سیروان بارزانی لەسەر کەناڵ چوار و کۆڕەک حساب بۆ یاسا ناکات
Thursday, 21/06/2012, 12:00
هەردو کەناڵی کۆڕەک و کەناڵ چوار کە خاوەنەکانیان سیروان بارزانیە، لە سەرەتاوە بۆ بەڕێوەبردنیان گرێبەستێکی لە گەڵ هەڵکەوت زاهیردا ئیمزاکرد، بەڵام پاش ئەوەی سیروان لە شێوازی کارکردنی کەناڵەکە و هەڵکەوت زاهیر رازی نەبو، بێ ئەوەی گوێ بداتە لایەنی یاسایی گرێبەستەکەی بە هەڵکەوت زاهیر هەڵوەشاندەوە و دەریکرد.
دواتر سیروان بارزانی هانای بۆ ئارامۆ و ئەڤین ئاسۆ برد و گرێبەستی لە گەڵ ئەواندا مۆرکرد، کە ئەو دوانە لە هەمو شتێکی کەناڵەکەدا دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام دواتر سیروان بارزانی دەستی خستە کارەکانیانەوە و فەرمانی بە سەردا دەکردن، لە بەر ئەوەی لایەنی بەرامبەریش ئەوەی قبوڵ نەبو، هەرچەندە بەشێکیشیان لە کەناڵ چواردا هەبو، دەستیان لێ هەڵگرت و کەناڵەکەیان بۆ سیروان بارزانی بە جێهێشت.
دواتر سیروان بارزانی هانای برد بۆ سیروان تۆفیقی گەنجینە، گرێبەستەکەی ئەویش بە شێوەیەک بو کە هەمو دەسەڵاتێکی هەبێت، بەڵام دواتر دەستی خستە کارەکانی ئەویشەوە و لایەنی دوەم شوێنەکەی بۆ جێهشت.
چوارەم کەسیش کە سیروان بارزانی هێنای بۆ دو کەناڵەکەی، حەسەن غەفوری گۆرانی بێژ بو، بەڵام بە هەۆی نەبونی دەسەڵاتەوە ئەویش پاش ماوەیەکی کەم وازی لەو کارە هێنا.
لە ئێستادا سیروان بارزانی کەناڵەکەی رادەستی کۆمپانیای بابیلۆن کردوە،بەڵام بە هۆی سەربەست نەبونی ئەو کۆمۆپانیایە لە کارەکەیدا و تەداخولکردنی سیروان بارزانی تەنانەت لە سەر لۆگۆی کەناڵەکەیش، کێشەی قوڵ لە نێوانیاندا دروستبوە و رەنگە ئەو کۆپانیایەش واز لە کارەکەی بێنێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەمو ئەو گرێبەستانەدا، سیروان بارزانی بە هۆی پێگەی سیاسیەوە، نە گوێی بە لایەنی یاسایی گرێبەستەکان داوە و نە بەڵێنەکانی بروەتە سەر، چونکە دەبوایە پارەی بۆ کەناڵەکە خەرج بکردایە، بەڵام بە هۆی پارە خەرج نەکردنەوە، هەمو ئەوانەی گرێبەستیان کردوە بە قەرزاریەکی زۆرەوە کەناڵەکەیان جێهشتوە و کەسیش نەیتوانیوە لێپرسینەوە لە سیروان بارزانی بکات،لە ئێستادا کۆمپانیای بابیلۆن کارەکانی خۆی لەو کەناڵە ڕاگرتووە و چاوەڕوانی وەڵامی سیروان بارزانین بۆ ئەوەی سەرپشکیان بکات لەسەر گێبەستەکەیان کار بکەن ، بەڵام لایەنی یەکەم کە سیروان بارزانیە هیچ کاتێک پابەندی گرێبەستەکانی نەبووە و چۆن و کەی بیەوێت لەگریبەست لادەدات و حساب نەک بۆ کۆمپانیای بابیلۆن بۆ دادوەریش ناکات ،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست