پەیامى گرووپى كەمئەندامانى كوردستان
Wednesday, 17/10/2012, 12:00
بۆ كۆمەڵەو یەكێتى و ڕێكخراوەكانى كەمئەندامان لەهەرێمى كوردستان
هاوكات لەگەڵ پەیامى ڕاگرتنى كارو چالاكى گرووپەكەمان تاكاتێكى نادیار بەباشمان زانى هەڵوێستى خۆمان دەربارەى ڕەوشى ئێستاى گرفتى كەمئەندامان لەهەرێمى كوردستان بەهەموو لایەكى بەڕێزتان ڕابگەیەنین .
ئاشكرایە لاى هەموان گرووپەكەمان هەمووكات پێى وابووە كەمافى كەمئەندامان لەم هەرێمە پێشێل كراوە و وەك پێویست و خواستى ئێمە ئەوەى كراوە لەمەینەتى و هەژارى ژیانى كەمئەندامانى كەمنەكردۆتەوە .
هەروەها بەبیرى هەموولایەكى دەهێنین كەهەرئەم گرووپە بو پێش ئیمزاكردنى پڕۆژە یاسایی كەمئەندامان لەلایەن بەڕێز سەرۆكى هەرێمەوە ئەوە بوو بەهەموو لایەكمان ڕاگەیاند كەئەم یاسایە پێشێلى زۆرێك لەمافەكانمان دەكات و ناكرێت لەئێستادا پێى ڕازی بین , ئەوەبو یەكەم كەس لەگەڵ لێپرسراوى (یەكێتى كەمئەندامانى كوردستان) دواتر لەگەڵ تەواوى ڕێكخراوەكان قسەمان كرد و داوامان لێكردن كەباپێكەوە بەیەك هەڵوێست پەلەبكەین و نەهێڵین هەروەك چۆن لەپەرلەمان پەلەپروزێ لەپەسەندكردنى یاساكە كرا ئاوهاش نەهێڵَین لەلایەن بەڕێز سەرۆكى هەرێمەوە ئیمزا بكرێت و داوابكەین بگێَڕدرێتەوە بۆ پەرلەمان , بەڵام بەداخەوە لەلایەن بەڕێزیانەوە پێیان ووتین ئێمە لەیاساكە ڕازین و دەست خۆشى خۆمان دەمێكە كردووە !
هەرواش وابوو .. ئەوەبوو جۆرەها ئاهەنگ و ڕێوڕەسمى پیاهەڵدانى (ئەم و ئەوى) بۆ ڕێكخراو لێدوانى پڕ كەیفى بۆ درا !
بەڵام لەپاش 6 مانگ و لەڕوداوێكى سەیردا بەبێ ئەوەى هیچ لەم یاساو ڕێسایانە گۆڕدرابێ لێپرسراوى یەكێتى كەمئەندامانى كوردستان ڕاى گەیاند كەئەم یاسایە مافەكانمان ناپارێزێ و ژیانى شەرەف مەندانەمان بۆ دابین ناكات !!!
دوابەدواى بەڕێزیان هەندێك ڕێكخراوى تر هەڵوێستیان خستە پاَڵ ئەم هەڵوێستە درەنگ وەختەو ماوەى 10 ڕۆژیان دابە لایەنە پەیوەندیدارەكان كەدەبێت پیاچوونەوە بەیاساكەو هەنێ شتى تر دا بكەنەوە ئەگەرنا هەڵوێستەكەیان دەگۆڕن !
بەهەر حاڵ ئێمە دەست خۆشیان لێدەكەین و دەبوو هەڵوێستى تەواوى ڕێكخراوەكانى دى هەرئاوا زوترو لەسەرەتاوە بوێرانە بوایە .
ئەوەى ئێمەى نیگەران كردووە ئەوەیە بیستومانە ناتەبایی لەنێوان ڕێكخراوەكانى سڵێمانى و هەولێردا دروست بووە , لەولا جۆرە ڕازى بوونێك باس دەكرێ و لێرە هەڕەشەى توند دەكرا !
ئەولا دەڵێن تووندى هەڵوێستى ئەملا لەوەدایە كەئێستا حكومەت كابینەكەى گۆڕاوەو ڕێگە دەدرێت كەخەڵك بەگژ بڕیارو یاساكاندا پچنەوە ! دەشڵێن ئەى سەردەمى كابینەكەى كاك دكتۆر بەرهەم نەبوو ئەم یاسایە بەرزكرایەوەو پەسەند كرا ئەوكات بۆچى ڕازى بوون و بێدەنگ بوون لەئاستیدا ؟ ! ؟
لەگەڵ ئەم قسانەشدا دەگوترێت لەكۆبوونەوەى بەڕێز خاتو ئاسۆس وەزیرى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى لەگەڵ لێپرسراو و سەرۆكى ڕێكخراوەكانى سلێمانیدا پێى ڕاگەیاندوون (بۆ نموونە بەپێى ئەو یاسایە مافى (بەخێوكەر) هیچ كام لەئێوە ناگرێتەوە) , دەڵێن ئەمە هۆكارى توڕەكردنى ڕێكخراوەكانى ئێرەیە !
لەبەرامبەردا ڕێكخراوەكانى سلێمانى بەبرادەرانیان لەهەولێر دەڵێن دەبوو دەنگیان بخستایەتە پاڵ دەنگمان و ئەوانیش وەك ئێمە توڕە بوونایە , هەرچۆنێك بێت ئەوەى گرووپى كەمئەندامان مەبەستێتى ئەوەیە كەئەشێ هەردوولایان بۆچونیان بەرامبەر یەكترى تەواوبێت , دەشمانەوێت بڵێین پشتیوانى لەهەر هەڵوێستێك دەكەین كەبزانین دەرئەنجام بەرژەوەندى هەموو كەمئەندامانى تیادا بێت , هیچ كات جیاوازى نابینین لەنێوان كەمئەندامانى ئێرەو ئەوێ , هەموومان هاوخەم و هاوئازارین پێمان خۆش نییە نوێنەرەكانى كەمئەندامان سەنگەر لەیەكتر بگرن , بەكەمیش ناڕوانینە هەوڵ و ماندوبونى هیچ لایەكتان بەڵام هیچ كاتیش بێدەنگى هەڵ نابژێرین لەبەرامبەر پێشێل كردنى مافەكانى كەمئەندامان و خستنە ڕووى ڕاستییەكان .
لەئێستادا چاوەڕوانى جێ بەجێ كردنى ئەو بەڵێنانەین كە بەبەڕێزتان دراوە لەلایەن سەرۆكایتى پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەى پڕۆژە یاساكە و بەڵێنى جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەریمى كوردستان بۆ چارەسەرى كێشەكانمان , لەگەڵ ئەوەى ئێمەو ئێوەش دەمێكە بێ ئومێد بووین لەئاست بەڵێنە 100 بارە بووەكان .
دواهەمین كاریشمان لە 7/10/2012دا پڕۆژەیەكى چاكسازى و گۆڕانكاریمان لەڕێگەى بەڕێز بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانییەوە ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندى دارەكان كردووە بۆ گۆڕانكارى لەیاساو سیستەمى هاتوچۆى هەرێمى كوردستان بەشێوەیەك كەخزمەتى زیاتر بگەیەنێت بەكەمئەندامان , هاوكات لەگەڵ ئەمەدا بەهەموولایەكتانى ڕادەگەیەنین كەبۆ لەمەودوا لەچوارچێوەى گرووپى كەمئەندامانى كوردستان كارناكەین و تەنها هەوڵ دەدەین بەتاك و بەكۆ لەجۆرەها كارى مەدەنیانە (بەپێكهێنانى كەمپین و دەستەو شێوازى شارستانیانەى تر) لەكاتى پێویستو لەداهاتوودا بەدەردەكەوینەوە و درووشممان هەمان درووشمە (نا بۆ پێشێل كردنى مافەكانمان لەهەرێمى كوردستان) , ئامانجمان هەمان ئامانج (ژیانى شەرەف مەندانە بۆ كەمئەندامان و گەیشتن بەمافەكانیان) .
لەگەڵ تەواوى ڕێزو خۆشەویستیمان بۆ هەموولایەكتان .
گرووپى كەمئەندامانى كوردستان
10 / 10 / 2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست