێمانی هه‌بووایه، ئه‌وا لاری نه‌بوو "به‌ته‌نیا" له یه‌کێکیاندا بنێژرێت)، دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌ز به قه‌ره‌باڵغی زۆر ناکات، که‌واته نایه‌وێت گۆڕی دی له نزیکیه‌وه بن، چونکه ئه‌و فه‌زایه ده‌شێوێنن که ئه‌و به مردوویی تێیدا پێشبینیی خۆی ده‌کات. ئه‌و خۆزگه‌ی شوێنێکی تایبه‌تیی هه‌یه و خه‌ونی پێوه ده‌بینێت، ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌کی دی بۆ خۆی پێشبینی ده‌کات که ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ناکات، چونکه ته‌نیا به ده‌وری ئه‌ودا چێبووه و زۆر تایبه‌ته: ژن و پیاوی سلێمانی (نه‌ک هه‌ولێر و دهۆک، سنه و مه‌هابات، ئامه‌د و قامیشلۆ ...)، دەنگی مۆسیقا و گۆرانی، هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی پاركی ئازادی. به‌ڵام ئه‌مه هێشتا به‌س نییه، "ده‌یه‌وێت" له شوێن مه‌زاره‌که‌ی کافیتهریایهک و باخچه‌یه‌ک دروست بکرێن و ببن به شوێنێکی له‌بار که میوانه‌کانی له خۆ بگرێت، واتا شاعیران و نوسەران، كچ و كوڕی دڵدار. به‌ڵام هۆزانڤان کات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ساته‌کانی ناشتنی و ده‌بێژێت که "ده‌یه‌وێت": بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە بنێژرێت، "ده‌یه‌وێت" ئاڵای كوردستانی تێوە پێچرابێت، ئه‌وجا دوای ئه‌وه که ناشتیان و پرسه‌ی بۆ دانرا، له پرسه‌که‌یدا موزیک لێبدرێت، لەنێو مەزارەكەیدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەی هەڵبواسرێن. شێرکۆ بێکه‌سی هۆزانڤان به‌مانه‌وه ناوه‌ستێت، وێناکانی ده‌ڕژێنێته نێو داواکاریه‌که‌وه و ئێستاش "لێره"دا ده‌گه‌ین به وه‌سێتێک: ئه‌وی هۆزانڤان به ناوی خۆی و بێکه‌سه‌وه داوای ته‌رخانکردنی خه‌ڵاتی ساڵانه ده‌کات که بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی هه‌ر ساڵێک و گه‌ره‌که خەرجی خەڵاتەکه لەو میراتە بدرێت كە جێیدەهێڵێت.
به‌ڕوونی دیاره شێرکۆ بێکه‌س له‌و خه‌ونه‌یدا که به زمانی هۆزان دایده‌ڕێژێت، "ناز ده‌کات به سه‌رماندا"، به ئاشکرا پێمان ده‌بێژێت: "نازم بده‌نێ". ئه‌م خۆتێگهیشتنهی شێرکۆ بێکه‌س پاڵهێزه بۆ ئه‌وه که ئه‌و مه‌زارێکی تایبه‌ت له شوێنێکی گرنگی پارکی ئازادی‌دا به خۆی ره‌وا ببینێت، هه‌روه‌ها خه‌ونی خۆی به ساتی ناشتن و پرسه و مه‌زاره‌که‌یه‌وه ده‌خاته فۆرمی هۆزانه‌وه و پێمان ده‌بێژێت: "با پرسه‌که‌م به‌م چه‌شنه بێت".
ئێمه ناتوانین ئه‌م پێشبینیه وێنه‌ییه‌ی شێرکۆ بێکه‌س وه‌ک "وه‌سێت" وه‌ربگرین، چونکه ئه‌و لێره‌شدا "هۆزان ده‌بێژێت". ئه‌و نایه‌وێت له‌م دیمانه‌یه‌شدا یه‌ک هه‌نگاو له هه‌قیقه‌تی خۆی وه‌ک هۆزانڤان دووربکه‌وێته‌وه _ ئه‌و که مرۆڤه و به‌مه‌ش بمره، ئه‌و که ناسراوه و ده‌بوو بێگومان بووایه که پرسه‌یه‌کی فراوان و هه‌مه‌لایه‌نیی بۆ داده‌نرێت، ئه‌وجا له هه‌ر کوێ بنێژرایه، ره‌نگه رۆژانه کوڕان و کچان، کوردی کوردستانه‌کانی دی، بچوونایه‌ته سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و فۆتۆیان بگرتایه. له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بوو شاره‌زایانی هۆزانه‌کانی، دۆستانی هۆزانڤان و نووسه‌ری، هه‌ندێک سیاسه‌تکار و سیاسه‌تمه‌دار که ئه‌و له نزیکه‌وه ده‌ناسن، لێبهزرینایه سه‌باره‌ت به شوێنێکی ناشتن که شایسته‌ی مهزنێتیهکهی ئه‌و بووایه نه‌ک ئه‌و خۆی له ده‌ردئه‌ندێشه‌ی مه‌زنییه‌وه داوای مه‌زارێک بکات.
ئێمه لێره‌دا گه‌یشتووین به کێشه‌یه‌کی کرۆکیی شێرکۆ بێکه‌س. ئاخر به‌ڕێزێکی ئه‌وه‌نده ناسراو و مه‌زنی پێدراو چه پێویستییه‌کی به‌و گۆتانه هه‌یه؟ لێره‌وه چه‌ند پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئایا ئه‌و، ئه‌وی شاره‌زای خه‌ڵک و کولتوره‌که‌ی، "خه‌مێک" یان "ترسێک"ی هه‌یه که زوو له‌یادبچێته‌وه؟ یان ئه‌و هه‌قه‌ی پێنه‌درێت که به هی خۆی ده‌زانێت؟ خه‌مه‌که‌ی ره‌نگه له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که ئه‌و به‌ئاگایه له زاکیره‌ی کورتی گه‌له‌که‌ی، ئه‌وجا له ده‌رفه‌تێکدا خه‌مه‌که‌ی به زمانێکی وێنه‌یی ده‌رده‌بڕێت. ئێمه ده‌توانین له‌مه گهڤێک یان ته‌حه‌دایه‌ک تێبگه‌ین نه‌ک وه‌سێت. ئاخر ئه‌و به‌م پیریییهش، به پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که‌یه‌وه، تا ئه‌مڕۆ شه‌هیدانی "1963"ی سلێمانیی له‌یادنه‌چۆته‌وه، که‌واته ئه‌و ئاگایی مێژوویی هه‌یه، که‌واته له خۆی و ژیانی خۆیشی به‌ئاگایه: ئه‌و "شێرکۆ بێکه‌س"ه، به‌ڵام "تۆ بڵێیت مهزنێتیهکهم ته‌واو ده‌رک نه‌کرابێت و زوو له‌یاد بچمه‌وه؟".
به‌ڵام خه‌ونه‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌س له‌وه‌ش زۆرترمان پێده‌بێژێت. گه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌گشتی هه‌بووایه و به‌مه‌ش "سه‌رجه‌م شێرکۆ بێکه‌س" به مێتۆدی جیاواز ساغکراوه بووایه، هۆزانه مه‌زنه‌کانی به ئاشکرا له ده‌ربڕینه رواڵه‌تیه‌کانی جیاکراوه بوونایه، ئه‌وسا بۆ ئه‌و زۆر زوو سه‌رجه‌م لاوازی و لایه‌نه مه‌زنه‌کانی ئاشکرا ده‌بوون، به‌مه‌ش ده‌شیا خۆی له زۆر ده‌ربڕینی ناشایسته و رواڵه‌تی، به‌ڵێ به تایبه‌تی له هۆزانی "پیاهه‌ڵدان" ببواردایه.
له‌م جێیه‌دا پێویسته پرسیارێکی دی بوروژێنین: پرسیاری "کیچ". ئێمه ته‌نانه‌ت له‌نێو هۆزانه جوانه‌کانی ئه‌ودا گوزارشتی "کیچن" ده‌بینین، به‌ڵێ ناونیشانێکی وه‌ک "من تینوێتیم به گڕ ده‌شکێ" کیچه. گومانی تێدا نییه که کیچ به‌گشتی لای کورده‌کان جوانه و له ناخه‌وه حه‌زیان لێیه‌تی. ئێمه لێره‌دا ده‌گه‌ین به‌و پرسیاره که تا چه‌ند هونه‌رمه‌ند ئاڕاسته‌یه‌کی دژبه‌ری ئه‌و چێژه وه‌رده‌گرێت و رۆڵێک بۆ گۆڕینی چێژی وه‌رگر (جمهور) ده‌گێڕێت، یان تا چه‌ند ئه‌و چێژه ده‌لاوێنێته‌وه که وه‌رگر له ترادیسیۆنه‌وه هه‌یه‌تی. که‌واته ئایا تا چه‌ند شێرکۆ بێکه‌س کارا بووه له پتر کیچاندنی چیژی وه‌رگردا؟
به‌م شێوه‌یه هۆزانڤانێکی وه‌ک شێرکۆ بێکه‌سیش به ساغنهکراوهیی ماڵئاوایی کرد، ره‌نگه هه‌موو نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان به‌م شێوه‌یه به‌جێمان بهێڵن، به‌ڵام ئه‌وانیش شوێنی ناشتن بخوازن، چونکه ره‌نگه به خۆیان ببێژن: "من چیم له‌و که‌متره؟". ئه‌وان چیرۆک یان رۆمان یان هۆزان ده‌نووسن و نانرخێنرێن، گۆرانی ده‌چڕن و نانرخێنرێن، تیاته‌ر یان ته‌مسیلیه نمایش ده‌که‌ن و نانرخێنرێن، رسم ده‌که‌ن و نانرخێنرێن، هه‌وڵی سینه‌مایی ده‌ده‌ن و نانرخێنرێن. به‌ڵێ خۆیان زۆر جار له‌سه‌ر ئیشه‌کانیان "قسه" ده‌که‌ن، "روونکردنه‌وه" ده‌ده‌ن! ئه‌وان ناچارن، ئه‌وپه‌ڕی ناچارن، فیز پێشان بده‌ن و به‌فیزه‌وه هه‌ڵوێست رووه‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان وه‌ربگرن. ئیدی هه‌ندێکیان له‌نێو ده‌ردئه‌ندێشه‌ی مه‌زنیدا هه‌ڵده‌ئاوسێن (به ده‌نگی گڕی هه‌رگیز گوێلێنه‌گیراو ده‌بۆڵێنن: "کاکه من دیالۆگ ناکه‌م!"). کێشه کرۆکیه‌که‌ی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌یه که بوێری یاخیبوونیان نییه، شه‌ڕی نێویه‌کیانه‌ی حهفتاکانیان چۆن بوو، ئه‌مڕۆش ئه‌وهایه. هه‌فتاکان چۆن خۆیان په‌راوێز ده‌خست، ئه‌مڕۆش ئه‌وها وه‌ک تۆراو خۆیان په‌راوێز ده‌خه‌ن. گه‌ر ته‌نانه‌ت که‌سان هه‌بن شرۆڤه‌ی ره‌خنه‌یی ئیشه‌کانیان بکه‌ن، هێشتا هه‌ر نایکه‌ن، ئاخر ئه‌وان له مێنتالێتیانهوه چاوه‌ڕوانی ستایش و پیاهه‌ڵدان ده‌که‌ن، ئیشکه‌ری جدیش تاقه‌تی نییه خۆی بخزێنێته نێو ناکۆکیی رواڵهتییهوه.