کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پەیامەکەی ئۆچ ئالان

Friday, 22/03/2013, 12:00







چەندە گلەیی، گازندە و ڕەخنە لە تاڵەبانی گیرا لەدوای کۆڕەوەکەی ١٩٩١ ، کاتێ لا ڕومەتی سەدامی ماچ کرد ، ئەم پەیامەی سەرۆکی بەندکراوی کورد ، هەمان ماناو هەمان ڕێچکەو هەمان دەرئەنجام ئەدات بەدەستەوە.
پێشەکی وەك لایەنی تەکنیکی، ئەبوو ئەم پەیامە لەزاری ئۆچ ئالان و لەڕێگای ، بۆ نمونە(سکایب)وە بە شیوەیەکی زیندوو پەخش بکرایەو بۆ هەموو میدیاکانی جیهانیش بگواسترانایەوە، بۆ؟ پەیامێکی وا گرنگ کەتیایدا نەخشە ڕێگایەکی ئاشتیانەی لەخۆگرتبێ و پەیوەست بێ بەژیانی زیاتر لە ٨٠ ملیۆن کەسی ووڵاتی تورکیا، شایەنی ئەوە بوو کە گرنگی تایبەتی و جیهانی مسۆگەر بکردایەو تا دوا ڕۆژ بکرێتە دۆکیومێنتێکی میژوویی و سەرەتایەکی باش بۆ پرۆسەی ئاشتی.
ئەبوو هەریەك لەو دوو بەڕێزانەی پەیامەکەی ئۆچ ئالانیان خوێندەوە ، هەروا بەسانایی نەچونایەتە ژێر ئەو داواکاریەو ئەبوو جەختیان لەسەر ئەوە بکردایە کەپێوستە خودی ئۆج ئالان خۆی و لەزاری خۆیەوە پەیامەکەی بڵاو بکردایەتەوە، کەئەمەش نەکرا، ئەبوو نەورۆزی ٢٧١٣ کوردی نەکرێتە قوربانی پەیامێك کە نازانرێ تا چەند تورکیا لە چەمکی دیموکراتیەت و پێکەوە ژیان ژوان ئەکا لەگەڵ گەلانی نێو دەوڵەوتی تورکیا بەگشتی و کورد بەتایبەتی.
ئەو پەیامە پێمان ناڵێ کە دیموکراتیەت لە تورکیا نەك هەر مەحاڵە، بەڵکە شتێکی گەلێ نامۆیە بەکەلتوری ئەو ناوچەیەو هزری تورکان. تورکیا و گەلی تورك ناتوانن دەست بەرداری ئاستی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی خۆیان بۆ کوردان بەربدەن لەبەرخاتری دیموکراسیەت. کوردان لەدوای ساڵی ١٩٢٠ و دروست بوونی دەوڵەوتی نوێی تورکیا ، ڕۆژ دوای ڕۆژ توشی چەندین کارەساتی پاکتاوکردن،ئەنفالکردن،کلتوور نامۆبوون و جینوساید و ڕاگوێزان کراون کە بەو هۆیەوە چەندین سەدە لەدوای تورکانەوەن تاکو بگەنە ئەو ئاستانەی کە دیموکراتیەت پێوستی پێیەتی و بگاتە حاڵەتی یەکسانی لەبوارەکانی دەوڵەوت،ئیدارە، و خۆبەڕێوەبردن.
سیستمی دیموکراتی بریتیە لە هۆشیاری و زانین و جیاکردنەوەی حزب لە حکومەت، ئایین لە دەستووری دەوڵەوت و بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی حکومڕانی، کاتێ تورك ئەو مافەی لەکورد زەوت کردوە، ئێدی کورد هەرگیز ناتوانێ لەهیج بوارێکدا لەتورکیا ئاشنا بکرێ بەو سیستمە و لەدواییدا بەزۆر سەپاندنی سیستمی دیموکراتی بەم شیوازە ناڕۆشنەی لەپەیامەکەدا هاتوە ، ئەبێتە مایەی دورست کردنی سیستمێکی گەندەڵ،پیسخۆری،مافیایی و خراپ. هەروەك چۆن ئەو دیموکراتیەی بارزانی و تاڵەبانی ئەوڕۆو دوای ٢٢ ساڵ بەکوردی باشووری ئەفرۆشنەوە. من پێم خۆش بوو ، بەڕێز ئاپۆ چەند پێوەرێکی بۆ دیموکراسیەت و پێکەوە ژیان باس بکردایەو بهاتایە باسی لەوە بکردایە کە چۆن ئەم سیستمە لەتواناییدا دیموکراسی پێڕەو بکا.لێ کەنەهاتوە بەووردی باس لەو پێوەرانە بکا، مانای وایە تەنها دروشمی سیاسین و ناچنە قاڵبی پراکتیك و جێبەجێکردن.
من لام سەیرە لەکاتێکی وادا کە ٢ ملیۆن کەس ئامادەیی هەموو خۆبەخشینێکی تیایە، کورد بێت و نەخشە ڕێگای ئاشتی داڕێژێ، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزێکی ئاوا لەبن نەهاتوو ئەکرێ گەلێ بەباشترو گەلێ بەدەسکەوتی گەورەتر لێی بێییتە دەرێ و داوای مەزنتر بۆ هاوڵاتیانی خۆت مسۆگەر بکەیت، نەك تەنها نابێ باس لە دانانی چەك بکرێ، وەیان بەجێهێشتنی خاك لەلایەن گەریلاکانەوە بۆ دەرەوەی سنوور، ئەتوانرا داوای ڕاگەیاندنی دەوڵەوتی کوردی گەورە بکرایەو هەر لەوەش کەمتر باس لەهیچ تر نەکرایەو وەیان پێوست بوو داوای بەرەڵاکردنی زیاتر لە ١٠ هەزار زیندانی بکرایەو داواش بکرایە کە سوپای تورکیا هێرشەکانیان بوەستێنن و بنەکە سەربازییەکانیشیان لە کوردستانی باشوور لابدەن.
لەکۆتاییدا ئەوە ماوە بڵێم کە پێوستە پەکەکە نەچنە ژێر ئەو داواکاریەو درێژە بەخەباتی چەکداری بدەن و خەبات و تێکۆشانی ناو شارەکان درێژە تر پێبدەن و باوەڕ بەتورکان نەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە