کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مژدە . . مژدە. . لە ناو پارتییدا تەقییەوە

Monday, 11/10/2010, 12:00


پارتی لە گەرمیان و سلێمانی تەقەی تێكەوت و كۆنفرانس بە تەزویر و شەڕو پارە بەخشینەوەو جنێودان بەسەركردەكان كۆتاییهات

ئەوەی پێشبینی دەكرا لەلایەن ئەندامانی خوارەوەى پارتی وادەرنەكەوت و ئەمە یەكەمین جارە لەمێژووى پارتیدا كۆنفرانس بەو شێوەیە گوزەر بكات، چونكە لەسەردەمی دروستبوونیەوە پارتی لەبەر ئەوەى نێو خۆیدا هێزی بنەماڵەو وێنە ترسناكەكەى سەرۆك رێگەى نەداوە هیچ ناڕەزایەتییەك روو بدات و ناڕەزایی ئەندامان و شەِرو تەقینەوەى واى بەخۆوە نەبینیوە، بۆیە درز تێكەوتن و روودانی ئەو جۆرە یارییانە بۆ ئەندامانی پارتی شتێكی سەیرو سەمەرە بوو.

بەڕێزان ئەم راپۆرتە هەر لەیەكەم رۆژی پاش كۆنفرانس چەند ئەندام و كادیرو بەرپرسێكی پارتی بۆیان گیڕامەوەو دەبوایە ئەو كاتە بڵاوم بكردبایەتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونمو نەبوونی ئیتەرنێت لەبەردەستمدا ئێستا بڵاوی دەكەمەوە.

كفری
ئەندامێكی لیژنەى ناوچەى كفری نەیویست ناوی بدركێنێت، وەك خۆی وتى كێ هەیە لە ناو پارتیدا بە ناوی خۆیەوە زمان هەڵبهێنێت، ئاماژەى بەوە كرد كە"لەهەموو كوردستاندا بە تایبەت لەسنورى سلێمانی و گەرمیان لە40%ی ئەندامانی رێكخستن ئامادە نەبووەو لە60%ی ئەندامانی دیكە هەموو ناوی وەهمی بوون، ئالیەتی هەڵبژاردنەكە زۆر دواكەوتوانە بووە، بۆ نموونە لیستی ناوی ئەندامانی رێكخستن تەواو نەبووە، هاوكات تاوەكوو ئێستا چەندین كەس وازیان هێناوە یان بوونەتە گۆڕان یاخود چوونەتە بوارى سەربازی، كەچی ناویان هاتووەنەوە بۆ دەنگدانی كۆنفرانس".

ئەو ئەندامە باسی لەوەش كرد كە لەكفری عەشیرەتبازی و خزم خزمێنە زۆر زاڵ بووە، بە كاریگەرى عەشیرەت و كەسایەتییەكان پێش هەڵبژاردن چەندین تیم و گرووپی تەزویر دروست و ئامادەكرابوو لەسنوری لق و ئەندامە سەركردایەتییەكان.

لەكفری یادگار هیجران كە ئێستا ئامر فەوجە لەسوپاى عیراق، برای بەختیار لێپرسراوی پێشووی ناوچە، نزیكەى 60 سەرباز لەگەڵ تیمێكی هێزی پێشمەرگە كە نەوزاد عەلی داوێ برای خێزانی یادگار بەرپرسیانە بە مەبەستی دەنگدان و هەڕەشەكردن و چاوسوركردنەوەو خروقات هێنابوویانە نێو ناوچەوە، لەكاتێكدا ناویشیان نەبوو و دەنگیشیاندا، بۆ نموونە هەڕەشەیان لەهەردوو كادیری ناوچە سۆران نەدارو سەرمەد عوسمان كە هەڕەشەیان لەباوكی و رفاندنی منداڵەكەى كردووە.

ئەندامێكی لقی 22ی گەرمیانیش كە ئامادە نەبوو ناوی بهێنرێت ئەو وتانەی ئەندامەكەى ناوچەی كفری پشتڕاست كردەوەو وتى "سەدان سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆماركراوەو بەرزكراوەتەوە بۆ لیژنەى باڵای هەڵبژاردن و لیژنەى هەڵبژاردنەكانی لقی 22ی گەرمیان، جگە لەوەى هەمان رۆژ لەكاتی فەرزكردنی دەنگەكان عومەر شەریف كارگێڕی لقی 22ی گەرمیان هەر لەسەرەتاوە پرۆسەكەى بەجێهێشت، ئەندامێكی ناوچەش هۆكارى جێهێشتنی عومەر بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە باوەڕى بە ئالییەت و سروشتی و دیموكراسیبوونی كۆی هەڵبژاردنەكە نەبووە".

ئەندامەكەى ناوچەى كفری زانیاری زیاتر دەدركێنێت و دەڵێت "پاش فەرزكردنی دەنگەكان لەبەر ئەوەى دەرنەچووە، بەختیار هیجران بەرپرسی پێشووى ناوچە هەستاوە بە بەرشەقدانی تابلۆی ناوی بەرپرسانی پێشووی ناوچەى كفری كە لەوانە ناوی محەمەدی مەلا قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مەلا حەیدەر كە لەسێدارە دراوە تێیدایەو سوكایەتیشی بە سەركردەكانی پارتی كردووەو مێزی بەرپرسی ناوچەی شكاندووەوو ژوورەكەى تێكداوەو هەڕەشەى تەقاندنەوەى بارەگای كردووە".

ئەندامەكەى لقی 22 باس لەوە دەكات كە رێكخراوەكانی قوتابیان و مامۆستایان و لاوان و ئافرەتان زۆرترین تەزویریان كردووە، بەمشێوەیە روونی كردەوەو وتى "پارتى بۆ هەر لقێك لیژنەى باڵای ئامادەكارى كۆنگرەى بۆ كۆنفرانسی لیژنەى ناوچەكان دروستكردووە كە رێژەكەیان زۆر كەمەو ناتوانێت كۆنترۆڵی لقێك یان هەموو ناوچەى سەر بە لقەكان بكات، بۆیە ئەو لیژنەیەش هاتووە لەو رێكخراوانە چەندین كەسیان دەستنیشانكردووە بەوەى هاوكارییان بكەن، بەڵام ئەو كەسانەى لەو رێكخراوانە دەستنیشانكراون لەسەر ئینتیمای عەشیرەت و خزمایەتی دانراون، پاشان ئەو كەسە دیاریكراوانەى نێو ئەو رێكخراوانە هاتوون بە مەبەستی تەزویركردن كۆدو ژمارەى نهێنیان داوەتە كەسانی نزیك لەخۆیان كە ناویان نەبووەو دەنگیش بدات، بۆ نموونە كۆدو ژمارەكان بەم شێوەیە بوون (ئامۆزا، هەڤاڵ، 101، 102، گیانەكەم، نەخۆشم) بەكارهێنراوەو پێیان وتراوە كە هاتن بۆ دەنگدان یەكێك لەو كۆدانە بڵێ و ئێمەش رێگەت دەدەین بڕۆ دەنگ بدە، بە مەرجێك ئەو كەسانە ناویان لەلیستی رێكخستنی پارتی و دەنگدان و ناسنامەیان پێ نەبووەو بەو نهێنییانە دەنگیانداوە".

هەر لەپێش كۆنفرانس ئامادەكاری بۆ تەزویرو دەنگدان كراوە، بە وتەى ئەندامەكەى لقی 22 پێش كۆنفرانس سەدان پسولەى دەنگدان بە رەنگاورەنگ دروستكراوەو دەنگی پێدراوە.

رزگارى
ئەندامى لقی 22ی گەرمیان كە بارەگاكەى لەكەلارە روونیشی كردەوە كە برایەكی كاندیدە دەرچووەكەی رزگارى (فەریق حەسەن) كە ناوی یەحیایە، لەلایەن كاك هەرمان ئەندامی لیژنەى هەڵبژاردن بە بەڵگەى تەزویرەوە گیراوەو زیندانی كراوە، بەڵام دواى دەستێوەردانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئازاد دەكرێت.

تەنانەت خەڵكێك كە پارتی نەبوون و خزمی خۆی بوون تەزیویراتێكی زۆریان لەبەرژەوەندی كاندیدە دەرچووەكە كردووە، ئەو ئەندامە لق دەڵێت "لەرزگارى زیاتر لە350 پسولەى دەنگدان تەزویركراوەو خەڵكی غەیرە پارتی لەبەرژەوەندی فەریق دەنگیانداوە".

لقی 15ی خانەقین
بە وتەى سەرچاوەیەكی بەرپرس لەخانەقین تەنها شیعەكان سەركەوتوون بۆ كۆنگرە، چونكە شیعەكانی لق پێشوەخت بڕیاریانداوە تەنها دەنگ بە شیعەكان بدەن، ئەمەش بە فشارو ئیعازی مەرجەعی شیعەكان لەخانەقین كە فەرمانی پێكردوون كە تەنها دەنگ بە كاندیدە شیعەكان بدەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كرد كە بەڵگەى ئەو كارە ئەوەیە كە عەبدوڵڵا دەلۆ كارگێڕو دامەزرێنەرى ئەو لقە تەنها نزیكەى 480 دەنگی هێناوەو سەرنەكەوتووە بۆ كۆنگرە.

دەربەندیخان
بەرپرسێكی باڵای پارتی لەگەرمیان بەم شێوەیە ئاماژەى بە هەڵبژاردنەكەى لیژنەى ناوچەى دەربەندیخانی كرد، "بەرپرسی ئێستاى ناوچە كە كوڕی شەهیدەو باوكی لەشەڕی ناوخۆدا لەلایەن یەكێتییەوە سەربڕاوە دەرنەچووەو ئەو كەسەی دەرچووە بۆ كۆنگرە بەرپرسی داراییی ناوچەیەو بە پارە بەخشینەوە دەرچووە".

باوەنوور
لەباوەنوور تەنانەت كەسانی گۆڕان و یەكێتیش بەشدارى هەڵبژاردنی پارتییان كردووە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لەلقی گەرمیان لەمبارەیەوە رایگەیاند "كەسانی گۆڕان و یەكێتی وەكوو عەشیرەتبازی دەنگێكی زۆریانداوەو دواتر بەو هۆیەوە دەبێتە شەڕە چەقۆو تەقەكردن و ئاژاوە".

ناوچەى گوڵان لەكەلار
ئەندامەكەى لق دەڵێت "ئەندامێكی ناوچەی گوڵان كە ناوی نەوشیروان دەبێت بە 100پسولەى تەزویرەوە دەگیرێت و لەپرۆسەكە دەكرێتە دەرەوە، بۆ راستی و دروستی ئەو هەواڵە ئەتوانن بچن پرسیار لەلیژنەى هەڵبژاردن بكەن".

دووزخورماتوو
بەرپرسی لق رۆڵێكی گەورە دەبینێت لەدەرچوونى چەندین ئەندامی نزیك لەخۆی بۆ كۆنگرە، ئەو ئەندامەى لقی 22ی گەرمیان رایدەگەیەنێت و دەڵێت "بەرپرسی لقی 22ى گەرمیان ئەكرەم ساڵەح حەمە كە بە ئەكرەمە سوور ناسراوە بە پارە بەخشینەوەو چاوسووركردنەوەو بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی خۆی، كەسێكی نزیكی خۆی كاندید دەكات و تۆڵە لەبەرپرسی ئێستاى ناوچە محەمەد مەلا سمایل و كارگێڕی لق فریاد فەقێ عەلی دەكاتەوەو نایەڵێت بۆ كۆنگرە سەربكەون".

بەگشتی
ئەندامەكەى لق بەگشتی بەم شێوەیە باس لەكۆی هەڵبژاردنەكەو نەبوونی پلان و ناعەدالەتی و نادیموكراسیبوونی پرۆسەكە دەكات ودەڵێت:

1- لیژنەى تەحزیری ناعەدالەتی تێدا كراوە بەوەى كە كەسێك بە ناوی (عەزالە) كارگێڕی لقی 22 سێ ساڵە دەوامی نەكردووەو دەرچێنراوە بۆ كۆنگرە لەبەر ئەوەى لەكۆنگرە بۆ كەسانی دیاریكراو دەنگدەدات.
2- لەتێكڕای كۆنفرانسەكە كەسانی نزیك لەباڵی مەسرور یان نێچیرڤان بانگەشە بۆ لایەنگرانی خۆیان دەكەن و دواى هەڵبژاردن پەیوەندی دەكەن بە دەرچووەكانەوەو پێی دەڵێن ئیتر تۆ لەخۆمانیت.
3- لەهەموو لقەكانی پارتی بە بەڵگەوە دەیڵێم زۆربەى كاندیدە دەرچووەكان لەكەسانی نەخوێندەوارن و گارگێرو ئەندام لق و بەرپرسانی ناوچەكان زۆر بە كەمی دەرچوون كە ئەمەش نیشانەی نێگەتیڤی گۆنگرەیە.
4- پێش كۆنگرە چەندین كاندیدی ناوچەكان دەعوەتی خوانی لیژنەى تەحزیری بووە.
5- گۆڕان و یەكێتی كاریگەر تەواویان هەبووە لەسەر ئاكامەكانی هەڵبژاردنی كۆنفرانسەكە.

تێبینی:
* ئەمە مشتێك بوو لەخەرمانێك كە وەك ئەندامێكی ناوچەى كفری وتى یەك زەڕرە نە بڕوام بە حزبی كوردی ماوە نە بە پارتی كە ناوسكی رەش بووەتەوەو ناگاتە 6 ساڵی تر زۆر بچووك دەبێتەوە.

* ئەندام لقەكەى پارتی پێی وتم بۆ راستی بابەتەكە دەتوانن بەدواداچوون بكەن و بچن لەیەك بە یەكی ئەو كەسانە بپرست كە ناویان لەراپۆرتەكەدا هاتووە، بەڵام رەنگە بەهۆی دیكتاتۆری و تۆتالیتێری و مەترسی بنەماڵە هیچ ئەندام و كادیرو بەرپرسێك نەوێرێت بە هیچ شێوەیەك قسە بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە