کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆكى پارتى دەیەوێت موزایەدەى سیاسى بە سەر هاونیشتمانیانى هەرێمدا بكات

Tuesday, 12/04/2011, 12:00



ڕونكردەوەیەك بۆ ڕاى گشتى:
دوێنێ لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستاى ئاینى شارى سلێمانى، سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان مەسعود بەرزانى باسى لەوە كردوە كە نوێنەرى ناردووە بۆ سلێمانى تا لەگەڵ خۆپیشاندەران گفتوگۆ بكەن بەڵام "ئەوان چەند مەرجێكیان دانا بوو بۆ بینینى نوێنەرەكان" و ئەم هەڵوێستەى ئێمە وەك ڕەتكردنەوەى گفتوگۆ بۆ هاوڵاتیان پێناسە كراوە. وەك ڕێزلێنانێك بۆ هەڵوێستى مامۆستایانى ئاینى بەرامبەر داواكاریەكانى خۆپیشاندەران و هەوڵى بەڕێزیان لە هێوركردنەوەى دۆخەكە، ئێمە بە پێویستمان زانى ئەم ڕونكردنەوەیە بخەینە بەردەم ڕاى گشتى.
سەرەتا گرنگە ڕایبگەیەنین كە دەستەڵاتدارانى هەرێم هیچ ئیرادەیەكیان نیشان نەداوە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەم قەیرانەى كە لە هەرێمدا هەیە. ئێمە وەك خۆپیشاندەران داخوازیەكانمان نوێنەرمان بوون، ئەگەر دەستەڵات بیویستایە ڕێز لەو نوێنەرایەتیە بگرێت دەبوایە كارى بۆ جێبەجێكردنى داخوازیەكانمان بكردایە، بە تایبەت دەستگیركردنى تاوانباران.
ئێمە ئەو هەواڵە پشتڕاستدەكەینەوە كە ئەو دوو كەسە بەڵێ هاتبونە سلێمانى بەڵام هۆكارى نەبینیان یاسایى بوو نەك ڕەتكردنەوەى گفتوگۆ. ئەو دوو كەسەى كە هاتبونە سلێمانى لە ناو سەرۆكایەتى هەرێمدا پۆستێكى ڕەسمیان نیە كە ڕٍێگەیان پێبدات وەك نوێنەرى سەرۆكى ئەو دامەزراوەیە كردار بكەن. ئێمە لە كوردستان مەبەستمانە ئەم دەستەڵاتدارانە بە شێوەى دامەزراوەیى كار بكەن، بۆیە داوامان كرد بە نوسراوێكى ڕەسمى لە سەرۆكایەتى هەرێمەوە ئەو كەسانە تخویل بكرێن كە وەك نوێنەرى ئەو كاتەى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ خۆپیشاندەران كۆببنەوە و ئێمەش لە بەر ڕۆشنایى داواكەدا بە ڕەسمى وەڵاممان دەدایەوە، بەڵام ئەو نوسراوەمان پێنەگەیەشت، هەروەها ئێمە كێشەى شەخسى و خێڵایەتیمان نیە تا لەگەڵ كەسایەتى كۆمەڵایەتى یان حیزبى كۆبونەوە بكەین.
لە دانیشتنەكەى دوێنێدا سەرۆكى پارتى دەیەوێت موزایەدەى سیاسى بە سەر هاونیشتمانیانى هەرێمدا بكات كە دەڵێت: "ئێمە خاوەن كیانێكى سەربەخۆ نین... لە مێر هەرچى ڕوبدات هەروەك دەوڵەت دەمێنێتەوە بەڵام ئەوەى كوردستان ئەگەر ئەو ئەزمونە تێك بچێت ئەوا دووبارە ئەو دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێتەوە، ئیتر بۆ ئێمە بێین و لاسایى مێر یان هەر وڵاتێكى دیكە بكەینەوە، با لاسایى خەڵكى باشورى سودان بكەینەوە نەك مێر و وڵاتانى تر".
ئێمەش دەڵێین، بەڵێ ترسى ئێمەش لەم دەستەڵاتدارانەى هەرێم تێنەگەیشتنە لەو ڕاستیەى كە ئێمە خاوەن كیانێكى سەربەخۆ نین و ماوەى بیست ساڵە ئەوان بێباكانە بەرامبەر ئەم ڕاستیە تاڵە فەرمانڕەوایەتى ئەم هەرێمە دەكەن و یاریان بە ئاگر كردوە. هەموو بەڵگەكان دەیسەلمێنن كە ئێمەى جەماوەرى خۆپیشاندەر، ئەدائمان لە هاوڵاتیانى باشورى سودان ئەگەر باشتر نەبوبێت هەرگیز خراپتر نەبوە، ئەوە ئەوانن ناتوانن وەك هێزە سیاسیە ڕزگاریخوازەكانى سودان سیاسەت بكەن ، ئەوان تا ئێستا فۆرمى مامەڵەكردنیان ئەگەر لە حوسنى موبارەك خراپتر نەبوبێ هەرگیز باشتر نەبوە!!!
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
12/04/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە