کوردستانپۆست پێشەنگە
Thursday, 04/07/2013, 12:00
1603 بینراوە
لەوشوێنەی کۆتایی بەچەوت و چێڵی و سنووردارکردنی هەڵە دەست پێبکا، ئەوا هەوێنی داهاتوویەکی باش لەئاسۆوە سەرهەڵدێنێ. لەو شوێنەوەی پەیامی ڕاستگۆیی باڵەفڕە بەسەر کۆمەڵگادا بکا، ئاییندەیەکی ڕۆشن و پڕمانا جێگای پەیامەکانی دەسەڵات لەگەوجاندن و بەگەمژەکردن و بەمێگەلکردن کۆتایی دێ. لەو شوێنەی ووشەکان پڕ بە پری خۆیان ماناکان ئەدەن بەدەستەوە، لەوێوە، سەرکەوتن بەسەر درۆ و بوختان و فرت و فێڵ دەرئەکەوێ. لەو شوێنەی ووتار و نووسین بۆ داماڵینی دەمامکی سەرکردە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکان ئەهۆنرێتەوە،ئێدی، ڕێچکەی خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕش تا دوا هەنگاوەکانی سەرکەوتن ناوەستێ.
کوردستانپۆست ئەو سەکۆ و گۆڕەپانەیە کەوەك گوڵە بەڕۆژە چاوی بڕیوەتە تیشکی خۆری ئازادی و بە تەنها چرکەیەکیش تا ئێستا لای نەداوە. ئەم سەکۆیە وای لێهاتوە نەك هەر پێشبینی و پیشهاتەکان بەباشی ببینی و بیناخاتە سەر سینی ئاڵتوونی و ئامادەی بکا بۆ خوێنەرانی، لێ لەزۆرکاتدا، توانیویەتی مەشخەڵی ئەو پەیامەش بدا بەگویی خەڵکی کوردستاندا ،کەوا ئەوانەی ئەوڕۆ لەکوردستانی باشوور بەزۆری زۆرداری و بەخۆسەپێنی و کەڵەگایەتی کۆمەڵگا لێ ئەخووڕن، ناسیاسین،مافیایین،دزوجەردەو ڕێگرن،دژە کوردن،هەلپەرست و گەندەڵن. ئەم پەیامەی کوردستانپۆست کەڕۆژانە لەڕێگای نووسینەکانیەوە بەربەرۆکی ئەم بەرپرسە نابەرپرسانەی پێئەگرێ، توانیویەتی کاریگەری وا دروست بکا کەوا کۆمەڵگای کوردی بەهەند لێی وەرگرێ.
خۆشبەختانە، ئەوەی لە ٣٠ حوزەیراندا ڕوویدا، لای کوردستانپۆست شتێکی نامۆ نەبوو، لەمێژە ئەوە لەم دەسەڵاتە چاوەڕوان ئەکرا بۆ ئەوەی کارێکی وا بکا کەبەتەواوی شایستەی ئەو حکومەت و پەرلەمانە بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەمێژە کوردستانپۆست پێی وابوە کەوا نەهەڵبژاردن و نەهیچ پرۆسەیەکی سیاسی شارستانی ناتوانێ گۆڕانکاری بکا. ئەوەی لەم چەند دێرە سانایە تێنەگا، ئێدی بوار بۆ هیچ لێ تێگەیشتنێکی تر نامێنێتەوە. کوردستانپۆست لەڕێگای تەنها چەند دێڕێکەوە ، ئەوەی دا بەگوێی خەڵکدا، کەوا ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە نا نیشتمانی و نا دیموکرات و نا سۆشیالیستە، هی ئەوە نین دەنگیان پێبدرێ و بەڵکە پێوستە دادگایی بکرێن. کەسێکی وەك مەسعود ، پێوستە دادگایی بکرێ ، نەوەکی باس لە پۆست و پلەکانی بکرێ.
دوای پەیامەکەی کوردستانپۆست بۆ نەچوون بۆ هەڵبژاردن و دەنگ نەدان بەم دەسەڵاتە ناڕەوایە. کاتیك کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەستی کرد بە تۆمارکردنی ناوی ئەوانەی دەنگدان ئەیانگرێتەوە. تەنها ژمارەیەکی کەمی هاوڵاتیان بەدەم داواکەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە چوون بۆ مەبەستی دەنگ تۆمارکردن،کەو ئەو ژمارە کەمە تۆمارکرا، دەسەڵات کێچ کەوتە کەوڵی و زانی ڕەوایەتی بۆ هەڵبژاردنەکان ناهێنێ. هەستان بە درێژکردنەوەی ماوە بەسەر چووی دیوەخان و سەرۆکە تەزوویرەکە.. ئا لێرەوە ترسەکەی دەسەڵات دەستی پێکرد و ئەو دەرەنجامەی لێ دروست بوو کەوا بینیمان.