کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵه‌بجه‌: بۆ باران بارین،

Sunday, 28/11/2010, 12:00


ئه‌مه‌ ناونیشانی هه‌واڵێکه‌ له‌ سایتی ئاوێنه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش ئه‌مه‌ی به‌گشتی کردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ واقعیاتی خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی قوربانی چه‌کی کیمیایی دا. ڕه‌نگه‌ ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی و ئاوێنه‌ له‌ ترسی مه‌حکه‌مه‌ و مه‌حکه‌مه‌کاری پان ئیسلامیه‌کان و شکایه‌ته‌ ملیۆنه‌ دۆلاریه‌کانی پلۆلیتیک بورۆی پارتی و زانایانی به‌ناو ئاینی نه‌توانن به‌ ئاسانی ناوه‌خنی ئه‌م نوێژه‌ به‌بارانه‌ پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌.
زانستی که‌ش و هه‌وا و هایدرۆلۆجیا بۆ هه‌مووان ئه‌مه‌ به‌یان ده‌کات که‌ باران بارین هیچ په‌یوه‌ندی به‌ بیرباوه‌ڕی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ نیه‌، ئه‌گه‌رچی دیارده‌ سروشتیه‌کان وه‌کو سه‌رجاوه‌ی ئاین خۆیان نیشانداوه‌ له‌ مێژووی ئاینه‌کانی مرۆڤایه‌تیدا بۆ ئه‌وکات مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بوون به‌ڵام بۆ 2010 مه‌سه‌له‌یه‌کی تره‌ و ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ لابرۆتۆریا دی ئین ئا بۆ مووه‌که‌ی ته‌وێله‌ش بکه‌یت به‌ ئاسانی ده‌رده‌که‌وێت که‌ خاوه‌نی ئه‌م مووه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌ یان ڕه‌نگه‌ هی که‌سێکی تر بێت که‌ له‌ ته‌وێله‌ نانی پێوه‌ خواردووه‌. هه‌واڵه‌که‌ به‌م جۆره‌یه‌:
خه‌بات نه‌وزاد، ئاوێنه‌ وته‌بێژ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف‌و كاروباری‌ ئاینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان: مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌ به‌ ئاوێنه‌ی‌ ڕاگه‌یاند "وه‌ك نه‌ریتێكی‌ ئاینی‌‌و له‌پێناو باران بارینی‌ به‌ره‌حمه‌ت، موسڵمانانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و هه‌ورامان بڕیاریانداوه‌ كاتژمێر 10ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27 تشرینی‌ دووه‌م/نۆفه‌مبه‌ر نوێژه‌ بارانێ بكه‌ن.
نوێژه‌ بارێنه‌ نه‌رتێكی‌ ئاینییه‌‌و ئه‌و ساڵه‌ی‌ باران نه‌باریت موسڵمانان رووده‌كه‌نه‌ خوا‌و نوێژه‌ بارانه‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌پارێنه‌وه‌ خوا باران ببارێنێت.
(مه‌حاسینی‌ شه‌ریف) بریتیه‌ له‌ موه‌كانی‌ ریشی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلام محه‌مه‌د ئه‌لمسته‌فا كه‌ زیاتر له‌ 100ساڵه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ له‌ناو خانه‌قای‌ حه‌زره‌تی‌ شێخ سیراجه‌دین نه‌قشبه‌ندی‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ ته‌وێڵه‌ پارێزراوه‌‌و له‌لای‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌‌و سه‌رجه‌م په‌یڕه‌وانی‌ ته‌سه‌وف تایبه‌تمه‌ندی‌‌و پیرۆزیی‌ خۆی‌ هه‌یه‌‌و هه‌ر ساڵێك باران بارین دواكه‌وتبێت خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ (مه‌حاسینی‌ شه‌ریف)یان ده‌رهێناوه‌‌و له‌گه‌ڵ نوێژه‌بارانه‌دا له‌خوای‌ گه‌وره‌ پاراونه‌ته‌وه‌ بارانی‌ به‌ره‌حمه‌تیان بۆ ببارێنێت‌و موسڵمانانی‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ركاتێك ئه‌و رێوره‌سمه‌ به‌رێوه‌چوبێت، خوای‌ گه‌وره‌ به‌ده‌م دوعاكانه‌وه‌ هاتوه‌‌و بارانی‌ به‌ره‌حمه‌ت باریوه. (سه‌رچاوه‌ سایتی ئاوێنه‌.. http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&jimare=9425
سایتی ئاوێنه‌ زۆرجار هه‌واڵ و نوسراو بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی باس له‌ کاریگه‌ر و یان یه‌ک ووشه‌ش ڕای خۆیان ده‌رباره‌ی ده‌رببڕن له‌ کاتێکا خۆیان وا پێناسه‌ ده‌که‌ن که‌ مۆدێرنن و به‌شداریه‌کی جدی ده‌که‌ن له‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگا و به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان قانع شانازی پێوه‌ده‌که‌ن له‌ هه‌مان کاتیش ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕیزانه‌ زۆرجار بێ ده‌نگی هه‌ڵدبژێرن. 
ئایین و بیرباوه‌ڕی مرۆڤه‌کان له‌ ته‌وێله‌ و هه‌موو شوێنی دونیا شتێکی شه‌خسیه‌ و هه‌ر مرۆڤێ ئازاده‌ چ بیروباوه‌ڕێکی هه‌یه‌، به‌ڵام ئایین له‌ کوردستان ته‌داخول له‌ ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌کات. فه‌توا ده‌رده‌کات و حه‌رام و حه‌لال و میرات ڕێکده‌خات و ماره‌یی و شیربایی و ئه‌حزابی سیاسی راستڕه‌و ناوه‌ندی بۆ ڕیکخراو ده‌کات و ڕۆژگارێ کۆمۆنیسته‌کانیان تیرۆرده‌کرد و له‌ خێلی حه‌مه‌ پیشمه‌رگه‌ی کوردستانیان سه‌رده‌بڕی ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ ده‌کرێت. ده‌وڵه‌ت و ئایین له‌ کوردستان جیانین تا ده‌وله‌ت و ئایین له‌یه‌ک جیا نه‌بنه‌وه‌ گرفته‌کان هه‌ر ده‌مێنن.
زانستی ژینگه‌ زۆر له‌مێژه‌ مێژووی ئایین و میژووی زه‌وی و میژووی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ڕۆشه‌ن کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مانه‌ زۆر جیاوازیان له‌ کاتدا هه‌یه‌. مێژووی ئاینه‌کان له‌گه‌ل میژووی خودی مرۆڤایه‌تی زۆر له‌یه‌ک دوورن ئنجا چ له‌گه‌ڵ مێژووی زه‌وی به‌راورد بکرێت. من ئه‌م پرسیاره‌ له‌ که‌شناسه‌کانی شاری سلێمانی ده‌که‌م ئایا نوێزکردن هیچ په‌یوه‌ندی به‌ که‌ش و هه‌وای ئاسمانی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌توانێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بێت ؟ یان ئاڵوگۆره‌کانی چینه‌کانی ئاوهه‌وایه‌ و چینی پاله‌په‌ستۆی نزم و به‌رز و پله‌ی گه‌رما کاریگه‌ر‌یان له‌سه‌ر رێژه‌ی باران بارین له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر برایان گریم و ئه‌ندرسن ئه‌مه‌یان وه‌کو ئه‌فسانه‌ و چیرۆکی به‌رئاگردان بۆ منداڵان بگێڕاباوه‌ ئه‌وکات له‌لام ئاسایی بوو به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی ئێستا و ئه‌م هه‌م زانست و وێژه‌یه‌ی دونیا و ئه‌م هه‌موو ئامرازو ئامێرانه‌ تازه‌ به‌تازه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌م ده‌وورانه‌، ئه‌گه‌ر وه‌کو هه‌وڵێ بۆ حاله‌تێکی ده‌روونی و دڵنیایی مرۆڤه‌ به‌دینه‌کان به‌کاربێت هێشتا ده‌ڵێن ده‌کرێ خه‌ڵکانێ هه‌ن له‌باری ده‌روونیه‌وه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌رێ هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌ک له‌ چاره‌سه‌ره‌کانه‌ به‌لام که‌سی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی حکومه‌ت بانگه‌شه‌ی بۆده‌کات، بۆیه‌ ناچارین به‌ده‌نگ بێین. دواتریش له‌گه‌ڵ ڕیزم بۆ محاسنی شه‌ریف پێغه‌مبه‌ری ئیسلام زیاتر له‌ سه‌دان ساڵه‌ کۆچی دوایی کردووه‌ ئه‌م مووه‌ چۆن 100 ساڵه‌ له‌ خانه‌قای ته‌وێله‌دا هه‌ڵگیراوه‌ و هیچ لۆژیکێ ئه‌مه‌ هه‌ڵناگرێ و هیچ ئه‌سل و ئه‌ساسێکی زانستی نیه ئه‌ی ئه‌م 1300 و زیاتریش ساڵه‌ی پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ ته‌وێڵه‌ له‌ کوێ و چۆن هه‌ڵگیرابوو و سه‌دان پرسیاری تر‌. ده‌کرێ له‌ زووه‌وه‌ کاتێ که‌ نووشته‌ خێری مه‌لاکان هه‌بوو یان بۆ شێخ و موشایه‌خه‌کان به‌ره‌که‌تی ده‌باراند ده‌روێشه‌کان وا تێگه‌یاندرابن به‌ڵام بۆ نه‌وه‌ی ئێستا ئه‌م ووته‌یه‌ هیچ مانایه‌کی زانستی نیه‌ وکه‌س عانه‌یه‌کی قه‌ڵپی پینادات.
ووشکی و ئیکستریم بوونی زستان و هاوین یانی زۆرباران بارین له‌ هه‌ندێ ناوجه‌ و زۆرگه‌رمی هاوین له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ به‌ره‌نجامی گۆرانی پله‌ی گه‌رما و ژینگه‌ن. هه‌ر ووڵاته‌ و ستراتیژێک و سیاسه‌تێکی دیارکراو‌ی بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ گرنگی به‌ ژینگه‌ و سامانه‌کانی ئاو و سه‌رجاوه‌کانی نادرێت و ئینفراستکچه‌ری پێویستی نیه‌ و حکومه‌تیش له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی نیه‌، ئه‌مه‌ گرفتێکی کۆمه‌ڵگایه‌ و حکومه‌ت هێشتا له‌ خه‌وی شیرینی خه‌به‌ری نه‌بۆته‌وه‌. ئه‌گینا نوێژ و تاعات کردنی خوا هه‌موده‌م ده‌کرێت و مرۆڤه‌کان ڕوو له‌ خوا بکه‌ن مه‌سه‌له‌ک نیه‌ به‌ڵام نه‌ک ته‌داخول له‌ ژیانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن. دین له‌ کوردستان ده‌بێ ڕێچکه‌ی واقعی خۆی بگرێ و هه‌موومان ده‌بێ بانگه‌وازی ئه‌مه‌ بکه‌ین دین و ده‌وڵه‌ت له‌یه‌ک جیا ببنه‌وه‌و تا ده‌وڵه‌ت بتوانێ کاره‌کانی خۆی ئه‌نجام بدات و ئایینیش بتوانێ له‌ سنووری ڕوحی ئینسانه‌کانه‌ وه‌ بمێنێته‌وه‌و هیچ تاوان و هه‌ڵه‌ و کاری تر به‌ناوی دینه‌وه‌ نه‌کرێت. لێره‌دا پاکی ئایین بۆ مرۆڤه‌کان خۆی به‌یان ده‌کات، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئێران ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ و له‌ لوبنان حزب الله‌ و جند ئیسلام چ کارێ ده‌که‌ن به‌ناوی ئاینه‌وه‌ یان ئیسلامیه‌کانی عێراق .و الله‌ علی کل شیئ قدیر..


هۆله‌ند 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە