درەختی مەرگ لەدەربەندیخان .
Wednesday, 30/06/2010, 12:00
مەزارگەی ئیمام محمەد بەلای دەربەندیخانیەكانەوە مەزارگەیەكی پیرۆزە و تاوەكو ئێستاش زۆرێك لەو پیاوو ژنانەی كە رۆشتونەتە تەمەنەوە بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی زیارەتی مەزارەكە دەكەن.
بەگوێرەی قسەی خەڵكانی پێشین ئەم ئیمام محمەدە پیاوچاكێكی ئاینی بووە و لەوێدا نێژراوە ، ئەم مەزارە كەوتۆتە باكوری شاری دەربەندیخانەوە لەدامێنی چیای بەرانانە، لەساڵانی هەشتاكاندا تا رادەیەك لەشار دووربوو، بەڵام ئێَستا بەهۆی گەورەبون و فراوانبونی شارەوە ماڵەكان گەشتونەتە نزیكی و مەزارەكە بوەتە بەشێك لەشار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی پیسی ئاوی خواردنەوەی روباری سیروانەوە بەشێكی خەڵكی دەربەندیخان لەكانییەكەی ئەم مەزارە ئاوی خواردنەوە بەدەبە دەبەنە ماڵەوە و دەیخۆن.
لەناوەڕاستی مەزارەكەدا درەختێكی گەورە كە تەمەنێكی درێژی هەیە لق و پۆپەكانی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەیە بۆ مێژووییەكی دێرین.
ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئەم درەختە بەنیسبەت خەڵكی دەربەندیخانەوە بوەتە شوێنی پرسیار و سەرسوڕمان و زۆرجاریش بۆ هەندێك خێزان بوەتە مایەی شین و خەفەت.
لەماوەی 2 ساڵی رابوردودا تاوەكو نوسینی ئەم وتارە 6 گەنج بەو درەختەدا خۆیان هەڵواسیوە كە بەداخەوە سیانیان گیانیان لەدەستداوە و سیانی دیكەیان بە ئاستەم لەمردن گەڕاونەتەوە.
خۆ هەڵواسین بەم درەختەدا لەم شارەدا خەریكە دەبێتە دیاردە و لەناو گەنجاندا بڵاودەبێتەوە، بەجۆرێك هەر گەنجێك ئەگەر لەگەڵ ماڵ خۆیاندا یاخود كێشەیەكی بچوكی دیكەی هەبێت رەنگە بەو درەختەوە بیبینینەوە.
بۆنمونە تەنها لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پۆلیس دوو گەنجی لە خۆخنكاندن بەو درەختەوە رزگاركردووە.
لەراستیدا كێشەی خۆكوشتن كێشەیەكی گشتگیرە و تایبەت نیە بە شارێك یاخود وڵاتێك بەڵكو لەهەموو جیهاندا ئەم كێشەیە هەیە و نەتوانراوە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە لەم شارەدا ئەوەیە ئەم درەختە بوەتە شوێنی خۆكوشتن و یەكلایكردنەوەی كێشە دەرونیەكانی گەنجان.
خۆ هەڵواسین بەم درەختەدا دۆخێكی وەها قەلەقی دروستكردووە لەسەر هەموو خێزانێكی شارەكە كە هەموو ساتێك لەچاوەڕوانی هەواڵی ئەوەدایە چ كەسێكی دیكە خۆی پیادا هەڵدەواسێت، هەمیشە لەچاوەڕوانی هەواڵێكی ناخۆشی دیكەدایە كە رەنگە نەوەكەی یاخود كەسێكی دیكەی نزیكییان بێت.
بەبڕوای من بۆ بنەبڕكردنی ئەم دیاردەیە لەم شارەدا پێویستە هەڵمەتێكی گەورەی رۆشنبیری و ئاینی و كۆمەڵایەتی لەلایەن حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و زانایانی ئاینی یەوە رێكبخرێت و لەهۆكار و دەرئەنجامەكانی بكۆڵرێتەوە وچارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە ، چونكە ئەگەر لەسەرەتاوە رێوشوێنی پێویست نەگرینەبەر لەكۆتایدا چارەسەرناكرێت و مەترسی دیكەی بەدوادا دێت .
هەربۆیە داوادەكەم رۆشنبیران و نوسەرانی دیكەش لەسەر بنوسن و دەرونناسان و كۆمەڵناسانیش لێكۆڵینەوە لەگەڵ قوربانیانی زیندوی ئەو درەختەدا بكەن راستی و دروستی هۆكارەكانی خۆكوشتن لەو شوێنەدا بخەنە روو.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست