بۆ دەمامكە شاراوەكان
Tuesday, 19/05/2009, 12:00
باسكردن لە مێژووى دەسەڵاتى سیاسیى هەردوو حیزبى فەرمانڕەواى ئەمڕۆى ناو كۆمەڵگاى كوردى، ئەستەمە بتواندرێت لە بابەتێكى وەهادا ئەرك و هەنگاوە نا دیموكراسیەكانى وەكخۆى دەستنیشان بكرێت و، ئامانجە ژێر بە ژێرەكانى دژ بە خواست و ویستى كۆمەڵگا بخرێتە روو. بەڵام دەكرێت تا ئەوەندەى ئەم بابەتە لە پێگەى جوگرافیاى رووپەڕى (رۆژنامە)دا شانسى فەراهەم ببێت بۆ بڵاوبوونەوە، دەتوانین باس لە تازەترین هەنگاوى هەستیارى هەردوو حیزبى دەسەڵات بكەین، كە لەو كاتەوەى بانگەشەى بوونى لیستى جیاواز بە گشتى و (گۆڕان) بە تایبەتى بۆ هەڵبژاردنەكانى ئایندە هاتوەتە ئاراوە، هەردوو حیزبى دەسەڵات هەموو هێز و توانایەكى خۆیان خستوەتەكار و ئەندامە جۆر بە جۆرەكانیان تەیار كردبوو بۆ خۆ خزاندنە ناو ریزەكانى ئەو دەنگە جیاوازانەى ئەمڕۆ، ئەمەش بۆ ئەوەى رۆژ بە رۆژ هەردوو حیزبى دەسەڵات لە رێگەى كەناڵە جاسوسەكانیانەوە لە نەخشە و ئایندەى ئەو لیستانە ئاگادار بن.
نكۆڵى لەوە ناكرێت هەموو دەسەڵاتێكى سیاسیى لە هەر كۆمەڵگایەكدا هۆشیارى خۆى دەخاتەگەڕ لە پێناو پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى، بەڵام مخابن بە پێى سەرچاوە و مێژووى دەسەڵاتى هەردوو حیزب، دەركەوتووە كە ئەوان هەموو هێز و تواناكانیان هەمیشە بەرامبەر ئەو لایەنە سیاسیانە بەكار دەهێنن، كە كاتێك بە غەیرى دەسەڵاتى خۆیان لایەنێكى تر دێتە مەیدان بۆ كاركردن لە پێناو خواست و ویستەكانى كۆمەڵگادا. سەرەتاى هەنگاونانى دەزگا هەواڵگریەكانى سەر بە هەردوو حیزب لە دەستخستنە ناو یەكێك لە حیزبە كوردیەكاندا خۆى نمایشكرد، كە لە پاڵ ئەم كارانەشدا رۆژانە هەست دەكرا و هەست دەكرێت، كە هەمیشە بەرامبەر بە لیستى (گۆڕان) بێ وچان لەو هەوڵانەدان كە دەیانەوێت بۆ تێكدانى مەرامەكانى خۆیان شیرازەى ئەم كاروانە لەبار بەرن، بەڵام لەبەر ئەوەى (گۆڕان) شێوازێكى بەر فرەیى جەماوەرى بە خۆیەوە گرتووە و نەچوەتە قاڵبى ئایدۆلۆژییایەكى دیكتاتۆریانەوە، بۆیە هەرچەند دەكەن هەوڵەكانیان لە ئاست (گۆڕان)دا بێ ئاكامە، ئەمەش بەو مانایە نییە، كە (گۆڕان) لەو هەوڵە نەزۆكانە بێ ئاگا بێت. بەڵام وەك وتمان چونكە (گۆڕان) تەنها یەك دەرگاى نییە بۆ چوونە ناو كۆمەڵگاوە و هەڵقوڵاوى خواستى خودى كۆمەڵگاشە، بۆیە ناتوانن وەك پێویست بەسەر كارە دزێوە سیخوڕیەكانیاندا زاڵبن و بگەنە ئامانجى گێرەشێوێنى.
قسەكردن لەسەر بابەتێكى وەها هەستیار و گرنگ، پێویستە بەڵگەى زیندوو ببێتە شاهێدحاڵێك بۆ ئەوەى ئایندە بە داتا قسەى لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوەى كە ئەمڕۆ پێویستە بگوترێت، ئەوەیە كە لە دواى ئاشكراكردنى لیستى (گۆڕان) بۆ هەڵبژاردنەكانى ئایندە و پشتگیرى بوونى لە لایەن زۆرینەى میدیا ئەهلى رۆژنامەنووسە سەربەخۆكانەوە سەرچاوەى خۆى گرت، ئیدى دەزگا جاسوسیە جۆراوجۆرەكانیش لەپاڵ ئەم هەنگاوانەدا لێرە و لەوێ ئەو هەنگاوەى نا، كە كاراكتەرى رۆژنامەنووس جارجارە بخزێننە ناو كایە سیاسیەكەوە و بۆ ئەوەى هەر هیچ نەبێت، بتوانن نەخشەى ئایندەى كاروانى (گۆڕان) لەبەرچاوى كۆمەڵگادا ناشرین بكەن، بەڵام هۆشیارى بێوێنەیى هەوادار و لایەنگرانى (گۆڕان)یش لە ئاستێكدان كە هەر زوو دەرككردن بەو كارانە بوونە مایەى پوچەڵ بوونەوەى ئەو تەرەقانەى كە دەسەڵاتى سیاسیى بۆ تەقاندنەوە دایاننابوو، ماوەیەكیش بوو كەف و كوڵى چەندان كەس كە خۆى لە شێوازى گڕوتێنێك دەهاتنە پێشەوە، كە رۆژانە دەمامكى (گۆڕان) بوون و شەوانەش لە (ماڵە باوان و شۆستەى شەقامە نهێنیەكان)، پوچەڵبوونەوەى ئەم هەنگاوانە هەمیشە لە لایەن هۆشیارى كۆمەڵگا و هەوادارانى (گۆڕان)ەوە زوو بە دى دەكرێت، بۆیە ناتوانرێت ئەو خواستانەى كە هەردوو حیزب هەیانە وەكخۆى بێتەدى.
ئەم ئەركانەى ئێستا بۆ ئاشكراكردنى ئەو جۆرە كەسانە لەوانەیە تەنها لە سەرشانى چەند كەسێكى نوخبەى رۆشنبیر بێت، سبەینێش ئەم ئەڵقانە هێندە فراوان بێت كۆمەڵگا خۆى سەرپەرشتیارى دەرخستنى رووى ناشرینى ئەو جۆرە كەسانە لە ئەستۆ بگرێت، هەنگاونانى ئەم جۆرە كەسانە بۆ كارى نابەجێ و دزەكردن و سیخوڕى كردن لە ژێرناوى كەسى سەربەخۆ و پاڵپشتى كردن لە خواست و ویستى كۆمەڵگا، لە ژێرەوەش مەهامەكانى كۆمەڵگا بداتەوە بە دەسەڵاتى سیاسیى لە پێناو ئیمتیازاتى سیاسیى و ئیدارى بۆ ئایندە و پاداشتى ئابوورى بۆ ئێستاى، هەرگیز ناتوانرێت تا سەر ئەم هەنگاوانە شاراوە بن و دەمامكى ئیزدیواجییان لە ئاست كۆمەڵگادا ئاشكرا نەبێت، چاكتر وایە هەم ئەو دەزگایانەى كە هەمیشە باس لە ئاسایشى نەتەوەیى دەكەن، ئەو كاراكتەرانەشیان لەو پێناوەدا بەكار دێنن، با چیتر دژى نەوەى نوێ و خواستەكانى كۆمەڵگا نەبن، چونكە ئەگەر ئەمڕۆش هەموو شی,َازى پیلانێك بۆ سەرنەكەوتنى (گۆڕان)ەكان لە لایەن دەسەڵاتى سیاسیەوە لە ئارادابێت، ئەوا كۆمەڵگا لە قۆناغێكى دیكەدا و بە شێوازى شێلگیرانە دێتە مەیدانى (گۆڕان)ەكان، كە ئەویش پێى دەوترێت خۆپێشاندانى سەرتاسەرى جەماوەرى، ئەمە تەنها قسەى ئێمە نییە، بەڵكو رەنگدانەوەى هەموو دەسەڵاتێكى ناعەدالەتى و دیكتاتۆرییانە لە هەر كۆمەڵگایەكدا وجوودى هەبێت، دەرەنجامەكەى بەو شێوەیە دەبێت كە كۆمەڵگا دەوێت بە ئامانجە ستراتیژیەكانى ئایندەى خۆى بگات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست