تاڵەبانى وەك بێستانەوانەكە كۆسرەت ڕەسوڵ ئەكا بەپەندى زەمانە !!
Tuesday, 17/02/2009, 12:00
ئەگێڕنەوە ئەڵێن كابرایەك بێستانێكى كاڵەكى ئەبێ و ڕۆژێك ئەبینێ كوڕى مەلاى گوند و كوڕى ئاغا و كوڕە جوتیارێك لەناو بێستانەكەن و خەریكى ڕنینى كاڵەكن ، كابراى بێستانەوان سەیر ئەكات و ئەڵێ بەخوا من بەتەنها ناتوانم پەلامارى هەرسێكیان بدەم و لەناو بێستانەكە دەریان بكەم بۆیە ئەڵێ واباشە یەك بەدواى یەك لێیان دەم و دەریان بكەم بۆیە بیرئەكاتەوە و لەكوڕە جوتیارەكەوە دەست پێ ئەكا و ئەڵێ وەرە كوڕە جوتیارى هەژار و داماو ئەمانە قەیناكە كوڕى مەلاى گوند و كوڕى ئاغان بەس تۆچى ؟ بۆیە داركاریەكى باشى ئەكات و تەمێ خواردى ئەكا ، دوایى ئەوە بانگى كوڕە مەلاكە ئەكات و ئەڵێ وەرە پێشەوە ئەمەیان قەینا كوڕى ئاغایە بەس تۆ چى هاتویتە ناو ئەم بێستانەوە ؟ بەخوا ئەمیش ئەكوتێ و داركاریەكى باشى ئەكات و بەدەردى كوڕە جوتیارەكەى ئەبا ، كوڕى ئاغا ئەمێنێتەوە ئەڵێ تۆش وەرە پێشەوە بەخوا ئەمانە داماو و زەلیل بوون هەمووى لەبن تۆوە بووە ئەمانەشت بردووە بۆ ناو بێستانەكە ئەویش باش باش ئەكوتێ و لەوكاتەیا كوڕە هەژارەكە و كوڕە مەلاكەش هاوار ئەكەن و ئەڵێنە كابراى بێستانەوان بیكوتە باشى بوكتە بەخوا هەمووى ئەوبوو ئێمەشى لەگەڵ خۆى هێنا بۆ ناو بێستانەكە ....
بۆیە منیش چەنێ بیرئەكەمەوە ڕێك ئەو چیرۆكەم بیر ئەكەوێتەوە جەلالیش ڕێك ئەم چیرۆكەبوو بەسەر نەوشیروان و ئەو چوار هەڤاڵەى ترى ڕیفۆرمیش ئەهێنێ و ئەمێنێتەوە كۆسرەت ڕەسوڵ ؟ ئەوە من مردوو و ئێوە زیندوو ئەگەر تاڵەبانى كۆسرەت ڕەسوڵیشى بەدەردى كوڕە ئاغاكە نەبرد و نەیكرد بەپەندى زەمانە ئێوە بەوناوە وە من بانگ مەكەن ، بۆیە ئەڵێم بۆكوێ ئەچى كۆسرەت ئەمە بەرنامەى تاڵەبانیە و ئەبێ وەك بێستانەوانەكە جێ بەجێیى بكات و نۆرەى تۆش بێت ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست