کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڵاوكردنەوەی گەندەڵییەكانی پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە

Tuesday, 25/01/2011, 12:00


پرۆژەكە بەنایاسایی درا بەكۆرییەكان
بیرۆكەی دروستكردنی پرۆژەی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی سەردانی ڕێكخراوی تەندروستی جێهانی بۆ كوردستان لەساتی جێبەجێكردنی بڕیاری نەوت بەرامبەر بەخۆراك، لەوكاتەدا بەرپرسانی كورد داوای نەخۆشخانەیەكی لەو جۆرەیان كردووە، دیزاینی ئەو نەخۆشخانە لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە برایە دەرەوەی كوردستان پاش وەرگرتنەوەی تەندەری بۆ ئامادەكرا، لەنێو كۆمپانیاكاندا كۆمپانیای (یو ئای) كۆری بەپلەی چوارەم دەهات بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم-ئیدارەی سلێمانی، ئەو پرۆژەیە بەنایاسایی درا بەو كۆمپانیا كۆرییەو نەدرا بەكۆمپانیاكانی پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم!
بەڵام بەمەرجی ئەوەی گازینۆیەك لەدوكان و كارگەیەكی ئاسن لەپێنجوێن دروست بكات و بەو نرخەش پرۆژەكە بكات كە كۆمپانیای یەكەم دەستنیشانی كردووەئەویش (57365858) پەنجاو حەوت ملیۆن و سێسەدو شەست و پێنج هەزارو هەشت سەدو پەنجاو هەشت دۆلارە. ماوەی پرۆژەكەش (730) ڕۆژە، لە (24/10/2004) دەستكراوە بەئەنجامدانی پرۆژەكە، (1/2/2008) كۆتا ڕۆژە بۆ تەواو بوونی پرۆژەكەو بۆ هەر ڕۆژێكی دواكەوتنی پرۆژەكەش سزای (2500) دوو هەزارو پێنج سەد دۆلار دانراوە لەكۆمپانیا كۆرییەكە وەربگیرێت! لەكاتێكدا ئەم پرۆژە دراوە بەكۆمپانیا كۆرییەكە هیچ خیتاب زەمانێكی لێ وەرناگیرێ لەبەرامبەر ئەوەدا ئەگەر پرۆژەكە كەموكوڕی هەبوو یان كۆمپانیاكە جێیهێشت مافی حكومەت پارێزراوبێت! بەڵام ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە كە هیچ لەم ڕێكارە یاساییانە بەرامبەر ئەم كۆمپانیایە نەگیراوەتە بەر، ئەوەی زانراوە ئەوەیە كە لەڕێگەی دیبلۆماتێكی ئەمریكییەوە لەبونی پەیوەندی و بەرژەوەندی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كوردا پرۆژەی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە دراوە بەو كۆمپانیا كۆرییە كە پرۆژەكەی بەناتەواوی بەجێهێشت و پارەشی برد!

عومەر فەتاح چەندین گۆڕانكاری لەفەرمانەكانیدا دەكات!
بەڕێوەبەری جێبەجێكارو بەڕێوەبەری پرۆژەكە (چانگ یون لی) كۆمپانیای (یو ئای) كۆری بووە، بەنوسراوی ژمارە 1/1/845 لە 19ی كانوونی دووەمی 2005) بەئیمزای (عومەر فەتاح) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ئەحكامەكانی بڕگەی (10) لەمادەی (8)ی یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (3)ی ساڵی 1992 دوابەدوای فەرمانی ژمارە 1/3/10381 لە 12/كانونی دووەم/2004) دەسەڵات دراوە بە (محەمەد عەبدوڵڵا ساڵح) وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی بەدوواداچونی كاروباری ئەندازیاری پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی لەشاری سلێمانی، بەڵام بەنوسراوی ژمارە (1/1/11124ی 24ی ئابی 2005) عومەر فەتاح فەرمانێكی تری جیاواز دەردەكات بۆ (هێمن خالد شەفیق) وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاریی!! كە زۆر لەفەرمان و دەسەڵاتەكان گۆڕاوە بۆ هەمان پۆست. جگە لەمە عومەر فەتاح بەنوسراوی ژمارە (1/39/9734 لە 26ی تەموزی 2005) فەرمانێكی تر دەردەكات بۆ هەمواركردنی دەسەڵاتی فەرمانەكانی پێشووی و دانانی ئەندازیارێكی سەرپەرشتیارو یاساییەك و كارگێڕی و ژمێریارێك!

بەنهێنی پارە دراوە بە كۆمپانیا كۆرییەكە!
لەنوسراوێكی نهێنیدا كە ئیمزای عوسمان ئیسماعیل شوانی بریكاری وەزیری دارایی لەسەرە بەژمارە (884ی 11/12/2004) ئاماژە بەنوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران- نوسینگەی تایبەت ژمارە (1085ی 11/12/2004) دەكات، كە ئاراستەی بانكی ڕەشید لقی سلێمانی كردووەو داوای خەرجكردنی بڕی (5000000) پێنج ملیۆن دۆلار لەحساب جاری وەزارەتی تەندروستی بودجەی ئۆ پی سی ژمارە 271/دۆلار.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەو كۆمپانیایە هیچ شتێكی لەپرۆژەكە ئەنجام نەداوە كەشی 5 ملیۆن دۆلاری بۆ سەرفكراوە، لە نوسراوێكی تردا كە ئیمزای عومەر فەتاحی لەسەرە بەژمارە (420 لە 26/5/2005) كە بۆ دەزگای پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ سەرفكردنی بڕی (3700000) سێ ملیۆن و حەوتسەد هەزار دۆلار دەكات بۆ كۆمپانیا كۆرییەكە لەبەرامبەر دروستكردنی نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەكەدا وەك پێشینەی پرۆژەكە! كە دەكاتە (15%)ی بودجەی گشتی پرۆژەكە! جگە لەوە عومەر فەتاح بەنوسراوی ژمارە (1/5/2331 لە 6/4/2006) داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە بڕی (10101197) دەملیۆن و سەدو یەك هەزارو سەدو نەوەدو حەوت دۆلار وەك پێشینە دراوە بەكۆمپانیا كۆرییەكە بۆ هێنانی ئامێری پزیشكی!! وەك پێدانی (50%ی) نرخی ئامێرە پزیشكییەكان.
جارێكی تر بەنوسراوی ژمارە (10502ی 24/9/2006)دا بەئیمزای عومەر فەتاح بڕی (5000000) پێنج ملیۆن دۆلار بۆ هەمان كۆمپانیا سەرف كراوە لەبەرامبەر هێنانی ئامێری پزیشكی بۆ ئەو نەخۆشخانەی كەهێشتا تەواو نەكراوە !! لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیا تاكو پرۆژەكەی جێهێشت یەك ئامێری پزیشكی هێناوە بەناوی (سیتایب مۆمۆگرافیك) كە بایی (38000)سی و هەشت هەزار دۆلارە!
جارێكی تر بە نوسراوی ژمارە (2174ی 27/2/2007) بەئیمزای عومەر فەتاح بڕی (1760000) یەك ملیۆن و حەوت سەدو شەست هەزار دۆلار دراوە بە كۆمپانیای یو ئای كۆری وەك پێشینە بۆ هەندێ كاری زیادە لەپرۆژەكەدا!

كۆمپانیا كۆرییەكە پارەكانی بردو سزاش نەدرا
هێمن خالید شەفیق وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە نوسراوێكی بەژمارە (84ی 27/8/2008) ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە كە دەكاتە نزیكەی 7 مانگ لەپاش تێپەڕبوونی وادەی تەواوبوونی پرۆژەكەو لەو كاتەدا كۆمپانیا كۆرییەكە سزای غەرامەی ڕۆژانەی 2500 دۆلاری كەوتۆتە سەر بەڵام ناوبراو وەزارەت ئاگادار دەكاتەوە كە (چانگ یوون لی) داوای دواخستنی غەرامەكەی دەكات بۆ كۆتایی پرۆژەكە هەروەها داوای وەرگرتنەوەی پارەی پێشینەی پێشەكی دەكاتەوە تاكو بتوانن بەزویی پرۆژەكە تەواو بكەن، لەبەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی بەنوسراوی ژمارە (13035 لە 30/10/2008) ڕەزامەندی لەسەر داواكەی كۆمپانیا كۆریەكەو سەرۆكی دەستەی پرۆژەی ناوبراودا دەردەبڕێ! تادواجار هەموو كارەكانی جێهێشت و ئێستە بۆ پرۆژەی وێستگە 51 مێگاواتی تاسڵوجە نزیكەی 30مۆلیدە دەهێنێ كەبایی 25ملیۆن دۆلارە بەڵام ئێستە ئەو كۆمپانیای كە مۆلیدەكانی فرۆشتووە بە كۆمپانیا كۆرییەكە ئامادە نییە بێتە كوردستان تاكو كار بەمۆلیدەكان بكات!

پرۆژەكانی تەندروستی وێنەیەك لە گەندەڵی
لەقەزای شارەزوور ماوەی (5) ساڵە نەخۆشخانەیەكی (26) قەرەوێڵەیی بەناوی ڕەوف بەگ_ەوە كاری تێدا دەكری بەڵام هێشتا تەواو نەكراوە، ئەم پرۆژە لەلایەن كۆمپانیای كوردۆسەوە كاریتێدا دەكرێ و بڕی دوو ملیارو سەدو هەژدە ملیۆن و حەوت سەدو چلوهەشت هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە، لە 1/11/2005 ەوە دەست بەكاركردن كراوە لەو پرۆژەدا، ماوەی پرۆژەكە 500 ڕۆژە كە دەبوو لە 27/9/2007 تەواو بكرێ بەڵام تەواو نەكراوە!
ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لە ژمارەی (4973ی 10/9/2009)دا نوسیویەتی "ماوەی ساڵێكە كارەكانی نەخۆشخانەی (شێرەی نەقیب) لەكەلار تەواو بووە بەڵام كردنەوەی نەخۆشخانەكە بەهۆی نەبوونی ئامێرەوە دواكەوتووە!" بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان هۆكاری ئەم دواكەوتنە بۆ ئەنجامدانی كەشفی هەڵە دەگەڕێنێتەوە كە بۆ كڕینی ئامێرە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەكە كراوە، لەكاتێكدا هەمان ڕۆژنامە ئاماژە بەوە دەكات "كەلار پێویستی بە 17 مەڵبەندی تەندروستی هەیە! بەڵام مەڵبەندێكی گەورەی تەندروستی پاش ساڵێك تەواو بوون نەكراوەتەوە!
لەسەر هەمان نەخۆشخانە لەڕۆژنامەی (ئاوێنە، ژمارە 189ی 8/9/2009) ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو باس لەوە دەكات كە ماوەی 2 ساڵە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیبی كەلار تەواو بووەو هیچ نەخۆشێكی نەبینیوە، جگەلەوە نەخۆشخانەكە بچوكەو كەموكورتی زۆرە ئامێری ساردكەرەوەكانی لەكاركەوتوون ژورەكانی پڕبوون لەتەپوتۆز، جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانیش لەو نەخۆشخانەدا دەوام دەكەن! هەروەها زۆرینەی قەزاو ناحیەكان پێویستی زۆریان مەڵبەندی تەندروستی و نەخۆشخانەیە، چەمچەماڵ پێویستی بە 3 مەڵبەندی تەندروستی ترو نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەییە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئاوێنە كەلە ژمارە (190ی 15/9/2009) بڵاویكردۆتەوە نەخۆشخانەی شەوكەتی حاجی مشیر لە سەید سادق دوو ساڵە بیناكەی تەواو بووە بەبێ ئەوەی دەوامی تێدا بكرێ .
لەم نمونانەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە پرۆژەكانی حكومەتی هەرێم بێ پلان و بێ سەروبەرەیی پێوە دیارەو بەدوواداچون و چاودێری لەسەر بنەمای ماف و سزا بۆ ئەنجام نادرێ. هەرچەندە (د.خالید عەلی لە چاودێری 252ی 7/12/2009)دا باس لەوە دەكات كە وەزارەتی دارایی كێشە بۆ تەندروستی دەخولقێنێ بەوەی كە لەكاتی خۆیدا بودجەی پرۆژەكانیان بۆ سەرف ناكات!
جگە لەوەی 90%ی ئەو دەرمانانەی كەدەهێنرێنە كوردستان بەكۆنترۆڵی جۆریدا تێناپەڕێت!
ئەمە لەكاتێكدایە كە د.بەرهەم وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە (10/4/2010) لەكاتی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری چاندنی مۆخدا لەسلێمانی ئاماژەی بەدروست كردنی 4 نەخۆشخانە كرد لەسنوری شاری سلێمانی كە بریتیت لە (سەنتەری چاندنی مۆخ بەبڕی (3861432 یۆرۆ، سەنتەری نەشتەرگەر دڵی منداڵان بەبڕی 6425418 یۆرۆ، سەنتەری نەخۆشیەكانی سنگ، 1973149 یۆرۆ) كەلەلایەن كۆمپانیای تۆنیۆتسی بڵینگ و ئاكۆتیكی ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەكرێ.

سیستمی تەندروستی كوردستان هی سەدەی هەژەهەمە
وەك وەزیری تەندروستی "د.تاهیر هەورامی" دەڵێ : سیستمی تەندروستی كوردستان هی سەردەمی عوسمانییە!! كە سیستمی سەردەی هەژدەیەمە.
بەهۆی ڕۆتینیاتەوە ماوەی سێ مانگ ئامێری سیتی سكانی بەشی تیشكی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر شكاوەو چاك نەكراوەتەوە!! بەڵام وەزیری تەندروستی (د.تاهیر هەورامی) لەدیدارێكی ڕۆژنامەی ڕۆژنامەدا كە لە ژمارە (576ی 6/4/2010)دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێ "ئامێری سیتی سكانمان هەیە ڕۆژی یەكجار ئیشی پێناكرێ كەچی ساڵانە (250) دوسەدو پەنجا هەزار دۆلار دەدەین بە ێیانەكردنیان، بەو كۆمپانیایەی كەلێمانكڕیوە!!
بۆ چارەسەری ئەم گرفتە گەورەی كە تەندروستی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێ وەزیری تەندروستی لەمیانی دیدارێكی ڕۆژنامەی ئاسۆدا دەڵێ : بەكۆمپانیا بیانییەكان گرفتی تەندروستی كوردستان چارەسەر دەكەین! بەڵام مارتن كۆین سەرۆكی ڕێكخراوی چارەسەری سەرچاوە سەرەكییەكان لەبواری تەندروستیدا لە ژمارە (1078ی 18/10/2010)دا دەڵێ : دامەزراندنی سیستەمی تەندروستی كوردستان گرنگترە لە باشتر كردنی ئەوەی ئێستا.

تێبینی:
ئەم ڕاپۆرتە لە هیچ ڕۆژنامەو گۆڤارێك بڵاونەكراوەتەوەو بۆ هیچ لایەك نییە بڵاویبكاتەوە بەبێ ڕەزامەندی.

کوردستانپۆست: ئه‌م راپۆرته‌ به‌و ئیمه‌یله‌ی خواره‌وه‌ بۆمان هاتووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش بڵاومان کرده‌وه‌
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە