چەخماخەی سەركەوتنی دیاربەكر و چەك دانانەكەی تاڵەبانی
Thursday, 09/04/2009, 12:00
1791 بینراوە
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە باكووری كوردستان بەڕێوەچوو، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش بەسەركەوتنی گەلی كورد كۆتایی هات. ئەو شیمانەو بۆ چوونانەی لایان وابوو بە سڕینەوە و پاكتاوی گەلێكی چل ملیۆنی چۆك بە ئیرادەی بیست و چوار سەعات لە سەرپێی گەلی كورد لە دیاربەكردا دەدەن، لەو بڕوایە دام كە ئێستا گەیشتوون بەو ڕاستییەی كە دەنگ و ڕەنگ و جەسارەتی منداڵان و دایكانی باكووری كوردستان زۆر لە نەڕەی لە رزۆك و چەك و هێزو جبەخانەی تەكنەلۆژیای بەرزیان، خاوەن مۆراڵ و كەرامەت ترە!!؟
لە قۆناغێكی هەستیاری وادا كە دونیا بەزۆری و دەوڵەتی توركیا بەتایبەتی سیاسەتی لەسەر بێكاریگەر كردنی گەلی كوردە لە هەر چوار پارچەكە و بەتایبەت لە باكووری كوردستان، سەركەوتنی گەلی كورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی (29/3/2009)دا بەهەر ڕێژەیەك بێت واتاو گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەت ئەگەر ئەو ڕێژەیە بەو جۆرە سەركەوتنەی ئەم جارەی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی بێت كە دوو هێندەی ڕێژەی دەنگەكانی چوار ساڵ لەمەوبەری بەدەست هێنابێت...
لەكاتێكدا ئەو هەموو فشارە داگیركاریی و ناوخۆییانەی كە لەسەر گەلی باكووری كوردستان بوو بە هەڕەشە و پێدانی بەرتیل، ناكرێت بێڵین بە سادەیی گوزەر بكات بەسەرماندا و چەند وشەیەكیش بێت لەسەری نەدوێین، لەكاتێكدا سەركەوتنێكی وامەزن كە بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەكان زیاتر لە (99) بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شارەگەورەكان و شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستانی بەدەست هێنابێ.
لای هەمووان ڕوونە لە گەرمەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی باكووردا دەوڵەتی توركیا بۆ خۆڵ كردنە چاوی گەلی كورد و كڕینی دەنگەكان و ڕووكەش كردنی دەوڵەتە بەناو دیموكراسییەكەی زۆر شێوازوو ڕێبازی وەك كردنەوەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەزمانی كوردی و چەند هەنگاوێكی تری لە بواری ڕاگەیاندندا گرتەبەر، وە بەدابەش كردنی خۆراك و زێڕو سەلاجە و ...هتد گەرەكی بوو دەنگی كورد بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لە لایەكی ترەوە بەداخەوە لە ڕێگەی دوو حزبەكەی باشووری كوردستانەوە لە ڕێگەی بانگەوازییەكەی تاڵەبانی بۆ دانانی چەك لە لایەن گەریلاكانی پەكەكەوە، دەوڵەتی توركیا ویستی ئیرادەی كورد لە باكوور تێك بشكێنێت، وەك چۆن لە باشووردا تاڕادەیەك ئەمەی بۆ مەیسەر كراوە.
بەڵام بەئیرادەی بیست و چوار سەعات لە سەر پێیی گەلی باكووری كوردستان و سیاسەتی وردبینانەی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی، توانرا وەڵامێكی شیاو و ڕاست و واقعی ئەو پیلانانە بدرێتەوە. ئەوەی كە توركیا ویستی سۆزی گەلی كوردی پێ ڕابكێشێت لە ڕێگەی كردنەوەی كە ناڵێكی بەناو كوردی، بەو لێدوانەی (ئەحمەد تورك) هاو سەرۆكی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی كە لە پەرلەمان بەكوردی دای، وە كەناڵە بەناو كوردییەكەی كەڕاستەوخۆ وتەكانی پەخش دەكرد و لە كاتی لێدوانە كوردیەكەدا پەخشەكەی ڕاگرت، ڕووی ڕاستی ئەردۆگان و كەناڵەكەی بۆ گەلی كورد و دونیاش پیشاندا كە كردنەوەی ئەو كەناڵە بۆ مەبەستی تایبەتە نەك بۆ خزمەتی فەرهەنگ و ناسنامەی كوردی، هەروەها دەنگی زۆری گەلی كورد لەباكوور بە پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی ئەو پەیامەی بە لێدوانەكەی تاڵەبانی و ئەوانەدا، كە گەلی كورد چەك دانان لەسەر بنەمای تەسلیم بوون قبوڵ ناكات و دووبارە هاوسۆزی خۆیان بۆ ئاشتیی و چەكی بەرەنگاری گەریلاكان نیشاندا، چونكە دانانی چەكی گەلی كورد لە كاتێكدا كە دوژمنانی وەك دەوڵەتی ئێران كە تازە چەكی ئەتۆم بەرهەم دێنێت و توركیا خۆی پڕ چەك دەكات و چوارەم دەوڵەتی زلهێزی چەكداری جیهانە، وە دەوڵەتی عێراقیش كە بودجەی گەورە بۆ كڕینی چەك تەرخان دەكات و سوریاش هاوپشت بۆ خۆی دە دۆزێتەوە بۆ خۆ بەهێز كردن... دانانی چەك لە كاتێكی وادا بێ گەرەنتی لە تەسلیم بوون بەو لاوە هیچ مانەیەكی تری نییە.
دوایین وانەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت بۆ ئەو كۆنفرانسەبێت كە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لە هەولێر بۆ پرسی نەتەوەی كورد سازدەكرێت، كە دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەو كۆنفرانسە ئەو ڕاستییە تێگەیشتبن كە موخاتیبی یەكەمیان لەباكوور پارتی كۆمەڵگای دیموكراتییە و بێ ئەوان هەموو بڕیارەكانی ئەو كۆنفرانسە مایە پوچ دەبێت...
ئەوەی ماوە لێرەدا بیڵێم بۆ یەكێتی و پارتی و گەلی باشوور ئەوەیە، كە چۆن خوشكان و برایانمان لەباكووری كوردستان لە یادی كارەساتی هەڵەبجەدا لە ئێمە زیاتر و گەرمتر یادی دەكەنەوە و لە كاتی هەڵبژاردنی تاڵەبانیش وەك سەرۆك كۆمار هەر لە ئێمە گەرمتر ئاهەنگیان بۆ گێڕا، با ئێمەش بۆ سەركەوتنی گەلی كورد لە هەڵبژاردندا (كە گەلی باكوور بەسەركەوتنی تەواوی گەلی كوردی دەزانێ) هەمووان فرمێسكێكی پەشیمانی و ئاهەنگێكی ئاشتبوونەوەی بەرفراوان ساز بدەین.
[email protected]